وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا نیگەرانی لەمەڕ ڕەوشی مهاباد دەردەبڕێت

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا نیگەرانیی خۆی لەمەڕ راپۆرتەکان لەسەر چڕبوونەوەی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لە شاری مەهاباد دەربڕی.

ئەنتۆنی بلینکن ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە لە تویتێکدا ڕایگەیاند ” زۆر نیگەرانم لەوەی دەسەڵاتدارانی ئێرانی بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان توندوتیژییەکان دژ بە خۆپیشاندەران، بە تایبەتی لە شاری مهاباد زیاد دەکەن. ئێمە هێشتا لە هەوڵی لێپرسینەوە لەو کەسانەداین کە دەستیان لەم ڕووداوانەدا هەیە و لە هەمانکاتدا بەردەوامین لە پشتیوانیکردنی خەڵکی ئێران”.

 

ڕۆژی شەممە پاش پرسەی ماتەمینی دوو خۆپیشاندەر کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شاری مهاباد لە ئوستانی ورمێ کوژرابوون، بوو بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی سەرتاسەری و تا شەو تەواوی شارەکە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە کۆنترۆڵ کرا.

پاشان بە پێی سەرچاوە ناوخۆییەکان هێزێکی زۆر ڕەوانەی شارەکە کرا و شارەکە بە شێوەیەک بە کۆنترۆڵ کراوە کە بە پێی گرتە ڤیدیۆکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرانەوە لە کودەتایەکی لەشکری دەچێت.
خەڵكێکی زۆر لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکاندا داوای هاوکاریان بۆ خەڵکی مهاباد کرد و نیگەرانی ڕوودانی کۆمەڵکوژییان لە شارەکە ڕاگەیاند.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی یەکشەممە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت ” ئێستاش ناڕەزایەتی گشتی لە مهاباد بەردەوامە. هێزەکانی دژە ئاژاوە سوپای پاسداران و بەسیج لە شارەکەدا بڵاوبوونەوتەوە.”

هەروەها دەشڵێت “هیزەکانی بەسیج بە چەکی سووک و نیمچە قورسەوە ئامادەکراون و لە سەرجەم گۆڕەپانە سەرەکییەکانی شارەکەدا جێگیرکراون”.

ناڕەزایەتییەکان لەسەر کوژرانی ژینا ئەمینی ئەو کچە کوردەی لەلایەن پۆلیسی بە بیانووی ڕەچاونەکردنی یاسای حیجابی زۆرە ملێ دەستبەسەرکرابوو، لە 16 ی مانگی 9 ی ئەمساڵەوە بەردەوامە وهەندێک بە شۆڕشی ژینا دژ بە کۆماری ئیسلامی ئیران ناودێری دەکەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply