بەڕیز جەماڵ پوورکەریم سەرۆکی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە پەیامێکدا لە پێوەندی بە مانگرتنی ڕۆژی ٢٨ی خەرمانان ڕایگەیاند :

هاونیشتمانانی خۆشەویست

خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان

کچان و ژنانی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان

مەرگی ژینای کورد هەموومانی تاسەبار و پەرۆش و خەمبار کرد.

سەرەتا لێرەوە سەرخۆشی لە خەڵکی کوردستان بە گشتی و بنەماڵەی سەربەرزی ژینای جوانەمەرگ بە تایبەتی دەکەین و خۆمان لەو خەم و پەژارەیە دا بە شەریک و بەشدار دەزانین .

هەروەک ئاگادارن دوابەدوای ئەوەی ژینا بە تاوانی کوردبوون و دواتر ژن بوون لە ژێر بیانووی بێبنەمای باڵاپۆش لە لایەن داگیرکەرانی ئێرانیەوە گیانی لێ ئەستێندرا، شەپۆلێکی بەرین لە ناڕەزایەتی لە لایەن خەڵکی وشیار و پێگەیشتوو و تێگەیشتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەریهەڵدا،

لە بەشێکی زۆری شار و ناوچەکانی کوردستان خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی بەڕێوەچووە و تا هەنووکەش بەردەوامە.

هاوکات ئێمە وەک هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان و گشت هێز و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت هێز و لایەنەکانی سەر بە نەتەوە غەیرە فارسەکانیش لە ڕاگەیەندراوی هاوبەش و جیاجیا دا داوایان کردووە ، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەرمانان مانگرتنی گشتی لە سەراسەری کوردستان هەر لە خۆی و ماکۆ و سەڵماس و ورمێوە، لە مەهاباد و سەردەشت و پیرانشار و بۆکان و سەقز و بانە و گشت موکریانەوە تا سنە و ئەردەڵان و هەورامان، لە سەرپێڵ و زەهاو و جوانڕۆ و قەسر و کرندەوە لە کرماشان و ئیلام و لورستان و چوارمەحاڵەوە تا دەگاتە شار بە شار و گوند بە گوندی کوردستان،  بەڕێوە بەرن.

داواتان لێدەکەین پێکەوە هاودەنگ و هاوهەڵوێست بین بەرانبەر داگیرکەری ئێرانی و دوژمنانی سوێندخواردوو و تا سەر ئێسقان دژ بە گەلی کورد.

بە داخستنی دووکان و بازاڕ و نەچوونە قوتابخانە و سەرکار، نایەکی گەورە بە داگیرکەری ئێرانی بڵێن.

داواتان لێدەکەن بە شکۆیەکی مەزنەوە مانگرتن بەڕێوە بەرن.

بەڵام لە ماڵەوە بە بێدەنگی دامەنیشن و مان مەگرن، داواتان لێدەکەین، شەقام و جادە و کۆڵان و مەیدانەکان چۆڵ مەکەن و مەچنەوە ناو کونجی ماڵەکانتان.

دووکان و بازاڕ دابخەن و بە گشتی هەر هەمووتان لە شەقام و مەیدانە سەرەکیەکانی شار دا بمێننەوە و ناڕەزایەتی دەرببڕن.

بێگومان ڕژیمی ئێران بە داخستنی دوکان و بازاڕ  و مانگرتن ناڕووخێ ، بەڵام ئەوە پەیامی یەکگرتوویی و یەکبوون، پەیامی نا بۆ داگیرکاری و داکۆکی لە خوێنی بە ناحەق ڕژاوی ژیناکانمان بە گوێ جیهان بە گشتی و داگیرکەران بە تایبەتی دەگەیەنێ.

ڕژیمی ئێران لە هەلومەرجی ئێستا دا پێی خۆشە خەڵک بچنەوە ماڵەکانیان و شەقام چۆڵ بکەن ، خواستی سەرەکیی ڕژیمیش ئەوەیە کە لە ماڵ بمێننەوە تاکوو بتوانێ دۆخەکە مودیریەت بکا.بۆیە داواتان لێدەکەین وێرای داخستنی دوکان و بازاڕ و نەچوونە سەرکار، لە ماڵ مەمێننەوە و بچنە شەقام و مەیدانە گشتیەکانی شار و بمێننەوە و بە پێی هەلومەرج بۆ خۆتان ڕێبەری بە دەستەوە بگرن و بڕیار بدەن کە بە چ شێوەیەک ناڕەزایەتی دەرببڕن

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply