تۆڕی میدیایی خەڵک:ناوەندی هاوكاری لەلێواری هەڵوەشانەوەدایە

(خەڵك) كێشەكانی ناو ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران بڵاودەكاتەوە
بەشداری سكرتێری كۆمەڵە لە كۆبوونەوەیەكی ڕەزا پەهلەوی شەپۆلێك ناڕەزایەتی دروستدەكات

ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران لەلێواری هەڵوەشانەوەدایە، ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بووەتەوە بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە ڕۆڵی لە گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا هەبێت و نەیشیتوانیوە ببێتە چەتری كۆكەرەوەی تەواوی لایەنە سیاسییەكان، سەرچاوەیەكی نزیك لە ناوەندی هاوكاریش دەڵێت ناوەند لەژێر گووشاری تاران و بەغدا و هەولێردایە، لەلایەك دەبێت ڕەچاوی بەرژەوەندییەكانی هەرێم بكات، لەلایەكی دیكە ڕۆژهەڵاتیش زیاتر دەخوازێت.

كۆبوونەوەكەی ئەمریكا ناكۆكی لەنێو پارتە ڕۆژهەڵاتییەكاندا دروستكرد
بەپێی زانیارییە تایبەتەكان ئەو دەنگانەی داوای هەڵوەشاندنەوەی ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران دەكەن ڕوو لە هەڵكشانن، تەنانەت بەشێك لە ئەندام و لایەنگری هەردوو لایەنی كۆمەڵە و دیموكراتیش ئەو داوایەیان هەیە.

ئەو داوایانە كاتێك گەشەیان كرد كە ماوەیەك لەمەوپێش عەبدوڵڵا موهتەدی سكرتێری گشتی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان لە ئەمریكا بەشداری لە كۆبوونەوەیەكی ئۆپۆزسیۆنی ئێراندا كرد.

بەپێی زانیارییەكان، موهتەدی وەك سیاسییەك بەشداری كۆبوونەوەكەی كردووە نەك نوێنەری ناوەندی هاوكاری، كۆبوونەوەیەك بەبەشداری ئۆپۆزسیۆنی ئێران بۆ گفتووگۆ لەبارەی ئایندەی ئێران سازكراوە، هەژموونی ڕەزا پەهلەوی كوڕی محەمەد ڕەزا شای بەسەرەوە بووە.

موهتەدی بەرگری لەخۆی دەكات
عەبدوڵڵا موهتەدی لەبارەی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەكەدا دەڵێت: ئەو بۆ بەرگریكردن لە كورد و شۆڕشی ژینا بەشداری كۆبوونەوەكە بووە، تا دەنگی كورد بگەیەنێت، بۆ چەندین دیدار و ڕێوڕەسمی دیكەی هاوشێوەش بانگگراوە، بەشداریكردنیشی بە پرس و ڕاوێژ بووە بە حیزبەكەی خۆشی و ناوەندی هاوكاری.

موهتەدی ئەگەرچی دان بە كەموكوڕی كارەكانی ناوەندی هاوكاریدا دەنێت، بەڵام هەڵوەشاندنەوەی ناوەندی هاوكاریش بەو پاساوانە بە هەڵەدەزانێت لە ڕەوشی ئێستادا، چونكە ئێستا كاتی یەكگرتوویی زیاتری حیزب و لایەنەكانە، نەك پەرشوبڵاوبونەوەیان.

ڕەخنەگرانی موهتەدی دەڵێن، ئەو كۆبوونەوەی لە ئەمریكا سازكراوە لەلایەن كوڕی شاوە ڕێكخراوە، ئەوان ئامانجی لە قاڵبدانی شۆڕشی ژینا و دەستبەسەرداگرتنی شۆڕشەكەن، ئەوان بە هیچ شێوەیەك دان بە مافی كورددا نانێن لە ئێراندا وەك نەتەوەیەكی سەرەكی بەڵكو وەك پێكهاتەیەك لێی دەڕوانن.

دەشڵێن، لە كۆبوونەوەكەدا تاووتوێی فیدراڵی بۆ ئێران كراوە، بە جۆرێك كوردیش لە چوارچێوەی سنووری سیاسی ئێستای ڕۆژهەڵاتدا ڕێوشوێنی خۆی بگرێت، ئەوەش پێچەوانەی خواستی زۆرینەی كوردی ڕۆژهەڵاتە.

ڕۆژهەڵات ئێستا سەربەخۆیی دەوێت نەك فيدڕاڵی
زۆرینەی پارتە و لایەنەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئێستا خواستی سەربەخۆییان هەیە، یان بوونی دەسەڵاتێكی خۆسەر نەك بەشدار لە دەسەڵاتێكی دیكەی ئێراندا.

هەر لەوبارەیەوە جەمال پوور كەریم سەرۆكی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی كوردستان لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئێمە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ناوەندی هاوكاریدا نین، لە ئێستادا كات كاتی دروستكردنە نەك تێكدان، ئێمە باوەڕمانوایە دەبێت ئەم ناوەندە هەم بە كوردستانیتر بكرێت و هەم بەرفراوانتر ، یان هێز و لایەنەكان لە ژێر پلاتفۆرمێكی نوێ بۆ خەباتی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كۆببنەوە، ناوەندێك پێویستە كە تەواوی لایەن و حیزبەكان لەخۆی بگرێت، لە ئێستا دا بە داخەوە بە پێی هەندێك لە زانیارییەكان كێشەیەك كەوتووەتە ناو ناوەندی هاوكاری و بەجۆرێك دیموكرات ئاڕاستەیەكی هەیە و كۆمەڵە ئاڕاستەیەكی هەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ڕووداوەكاندا و هەروەها لە گەڵ بە ناو ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی دا، یەكیان بۆ لای “سەڵتەنەت تەڵەب” و لایەنێكیان بۆ لای “موجاهیدینی خەڵق”.

لەبارەی كۆبوونەوەكەی ئەمریكا و بەشداریی سكرتێری كۆمەڵە تێیدا، جەمال پووركەریم دەڵێت “بەڕێز كاك عەبدوڵڵای موهتەدی نوێنەری ڕۆژهەڵاتی كوردستان نییە و بە پێی بڕیارەكانی ناوەندی هاوكاری ،تەنانەت وەك نوێنەری ناوەندیش نییە و لە باشترین حاڵەت دا دەتوانێت وەك خۆی و حیزبەكەی قسە بكات و نوێنەرایەتیی پارتەكەی خۆی بكات و مۆڵەتی پێنەدراوە لە لایەن هەموو گەلی كوردەوە نوێنەرایەتی پرسی كورد بكات، ئێمە پێمان وایە نەدەبوو كاك عەبدوڵڵا بەشداری ئەو كۆبوونەوەیە بكات و بەم كارەی و بەبەشداریكردنی لەم كۆبوونەوەیەی سلێبریتیەكاندا تەنانەت خەباتی كۆمەڵەشی خستە ژێر پرسیارەوە”.

ڕوونیشیكردەوە، ئێمە وەك بزوتنەوە ئامدە نین بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ بە ناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی كە هەمان عەقڵیەتی فاشیستیی پان ئێرانی بە سەریدا زاڵە دانیشتن بكەین و كۆ ببینەوە ، بۆ ئێمە جیاوازییەك نییە لە نێوان موجاهیدین، ڕەزا پەهلەوی ، جمهوری ئیسلامی و ئەوە خۆكووژیی سیاسییە كە لایەنێك لەگەڵ بكوژانی پێشەوا قازی محەمەد دا دابنیشێت.

سەرۆكی بزووتنەوەی سەربەخۆیخوازانی كوردستان دەشڵێت: گفتگۆی ئێمە لە گەڵ ئێرانیەكان هێڵی سوورە و تەنیا بۆ یەك شت ئامادەین لە گەڵیان دانیشین ، ئەویش دیاریكردنی سنوورەكانی هاوسێیەتیە وەك دوو دەوڵەتی سەربەخۆ.

ئاماژەی بەوەشكرد “عەقڵیەتی ئێرانی هەڵگری دێموكراسی نییە و پێی وایە ئەو برا گەورەیە و باقی نەتەوەكان ژێردەست و برابچووكی ئەو، ئەوان لەو باوەڕە دان كە ئەو خاكە، هەمووی خاكی ئەوانە و خێرمان پێدەكەن كە مۆڵەت دەدەن تێیدا بژین. لە حاڵێكدا ئێمە براگەورەیی لە هیچ غەیرە كوردێك قەبووڵ ناكەین”.

ناوەندی هاوكاری لەژێر گووشاردایە
لە ماوەی نزیك بە شەش مانگی ڕابردووی شۆڕشەكانی ژینادا ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران جگە لەڕاگەیەندراو و لێدوان كاریگەرییەكی دیكەی ئەوتۆی نەبووە لە ناڕەزایەتییەكانی ناوخۆدا نە لە ناڕەزایەتییەكانی دەرەوەدا.

ئەو ناوەندە لەسەر ئاستی میدیایش نەیتوانیوە بەشێوەیەكی باش ئاڕاستەی جەماوەر لەناوخۆی وڵاتەكە بكات.

ناوەندی هاوكاری لە حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان پێكدێت و لە ساڵی 2017 دامەزراوە، لەپێشدا ئەم دوو حیزبە چوار باڵ بوون و لە ساڵی 2022 یەكگرتنەوەیان لەچوارچێوەی دوو حیزبدا ڕاگەیاند.

چەندین حیزبی دیكەی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش لە كاروچالاكیدان لە دەرەوەی ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران و بەشداریان نەكردووە، لەسەرەتاشدا حیزبێكی دیكە كشاوەتەوە.

سەرچاوەیەكی نزیك لە ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، گرفتەكانی ناو ناوەندی هاوكاری ناكۆكی نێوان لایەنەكان نییە، بەڵكو كێشەكە لەوەدایە ناوەند لە ئاستی گۆڕانكاری و پێشهاتەكاندا نییە، ئەوەش هۆكار و ئاستەنگی خۆی هەیە.

ڕوونیشیكردەوە، وەك عەبدوڵڵا موهتەدی سكرتێری كۆمەڵە باسیكردووە، ناوەند و حیزبە ڕۆژهەڵاتییەكان لەژێر گووشارێكی زۆردان ئێستا لەلایەن تاران و بەغداوە و گووشاری زۆر لەسەر هەرێمی كوردستانیش هەیە، بۆیە لەلایەك دەبێت ناوەند ڕەچاوی ڕەوشی هەرێمی كوردستان بكات كە بەهۆی ناوەندەوە نەبێتە گۆڕەپانی شەڕ و پێكدادان، لەلایەكی دیكەوەشەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆری ڕۆژهەڵات بووەتەوە كە وەك پێویست لە گۆڕانكارییەكاندا ڕۆڵیان نییە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە هەموو بارودۆخێكدا بوونی ناوەندێك بۆ كۆكردنەوەی حیزب و لایەنە سیاسییەكان باشترە لە پەرشوبڵاویان بەلای كەمەوە لە بوونی ناكۆكی و ململانێ باشترە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply