سەرەتا وێرای پیرۆزبایی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز، سڵاو دەنێرم بۆ گشت خەڵکی کوردستان لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەن .
جەژنی نەتەوەیی نەورۆز، جیا لە جەژنی نوێ بوونەوەی سەری ساڵی کوردی ، هێمایە بۆ یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستانی داگیرکراو.

لە لای ئێمەی کورد پەیامی نەورۆز بە تەنیا نوێ بوونەوەی سەری ساڵ نییە، بەڵکوو جیا لە یەکدەنگی و یەکبوون ، هەڵپەڕکێکەی پەیامی سەرهەڵدانی شۆڕش و ڕاپەڕینە، ئاگرەکەی ، ئاگری قین و تۆڵەیە لە داگیرکەرانی کوردستان ، لە یەک ڕستە دا نەورۆز پەیامی هەوڵ و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و ئازادیی کوردستانی پێیە .

لە هەلومەرجێکدا یادی نەورۆزی کوردەواری دەکەینەوە کە خاکی کوردستان لە لایەن داگیرکەرانی ئێرانی، عێڕاقی، تورکی و سووریەوە داگیرکراوە و لەو نێوە دا ئێرانیەکان بە هەموو هێز و توانایانەوە لە هەوڵ دان فەلسەفەی نەورۆزی کوردەواری بە لاڕێدا بەرن و بە قازانجی فاشیسم و بیری شۆڤێنسمی فارس و ئێرانی کەڵکی لێوەربگرن.

نەورۆز جەژنی سەرکەوتن و سەربەخۆیی گەلی کوردە ، بەڵام ئێرانیەکان وەک چۆن هەمیشە پیلانیان بۆ دزین و لەناوبردنی ناسنامە ، مێژوو ، فەرهەنگ،کلتوور ، زمان و شوناسی نەتەوەییمان داڕشتووە، ئێستاش دەیانهەوێ وا نیشان بدەن، کە ئێمەی کورد لە گەڵ ئەوان تاریخ و مێژوو و فەرهەنگی هاوبەشمان هەیە،داگیرکەرانی کوردستان بە پێڕەو کردنی سیاسەتی یەک ئاڵا، یەک نەتەوە و یەک وڵات و لە ئەنجامدا یەک زمان و یەک فەرهەنگ و کلتوور و مێژوو بە شێوەی سیستماتیک و بەرنامە بۆ داڕێژراوە خەریکی بەڕێوە بردنی سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن و تواندنەوەی گەلی کوردن.

لە وەها هەلومەرجێک دا کە ڕژیمی ئێران، لە ڕێگەی زەبر و زەنگەوە دەیهەوێ جل و ڕەنگ و بۆی ئێرانیبوون بکاتە بەری نەورزۆی کوردان، ئەوە ئەرکی تاک بە تاکی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە، کە ئیزن نەدەن و بە هیچ شێوەیەک نەکەونە ژێر کاریگەریی شێوازی بەڕێوەبردنی ئەو جەژنە بە تام و بۆی جەعلیی ئێرانیەوە و پێویستە وەک ساڵانی پێشوو جەژنی نەورۆز بە گوڕ و تینی کوردانە و بە فەرهەنگ و داب و نەریتی کوردەواری بەڕێوە بەرن و کچ و کوڕ، ژن و پیاو ، بەپیر و گەنجەوە دەست لە ناو دەستی یەک هەڵپەڕکێ و دیلانی شۆڕش و بەرخودان و سەرکەوتن و سەربەخۆیی بگێڕن.

پێویستە بە وشیاریی زیاترەوە هەنگاو بۆ بەرەو دەوڵەتبوونی کوردستان باوێین و لە دەرفەتەکان بە قازانجی نەتەوەیی کەڵک وەرگرین ، گۆڕانکاریی گرینگ و چارەنووسساز بۆ گەلی کورد لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا بەڕێوەیە ، بۆیە دوژمنانی سوێندخواردووی گەلەکەمان ، بە هەستکردن بەو مەترسیە لە پەلە قاژەی دواڕۆژەکانی مەرگیان دان.
مزگێنی بێ خەریکین هەنگاو بەرەو ئاسۆیەکی ڕوون داوێین و ڕۆژ و خۆر و هەتاوی کورد لە ڕۆژهەڵاتەوە سەر دەردێنێ.

جارێکی دیکە هەر لە چوار مەحاڵی بەختیاریەوە لە ئیلام و لوڕستانەوە ، لە هەمەدان و کرماشانی پێتەختەوە ، لە سنە و هەورامانی دیرۆکیەوە لە مەهاباد و موکریان و تیکابی هەوشارەوە تا دەگاتە ورمێ و سەڵماس و ماکۆ جەژنی نەتەوەیی نەورۆز لە گشت لایەکتان پیرۆز بێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply