۲۸ی گەلاوێژ و پێویستی ئێستایی ئەرتەشی میللی

نووسەر: مەسعوود پژوهی

۲۸ی گەلاوێژی ساڵی ۲۷۲۲ی کوردی بەرانبەرە لەگەڵ ساڵڕۆژی هێرشی ئێران بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ۲۸ی گەلاوێژی ساڵی ۱۳۵۷ی هەتاوی.

۲۷ی گەلاوێژی ساڵی ۱۳۵۷ی هەتاوی بوو کە بە فەرمانی خومەینی و سەرۆک کۆماری ئێران خەڵکی ئێران لە دژی کوردستان چەکدار کران و لە عەرز و ئاسمانگەوە کوردستانیان بۆمباران کرد. ئەم ڕۆژە لە ڕۆژمێری ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکو ڕۆژی بەرگری نەتەوەیی ناسراوە.
حکومەتی ئێران سێ مانگ بەردەوام کوردستانی بۆمباران کرد و لە شەقامەکان دادگای بەڕێوە برد و خەڵکیان لەسێدارە دا و تیرباران کرد. سێ مانگ خەڵک بە چەکی سووک و ئاسایی ناو ماڵ لە بەرانبەر یەکێک لە دڕندە ترین هێزەکان جیهان خۆڕاگریان کرد و شانازیان تۆمار کرد و هەزاران چیرۆکی قارەمانانەیان تۆمار کرد. ئەم شەڕە دیارە ترس و وەحشەتی خستە نێو دڵ خەڵکەوە، هەزاران کەس گیانیان بەخت کرد و شار و گوند بە بەردەوامی لە ژێر تۆپبارانی هێزی نیزامی ئێران دا بوون و چەندەها گوند چۆڵ کران و سدها هەزار خەڵکی کوردستان ئاوارە کران و کۆچێنران بەڵام قەد خەڵکی کوردستان لە خەباتی خۆیان دژ بەو حکومەتە دڕندە دەستیان ڕانەگرت. هێزی پێشمەرگە کە هێزێک هەڵقووڵاو لە دڵی خەڵکەوە بوو و هیچ فێرکاریەکی ئەوتۆی نیزامیان نەبوو لەم شەڕەدا بە شێوازێکی قارەمانانە بەرگریان لە کوردستان کرد، بەڵام وەکو شەڕ لە کۆتاییدا شکستیان خوارد و هیچ پشتیوانیەک لە لایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەییەوە نەکران و بە تەنیا مانەوە.
ئێمەی کورد ئێستاش لەو باروودۆخەدا بەسەر دەبەین. بە تەکید لە داهاتوودا لە ئەگەری هەر چەشنە گۆڕانکاریەک هەمان سناریۆ دووپات دەبێتەوە بۆیە گرنگە کە لەسەر ئەو بابەتە بوەستین و بزانین بۆچی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کە دژی خومەینی و حکومەتی ئیسلامی بوون هیچ یارمەتیەکیان بە کورد نەگەیاند؟ ئایا کورد دەیتوانی باشتر شەڕ بکات و بەرگری لە خۆی بکات؟ ئەمڕۆ ئێمە ئۆکراین دەبینین کە وڵاتێکە کە کەوتوەتە بەر هێرشی وڵاتی ڕووسیە کە ململانێ لەگەڵ زلهێزترین وڵاتی دونیا دەکات بۆ ئەوان دەتوانن بەرگری بکەن؟ بۆ وڵاتانی جیهانی پشتیوانی لە ئۆکراین دەکەن؟ ئایا ئێران کە لاوازتر لە ڕووسیە بوو لە هەموو بوارەکاندا دەمانتوانی باشتر و بە هێزەوە بچینە مەیدانی شەڕ؟
ئەمانە پرسیارگەلێک گرنگن کە دەبێت وڵام بدرێتەوە بۆ ئەوەی داهاتوو وێنا بکەین و بەرەو ئاسۆیەکی ڕوون هەنگاو بنێین. خەڵک بە شێوازێکی سادە و ساکار وڵامی ئەو پرسیار گەلە دەدەنەوە بۆ نمونە ئێژن « کورد پشتە جبهەی نەبوو» « کورد لە موعادڵاتی جیهانی بەشدار نەبوو» و یا « کورد لە بەرژەوەندی هیچ وڵاتێکدا نەبوو» ، تەبێعەتی حاڵ ئەوان ڕاست دەکەن بەڵام دونیا ئەو شتانە بە ئێمە نادات بەڵکوو دەبێت خۆمان دەستەبەری بکەین. مێشکی مرۆڤ عادەتێک سەیری هەیە و ئەویش ئەوەیە کە بۆ پرسیارە قورس و گرنگەکان هەوڵ دەدات وڵامی ئاسان بداتەوە و یا کێشەکان لە ئەستۆی خۆی نەگرێت و بیخاتە ئەستۆی کەسێک دیکە. بۆیە کێشەکان خۆمان دەخەینە ئەستۆی جیهانی دەرەوەی خۆمان و وا دیارە خۆمان بێ کێشە بووین. بە تەکید خەتای شەڕ لە ئەستۆی ئێمە نەبوو لە بەر ئەوەی ئەوان هێرشیان کردبوو بەڵام براوە بوون و یا نەبوون دەتوانێت لە ئەستۆی ئێمە بێت. دیارە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نزیک بیست ملیۆن کەسە و کاتێک سەیری مێژووی بزووتنەوەی کوردی دەکەین هەر خەڵکی کوردستانن خەریکن خوێنی بۆ دەدەن و دیارە خەڵک خەریکن باج و تێچووی ویستی خۆیان دەدەن بەڵام ئەوە سیاسەت وانەکانن کە ئەو باجە لە جێگای خراپدا خەرج دەکەن. بۆیە پێویستە ئێمە وەزعەکە بخوێنینەوە و هەڵبژاردەکانمان بە درووستی هەڵبژێرین کە کەمترین تێچووی بۆمان هەبێت.
وڵامی من بۆ ئەو پرسیار گەلە ئەوەیە کە بەڵێ بە تەکید ئەگەر ئێمە بە شێوازێک دیکە هەڵسووکەوتمان بکردایەت دەمانتوانی باروودۆخ بگۆڕین و ئێستاش دەتوانین. بەڵام دوو مەرجی سەرەکی هەیە کە پێکهێنانیان گرنگی ئێستایی هەیە بۆمان.
یەکەم ئەوەیە کە جبهەی خۆمان دیاری بکەین.
دووهەم ئەوەیە کە ئەرتەشمان هەبێت.

دیارە لە ساڵەکانی ۵۷ی هەتاوی تەنانەت تا ئەمڕۆش خەڵکی کوردستان پشت جبهەیان بۆ خۆیان دیاری نەکردبوو نەک لەبەر ئەوەی کە پشت جبهە بوونی نەبێت بەڵکوو لەبەر ئەوەی جبهە ناڕوون بووە. گشت بزووتنەوە کوردیەکان جبهەیان لەگەڵ ئێران دیاری نەکردوە، بەڵکوو ئەوان ویستوویانە لە ناو ئێران و لەگەڵ ئێرانیەکان ئاڵووگۆڕ پێک بهێنن و کورد لەو ئاڵووگۆڕەدا بە مافەکانی لە ناو قەوارەی حاکمیتی ئێرانی بە دەس بهێنێت، بۆیە ئەساسەن پشت جبهەیەک مەعنای نامێنێت. ئێمە کاتێک دەتوانین بێژین پشتە جبهەمان هەیە کە جبهەیەک ڕوون و ئاشکرامان لەگەڵ ئێرانیەکان هەبێت. لە ڕاستیدا کورد خۆی بە دەستی خۆی پشت جبهەی لە خۆی زەوت کردوە بۆیە زۆر بە ئاسانی شکست دەخوات و ناتوانێت چڕتر بەرگری لە خۆی بکات.
سەرۆک کۆماری ئەمریکا ترامپ وتی : «کورد خۆشی نایەوێت بزانێت چی دەوێت و سەد ساڵە شەڕ دەکات و بۆیە من خۆم تێکەڵ ئەو باروودۆخە ناکەم.». ئاماژەی ترامپ بە نەبوونی جبهە بوو لەگەڵ داگیرکەر. ئەساسەن دەوڵەتانی جیهانی کاتێک دەتوانن یارمەتی کورد بدەن کە جبهەی کورد دیار و بەرچاو بێت. کورد کاتێک جبهەی لەگەڵ سوریە ، تورکیە ،ئێران و عێراق ناڕوون بێت خەڵکی بیانی ناتوانن چەک بخەنە دەست کورد کە ئەگەری هەیە ڕۆژێک لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی پێوەندیان باش بێت و دواتر چەک و یارمەتیەکان بگاتەوە دەستی دەوڵەتی ناوەندی. کاتێک کە ئێمە جبهەمان ناڕوون بێت بە تەکید دەوڵەتانی جیهان ناتوانن سیستەمی خۆیان بە پێ بەرژەوەندی ئێمە و خۆیان داڕێژن و ئێمە لە هەنگاوی سەرەتایی دا بە زەوت کردنی جبهە لە خۆمان هەم دەستی خۆمان خاڵی دەکەین و هەم دەسەڵات لە خۆمان وەردەگرین و هەم ناتوانین هاوپەیمانی جیهانی بۆ خۆمان دیاری بکەین. بۆیە زۆر گرنگ و کاریگەر دەبێت کە ئێمە جبهەی خۆمان بە ڕوون و ئاشکرا دیاری بکەین. هاوکات دیاری کردنی جبهە لە سەر عەرز دەبێتە هۆکار بۆ درووست بوونی پشتە جبهەیەک کە یارمەتی دەدات بە جبهە و شەڕ و پێکدادانەکان لە ناو شارەکان خۆمان دەگوازرێتەوە بۆ ئەو جێگایەی کە ئێمە مەبەستمانە و بەو شێوازە کەمترین تێچوو دەکەوێتە سەر شان خەڵک. لە ڕاستیدا درووست کردنی جبهەی کوردی تەنیا لە دەست لایەنێک کوردیدا نیە بەڵکوو پێویستە کە تەواو کوردستان بە ڕێکخراوە جیاوازەکانیەوە واز لە بەرژەوەنی حزبی خۆیان بێنن و سەرکەوتوو بوونی کورد بخەنە ئامانج سەرەتا. بە داخەوە ئەم کارە لە ساڵەکانی ۵۷ی هەتاوی تا ئێستا نەکراوە و بەرژەوەندی حزبی هەموو کاتێک سەرتر بووە بەسەر بەرژەوەندی نەتەوەیی و سەرکەوتوو بوونی نەتەوەی کورد. بۆیە گرنگە کە کورد بە گشتی لە ساز کردنی جبهەیەک نەتەوەیی لە دژ ئێران بەشدار بێت.
نەبوونی جبهەیەک بۆ کورد دژ بە ئێران وای کردبوو کە هەر کەس و لە جێگای خۆیەوە و بە شێوازی پارتیزانی دژ بە فەرمانی جیهادی خومەینی بەرگری بکات. بەڵام فەرمانی جیهادی خومەینی تەنیا بۆ لایەنێک لە خەڵک و بزووتنەوەی کورد نەبوو بەڵکوو بۆ گشت کوردستان بوو. دەبوایە گشت کوردستان بە شێوازێک ڕێکخراوەیی لە بەرانبەر خومەینی بوەستایەت کە ئەم شێوازە تەنیا بە درووست کردنی ئەرتەشی کوردستان دێتە ئاراوە لە حاڵێکدا شەڕی ئێمە دژ بە ئێران بە شێوازی پارتیزانی و بەربڵاو ڕووی داوە و خودی شێوازی پارتیزانی کێشە سازە بۆ یارمەتی وەرگرتن لە جیهانی دەرەوە. هاوکات ئەم هێزە پارتیزانەی کە لە کوردستان بوونی هەبوو لە قاڵبی بیر و هزری جیاواز دا خۆی دەبینی و خودی ئەم کارەساتە دەبووە هۆی ئەوە بەرگریەکە لاواز بێت . نەبوونی بیر و هزرێکی کوردستان یەک دەست لە کۆمەڵگای کوردستان و پارتیزانەکان کە دابەش دەبوون بەسەر چەند بیری جیاواز خۆی کارێکی دەکرد کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی نەوێرێت پشتیوانی لە کورد بکات. ئەوان بیریان لەوە دەکردەوە کە لە ئەگەری یارمەتی بە هەر کام لە کوردەکان ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەو یارمەتیە لە جێگایەکی دیکەی جیهان کەڵکی لێ وەرگیرێت و یا بگاتەوە دەستی دوژمن، بۆیە دروست کردنی ئەرتەشی ڕێکوپێک پێویستیەکی هەنووکەییە. ئەرتەش یانێ ڕێکخراوێکی بە تەواوەتی نیزامی کە ئاشکرا و ڕوون بێت کە ئەو یارمەتیانەی کە بۆ دەچێت بزانرێت کە کێ کەڵکی لێ وەردەگرێت و لە چ ڕاستایەکدایە. هاوکات لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی چەن خاڵ بوونیان هەیە کە ئیزن نادات وڵاتان یارمەتی هێزی نیزامی پارتیزانی بدەن بەڵام دەتوانن یارمەتی هێزی نیزامی میللی ( ئەرتەش) بدەن و هاوکات یاسای نێونەتەوەیی ئیزنی دەست تێوەردان بۆ لەت کردنی وڵاتێک نادەن. بۆیە لە ڕاستیدا کورد خۆی بەرگری کردوە لەوەی کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی یارمەتی بدات ئەگەر نا ئێمە لە چەن بابەت بینیومانە کە چاویان لە حەنای کورد دانەخستوە بەڵکوو زۆریش یارمەتی دراوە بە پێ هەل و مەرج. بەڵام کورد خۆی زۆر جار کێشە دروست دەکات و ناکرێت کێشەی خۆمان بخەینە ئەستۆی جیهانی دەرەوە.
هاوکات درووست کردنی جبهەی کوردی دژ بە ئێران پێکهێنەری هێزە بۆ کورد و هەروەها هێز و بەرژەوەندی پێکەوە گرێدراون. ئەگەر وڵاتانی دونیا بزانن کورد هێزی هەیە و ئامانج و جبهە ئەوکات دەتوانن بەرژەوەندی خۆیان هاوتەریب کورد داڕێژن.
بۆیە گرنگە کە کورد لەو شێوازە کۆنەی شەڕی چەکداری دژ بە داگیرکەران خۆی بپارێزێت و هەوڵ بدات شێوازێک نوێ دەستەبەر بکات و ئەمەش بە درووست کردنی ئەرتەشی متمانە پێکراو ڕوو دەدات.
هەر وەک پێشتر وتمان ئەرتەش یانێ : ڕێکخراوێک نیزامی کە هەموو کارەکانی دیار بێت و لە ئوموری سیاسی دا تەداخول نەکات و هەوڵ بدات لە بەر بەرژەوەندی نەتەوەیی نەتەوەیەک دیفاع بکات و لە ژێر کاریگەری هیچ لایەنێک سیاسیدا نەبێت بەڵکو نا ڕاستەوخۆ لە دەستی خەڵکدا بێت. ئەم هێزە نیزامیە هەم پێش بە ئانارشی دەگرێت و هەم سیستەمەکەی دیارە و جیهان دەتوانێت لەگەڵی تەعامولی هەبێت و ئەویش لەگەڵ جیهان تەعامولی هەبێت.
پرسیار گەلێک کە لەم بابەتە دێنە بەرباس زۆر گرنگن کە دەتوانن بەمانەوە دەست پێ بکات.
ئایا ئەرتەش دەبێت لە دەستی کێدا بێت؟
ئایا باروودۆخی ئێستایی کورد هەڵگری ئەرتەش هەیە؟
ئەرتەش دەبێت چۆن بێت؟
هەر وەک وتمان ئەرتەش ڕێکخراوێکی نیزامی ڕێکوپێکە کە نابێت لە ژێر دەسەڵاتی ڕێکخراوی سیاسی حزبی بێت و ئەمە بەو مەعنایە نیە کە ئەرتەش دەبێت وێڵ بێت بۆ خۆی، بەڵکوو دەبێت لە ژێر دەستی نوێنەر و هێزی نەتەوەیەک بێت. لە وڵاتەکانی جیهانی نوێنەری نەتەوە بە دەوڵەتی نەتەوەی پێناسە دەکرێت. بەو مەعنایە کە دەوڵەتە کە نوێنەرایەتی نەتەوەی لە ئەستۆیە کە بریتیە لە گشت جمگەکانی کۆمەڵگا و دەوڵەت لە زۆر شێوازی جیاواز دا دەتوانێت هەبێت کە دەبێت بە پێ یاسای بنەڕەتی ئەو نەتەوە گەلە پێناسە بکرێت و هەڵسووکەوت بکات. بە مەعنایەک دیکە ئێمە بۆ درووست کردنی ئەرتەشی نەتەوەیی کوردستان پێویستیمان بە دامەزراندن دەوڵەتی نەتەوەیی کوردی بە پێ یاسای بنەڕەتی نەتەوەی کورد هەیە. بۆیە ئەو کاتەیە کە نەتەوەی کورد دەتوانێت بە ئاسانی هەم لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بەرژەوەندی بۆ خۆی دەستەبەر بکات و هەم هاوپەیمان و بەم شێوازە دەتوانێت سەرکەوتن لە بەرانبەر ئێران بە دەست بهێنێت.

لە کۆتاییدا جێگای ئاماژەیە کە بێژم:

مێژوو بۆ نەتەوەیەک خەوتوو هەموو کات زیندووە و دووپات دەبێتەوە بۆیە ئەگەر ئێمە دەمانەوێت مێژوو لە سەرمان  دووپات نەبێتەوە پێویستە لە خەونی شاعیرانە هەڵسین چوونکا ئێمە نە دەتوانین ئێران دموکراتیزە بکەین و نە وڵاتانی دیکە ئێمە بە برا قەبووڵ دەکەن و نە هیچ تێزێکی سیاسی لە ئێمە قەبووڵ دەکەن و لە ڕاستیدا ئەوان ئێمە وەکو کۆیلەی خۆیان سەیر دەکەن و لە ڕاستی دا ئێمە وڵاتمان داگیرکراوە. بۆیە پێویستی ئێستاییە هەم جبهەی خۆمان لە دژ ئێران بۆ جیهان و خۆمان ڕوون بکەینەوە و هەم ببینە ساحێب ئەرتەشی نەتەوەیی کوردستان ئەگەر نا کورد لە ساڵی ۵۷ی هەتاوی خراپتری بەسەر دێت و جیهانیش ناتوانێت پێشی پێ بگرێت.

مەسعوود پژوهی ئەندامی ڕێبەری گشتی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply