وانەیەک
بەشێک لە وتەکانی جەماڵ پوورکەریم سەرۆکی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان ، لە کۆبوونەوەی ناوخۆیی دا
هەر وەک پێشتر کوتم ، ئێمە دەبێ هەوڵی خۆ بەهێز کردنی زیاتر بدەین، بە هێز کردنی بیر و هزری سەربەخۆییخوازی، بە هێزکردنی ئابووری و ئێکۆنۆمیی خەبات و جووڵانەوەی کوردستان، بە هیز کردنی خەبات و بەرگریی سیاسی و نیزامی . ئەمڕۆ هێزە کە هەموو کێشەکان ، سەرجەم پرسە سیاسیەکان یەکلایی دەکاتەوە.
ئەو هێزەش بە چ دروست دەبێ؟
بە ئیرادە و بیر و هزر و قەڵەم ، بە پارە و بە چەک ، بە بڕوا بە خۆ بوون و وەلانانی بەرژەوەندیی سەخسی و تاکە کەسی و حیزبایەتی و بە وەبەر چاو گرتنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی.
خۆشەویستان لێرە دا دەمهەوێ لە سەر بە هێزی نموونەیەکتان بۆ باس بکەم .
باڵندەی قەلەڕەشە زۆر حەز دەکا کە هەڵۆ ئازار بدا تەنیا باڵندەیەک کە دەتوانێ لە هەڵۆ نزیک بێتەوە و دندوکی لێدا ، قەلەڕەشە یا هەمان قاڵاوە .
قەلەڕەشە دەچێتە سەر پشتی هەڵۆ و بە دندووک لە پشتی ملی دەدا،
بەڵام هەڵۆ چ دەکا ؟
هەڵۆ هیچ کاردانەوەیەکی نابێ و گوێ ناداتە قەلەڕەشە و کاتی خۆی بەوە ناکووژێ. تەنیا باڵەکانی دەکاتەوە و بەرەو بەرزایی دەفڕێ و ڕوو لە تەشقی ئاسمان دەکا.
کاتێک هەڵۆ دەگاتە بەرزاییەکی زۆر و لە بڵیندایی هەوا و ئۆکسیزن کەم دەبێتەوە ، قەلەڕەشە لە سەر پشتی هەڵۆ بەر دەبێتەوە و توانای مانەوەی نامێنێ.
بۆیە نابێ کاتەکانمان بۆ قەلەڕەشەکان بە فیڕۆ بدەین. نابێ گوێ بدەینە قسە و جنێو و بێڕێزی خەڵکانێکی بێکار و قسە زل و لە ناوەرۆک دا بە تاڵ و هیچ لە دەست نەهاتوو، ئەوەی قەلەڕەشە ئاساکان بە ناوی ڕەخنەوە و لە ژێر ئامانجی ڕووخاندن دەیگرن نابێ کارتێکەری لە سەرمان هەبێ، تەنیا پێویستە بەرەو بەرزایی هەنگاو باوێین و ئەو کات قاڵاوەکان بۆ خۆیان بەر دەبنەوە .
هاوڕێێان ، نە هیچ کات بە قسە و بە ناو ڕەخنەکانیان ورەی شۆڕشگێڕانەتان دابەزێ و نە هیچ کات بە چەپڵە و پێداهەڵگوتنەکانیان لە خۆبایی بن و خۆتان لێ بگۆڕدرێ.
ئێمە بۆیە پەنجەکانی هەڵۆمان وەک هێمای سەربەخۆییخوازی بەرز کردۆتەوە ، چونکە لە سێ پەنجەی هەڵۆ دا لە بواری هێما ناسیەوە ، سێ مانا هەیە : یەکەم: هێز و قودرەت و توانا، دووهەم: سەربەخۆیی و ئیستقلال و سەروەری، سێهەم: ئەمەگ و وەفا و مانەوەیە لە سەر بەڵێن و وادە و پەیمان.
و هەڵۆ وەک سوڵتان و پاشای ئاسمان و بەرزایی تاکە ڕاوکەری ئەو گورگە بۆرانەیە کە خاکی کوردستانیان داگیرکردووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply