هێرشی مووشەکیی ئێرانیەکان لە نەبوونی سەروەریی سیاسی و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دایە.

هێرشی مووشەکیی ئێرانیەکان بۆ سەر باشووری کوردستان مەحکووم دەکەین.(( داگیرکەران کەرەستە جەنگیەکانیان لە سەر کوردستان تاقی دەکەنەوە))

بە پێی هەواڵەکان کاتژمێر ١ی بەرەبەیانی ١٣ی مارسی ٢٠٢٢ ، لانی کەم ١٢ مووشەکی دوورمەودای بالیستیکی، هەولێری پایتەختی باشووری کوردستانیان کردە ئامانج و ڕژیمی ئێران وێڕای وەئەستۆ گرتنی ئەم دەستدرێژییە ڕایگەیاند کە بە مەبەستی لێدانی بنکە شاراوەکانی ئیسرائیل هێرشە مووشەکیەکانی ئەنجام داوە، بیانوویەکی بێ بنەما و بێ مانا.

بێدەنگیی حکوومەتی بە ناو فیدڕاڵی عێراقی جەعلی بە تایبەتی و کۆمەڵگای جیهانی بە گشتی، وایکردووە کە ڕژیمی ئێران بە ئارەزووی خۆی لە ناوچەکە دا تەڕاتێن بکاو وێڕای دەستێوەردان لە کار و باری ناوخۆیی بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە، بۆتە گەورەترین پاڵپشت و هەناردەکەری تیرۆر و تیرۆریسم .

تیرۆریسمی دەوڵەتیی ئێران سنوورە جیهانیەکانی بڕیوە و ئێران ئێستاکە گەورەترین هەناردەکەری تیرۆریسمە چ لە ئاستی ناوچەیی و چ لە ئاستی جیهانیدا.

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان وێڕای مەحکوومکردنی هێرشەکانی ڕژیمی ئێران، داوا لە هێز و لایەنە کوردستانیەکان دەکا تاکوو یەکڕیزی و تەبایی ناو ماڵی کورد بکەنە بنەمای سیاسەت و خەبات، هەروەها داوا لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەکا، کە دێموکراسی و مافی مرۆڤ نەکەنە قوربانیی سات و سەودا و بەرژەوەندیی کاتیی ئابووری و بازرگانی.

دۆخی هەستیاری ناوچەکە و سەرقاڵیی جیهان بە شەڕی نێوان ڕووسیە و ئۆکرانیا، ڕژیمی ئێرانی هێناوەتە ئەو باوەڕەی کە ئێستا کاتی ئەوەیە وەک ژاندارمی ناوچەکە بجووڵێتەوە و هەر چی حەز و ئارەزوویەتی ئەنجامی بدا.

ئەگەر لە ئاستی جیهانیدا لە بەرانبەر جینایەت و دەستدرێژییەکانی ڕژیمی ئێران، بێدەنگی ڕەچاو بکرێ ئەوە ئێرانیەکان لە سەرەڕۆیی سوورتر و مکوڕتر دەکا و لە داهاتوویەکی نە زۆر دوور دا دووکەڵی ئەم ئاگرە دەچێتەوە ناو چاوی خۆیان و تیرۆریسمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران شوێنێکی ئەمن و ئارامیان بۆ ناهێڵێتەوە.

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
٢٢ی ڕەشەممەی ٢٠٢١ی کوردی
١٣ی مارسی ٢٠٢٢ی زایینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply