هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان:هێرش کردنە سەر هونەرمەندی شۆڕشگێڕی کورد ناسری رەزازی مەحکووم دەکەین.

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان: هونەرمەندانی نەتەوەیی مڵک و سەرمایەی فەرهەنگی و کلتووریی نەتەوەکەمانن.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دا گرتەی ڤیدیۆیی مامۆستایەکی ئایینی لە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو بۆتەوە کە لە وتارێکی ڕۆژی هەینیدا، هێرش دەکاتە سەر هونەرمەندی نەتەوەیی کورد، هونەرمەند ناسر ڕەزازی. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە هونەرمەند ڕەزازی دەنگی هەڵقوڵاوی شؤڕش و بەرخودان و پێشمەرگایەتی و کوردایەتییە.
ناسری ڕەزازی بە هونەر و سروودە شۆڕشگێڕانە و نەتەوەییەکانی توانی شۆڕش بکا و دڵی داگیرکەرانی کوردستانی پێ بێنێتە لەرزە و گڕی شۆڕشەکەی ئاگر بخاتە هەناوی دوژمنانی کورد و کوردستان و بووە هۆکاری چەکەرە کردنی بیر و هزری نیشتمانپەروەری و کوردایەتی لە ناو کیژ و کوڕ و لاوانی تینووی شۆڕش و پێشمەرگایەتی.

هێرشی ناڕەوای ئەو مامۆستا ئایینییە بۆ سەر دەنگ و ئاوازی شۆڕشی کوردستان (( ڕەزازی)) ڕاستەوخۆ خزمەتە بە بیری دژە کوردانەی ڕژیمی ئێران.

ئایین و مەزهەب کاتێ مانای مرۆڤایەتی دەبەخشن کە ببنە هەوێنی پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی فرە ڕەنگیی ئایینی لە کۆمەڵگای کوردستاندا.

ئەرکی مامۆستایان و پێشڕەوانی ئایینیی کوردە کە سەر بە هەر بیر و باوەڕ و مەکتەب و قوتابخانەیەک بن، لە تریبوونی تەکیە ، مزگەوت،جەمخانە، کەنێسە،خانەقا و … بۆ هاندانی پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی نەتەوەی کورد کەڵک وەربگرن و ئەوە بکەنە وێردی سەر زار و زمان و بیر و هزر و مێشکیان کە ئێمە هەر هەموومان بە پلەی یەکەم کوردین و کوردستانی و خوا ئێمەی وەک نەتەوەی کورد خەڵق کردووە.

تاکە ڕێگەی ڕزگارییمان لە ژێر دەستەیی و داگیرکاریی دوژمنانمان، یەکبوون و یەکڕیزی و کۆبوونەوەیە لە دەوری مێزی تەبایی و ئاشتی و پێکەوە ژیانی کوردستان و هەر کەس بە پێچەوانەوە هەوڵ بدا، کار و کردەوەکانی دەچێتە خانەی خزمەت بە دوژمن و پشتکردن لە میللەت و نەتەوەی کورد.

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

١٦ی رێبەندانی ٢٧٢١ی کوردی
٢٠٢٢/٠٢/٠٥ی زایینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply