مەترسیەکانی گەشە سەندنی داعش و بیری توندڕەویی مەزهەبی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات

سەرەتاکانی دروست بوونی ئیسلامی سیاسی لە ناو کوردی ڕۆژهەڵات دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی و مێژوویەکی دوور و درێژی نییە .
ئەحمەدی موفتی زادە ڕەوتێکی بە ناوی مەکتەبی قوڕعان دامەزراند کە ئەوە سەرەتای سەرهەڵدانی کشانەوە لە هەستی کوردایەتی و ناسیۆنالیسمی کوردی و پاڵ دان بوو بە ئیسلامی سیاسی
زەنگی مەترسی لەو کاتەوە لێیدا کە بیری ئیسلامیی بە سەر بیری نەتەوەیی ئەو تاقمە کە کورد بوون زاڵ بوو
جیاوازی لە دەربڕینی دوو دەستەواژەی : کوردێکی موسوڵمان و موسوڵمانێکی کورد زۆرە و دوو مانای تەواو لێک دوورن
کۆماری ئیسلامی لە بوونی بیر و هزری نەتەوەیی ترسی هەیە ، بۆیە کار بۆ ئەوە دەکا کە بیری نەتەوەیی لە ناو بەرێ و بەرەو بیری مەزهەبی و ئایینی لاڕێی بکا
کۆماری ئیسلامی لەوە تێدەگا کە بیری نەتەوەیی و ناسیونالیسمی کوردی هەڕەشەی گەورەیە لە سەر مان و مەوجوودیەتی ڕژیمەکەی ، بۆیە لە کوردستان پشتی ئیسلامی سیاسی دەگرێ و یارمەتی گەشە سەندنی ئیسلامی سیاسیی سوننی دەدا، هەر چەند ئیسلامی سوننی دژ بە ئیسلامی شیعەیە، بەڵام کۆماری ئیسلامی دەزانێ کە ئیسلامی سوننی نابێتە مەترسی بۆ ڕژیم و دەسەڵاتەکەی.
کۆماری ئیسلامی لە پەلکێشکردنی پرسی کورد لە خواست و ویستێکی نەتەوەیی بەرەو داخوازییەکی ئایینی کەڵک و قازانجی خۆی وەردەگرێ
پرسی کوردی لە ئێران دەبەستەوە بە ویستێکی مەزهەبی و داخوازی بۆ وێنە سازکردنی مزگەوتێکی سوننیەکان لە تاران … لە حاڵێکدا قەزیەی کورد قەزییەی ئایینی نییە و شەڕ و خەباتی کورد بۆ دەستەبەر کردنی ویست و داخوازییەکی ئایینی و مەزهەبی نییە
کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ بە بەلاڕێدا بردنی خەباتی کورد لە نەتەوەییەوە بۆ ئایینی، شەڕی کورد بە کورد بکا ، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بە هیچ چەشنێک شەڕی ئایین و مەزهەب شەڕی ئیمەی کورد نییە ، چونکە لە بەرژەوەندیمان دا نییە ، کورد نەتەوەیەکی فرە ئایینە ، کوردی جوومان هەیە ، کوردی یارسان و ئیزەدی و زەردشتی و کریستیان و بگرە بەهاییشمان هەیە ، و کوردی موسوڵمانی شیعەشمان هەیە و کوردی موسوڵمانی سوننیشمان هەیە ، بەڵام ئەوەی ئێمە پێکەوە گرێ دەداتەوە کورد بوونمانە و دەبێ ئایین و مەزهەب بخەینە خزمەت کوردایەتی و ناسیۆنالیسمی کوردەوە ، وەک چۆن فارسەکان لە شیعە و مەزهەب بۆ بەرژەوەندیی تەنانەت شۆڤێنیزمی فارس کەڵکیان وەرگرتووە
بە باوەڕی من کورد دەبێ بە جلوبەرگی نەتەوەیی ئایین و مەزهەب داپۆشێ واتە جلوبەرگی نەتەوەیی لە بەر ئایین بکا و پرسی کورد کە بە داخەوە لە لایەن حیزبە نەتەوەییەکان هەندێ جار جلوبەرگی سوننی بوونی لە بەر کراوە دەبێ لێی داماڵێ

کۆماری ئیسلامی بە تەواوی پشتی ئیسلامی سیاسیی سوننی گرتووە ، و بە تەواوی ئاگاداریی هەیە لە کۆبوونەوەی مانگانەی ئەندامانی مەکتەبی قوڕعانی سەر بە موفتیزادە و هیچ بەربەست و گرفتێکیان بۆ ساز ناکا و بگرە مزگەوتەکانی لە ژێر دەست داناون بۆ پەروەردە کردن و ڕاهێنانی لاوان و مێر منداڵان لە ژێر ناوی کلاسەکانی فێرکاریی قوڕعاندا

لێرە دا ئەو مەترسییە دێتە ئاراوە کە ئایا ئیسلامی سیاسی کە داعش و ئەلقاعیدە و تاڵیبان و ئیخوان و لموسلمین و سەلەفییەکان دەگرێتەوە بڵێی جێگە بە بیر و هەستی ناسیۆنالیزمی کوردی و ڕەوتی نەتەوەیی کە حیزبی دێموکرات یان ڕەوت و خەباتی بزووتنەوەی چەپ لە کوردستان کە کۆمەڵەکان ڕێبەری دەکەن لێژ بکا؟

زەنگێکی مەترسیدار هەیە کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات تا ئێستا پشتگوێیان خستووە و ئاوڕی جیددیان لێ نەداوەتەوە ، ئەویش ئەوەیە کە بۆ دەبێ لاوی کوردی کوردستانی ڕۆژهەڵات سەرەڕای بوونی حیزبە نەتەوەیی و چەپەکان ، روو لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی وەک داعش بکەن؟

گەلۆ داعشێک کە لاوی کوردی رۆژئاوا و باشوور خەریکە شەڕی بە دژ دەکا بە پاڵپشتیی کۆماری ئیسلامی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات خەریکە یارگیری دەکا ، ئەویش بە چ شێوەیەک ؟ ئامارەکان سەرسوڕهێنەرن
بە پێی هەندێ سەرچاوە نزیکەی 500 گەنجی کورد کە ئامارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم باس لە ڕێژەی 1500 کەسیی لاوانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ناو داعش دەکا
داعش لە داهاتووی ئازادی کوردستانی ڕۆژهەڵات دا دەبێتە مەترسییەکی گەورە … ئەو ڕێکخراوە کە هەر دوو سێ ساڵە دامەزراوە ئاوا بە ئاسانی توانیویەتی وزەیەکی زۆری کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ خۆی ڕاکێشێ ، ئەوەش دەریدەخا کە ڕەوتی سەلفیەت و جیهای لە ناو کوردستانی ڕۆژهەڵات زەمینەی گەشە سەندنی هەیە

کورد و سەلەفییەکان:
شارەزایان لەسەر ئەو باوەڕەن کە سەلەفییەکان سەرەتا لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستان و لە نزیک شاری سلێمانی، هەڵەبجە و بیارە سەریان هەڵدا و چالاکییەکانی خۆیان دەست پێکرد و لە نێواراستی دەیەی ٧٠ی هەتاوی بە پشتیوانیی سپای پاسداران و پێکهێنانی “میرنشینی ئیسلامیی کوردستان” قۆناخێکی نوێیان لە چالاکییەکانی خۆیان دەست پێ کردەوە.

زستانی ساڵی ١٣٨١ هەتاوی لە ئەنجامی هێرشی ئەرتەشی ئامریکا و حیزبە نەتەوەییەکانی کوردستانی ئێــراق بۆسەر بنکە و بارەگای گروپە سەلەفییەکانی ناوچەی هەڵەبجە و هەورامان، زۆربەی سەلەفییەکان پەڕیوەی سنوورەکانی ئێــران بوون و بەپشتیوانیی ناڕاستەوخۆی سپای پاسداران، سەرەتا لە گوندی دزڵی و دواتر لە گوندی “یەکشەوە”ی سەقز دامەزران.

سەلەفییەکان وەک بەشێک لە رێکخراوی ئەلقاعیدە بەگشتی لەگەڵ مەسەلەی نەتەوایەتی دژایەتی دەکەن و لە ئاوەها حاڵەتێکدا مەسەلەی ئۆممەتی ئیسلامی دێننە گۆڕێ.

حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە باوەڕی من یەکەم چیدیکە خۆ بە ئێرانی بوونەوە نەبەستنەوە و واز لە بیری ئێرانیچێتی بێنن تا کوو کەرامەت و شکۆی کوردایەتی و هەستی نەتەوەیی و شوناس بۆ تاکی کورد بگەڕێتەوە

مکانیزمێکی دروست بۆ ئەو شێوە خەباتە کلاسیکەی ئێستا بدۆزرێتەوە کە وەڵام دەری ویست و داخوازیی ئەوڕۆی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات بێ و دەبێ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە چەپ و نەتەوەییەوە لەوە تێبگەن کە پڕۆژەکەیان سەرکەوتوو نەبووە

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply