ئادرەسێکی بەهێز بۆ سەربەخۆییخوازانی کوردستان

سەردار وەلەدبەیگی
ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

پرش و بڵاوی و نەبوونی یەکڕیزی ناو ماڵ و خەباتی گەلی کورد، لە هەموو سەردەمەکاندا گەورەترین ئاستەنگ بووە لە بەردەم گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی نەتەوەیی، نەتەوەی کورد.

لە مێژووی کورد دا دیاکۆ پاشای کوردان بۆ یەکەم جار توانی عەشیرە و تایفە لێکدابڕاوەکانی کورد لە دەوری یەک کۆ بکاتەوە و هاوپەیمانییەک دابمەزرێنێ کە ئەنجامەکەی بووە ئیمپراتۆریی ماد.

بە دوای ڕووخان و نەمانی دەسەڵات و حکوومەتی ماد، نەتەوەی کورد سەرەڕای ئەوەی زۆری خەبات کرد و لەو پێناوەش دا گەلێک قوربانی دا، بەڵام بە هۆی ناتەبایی و نەبوونی یەکڕیزیی ناو ماڵەکەی تا ئەمڕۆش نەیتوانیوە بە خواستەکانی بگات.

بە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە مێژووی کۆن و هاوچەرخی کورد بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێ کە هۆکاری شکست و نسکۆی شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی گەلی کورد لە چیەوە سەرچاوەیان گرتووە و هۆکار چ بوون.

هەندێ کەس هۆکارەکان دەگەڕێننەوە بۆ خواستی جیهانی و نەبوونی کۆدەنگیی نێونەتەوەیی لە گەڵ بوونی نەتەوەی کورد بە دەوڵەت، گومان لەوە دا نییە کە ڕووداو و پرسە جیهانیەکان تا ڕادەیەک بەربەست و لەمپەر بووبن لە بەردەم نەتەوەی کورد دا ، بەڵام بێشک لە سەدا هەشتای هۆکارەکە بۆ خودی نەتەوەی ٨٠ ملیۆنیی کورد دەگەڕێتەوە.
ئیرادەی نەتەوەیەکی ٨٠ ملیۆنی دەتوانێ ببێ بە هێز و پارسەنگێک کە لە ئاستی جیهانیدا قسەی یەکەم بکا و لە واقیعدا ڕێگە چارەی پرس و کێشە جیهانیەکان و چارەسەری هاوکێشەکانیش ،هەر هێزە کە یەکلایی دەکاتەوە.

نەتەوەی کورد ئەگەر چی خاوەنی ئەم هێزە مرۆییەیە، بەڵام نەبوونی یەکێتی، یەکڕیزی و یەکگرتوویی لە ناو ماڵی کورد دا بۆتە مۆتەکەی سەرنەکەوتنی تاکوو ئێستای خەبات و جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد.

ئەگەر تاکوو ئێستا ئادرەسێکی بەهێزی نەتەوەیی پێکنەهاتبوو ئەوە مانگی یەکەم و سەرەتای ئەمساڵی زایینی، بە هەوڵ و تێکۆشانی چەندین کەسایەتی و هێز و لایەنی سەربەخۆییخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، توانرا ناوەندێک بۆ سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە ژێر ناوی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان پێک بێ.
(( لێرە دا پێویستە ئەرک و زەحمەتەکانی تێکۆشەرانی دڵسۆز بە تایبەتی کاک فاتح ئارەش، دوکتور مووسا کاواڵ ، کاک پۆڵا نانەوازادە و … لە یاد نەکەین.))

ئامانجی ئەم ناوەندە :
یەکەم : خستە سەر یەک و یەکڕیزیی ناو ماڵی سەربەخۆییخوازان.
دووهەم : دروستکردنی ئادرەسێکی بەهێز هەم بۆ خەڵک و هێز و لایەنە نەتەوەییەکانی کوردستان و هەم بۆ دنیای سیاسەت لە ئاستی جیهانیدا.

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە ئێستا دا وەک تاکە هێزی گۆڕەپانی گوتاری سەربەخۆییخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەر بنەما فکرییەکانی ناسیۆنالیزمی کورد بنیات نراوە و هەوڵ و خەبات و تێکۆشانی لە پێناو دەستەبەربوون و دامەزراندنی دەوڵەت و حکوومەتی کوردستان دایە و باوەڕی وایە کە کوردستان یەک نیشتمانە و داگیرکەران پارچە پارچەیان کردووە.

هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، پەنجەکانی هەڵۆ وەک هێمای سەربەخۆییخوازانی کوردستان پێناسە دەکا و جیا لە سێ بنەمای هێزی دیاریی کردنی چارەنووس ، هزری نەتەوەیی و وڵاتپارێزی، باوەڕی بە سەروەریی خاک، نەتەوە و سەربەخۆیی هەیە و بۆ ڕاماڵینی داگیرکەران لە خاک و زێد و نیشتمانی کورد تێدەکۆشێ و لەو پێناوەش دا هەموو شێوە و ڕەهەندەکانی خەبات بە ڕەوا و پێویست دەزانێ و یەکڕیزی و یەکێتیی ناو ماڵی کورد بە زامنی سەرکەوتن و گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی ئەژمار دەکا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply