بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان: هێرشی ڕژیمی تورکیە بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی مەحکووم دەکەین.

 ڕژیمی تورکیە بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان، لە ئێستا دا چ لە ئاستی ناوخۆیی و چ لە ئاستی ناوچەیی و جیهانی دا، بە تایبەت لە پێوەندی بە پرسی کورد لە باکوور و ڕۆژاوای کوردستان لە گەڵ شکستی گەورە بەرەوڕوو بۆتەوە و هەر بۆیە لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی تورکیە دا، بە مەبەستی قەرەبووکردنەوە و حەشاردانی شکستەکانی و هەروەها بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی،بە دروستکردنی قەیران و ئاڵۆزی دەیهەوێ جارێکی دیکە سەرۆکایەتی تورکیە بە دەستەوە بگرێتەوە.

هێرشکردنە سەر فڕۆکە خانەی نێودەوڵەتی سلێمانی جیا لەوەی کردەوەیەکی تیرۆریستیی ڕژیمی تورکیەیە، تێیدا ئامانج تێکدانی ئەمنیەت و ئاسایش و دروستکردنی دووبەرەکی و ئاژاوە نانەوە لە نێوان هێزە کوردستانیەکان و هاوکات پێشێلکردنی ئاشکرای سەرەوەریی سیاسیی خاک و ئاسمانی هەرێمی کوردسنانە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێ.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان جارێکی دیکە وێڕای مەحکوومکردنی ئەم کردەوە تیرۆریستیەی داگیرکەرانی تورک، لەم باوەڕە دایە: لە وەها هەلومەرجێک دا کە داگیرکەرانی کوردستان هەر جارە و بە بیانوویەک، سەرەوەرییەکانی گەلی کوردستان پێشێل دەکەن و هەوڵی تێکدانی یەکڕیزیی نیشتمانیی نەتەوەکەمان دەدەن، ئەرکی هەموو هێزە کوردستانیەکانە کە پاساو بۆ کردەوە تیرۆریستیەکانی داگیرکەرانی کوردستان نەهێننەوە و وێڕای ئیدانەکردنی ئەم چەشنە هێرشانە، هەوڵی جیددیان لە پێناو یەکڕیزی و یەکگرتوویی ناوماڵی کورد بخەنە گەڕ و بەرژەوەندیی تەسکی حیزبی و تاکە کەسی نەکەنە قوربانیی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی.

شایانی باسە کە بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٧ی ئاوریلی ٢٠٢٣ی زایینی، فڕۆکە خانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرایە ئامانجی هێرشی درۆنێکی سەر بە ڕژیمی تورکیە کە خۆشبەختانە زیانی گیانی لێنەکەوتەوە .

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
١٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ی کوردی
٨ی ئاپریلی ٢٠٢٣ی زایینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply