هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان تاکە ئەڵتێرناتیڤ و جێگرەوەیە بۆ خەباتی کلاسیکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

چارەنووسی گشتمان پێکەوە گرێدراوە، باکوور،باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا.
هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان تاکە ئەڵتێرناتیڤ و جێگرەوەیە بۆ خەباتی کلاسیکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە ماوەی سەدان ساڵی ڕابردوو دا ئەگەر چی ناکرێ و ناشێ بڵێین کە دەستکەوتی نەبووە، بەڵام لە ڕاستیدا لە ئاست ئەو هەموو قوربانی و گیانفیداییە، دەستکەوتمان زۆر کەمتر بووە لە تێچووەکانمان.

بۆ خۆمان جێگەی پرسیارە و بۆ دۆستانی پرسی کورد جێگەی سەرسوڕمان، ئاخۆ چۆنە نەتەوەیەکی ٨٠ ملیۆنی ، نەیتوانیوە ببێتە خاوەنی دەوڵەت و کیانێکی سەربەخۆ.

نەتەوەیەکی چاونەترس و ئازا و بوێرین ، بەڵام پێش سوار و سەرقافڵەی ڕێبەرایەتیمان تا ئەمڕۆکە لاواز و بێ بەرنامە و ناوەستا بوون.

هەزینەیەکی زۆرمان داوە و دەستکەوتیش لە ئاستی چاوەڕوانیەکان نەبووە، هەزاران ڕۆڵەی کورد لە پێناوی دەستەبەرکردنی دێموکراسی بۆ وڵاتانی داگیرکەری ئێران، عێڕاق، سووریە و تورکیە کراونەتە قوربانی و کەچی ڕەوشی کورد و کوردستان نەک بەرەو لوتکە و بەرزایی هەنگاوی نەناوە بەڵکوو بەرەو داڕمان و لێکترازان و دووبەرەکی و ناکۆکی پەلکێش کراوە و بۆتە سووتەمەنی ئاگری داگیرکەرانی کوردستان و هەر یەکە و لە لایەکەوە مووشەکبارانی دەکا و ئاگری بە سەر دا دەبارێنێ.

داگیرکەرانی کوردستان زمانێک جگە لە زمانی گولە و ئاگر نازانن، کەچی ڕێبەرانی بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد، فارس و تورک و عەڕەب بە برا ناوزەد دەکەن و باسی پێکەوە ژیان لە چوارچێوەی فیدراڵی و برایی گەلان و خودموختاری دا دەکەن.

ئاخۆ گەلۆ پێم ناڵێی لە تەک کێ دا خوشک و برایەتی دەکەی ؟ لە کوێی دونیا دا داگیرکەر وەک خوشک و برا چاوی لێکراوە ؟

بە باوەڕی ئێمە، لە هەلومەرجی ئێستا دا تاکە هویر و هزرێک کە دەتوانێ نەتەوەی کورد بەرەو ڕزگاری و ئازدایی یەکجاری بەرێ، بیر و هزری سەربەخۆییخوازییە.
لەو پێناوەش دا هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان دامەزراوە و بۆتە چەترێکی نەتەوەیی بۆ سەرجەم هێز و لایەنە نەتەوەیی و سەربەخۆییخوازەکان و لە ئێستا دا بۆتە ئادرەسێکی بەهێز هەم بە ڕێبوارانی سەربەخۆییخواز و هەم بۆ نەتەوە غەیرە فارسەکان و هەمیش بۆ دونیای دەرەوە و سیاسەتی جیهانی.

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان وەک تاکە ئاڵتێرناتیڤ لە ماوەی کورتی تەمەنی دا توانیویەتی گشت هێزە سەربەخۆییخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر یەک پلاتفۆرمی هاوبەشی نەتەوەییدا کۆ بکاتەوە، بەڵام هەنووکەش ڕێگەی هەوراز و نشێومان زۆر لە بەر ماوە تا گەیشتن بە لوتکەی سەربەخۆیی.

باوەڕی نەتەوەیی و نیشتمانیمانە کە نە کەس حەزف و سانسۆڕ بکەین و نە خەباتی ڕابردووی لایەنە کلاسیکەکان زەربی سیفر بکەین و یان لایەنێک پەرواێز بخەین.

ڕەوتی سەربەخۆییخوازی هەر وا بەرەو گەشە سەندنە و ئەوانەی پێچەوانەی ڕەوتەکە بیانهەوێ مەلە بکەن، دڵنیا بن کە دەیدۆڕێنن و لە لافاوی دەریای بیری سەربەخۆییخوازیدا نوقم دەبن.

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان و بیری سەربەخۆییخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە خۆی و تکاب و ماکۆ و سەڵماس و ورمێوە و لەوێڕا تا خۆراسان و هەمەدان و ئیلام و لۆڕستانی گەورە و بچووک تا دەگاتەوە سنە و کرماشانی تەنیوە.

بۆیە لە کۆتاییدا داواکارم بۆ ئەوەی ڕووسووری مێژووی نەتەوەکەمان بین، تێکەڵ بە ڕەوت و جەرەیانی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستانەوە بن، تاکوو پێکەوە دەست لە ناو دەستی یەکتر بەرەو داهاتووی گەش و ڕوونی کوردستانی سەربەخۆ هەنگاو باوێژین.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply