ئەمریکا، شۆڕشی ژینا و گۆڕانکاری لە ناوچەکە دا.

بە کورتی:
ئەمریکا، شۆڕشی ژینا و گۆڕانکاری لە ناوچەکە دا.

بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە دوای ئاڵتێرناتیڤ دا دەگەڕێن.

لە تورکیە:
هێزی ئۆپۆزیسیۆن وەک ئاڵتێرناتیڤ لە تورکیە بوونی هەیە و کۆدەتا ناتوانێ بۆ لادانی ئەردۆغان سەرکەوتوو بێ.
بۆیە بە پاڵپشتیی ئەمریکا، کورد و هێزی ئۆپۆزیسیۆنی دەوڵەت، لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی تورکیە دا یەکیان گرتووە بۆ لادانی ئەردۆغان و تەواویەتی ئەو هێڵەی پشتی بە ئەردۆغان بەستووە.
ئەردۆغان و خەتەکەی لەو هەڵبژاردنە دا لە گەڵ شکستی گەورە ڕووبەڕوو دەبێتەوە.

لە ئێران:
ئەمریکا و هاوپەیمانانی، چەندین ساڵە گەیشتوونەتە ئەم باوەڕەی کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران تاریخ مەسرەفی بە سەر چووە و بۆ گۆڕینی رژیم، بە دوای ئاڵتێرناتیڤێکی جیددی دا دەگەڕێن و تەنانەت ئەگەر بوونی نەبێ، دروستی دەکەن.
شۆڕشی ژینا، شەڕی ئۆکراین و ڕووسیە و چەندین ڕووداوی تری ناوچەکە، ئەم دەرفەتەی خوڵقاند کە چێنج ڕژیم بێتەوە سەر مێزی دیپلۆماسیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.

ئاماژە سیاسیەکان دەرخەری ئەم ڕاستیەن کە لەم ململانیە دا کورد معادلەیە و ئەگەر سیاسیەکانی کورد نەتوانن ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە دەبنە قوربانیی معامەلە.
بۆ ئەوەی وەک معادلەیەک دەستکەوتمان هەبێ و معامەلە لە سەر پرسی کورد نەکرێ، دەبێ بە خێڕایی کار بۆ یەکڕیزی و یەکگرتوویی ناو ماڵی کورد بکرێ تا سەنگ و قورسایی خەبات و پرسی کورد زیاتر خۆی نیشان بدا.

لە سووریە:
گۆڕانکارییە سیاسیەکان لە قازانج و بەرژەوەندیی کورد دان و بەشێک لە پرسی ڕۆژاوای کوردستان گرێدراوە بە هەڵبژاردنی تورکیە و گۆڕینی ڕژیمی ئێرانەوە.

لە عێراق:
ڕاگرتن و هەبوونی قەوارەیەکی سیاسیی وەک هەرێمی باشووری کوردستان بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی گرینگیی تایبەتی هەیە، بەڵام نەبوونی یەک گوتاری و یەکڕیزیی ناو هێزەکانی پێکهێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان،
مەترسیدارە و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ناچار کردووە بە دوای هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنەوە بن وەک بەدیل و ئاڵتێرناتیڤ.

ئەمریکاییەکان نایانهەوێ ئەم بەدیلە بە شێوەی دەستکرد، دروست بکەن، بەڵکوو لە بەدیلێک دەگەڕێن کە بوونی هەبێ و وەک ئۆپۆزیسیۆن خۆی سەلماندبێ.

لە ئاستی ناوچەیی دا:
جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە بە گشتی، سەر لە نوێ داڕشتنەوەی بۆ کراوە و لە قۆناغی جێبەجێکردن دایە.
بە گشتی ناوچەکە ئاڵووگۆڕ و گۆڕانکاریی بنەڕەتی بە خۆیەوە دەبینێ و لە درێژ ماوە دا لە قازانج و بەرژەوەندیی نەتەوە خاک داگیرکراوەکان و یەک لەوان نەتەوەی کورد دا ئەم گۆڕانکاریانە ڕوو دەدەن.

سەرەکیترین ڕێگەی سەرکەوتن و بە دەستهێنانی دەستکەوتی نەتەوەیی بۆ گەلی کورد، بریتیە لە: وەگەڕ خستنی دیپلۆماسی و لۆبیگەری، سەلماندنی هێزی کورد،کە بە یەکگرتن و یەکڕیزی مسۆگەر دەبێ و لە ئەنجامدا قۆزتنەوەی
دەرفەت و هەلی پێشهاتوو لە قازانج و بەرژەوەندیی نەتەوەیی دا.

جەماڵ پوورکەریم
سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply