لە ساڵیادی تێرۆری سمکۆی ڕێبەر

سمایل ئاغای سمکۆ لە ساڵی ١٨٨٢ لە گوندی چارێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بنەماڵەیەکی ناودار و شۆڕشگێر لەدایک بووە. برای سمکۆی ڕێبەر “جەوەرە ئاغا”، دوای ئەوەی بە فریو بانگهێشتی تەورێز کرا، ناجوامێرانە شەهید کرا. بۆ ئەوەی جەوەرە ئاغای ئازا و نەترس باوەڕیان پێبکات  قورئانێکیان ئیمزا کرد و بۆیان نارد کە خیانەتی پێ ناکەن، بەڵام بە ناجوامێری شەهید کرا و تەرمەکەی لەگەڵ دوو هاوڕێی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە دەرگای شار هەڵواسران. سمکۆ کە گەنجێکی تازە پێگەیشتوو بوو، دوای شەهیدبوونی برای و هەروەها کۆچی دوایی باوکی، بوو بە دەسەڵاتداری ئێلی شکاک.
سمکۆ زۆر زوو توانی بە ئازایەتی و لێهاتوویی بسەلمێنێت کە بەرامبەر بە دەسەڵاتی ناوەندی  پرسێکی گەورەیە و بیر و هزری نەتەوەیی و سەربەخۆییخوازیەکەی کێشەیە بۆ دەسەڵاتی داگیرکەری ناوەند. پەیوەندییەکانی سمکۆ لە هەموو بۆارێکەوە نیشاندەری ئەو بوو کە ئەو نەک  ئاغا و سەرۆک عەشیرەتە، بەڵکوو تێکۆشەرێکە له ڕێی ئامانجی ڕزگاری نەتەوەی کورد.
ئاستی ڕۆشەنبیری سمکۆ کاتێک دەردەکەوێ کە ئاماژە بکەیین بە دامەزراندنی کۆمەڵەی “جیهاندان لە شاری خۆی و هەروەها یەکەمین خوێندنگەی کوردی.
پلانی کۆمەڵەی جیهاندان بە مەبەستی ئاکادێمیزە کردنی و کرانەوەی خوێندنگەی لە هەر هەموو کوردستان و پێگەیاندن و فێرکاری زمانی کوردی بۆ مناڵان و چەندها ئەرک و خزمەتی تر، بوو. وەک سەرچاوەیەکی ئاشکرا لەو گرینگە، کرانەوەی کرانەوەی قوتابخانەی شاری خۆی لە ڕێکەوتی 27.10.1913 بوو کە، بەم بۆنەیەوە ئاهەنگێکی مەزن ساز درا و میوانگەلی وەک فەرماندەی هێزی ڕووسیا لەو دەڤەرە و بەرپرسانی شار و کۆمەڵێک بازرگان و سەرۆک عەشیرەتی کورد بەشداری ڕێوڕەسمەکە بوون.
ڕاستی مێژووی ئەو سەردەم دەیسەلمێنێ کە، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی جگە لەوەی باری ئابووری ژیانیان زۆر شپڕێو بوو، هەروەها دواکەوتوویی و نەخوێندەواری چەڵەمەیەکی گەورە بوو لەبەردەم مەبەستی سمکۆ بۆ بەئاگا کردنەوەی کۆمەڵگا و کردنەوەی خوێندنگەی مۆدێرن و فێرکاری بەڵام، هیچ شتێک نەیدەتوانی بەربەست بێت لە کردنەوەی قوتابخانە بۆ منداڵانی کورد.
خاڵێکی تری گرینگی دانی سمکۆی ڕێبەر بە پێشکەوتخوازی دەرکردنی ڕۆژنامە و هەوڵدان بۆ نەوەستانی بوو. گۆڤاری “کوردستان” و ڕۆژنامەی “ڕۆژی کورد” لەو شانازییە مێژوویانەن کە پاشکەوتی دەسەڵاتی ئەو میرخاسەن کە سەرەڕای هەموو کەند و کۆسپەکانی ئەو سەردەم بوو بە بەڵگەیەکی مەزن و ئاشکرا بۆ پووچەڵ کردنەوەی چەواشەکاری داگیرکەران و دوژمنان کە دەیانهەویست و ئێستاشی لەگەڵ بێت دەیانهەوێ کەسایەتی ئەو گەورە پیاوە بشێوێنن.
عەبدولقادری شکاک لە کتێبی جوغرافیای عەشیرەتی شکاک لە زمان “کڕێس کۆچێرا”وە دەگێرێتەوە “سمکۆ پیاوێکی پڕ نەزاکەت و سەلار بوو، جوانیی جلوبەرگەکەی زۆر کاری لە ئینگلیزەکان کردوە”. چۆن ڕێبەرێکی بەو پڕەنسیب و دەسکەوتە پڕشەنگدارانەی دەتوانێ شێاوی ئەو چەواشەکاریانە بێت کە دوژمنان خستوویانەتە پاڵێ؟!!
ئەوەی ئاشکرایە و بەرچاو سمکۆ دانەر و دامەزرێنەری هزری نەتەوەیی و ناسیۆنالیزمی نۆی کوردیە کە لە ڕۆژی 21جولای 1930 دوای 92 ساڵ تێپەڕ بوون لە تێرۆری ناجوامێرانە و شەهید کردنی، ڕێگە و بیر و باوەڕی هەنووکە ئەستێرەی پڕشەنگی خەباتی سەربەخۆییخوازی کوردستانە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply