فەلەکناس ئۆجا: ئەردۆغان و ئەکەپەو مەهەپە جیهانێکى بێ کوردیان دوێت،

 

فەلەکناس ئۆجا کە پەرلەمانتاری پارتى ئاشتى و دیموکراتى گەلان- هەدەپەیە رایدەگەیەنێت، ئەردۆغان و ئەکەپەو مەهەپە دەیانەوێت نەک باکوری کوردستان بەڵکو جیهانێکى بێ کوردیش هەبێت، بەڵام ئەوان ناتوانن بە فشار و دەستگیرکردن و ئەشکەنجە دان کورد بێدەنگ بکەن و کورد بسڕنەوە.

 فەلەکناس ئۆجا لە تورکیا دادپەروەری و یاساکان تەنها وشەیەکەو لەسەر پەڕە نوسراوە، یاساکان هەموو بۆ خزمەتی ئەکەپە جێبەجێ دەکرێت، ئەوەی بۆ ئەوان باشە یاساییە و ئەوەى بۆ ئەوان خراپە دژە یاسایە، بۆیە بەشێوەیەکى نادادپەروەرانە بە هەزاران ئەندام و سەرکردەو پەرلەمانتاری ئێمە زیندانیکراون”.

ئاماژەى بەوەشکرد، هاوسەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى شارەوانییەکان و فەرمانبەرو کارمەندەکانی کورد لە فەرمانگەکانى دەوڵەت جگە لە لابردن و دوورخستنەوەیان سزای ناڕەوایان بەسەردا سەپێنراوە، هەموو ئەمانەش ئەکەپە بۆ مانەوەی خۆی دەکات کە دەزانێت ئێستا لەبەردەم چارەنوسی لەناوچووندایە.

سەبارەت بە فشارو هێرشەکانى حکومەتى تورکیا بۆ سەر باکوری کوردستان و بەتایبەت هەدەپە فەلەکناس ئۆجا دەڵێت” ئێمە ئەم فشارو هەنگاوانە بەرامبەر بە تەڤگەرەکەمان و گەلی کورد وەک  ڕێگریکردن لە هەڵوەشانەوە و لەناوچوونی ئاکەپە دەبینن، بە واتای پەردەپۆشکردنی سەرنەکەوتنی سیاسەتی دەرەوە و هاوسەنگکردنی سیاسەتی ناوخۆیی و هەوڵی بەدەستخستنی دەنگی ڕەگەزپەرەستەکان دێت، رۆژ بەرۆژ لایەنگرو جەماوەر لەدەست دەدات، لەم هەڵبژادنەى لەبەر دەممانە ئەمە بەچاوی خۆمان دەبینین، شکستى ئەردۆغان لە بەڕێوەبەردنى دەوڵەت بە واتاى لەناوچوونە”.

لەبارەى بێدەنگی شەقامى کورد لە باکوری کوردستان ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە رەتیدەکاتەوە کە گەلی کورد بێدەنگ بێت و پێیوایە کە رۆژانە چالاکی و دەنگ بەرزکردنەوە بەرامبەر دەوڵەت بەردەوامە، بەڵام دەشڵێت” ئەمە ناکرێت ناوی بنرێت بێدەنگی، ئەمە بێدەنگ بوون نییە، بەڵکو بە زیندان و ئەشکەنجە گەل بێدەنگ کراوە، ئەوەى هەڵوێستى خۆى دەرببرێت روانەى زیندان دەکرێت و ئیدى نایەتە دەر، لەبەرامبەر دۆخێکى ئاوادا توڕەیی گەل زیاتر دەبێت”.

هەروەها پەرلەمانتارەکەى هەدەپە باس لەوە دەکات لەئێستادا کە گەلی کورد لە باکوری کوردستان لەژێر قورسترین فشارو چەوساندنەوەى خۆی دایە، بەڵام دەبێت هەموو کەس ئەوە بزانێت کە دەوڵەتى تورک فشارو ئەشکەنجەیەکى زۆرى خستووەتە سەر باکورى کوردستان، ئەمە هەر وا بەردەوام نابێت، گەلی کورد بەهێزەو خاوەن ئیرادەیەکى بەهێزە، ئەوانەى لە دەرەوەن هێزو ئیرادە لەوانەى ناو زیندانەکان وەردەگرن گەل ناڕەزایەتى خۆى لەرێگاى جۆراو جۆرەوە دەردەبڕێت مەرج نییە ئەو رێگایە تەنیا هاتنە سەر شەقام بێت.

لەبارەى پەرتەوازەیی سەرکردەو لایەنە کوردییەکانى چوار پارچەى کوردستان فەلەکناس ئۆجا ئەوەى خستەڕوو، ئێستا گەلی کورد پێویستى بە یەکێتى نەتەوەیی هەیە چیتر دروستکردنى ئەم یەکێتییە نابێت دوابخرێت، هەمیشە یەکێتى نەتەوەیی لە باکورەوە دروست بووەو ئێستاش دەبێت کار بۆ ئەوە بکرێت، ناکرێت هیچ کەسێک خۆی لە دروستبوونى یەکێتى نەتەوەیی بدزێتەوە، باشترین چارەسەر بۆ گەلی کورد بەستنى کۆنگرەی نەتەوەییە کە نەخشەرێگایەک بۆ پاشەرۆژی خۆی دابنێت.

لەبارەى وتەکانى ئەردۆغانەوە کە رایگەیاند بوو ئەوان دژی برا کوردەکان نین، بەڵکو دژی پەکەکەو پەیەدەن فەلەکناس ئۆجا دەڵێت” ئەکەپەو ئەردۆغان سیاسەتێکى دژە کورد بەڕێوە دەبەن دەیانەوێت جیهانێکى بێ کورد دروست بکەن تا خۆیان ئازادانە بژین و بەدڵى خۆیان کەسانى تر بکوژن، ئەوان مافى ژیان بە کوردو هیچ پێکهاتیەکى تر رەوا نابینن، ئەوان دژی هەموو کوردن، خۆ هەموو کورد پەکەکەو پەیەدە نییە ئەو جوتیارانەى لە گوندەکاندان کاری جوتیاری دەکەن خۆ پەکەکەو پەیەدە نین، ئەردۆغان ناتوانێت سیاسەتى دژە کورد بشارێتەوە”.

هەروەها پەرلەمانتارەکەى هەدەپە باش دەزانن کە ناتوانن بە گوشار و دەستگیرکردن و ئەشکەنجە دان کورد بێدەنگ بکەن، خەباتی هەدەپە هیچ کات لەدژی فشارو هێرش و ئەشکەنجەکان  بێدەنگ نابن و لە بەرخۆدانی خۆیان بەدرەوام دەبن، هەدەپەییەکان شکستیان بە هەموو پیلانێک هێناوە، ئیدی زیندان و راونان فریاى ئاکەپەو ئەردۆغان ناکەوێت.
لەبارەى کۆنگرەی هەدەپەوە و گۆڕانکارى لەو پارتەدا پەرلەمانتارەکەى هەدەپە رایگەیاند،” ئەم کۆنگرەیە نیشانەی هێزى مانەوەو بڕیاردانى پارتەکەمانە، ئیرادەو هێزى ئێمە دەسەلمێنێت، هیچ هێزێک ناتوانێ ئیرادەمان لاوازیش بکات، لە قورسترین ساتەکاندا پارتەکەمان نوێ دەکەینەوەو بەهێزترى دەکەین، ئەم کۆنگرەیە بۆ بەهێزکردن و بەخشینەوەى هێزى بەرنگارى بوو بەرامبەر دەوڵەت، هەرچیەکیان کرد هەدەپە نەکەوت و ناکەوێت، هەرگیز بێدەنگ نەبووین و بێدەنگیش نابین”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply