باڵیۆزی ئۆکرانیا لە تورکیا : تورکیا دوو ڕوویە

باڵیۆزی ئۆکرانیا لە تورکیا داوای لە دەزگاکانی گەشتیاری ئۆکرانیا کرد چیتر کار لەگەڵ دەستەی دەزگاکانی گەشتیاری تورکیادا نەکەن، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ هەڵوێستی ” دوو ڕوویی ” تورکیا لەنێوەندی داگیرکاریی ڕووسیادا دژی ئۆکرانیا.

تورکیای ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ کە سنووری ئاوی لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیادا هەیە و پەیوەندییەکی باشیشی لەگەڵ هەردوو وڵاتەکەدا هەیە، ڕەخنەی لە داگیرکارییەکەی ڕووسیا گرتووە بەڵام تاوەکو ئێستا خۆی بە دوور گرتووە لە لێدوانە توندەکانی هاوپەیمانەکانی دیکەی لە ناتۆدا و دژایەتی سەپاندنی سزاکان دەکات بەسەر ڕووسیادا.

هاوڵاتیەکی زۆری ڕووسی و ئۆکرانی گەشت بۆ تورکیا دەکەن. بەپێی داتاکانی وەزارەتی گەشتیاری، لە ساڵی 2021 دا زیاتر لە 2 ملیۆن گەشتیاری ئۆکرانی سەردانی تورکیایان کردووە، 4.7 ملیۆن ڕووسیش گەشتیان بۆ ئەو وڵاتە کردووە.

باڵیۆزی ئۆکرانیا لە تورکیا ڤاسێل بۆدنەر وتی بەڕێوبەری دەستەی دەزگاکانی گەشتیاری تورکیا بە جیا لەگەڵ ئەو و باڵیۆزی ڕووسیادا لە ئەنقەرە کۆبۆتەوە.

وتی ” بەڕێوبەری دەستەی دەزگاکانی گەشتیاری تورکیا بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ ئێمەدا کۆبۆوە و دواتر لەگەڵ باڵیۆزی ڕووسیادا کۆبۆتەوە، ئەمەش نیشانەی دوو ڕووییە. ڕووسیای سەرکوتکار و ئۆکرانیا بە یەکسانی سەیر دەکات لەکاتێکدا ئۆکرانیا بەرگری لە خۆی دەکات، ئەو مامەڵەیەش یەکسانە بەوەی هاوبەشی بیت لە تاوانەکەدا.”

وتی ” داوا لە دەزگاکانی گەشتیاری ئۆکرانیا دەکەین کار لەگەڵ دەستەی دەزگاکانی گەشتیاری تورکیادا نەکەن.”

بەڕێوبەری دەستەی دەزگاکانی گەشتیاری تورکیا فیروز باگلیکایا وتی ” لەگەڵ باڵیۆزی ڕووسیادا تاوتوێی کارەکانی دەزگاکانمان کردووە و پێم وتووە ئاشتی زمانی گەشتیارییە.” هەروەها داوای لێکردووە دەستبەجێ ڕووسیا شەڕەکە ڕابگرێت. وتیشی بە بۆدنەری وتووە دەزگاکانی دەتوانن یارمەتیە مرۆییەکانی تورکیا بگەیەننە ئۆکرانیا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply