ئامریكا جەنگ بە رووسییە و ئۆرووپا دەكات

نوێنیوز: تایبەت

سەرۆكی بزووتنەوەی سەربەخۆخوازانی كوردستان رایگەیاند، ئەمریكا بە بێ ئەوەی تێچوویەكی ئەوتۆ بدا، هەوڵیدا شەڕی ڕووسییە و ئامریكا بە ئورووپا بكات و بەم چەشنە هەم ڕووسییە لاواز بكات و هەم ئورووپا بە دەستەمۆیی بۆ خۆی بێڵێتەوە، ئورووپاش تا ئێستا بە كردەوە نەچۆتە ناو شەڕەكە و شەڕەكەی بە ئۆكرانیا كردووە و تەنیا لە ئاستێكی لاواز دا داكۆكی و پشتیوانی لێكردووە.

جەمال پوور كەریم لە لێدوانێكی شرۆڤەییدا گوتی: ئورووپا پێش شەڕەكە ئامادە نەبوو ئۆكراین بخاتە ناو چوارچێوەی یەكێتیی ئورووپاوە و ناتۆش تا ئێستا وەڵامێكی ڕوونی بە داواكارییەكی ڤلادێمیر زلنێسكی نەداوەتەوە.

جەمال پوور كەریم گوتی: شەڕی ڕووسییە بۆ خۆسپاندنە وەك هێزی یەكەمی جیهانی و جێگە لێژكردنە بە ئامریكای لاوازی بایدن ئەگەر پووتین لەو شەڕە دا براوە بێ، ئەو ئەگەرە لە ئارا دایە كە چینیش هێرشێكی هاوشێوە بكاتە سەر تایوانی هاوپەیمانی ئامریكا، بۆیە نە ئامریكا و نە ئورووپا و وڵاتانی هاوپەیمانی ئامریكا ئیزنێك بە ڕووسییە نادەن.

نێوبراو گوتیشی: ڕێككەوتنێك لە نێوان ئامریكا، ئورووپا، چین و رووسییە كرابێ كە بەشێك لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە سەر خۆیاندا دابەش بكەن: تایوان و بەشێك لە ئەفغانستان بۆ چین، ئۆكراین و بەشێك لە ناوچەكانی یەكێتی سۆڤێتی پێشوو بۆ ڕووسییە، ئێران، سووریا و عێراق و … بۆ ئامریكا و هاوپەیمانەكانی.
گوتیشی: جیهان لە قۆناغی تاك جەمسەری هاتۆتە دەر و بەرەو قۆناغی چەند جەمسەری هەنگاوی ناوە، هەر بۆیە شەڕی ئەمڕۆی وڵاتانی زلهێز، بۆ خۆسەپاندنە وەك هێزی یەكەمی جیهانی، پێش سەد ساڵ لەمەوبەر ئەو هێزە جیهانییە لە دەست بریتانیا هاتە دەر و كەوتە دەست ئامریكا و تا ئێستاش بەردەوامە، ئێستا ڕووسیا هاتووەتە ناو مەیدانەكە تاكوو ئەم هێزە جیهانییە بە دەستەوە بگرێ و دوور نییە لاوازیی ئامریكا لەو ماوەیە دا پووتین و هەندێك وڵاتی دیكەی لە سەر ئەو خواستە سوورتر و پێداگرتر كردبێ.
روونیشیكردەوە، پووتین توانای مانەوەی نییە و ناتوانێ تا سەر وەك داگیركەر خاكی ئۆكراین داگیر بكات و شەڕەكە تا زیاتر بخایەنێ، ڕووسیە لاوازتر و ئەگەری هاتنە ناوەوەی ئورووپا و ناتۆش بۆ ناو شەڕەكە بە هێزتر دەبێ و ئەوەش تێچوویەكی چاوەڕواننەكراوی دیكەی بۆ ڕووسییە دەبێ، لە ئەگەری گەڕانەوەی هێزەكەی پووتین دا، ڕووسییە ناچارە بە بێ دەستكەوت و بە هێزێكی ماندوو و خەساردیتوو و لاوازەوە بگەڕێتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply