پەیامی جەماڵ پوورکەریم سەرۆکی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، تایبەت بە ڕۆژانی ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
گەلی ڕاپەڕیوی کورد
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان
سڵاو لە ورەی دوژمن بەزێن لەشکان نەهاتووتان ،
دروود بۆ ئیرادەی پۆڵایین و هەستی بەرزی کوردایەتی و سەربەخۆییخوازیتان

سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی ئەمجارەتان چارەنووسسازە، خەبات و بەرخودانە لە پێناو دروشمی یا کوردستان یا نەمان و پەیامی نەسروەتن تا سەرکەوتنی پێیە.
ئەوەی ئێوە ژنان و پیاوان، کچان و کوڕان، گەنجان و لاوان لە مەیدان و گۆڕەپانی خەباتی شار دا بە کردەوە دەیکەن، ڕێبەرایەتی ڕاستەقینەی شۆڕشە.

ئەو حەماسەی ئێوە لەو ڕۆژانەی ڕاپەڕین دا بە گیانفیدایی و خوێن و زام و برین خوڵقاندووتانە، سەری هەموو ئازادیخوازان بە گشتی و نەتەوەی کوردی بە تایبەتی لە ئاستی جیهانیدا پێ بەرزتر بۆتەوە و دەنگی دلێر و نەعرەتەی شێرانەتان گەیشتۆتە گوێی هەموو دونیا.

ڕژیمی ئێران ئەگەرچی هەر لە سەرەتاوە لە ناو بیر و مێشكی تاکی کورد دا ڕەوایی و مەشرووعیەتی نەبووە، لە ئێستا هەم لە ئاستی نێونەتەوەیی و هەم لە ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی دا ڕەوایی و مەشڕووعیەتی لە دەستداوە .

بیرکردنەوە لە جێگرەوە و دۆزینەوەی ئالتێرناتیڤ بۆ ڕژیمی ئێستا چۆتە بواری پراکتیکی و عەمەلیەوە، بەڵام گەلی کورد ئەم جارە ئەزموونی تاڵی ١٣٥٧ی هەتاوی دووبارە ناکاتەوە و خەتی خۆی لە ئێران و ئێرانیەکان جیا دەکاتەوە، ئەوەی نەتەوەی کورد، لە ئێستا دا دەبێ هەنگاوی جیددی بۆ باوێ گەیشتنە بە سەروەریی نەتەوەیی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، خەبات و قوربانیدانی ئەم جارە نابێ بە بێ دەسکەوت بێ و پێویستە دەستکەوتی ئەمجارەمان بارتەقای تێچووەکانمان بێ.

داوا لە گشت خەڵکی تێکۆشەری کوردستان دەکەین، هەر بەم چەشنە یەکڕیز و یەکدەنگ، پشت و پەنای یەکتر بن و پشتی شار بە شار و گوند بە گوندی نیشتمان بگرن، نیشان بدەن کە کوردستان مەکۆی ئازادییە، نە سنە تەنیایە و نە کرماشان و ئیلامی دێرین، نە ورمێ بە تەنیا جێ دێڵین و نە چوار مەحاڵ و کوردانی خوراسان.

کرمانج و سۆران،بەختیاری، کەلهوڕ، لوڕ و لەک، هەورام و گۆران ، بست بە بستی زاگرۆسی کوردەوار، نەوەکانی بی بی مریەم و سەردار ئەسەدی بەختیاری و قەدەم خێری قەڵاوەند، شان بە شانی ڕۆڵەکانی خانی لەپ زێڕین و سمایل ئاغای سمکۆ و پێشەوا قازی محەممەد ، هاودەنگ و پەشت ئەستوور بە پێڕەوانی سوڵتان سەهاک و ڕێرەوانی داود خانی کەلهوڕ و زاهیربەگی جاف، دەست لە ناو دەستی یەک هاوار و بانگی سەربەخۆیی و ئازادیی وڵات و سەرزمینی کوردەواری دەدەن .

داواتان لێدەکەین هاوکات لە گەڵ مانەوە لە شەقام و گۆرەپانە سەرەکیەکانی شار و گوندەکان، درێژە بە مانگرتن و داخستنی دووکان و بازاڕەکان بدەن، کارمەند و قوتابی و مامۆستایان نەچنەوە زانکۆ و قوتابخانە و ئیدارەکان، پووڵ و پارەکانتان لە بانکەکانی ئێران دەربێننەوە و هەر چی ئاسەوار و هێمای داگیرکەری ئێرانیە، تێکی بڕمێنن.

ڕووخانی ڕژیمی ئێران مسۆگەر و حەتمیە، بۆیە لێرەوە داوا لە سەرجەم ئەو کەسانە دەکەین کە چەکی ڕژیمیان هەڵگرتووە، بگەڕێنەوە باوەشی گەل و دڵنیا بن، ئەگەر لە تەنیشت خەڵکی ڕاپەڕیو بن و ڕووی چەکەکانتان بکەنەوە دوژمن، ئەوە گەلی کورد بۆ هەمیشە لێتان خۆش دەبێ و شانازی گەورە بۆ خۆتان و کەس و کارتان لە مێژووی کورد و کوردستان دا تۆمار دەکەن.
ئەگەر نەگەڕێنەوە باوەشی گەل و لەو ڕاپەڕینە دا بە یارمەتیدانی خەڵکی ڕاپەڕیو ، قەرەبووی کردەوەکانی پێشووتان نەکەنەوە، ئەوە دڵنیا بن دەکەونە بەر شاڵاوی رق و قینی گەل و دەست و هێزی تۆڵەتان دەگاتێ.

هەروەها جارێکی تر داوامان لە حیزب و هێز و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، تاکوو بە بێ وەبەرچاوگرتنی جیاوازییە ئیدئۆلۆژی، فکری و سیاسیەکان و لە ژێر ناو و خاڵی هاوبەشی کوردبوون و کوردستانی بوون، بە پەلە کار بۆ پێکهێنانی شووڕایەکی ڕێبەریی هاوبەش یان بەرەیەکی یەکگرتووی کوردستانی بکرێ.
با یەکڕیزی و یەکگرتوویی لە گەل فێر بین کە لە ئێستا دا یەکگرتوانە بەرانبەر داگیرکەری ئێرانی وەستاونەتەوە، با سیاسەتی حەزف و سانسۆڕ و یەکتر قەبووڵنەکردن و خۆ بە میحورە زانین وەلا بنێین و کارێک نەکەین بە هەڵەکانمان ئاو بکەینە ئاشی دوژمنەوە.
پێویستە کۆمیتەیەکی کاری هاوبەشی سەرکرادیەتیی لە ژێر ناوی شۆڕشی ژینا و بە دروشمی ژن ژیان ئازادی، پێکهاتوو لە سەرجەم هێز و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەرباز بوون لە قەیران و چەقبەستوویی و لە نەهایەتدا بۆ ئۆرگانیزەکردنی زیاتری ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێک بێ.
هێزی نیزامیی و هێزی پێشمەرگە و گریلای سەرجەم لایەنەکان لە چوارچیوەی ئەرتەشێکی ئامادەی پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین و سەرەنجام بۆ یەکلاییکردنەوەی شۆڕشەکە و پێشگرتن بە بەلاڕێداچوون ، پێویستیەکی مێژوویی و هەنووکەییە.
کوردستانیانی تاراوگە و دیاسپۆرا ئەرکدار بکرێن تاکوو جیا لەوەی یارمەتی هەمەچەشن کۆبکەنەوە، هاوکات کۆمەڵگەی جیهانی بۆ پشتیوانی لە شۆڕش هان بدەن و هەروەها بە خۆپێشاندانی مەزن لە بەردەم وەزارەتی دەرەوەی وڵاتان و سەفارەتەکانی ڕژیمی ئێران بیر و ڕای گشتی جیهانی بۆ داکۆکی لە مافی ڕەوای گەلی کورد هاوڕا بکەن.
هەروەها بە هەڵکردنی هێما و پیرۆزییەکانی گەلی کورد و بە تایبەتی ئاڵای پیرۆزی کوردستان ، پێشەنگایەتی، ڕاپەڕین و سەرهەڵدان و شۆڕش و بەرخودانی ئەم جارە بسەلمێنن.

داوامان لە وڵاتانی زلهێزی جیهانیش ئەوەیە کە بە خێرایی ناوچەیەکی دژە فڕین بە سەر ئاسمانی کوردستاندا دیاری بکرێ و پاڵپشت و یارمەتیدەری خەبات و ڕاپەڕینی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بن.

داوا لە یەکێتی ئورووپا، ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی زلهیز و دژبەری ڕژیمی ئێران دەکەین :
جاو و گوێیان بکەنەوە و ببینن و ببیستن و بە هانای گەلی کوردەوە بێن، ئەوەی هێزەکانی ڕژیمی ئێران بەرانبەر خەڵکی ناڕازی و ڕاپەڕیوی کوردستان دەیکەن، پێشلێلکردنی سیستماتیک و ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە کە لە بڕیارنامەکانی کۆڕی جیهانیی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەندکراوە و ئێوە وەک بایخگەل و ئەرزەشەکانی خۆتان لێی دەڕوانن و پێویستە داکۆکی لەو بنەما مرۆییانە بکەن کە خۆتان قەبووڵتانە.
گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستی بەتاڵ و تەنیا بە دروشم و دەربڕینی ڕای ئازادی خۆی هاتۆتە سەر شەقام، بەڵام داگیرکەری ئێرانی بە ئاگر و ئاسن و گوللە وەڵامی خەڵک دەداتەوە و تا ئێستا هەزاران کەس شەهید و بریندار و دەستبەسەر کراون.
ئەگەر کۆمەڵگای جیهانی بە جیددی دەنگ هەڵنەبڕی ، گەلی کورد بۆ پاراستنی مان و مەوجوودیەتی خۆی ناچارە دەست بۆ چەک بەرێ و کەڵک لە دیفاع و بەرگریی ڕەوا و مەشڕووعی یاسایی خۆی وەرگرێ کە بێگومان کارەساتی گەورەی مرۆیی لێدەکەوێتەوە.

سەردەکەوێ شۆڕشی ژینا و خەبات و ڕاپەڕینی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد
بە پێشەنگایەتی ژنانی ئازادیخواز و پیاوانی بەرابەریخواز ،بە دروشمی ژن ژیان ئازادی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply