هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بە بۆنەی ٤٧ ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرکردایەتی، کادر  و ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کرد کە دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

پەیامی پیرۆزبایی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بە بۆنەی ٤٧ ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان

بەرێز : هەڤاڵانی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
سڵاو و ڕێزی شۆڕشگێرانە:

بە بۆنەی ٤٧هەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ناخی دڵەوە پێرۆزبایی خۆمان ئاراستەی هەموو هەڤاڵانی سەرکردایەتی و کادر وپێشمەرگە و جەماوەری یەکێتیی نیتشمانیی کوردستان دەکەین .

بەلەبەر چاو گرتنی مێژوو و ڕەوتی خەباتی نەتەوەکەمان لە باشووری وڵات پێویستیی لە دایک بوونی یەکێتی وەک هێزێکی شۆڕشگێر و تێکۆشەر، بۆمان دەردەکەوێ کە لە چرکە ساتی سەرهەڵدانیەوە تاکوو ئێستا سەرەڕای ئەوەی تووشی زۆر هەوراز و نشێو بووە بە ڵام لە کاروانی خەبات و تێکۆشان دانەبراوە و بە خێڕایی توانیویەتی جێی خۆی لە ناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا بکاتەوە و ببێتە هێزێک کە شان بە شان تێکۆشەرانی تر پەرە بە خەبات و خزمەتی نەتەوەیی بدەن .

یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە دوای ڕاپەڕینی باشووری وڵاتمان توانی بە هاوبەشی لە گەڵ هێزەکانی تر کیانێکی سیاسی بۆ کورد دەستبەر بکا کە تاکوو ئێستاش بەردەوامە و باشووری کوردستان هۆمێد و ئاسۆی ڕوونی خەباتە بۆ هەموو کوردستانی گەورە.

لە بەرە بەری ٤٧ـە مین ساڵیادی دامەزرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بە مەبەستی یادکردنەوەی دامەزران و هەروەها هەنگاونان بۆ نوێبوونەوە و چاکسازی ناو ماڵی کورد بە گشتی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە تایبەتی و هەروەها بە ئامانجی داڕشتنەوەی سیاسەتێكی سەردەمییانە و دانانی ستراتیژێكی پتەو، دیدارێک بۆ کادر و ئەندامان و سەرکردایەتیی لە ژێر ناوی دیداری یەکێتی ڕێکخرا.

لەم دیدارە دا کە بە مەبەستی هەنگاونان بۆ ڕێکخستنی زیاتری ناو ڕیزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕێکخرابوو، کۆمەڵێک باس و بابەتی ناوخۆیی باشووری کوردستان و عێڕاق و ناوچەکەی تێدا تاوتوێ کران و هاوکات زۆر بە ڕاشکاوی پرسی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش باسی لێوەکرا.

وتەکانی بەرێز کاک باڤڵ تاڵەبانی لەو دیدارە دا لەمەر پرسی کورد و رێکخستن و یەکڕیزیی ناو ماڵی کورد و هەروەها کۆسپەکانی ناو ریزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، خاڵێکی گرینگی وەرچەرخان و جێگەی هیوایە لە خەباتی کوردستانی مەزندا کە کاک باڤل بە ڕوونی ئاماژەی پێ کرد و وتی :

(( ئاماده‌ی یارمه‌تی و هاوكاری براكانمانین له‌هه‌ر چوارپارچه‌كه‌ی كوردستان، ده‌بێت سیاسه‌ته‌كه‌ بگۆڕێت و له‌عه‌قلیه‌تی زۆنی زه‌رد و سه‌وز بێینه‌ ده‌ره‌وه‌ و ببینه‌ خاوه‌نی ٤٥ ملیۆن كورد و ده‌بێت له‌هه‌رچوارپارچه‌ی كوردستان سیاسیه‌ت بكه‌ین، بۆیه‌ به‌ برایانمان له‌هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان ده‌ڵێین جێتان ناهێیڵن و هه‌ركاتێك پێویستان به‌ هاوكاری بوو هاوكارتان ده‌بین )).

ئەو وتانەی سەرکردە گەنج و ژیرەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، جگە لەوەی جێگەی سپاس و پێزانین و دەستخۆشیە، ئاسۆی ڕوونی هیوا و هومێدە بۆ یەکڕیزی و یەکگرتوویی و یەکێتیی ناو ماڵی کورد و پەیامەکەی مژدە و مزگێنی سەرکەوتنی تێدایە.

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بە پیر بانگەواز و داواکارییەکەی جەنابی کاک باڤڵەوە دەچێت و پێمان وایە یەکریزی نەتەوەیی و کۆدەنگی سیاسی و هاوکاری نێوان هەموو بەشەکانی کوردستان ئەو چەشنە گوتارانەن کە دەبێ پراکتیزە بکرێت و ببێتە هەوێنی خەبات و تێکۆشانی هەموو لایەک لە پێناو خزمەت بە نەتەوەکەمان.

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لەم یادە دا جارێکی دیکە وێڕای پیرۆزبایی لە هەموو خەڵکی کوردستان بە گشتی و سەرکردایەتی، ڕێبەری، کادر و ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی بە تایبەتی، خوازیارە تاکوو یەکێتی نوێ، ببێتەوە بە هێزی پشتیوانی کورد لە باکوور، باشوور ، ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا و ئەوە ئەو کات یەکێتی بۆ هەموو نیشتمانە و هێزی لەشکان نەهاتووی ٨٠ ملیۆنی کوردی لە هەر چوارپارچەی کوردستان لە پشت دەبێ و ئەمەش بە مەرجێک کە لە بواری کرداریدا بە بیر و باوەرێکی پتەو و کوردستانی هاوکار و یارمەتی دەری یەکتر بین لە خەبات و تێکۆشان و وەدی هێنانی ڕزگاری و سەربەستی بۆ نەتەوەکەمان.

سەرکەوێ خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان
بەرز و بەڕێز بێ چل و حەوتەمین ساڵیادی دامەزرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
١٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ی کوردی
٣١ی مەی ٢٠٢٢ی زایینی

پیرۆزبایی دامەزرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply