دەیان هەزار کەس خاوەنداری لە بەرخۆدانی زینەب جەلالیان دەکەن

شەوی ڕابردوو هاشتاگی “ئازادی بۆ زەینەب جەلالیان” لە بەستەری تۆیتەر ڕێکخرا و تێدا دەیان هەزار کەس لە چوارلای جیهانەوە بەشداریان کرد.
هەڵمەتەکە بە دەستپێشخەری کەمپەینی ئازادی بۆ زەینەب جەلالیان ڕێکخرا و چالاکوانان بە زمانەکانی کوردی، فارسی، ئینگلیزی، تورکی و زمانەکانی دیکە، پشتیوانیان لە بەرخۆدانی ئەو ژنە گیراوە سیاسییەی کوردە کرد.
هەڵمەتەکە بە ٢٥ هەزار تویت بوو بە تەرەندی تۆیتەر لە تورکیای داگیرکەر.
ڕێکخراوە جیاجیاکانی مافەکانی مرۆڤ و ژنان لە کوردستان بەشداریان لە هەڵمەتەکەدا کرد.

هەروەها  نووسینگەی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لەمەڕ نەخۆشیی زەینەب جەلالیان زیندانیی سیاسیی کورد و تێپەڕبوونی ١٥ ساڵ بەسەر زیندانیبوونی ئەو ژنە کوردە، داوای ئازادکردنی ناوبراو دەکات.

دەقی ئەو بەیاننامەیە بەم چەشنەیە:

بەیاننامەی نووسینگەی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان

ژنە بەندکراو زەینەب جەلالیان کە دەوترێت لە پێوەندی لەگەڵ گرووپە دژبەرەکان، بە بەندکرانی هەتاهەتایی سزا دراوە، نزیکەی ١٥ ساڵە لە ماوەی سزاکەی لە گرتووخانەکانی خۆی، ورمێ، کرماشان، تاران، قەرچەک، یەزد و کرمان بەسەر بردووە و تێپەڕاندووە.

دەوترێت ناوبراو تووشی چەند نەخۆشینی جۆراوجۆر بووە و پتر لە ساڵ و نیوێکە دایکە بە تەمەن و بنەماڵەکەی لە بارودۆخی ناوبراو هەواڵێکیان بەدەست نەهێناوە.

نووسینگەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بە سەرنجڕاکێشان بۆ سەر دۆخی نەخۆشیی زەینەب جەلالیان، پاش تێپەڕاندنی ١٥ ساڵ لە سزاکەی، داوای ئازادی بۆ ناوبراو دەکات.

بەو هیوایە کاربەدەستانی دەزگای داد و دەزگای ئاسایشی پێوەندیدار، بە داشکانی ماوەی سزاکە و پێداچوونە لە دۆسیەی ئەم بەندکراوە، هەل بۆ ئازادیی ناوبراو بڕەخسێنن.

ڕێکەوتی: ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٠  /  ٦ی مارسی ٢٠٢٢

نووسینگەی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply