پەیامی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان

 

٧٦ ساڵ لە مەوبەر و لە ڕۆژی ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ٢٦٤٥ی کوردی واتە ٢٢ی ژانویەی ١٩٤٦ی زایینی لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەهاباد، بۆ یەکەم جار لە مێژووی کورد و کوردستاندا. سەرۆککۆماری کورد ، پێشەوا قازی محەممەد، یەکەم کۆماری سەربەخۆی کوردستانی ڕاگەیاند.

لە وەها هەلومەرج و سەردەمێکدا کە نەتەوەی کورد خۆی وەک ئێرانی،عێڕاقی،سووری و تورکی پێناسە نەدەکرد و شانازی بە شوناسی نەتەوەیی نەتەوەی کورد و کوردستانەوە دەکرد و هیچ حیزب و لایەنێک بوونی نەبوو کە خەڵک بەرەو بیری ئێرانیچێتی هان بدا و بە گشتی بیری سەربەخۆییخوازی و هەستی نەتەوایەتی لەو پەڕی خۆی دابوو،وەک یەکەم دەستکەوتی مێژوویی، دەوڵەتی مۆدێرن و سەربەخۆی کوردستان لە ژێر ناوی کۆماری کوردستان دامەزرا.

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی ٧٦ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە سەرجەم ڕێبوارانی ئەو ڕێبازە بە تایبەتی و نەتەوەی کورد بە گشتی، جارێکی دیکە لە گەڵ ئامانجەکانی کۆماری کوردستان پەیمان نوێدەکاتەوە کە تا گەیشتن و دووبارە زیندوو کردنەوە و دامەزراندنەوەی کۆماری دێموکراتیکی کوردستان، لە درێژە دان بە خەبات و ڕێگە و ڕێباز و بیری کۆماری کوردستان بەردەوام بێ.

دروشمگەلێکی وەک دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان یان ئێرانێکی دێموکرات و فیدراڵ و کۆنفدراڵ هیچ کات ناتوانن وەڵامدەری ویست و داخوازیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بن، بەرزکردنەوەی وەها دروشم گەلێک تەنیا بە فیڕۆ دانی خەبات و خوێن و وزەی شۆڕشی کوردستانە.
تێچوو و قوربانیدانی نەتەوەی کورد لە ماوەی ٧٠ ساڵی ڕابردوو دا لە پێناو دێموکراتیزە کردنی ئێرانێکی داگیرکەر کە عەقڵیەتی شۆڤێنیستی و پان ئێرانیستی و تەواویەتخوازی تێیدا زاڵە و لە سەر ئەساسی داگیرکاریی خاکی کوردستان و هەندێ نەتەوەی تر بنیات نراوە،لادان بووە لە فەلسەفە و ڕێگە و ڕێبازی کۆماری کوردستان.

لە ڕاستیدا ئەگەر بە ڕوانینێکی خەسارناسانە لە خەبات و جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی حەفتا ساڵی ڕابردوودا بڕوانین، بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێ کە بە داخەوە ئەحزابی کلاسیکی کوردستان، وێڕای ماندوو کردنی شۆڕش و تێچوو و قوربانییەکی زۆر، دەستکەوتەکانیان لە ئاستی چاوەڕوانکراو دا نەبووە.

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لەو باوەڕە دایە کە : نە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی و نە پەهلەوی و شاهەنشاهی و بە گشتی نە ئێرانیەکان و داگیرکەرانی خاکی کوردستان هیچ کات ئامادە نین دان بە بچووکترین مافەکانی نەتەوەی کورد دابنێن.
لە ئێستا دا وێژمان و گوتاری سەربەخۆییخوازی لە پلەی یەکەمی ویست و داخوازیی زۆرینەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دایە و باوەڕیان بە ئێرانی بوون و مانەوە لە چوارچێوەی جوگرافیای داگیرکەری ئێران دا نییە و گوتاری وەدەرنانی داگیرکەری ئێرانی لە خاک و جوگرافیای کوردستان و گەڕانەوەی سەروەری بۆ خاک و نەتەوەی کورد گوتاری زاڵە.

هەلومەرجی هەستیاری ئەمڕۆیی وا دەخوازێ کە هێز و لایەنە کوردستانیەکان لە دەوری یەک پلاتفۆڕمی هاوبەش بۆ هاوکاری و هاوئاهەنگی کۆببنەوە و خالی هاوبەش ببێتە بنەمای پێکەوە کار کردن و کۆبوونەوە لە دەوری یەک مێز و یەک بەرە ، یا هاوپەیمانیی نیشتمانی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێویستە چیتر بەرژەوەندیی گشتی و نەتەوەیی نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندییە تاکە کەسی و حیزبیەکان .

لە ڕوانگەی ئێمەوە ڕزگاریی خەڵکی کوردستان بەرزترین و پیرۆزترین نرخی نەتەوەیی و بالاترین بەرژەوەندی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ڕەوشتیە.
و ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەیی بەهۆی تەبایی ڕامیارییەوە مسۆگەر دەبێ.

بەرز و پیرۆز بێ یادی کۆماری کوردستان
سەرکەوێ خەباتی ڕزگاریخوازنەی گەلی کورد لە پێناو سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت و حکوومەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
١ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ی کوردی
٢١ی ژانویەی ٢٠٢٢ی زایینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply