پێکەوە هەنگاو باوێین بۆ سەربەخۆیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

پێشەکی
نزیکەی سەد ساڵە خاکی کوردستان لە لایەن داگیرکەرانێک لە ژێر ناوی ساختە، جەعلی و دەستکردی ئێران،تورکیە،عێڕاق و سووریە داگیر کراوە و سەرەڕای خەباتی سەدان ساڵەی نەتەوەی کورد و تێچوو و قوربانییەکی زۆر، دەستکەوتەکان لە ئاستی چاوەڕوانکراو دا نەبوون.
پڕش و بڵاوی و لێکدابڕانی هێزە سیاسیەکانی کوردستان و نەبوونی کۆدەنگی، یەکگرتوویی و هاوئاهەنگی لە نێوان لایەنەکان زۆر جار بۆتە هۆکار بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی گشتی و نەتەوەیی بکرێتە قوربانیی بەرژەوەندییە حیزبی و تاکە کەسییەکان.
ئێستا لە شەقام و ڕای گشتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سێ وێژمانی فیدڕالخوازی، کۆنفیدڕاڵی و سەربەخۆییخوازی لە ئارا دایە کە بە باوەڕی ئێمە وێژمانی سەربەخۆییخوازی لە پلەی یەکەمی ئەو وێژمانە دایە و زۆرینەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باوەڕی بە ئێرانی بوون و مانەوە لە چوارچێوەی جوگرافیای داگیرکەری ئێران دا نییە و گوتاری وەدەرنانی داگیرکەری ئێرانی لە خاک و جوگرافیای کوردستان و گەڕانەوەی سەروەری بۆ خاک و نەتەوەی کورد گوتاری زاڵە.
نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناخوازن کە جارێکی دیکە ئەزموونی ساڵی ١٩٧٨ی زایینی دووبارە بێتەوە و جارێکی دیکە نەتەوەی کورد بکەوێتەوە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەری ئێرانی.
نەتەوەی کورد گەیشتۆتە ئەو باوەڕەی کە نە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی و نە پەهلەوی و شاهەنشاهی و بە گشتی نە ئێرانیەکان و داگیرکەرانی خاکی کوردستان هیچ کات ئامادە نین دان بە بچووکترین مافەکانی نەتەوەی کورد دابنێن.
بە مەبەستی هەوڵدان و خەبات بۆ گەیشتن و بە دەستهێنانی ئازادی و وەدەرنانی داگیرکەری ئێرانی و هەروەها یەکڕیزی و یەکدەنگیی ناو ماڵی کورد. ئێمە وەک چەند لایەنی سەربەخۆییخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە پێکەوە لە ژێر ناوی هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان درێژە بە خەبات و تێکۆشانمان بدەین.
حیزب و لایەنەکانی پێکهێنەری ئەو هاوپەیمانییە کە لە ڕێکەوتی ٢٦ی سەرماوەزی ٢٠٢١ گەیشتووینەتە ڕێککەوتن، بریتین لەم شەش لایەنە:

١ ڕێکخراوی یارسانیی یاری کورد
٢ یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان
٣ تەڤگەری ڕزگاریخوازانەی دێموکراتیکی کوردستان
٤ بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

بنەما ئەساسی و ڕیشەییەکان:
هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان هاوپەیمانییەکی سیاسی و جووڵانەوەیەکی نیشتمانییە و بریتییە لە چەندین حیزب و ڕێکخراو و لایەنی کوردستانی، کە باوەڕیان بە خەبات و تێکۆشانە لە پێناو دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئاستی جۆراوجۆر دا بە ستراتیژییەکی هاوبەش لە بوارەکانی سیاسی و دیپلۆماسی، ئابووری ، میدیایی و چەکداری خەبات و تێکۆشان دەکەن.
بۆ ئەم مەبەستە یەکەم بژاردەی هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان هەوڵدانە بۆ ئەوەی کە ڕژیمی زاڵ لە ئێرانی دەستکرد و ساختە ڕێز لە مافەکانی گەلەکەمان بۆ دیاریکردنی چارەنوووسی نەتەوەیی خۆی بگرێ، واتە گەلی کورد لەهەموو بوارەکاندا بە ئیرادەی ئازادانە لەسەر خاکی خۆی، ئیدارە ی خاک و وڵاتی خۆی بکات.
ئەمە داواکارییەکی ڕەوا و پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ مانەوەی گەل و وڵاتەکەمان، بەڵام ئەگەر ڕژیمی دەسەڵاتدار بە ئاشتیانە قەبووڵ نەکات و بەرەدوام بێ لە سیاسەتی سەرکوت و نکۆڵیکردن لە ڕێگەی داگیرکاریەوە، ئەوە ئەوکات هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان کەڵک لە هەموو جۆرە چالاکی و شێوازەکانی خەبات وەردەگرێت، بۆ نموونە کەڵکوەرگرتن لە شێوەی خەباتی چەکداری بە مافی ڕەوای خۆی دەزانێت.
هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان هەموو جوگرافیای کوردستان وەک وڵاتی نەتەوەی کورد دەبینێت و ستەم و دابەشبوونەکەی بە ڕەوا نازانێت و بە مەترسییەکی گەورە لە سەر مانی نەتەوەیی کورد پێناسەی دەکات و ئازادی و یەکپارچەیی کوردستان بە ئەرکێکی نەتەوەیی، سیاسی و مێژوویی سەرشانی خۆی دەزانێت.

بنەما گشتییەکان:
هاوپەیمانی لە ژێر ناوی “هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان” و بە ئینگلیسی Kurdistan Independence Alliance و بە کورتکراوەیی HSK ـــە.
هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بەهەموو شێوەیەک پارێزگاری لە تەبایی و یەکڕیزی ناوماڵی کورد دەکات و دیالۆگی لێبوردن و ڕێز لە یەکگرتن دەکاتە بناغە بۆ چارەسەریی هەر کێشەیەکی ناوخۆیی. هاوکات شەڕی ناوخۆیی و توندوتیژی نێوان هێزە سیاسییەکان ڕەتدەکاتەوە و بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر یەکگرتوویی گەلی کورد و مانەوەی نەتەویی دەزانێ و وێڕای ئامادەکردنی شەڕەفنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی هەر چەشنە شەڕێکی کورد بە دژی کورد بە هێڵی سوور دەزانێ و دەستپێکەری وەها شەڕێک بە تاوانبار لە قەڵەم دەدا و وەها شەڕێک دەچێتە خانەی خزمەت کردن بە دوژمنانی کورد و دەبێتە هۆی تێکدانی یەکڕیزی ناو ماڵی کورد.
هاوپەیمانی کار بۆ پێکهێنان و دروستکردنی ئەرتەشێکی نەتەوەیی و نیشتمانی دەکا کە لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێکدێ و لە ژێر ناوی ئەرتەشی نەتەوەیی کوردستاندا چالاکی دەکا و بریتی دەبێ لە هێزی پێشمەرگەی هەموو لایەنەکان.
هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان پابەندە بە میتۆد و پرەنسیپە دێموکراتییە هاوچەرخەکان لە ژیانی ڕامیاری و ئیداری و لە کوردستاندا بەکاریان دەهێنێت.
و هاوکات ڕێز لە ئازادیی گشتی و بیروبۆچوونە سیاسی و ئایینیە جیاوازەکان دەگرێت و مافی ڕادەربڕینیان دەپارێزێت.
هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان پێی وایە دەبێت سیستەمی سیاسی بۆ کوردستان سێکولار بێت و ناخوازێت دەوڵەت و ئایین پێکەوە لەگەڵ یەکتر کار بکەن بەڵام لەچوارچێوەی سیستەمی سیکولاردا ڕێزێکی تایبەتی هەیە بۆ بیروباوەڕە ئایینیە جیاوازە پێشکەوتنخوازەکانی کۆمەڵگای کوردستان کە نەبنە لەمپەر لە بەدەم ویستی سەربەخۆییخوازی.
هاوپەیمانی نایهەوێت هێزە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتییە سیاسییەکان بەرژەوەندیی کوردستان بکەنە ئامرازێک بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان، هەروەها نایهەوێت سەرکردە و دامەزراوە ئاینییەکان سیاسەت بکەنە ئامرازێک بۆ بەرژەوەندی تایبەتیی ئایینی و یان بە پێچەوانەوە.
هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بەرهەڵستکاری گەل و نەتەوە بندەست و کەمایەتییە ڕەگەزییەکانی دیکە ناکات و دژایەتیکردنی ئایین و نەریتەکان ڕەد دەکاتەوە و ڕێزیان لێ دەگرێت .

خەبات و تێکۆشانی هاوبەش

هێز و لایەنەکانی ناو هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گشتیی نەتەوەیی و هاوبەش لەم بوارانە دا پێکەوە بە یەکگرتوویی خەبات دەکەن:
سیاسی، مەدەنی، نیزامی و چەکداری،ماڵی و ئابووری، میدیایی وبەیاننامە و هەڵوێستی هاوبەش.
هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە ئاستی جیهانی و ناوچەیی دا و لە ڕێگەی لۆبیگەرییەوە کار بۆ گشتگیرکردنی پرسی کورد و و دۆزینەوەی دۆست و هاوپەیمان بۆ داکۆکی و پاڵپشتیکردن لە مافی ڕەوای نەتەوەی کورد دەکا.
هاوکات لە گەڵ سەرجەم ئەو نەتەوانەی باوەڕیان بە مافی سەربەخۆیی بۆ نەتەوەی کورد هەیە و لە ئێستا لە چوارچێوەی جوگرافیای جەعلیی ئێراندا خاکیان داگیر کراوە لە پێوەندی دا دەبێ و هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانیی گەورەتر کە لە نەتەوەکانی وەک عەڕەبی ئەحوازی،بەلووچ،تورکی ئازەری،کاسپیەن و … پێکبێ، دەدا.
هەروەها لە ئاستی ناوخۆیی دا بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو شێواز و ڕەهەندەکانی خەبات(( سیاسی،نیزامی،میدیایی)) پاڵپشت و هاوکار و یارمەتیدرەری یەکتر بن و وەک هێزێکی بە هێزی سەربەخۆییخوازی لە پێناو دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەنگاو باوێن .
دەرگای هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بۆ سەرجەم هێز و لایەنە سەربەخۆییخوازەکانی واڵایە و داوا دەکا بۆ بڕەودانی زیاتر و یەکگرتووانەتری خەبات بێنە ناو ڕیزی هاوپەیمانیەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply