ئاڵمان:هەیئەتێک بە نوێنەرایەتی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە ساڵیادی دامەزرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بەشداری کرد.

ڕۆژی ١٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ی کوردی ٥ی ژووەنی ٢٠٢٢ی زایینی، هەیئەتێکی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بە سەرپەرەستیی “مەنووچێهر پیرمرادی” و بە یاوەری هاوڕێیان ئەفسانە شەکەری و مەسعوود پەژووهی ئەندامانی دەستەی ڕێبەریی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، لە سەر بانگهێشتی فەرمیی کۆمیتەی ئاڵمانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕێوڕەسمی یادی ٤٧ ساڵەی دامەزرانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دا بەشداریان کرد.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد و دواتر کاروان کەریم نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وڵاتی ئاڵمان، وێڕای بەخێرهێنانی بەشداربووان، چەند وتەیەکی لە سەر خەبات و تێکۆشانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا کە : خەباتی گەلی کورد پێویستی بە نوێبوونەوە هەیە و یەکێتی نیشتمانی وەکوو ڕێکخراوێکی سیاسی لەم ڕێگایەدا هەنگاو دەنێت و هەوڵی خۆی تەرخان دەکات بۆ ژیانێکی خۆش و بەختەوەرانە بۆ خەڵکی کوردستان.

پاشان پەیامی پارتی دێموکراتی کوردستان لە لایەن نوێنەری بەشداربووی پارتیەوە خوێندرایەوە کە لە پەیامەکەی دا باسی لەوە کرد کە کوردستان لە قۆناغێکی هەستیاری مێژووییدا بەسەر دەبات و گرنگە کە کوردستانیان بە ئاگاداریەوە هەڵسووکەوت بکەن لەگەڵ ئەو باروودۆخە نوێیەدا و هەروەها بە گەرمی پیرۆزبایی کرد لە خەڵکی کوردستان بە هۆی دامەزراندنی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان و ئاواتی سەرکەوتوویی بۆ ئەو پارتە خواست.

پاشان نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لەو ساڵیادە دا بەشدار بوو بە هەمان شێواز جەختی لەسەر باروودۆخی هەستیاری کوردستان کردەوە و ئاماژەی بە ساڵەها خەباتی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە دژی وڵاتی داگیرکەری ئێران کرد و دەست خۆشیشی لە یەکیەتی نیشتمانی کوردستان کرد کە هاوکاریی هێزە کوردستانیەکانی کردووە.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکە دا نوێنەری هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزرانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، جەختی لەسەر مێژووی پڕ خەباتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و گرنگی دانی بە داهاتووی کوردستان کرد.

مەنووچێهر پیرمرادی لە درێژەی پەیامەکەیدا جەختی لە سەر قسەکانی سەرۆکی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان کاک بافڵ تاڵەبانی کردەوە و پرسی «پشتیوانی کردن لە کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستانی» بە گرنگ وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازان بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە هەوڵ بۆ یەکخستنی ماڵی کورد بدا و هەنگاو بۆ بەرەو دەوڵەت بوونی کوردستان دەنێت.
لە بەشێکی تری پەیامەکەی هاوپەیمانیدا هاتبوو:
هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان خوازیارە تاکوو یەکێتی نوێ، ببێتەوە بە هێزی پشتیوانی کورد لە باکوور، باشوور ، ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا و ئەوە ئەو کات یەکێتی بۆ هەموو نیشتمانە و هێزی لەشکان نەهاتووی ٨٠ ملیۆنی کوردی لە هەر چوارپارچەی کوردستان لە پشت دەبێ و ئەمەش بە مەرجێک کە لە بواری کرداریدا بە بیر و باوەرێکی پتەو و کوردستانی هاوکار و یارمەتی دەری یەکتر بین لە خەبات و تێکۆشان و وەدی هێنانی ڕزگاری و سەربەستی بۆ نەتەوەکەمان.
لەو ڕێوڕەسمە دا هەئیەتی نوێنەرایەتی هاوپەیمانی وێڕای دیدار و چاپێکەوتن لە گەڵ بەڕیز پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ،چاویان بە کۆمەڵێک کەسایەتی و حیزب و لایەنی سیاسیی کوردستان کەوت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply