داگیرکەران چەکەکانیان لە سەر کورد تاقی دەکەنەوە و لە سێ و چوارەمین ساڵڕۆژی کیمیابارانی هەڵەبجە دا هەولێر کەوتە بەر ڕهێلەی مووشەک.

بەیانیی 16ـی مارسی 1988 دیمەنی کیمیابارانی هەڵەبجە و گیانلەدەستدانی هەزاران کەس، لە بێدەنگیی جیــــهانیدا، کوردستانی هەژاند.

شەڕێک کە لە نێوان دوو داگیرکەری ئێران و عێڕاق دا ڕوویدا و گەلی کورد زۆرترین خەسار و قوربانی بەرکەوت و هەر دوو لا وەک ئەمڕۆ چەکەکانیان لە سەر کورد تاقی کردەوە .

١٦ ى مارسی ٢٠٢٢، سى و چوار ساڵ بە سەر کارەساتى کیمیابارانکردنى شارى هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمى بەعسەوە تێپەڕ دەبێ، ئەو رۆژە فڕۆکەکانی دەسەڵاتی عێڕاقی داگیرکەر، هەڵەبجەیان بە چەکی کیمیایی بۆردوومان کرد و لە ئەنجامدا پێنج هەزار منداڵ، ژن، گەنج و پیر دەستبەجێ شەهیدبوون.
دە هەزار کەسی تریش تووشی نەخۆشی و کێشەی تەندروستیی درێژخایەنی وەکو لەدەستدانی بینایی و ئەندامانی جەستە و سووتانی پێست بوون و لە ساڵانی دواتردا بەشێکیان گیانیان لەدەستدا.

ڕۆژى شانزدەى مارس پەڵەیەکى ڕەشە، بە تایبەتی بە نێوچاوانى دوو داگیرکەری ئێران و عێڕاق و بە گشتی بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی یارمەتیدەر بوون و یان بێدەنگیان نواند .

ئەو هێرشە بە فەرمانى تایبەتى “عەلى حەسەن مەجید” وەزیرى بەرگرىی ڕژیمی داگیرکەری عێراق ئەنجام درا کە دواتر بە “عەلى کیمیایی” ناسرا و دادگاى باڵاى تاوانەکانی عێڕاق لە ساڵى ٢٠١٠ دا سزاى لەسێدارەدانى بەسەردا سەپاند و سزاکەش جێبەجێکرا.

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، جارێکی دیکە وێڕای ڕێز گرتن لە یادی قوربانیانی ئەو کارەساتە دڵتەزێنە، ڕایدەگەیەنێ کە عەقڵیەت و بیر کردنەوەی داگیرکەران دەرحەق بە گەلی کورد گۆڕانی بە سەر دا نەهاتووە و مەترسیی تاقیکاریی چەکی کیمایی و ناوکی تا ئەو کاتەی نەبینە خاوەن کیان و سەروەریی سیاسی و وڵاتی سەربەخۆی خۆمان، ناڕەوێتەوە.

بەرز و بەڕێز بێ یادی قوربانیانی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
٢٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ی کوردی
١٥ی مارسی ٢٠٢٢ی زایینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply