نامەیەکی مێژوویی لە میرزا کووچک خان جەنگەڵی بۆ سماییل ئاغای سمکۆ

لە سەرداری جەنگەڵەوە بۆ سمکۆی شکاک:
بەهاری ساڵی ١٣٥٠ هەتاوی بوو، لە گەڵ هاوڕێیەکی خۆشەویستم لە شاری ڕەشتەوە بەرەو لاهیجان دەڕویشتین. وڵاتی بژوێن و هەمیشەبەهاری گیلان، دڵڕفێن و خەمتارێن بوو. تازە نمنمی باران دوایی هاتبوو. تیشکی هەتاوی مانگی گوڵان سەد هێندەی دی ئەو وڵاتەی ڕازاندبۆوە. پەڵکەزێڕینە، دەتگوت میداڵی شانازییە کە تەبیعەت سەبارەت بە جوانی و دڵگیری ئەو مەڵبەندە پێشکێشی کردبوو. هەتا چاو هەتەری دەکرد لێڕەوارێکی چڕ و هەستبزوێن هەموو لایەکی داپۆشیبوو. نێوەنێوە مەزرای برینج بە ڕەنگی کەسکێکی گەش و تایبەتی بۆن و بەرامێکی خۆشی لە هەوادا بڵاو دەکردەوە. سەرمەستی ئەو دیمەنە شادی هێنەرە بووم کە لە ناکاو هاوڕێیەکەم ڕستەی خەیاڵی پساندم و گوتی:
– با لە یەکەم چایخانە لادەین و چایەکی بخۆینەوە
لە هەوەڵ چایخانەدا کە لە تەنیشت ڕێگا لە داوێنی لێڕێکی یەکجار دڵڕفێن بە شێوەی تایبەتی ئەو وڵاتە ساز کرابوو لاماندا.
لە دەرەوەی چایخانەکە لە ئامێزی تەبیعەتی بژوێن و بووژێنەردا چەند میز و سەندەڵی ڕۆنرابوون. چەند کەس خەریکی چا خواردنەوە و قلیان کێشان بوون. ئێمەش سووچێکمان هەڵبژارد و دانشتین. چای چییەکە دوو چای لە پێش داناین و بە خێر هاتنی کردین. ئەویش وەک گشت خەڵکی گیلان پیاوێکی سەرو ڕووخۆش و خوێن گەرم بوو. لەگەڵ هاوڕێیەکەم باسی جوانیی ئەو وڵاتەمان دەکرد کە چاوم بە پیرەپیاوێک کەوت کە لە نیزیک ئێمەدا تاقی تەنیا لە سەر میزێک دانیشتبوو و چاوی لە ئێمە بڕیبوو. لە پێشدا گوێم نەدایە. یەک دوو جار کە چاوم لێکرد دیتم هەر وا چاومان لێ ناترووکێنێ. پێم سەیر بوو بۆ وامان چاو لێدەکا؟
بەر لەوەی مەسەلەکە بە هاوڕێیەکەم بڵێم لێمان هاتە پێش و بە زمانی فارسی دوای ڕۆژباش گوتی:
– ڕێگام دەدەن تاوێک لە لای ئێوە دانیشم؟
دەرفەتی بیر کردنەوەمان نەبوو، وێکڕا گوتمان:
– تکایە فەرموو.
دانیشت و چایەکەی کە لەگەڵ خۆیدا هێنابووی لە بەر دەمی دانا و گوتی:
– وا دیارە ئێوە خەڵکی ئەم وڵاتە نین. ئەگەر هەڵەم نەکردبێ دەبێ کورد بن.
گوتم:
– بەڵی وایە، بەڵام تۆ لە کوێت زانی ئێمە کوردین؟
فرمێسکی لە چاوان گەڕا و هەناسەیەکی هەڵکێشا و وڵامی دامەوە:
– گوێم دابوویە قسەکانتان، بە زمانی گیلەکی نەبوون، دلم خەبەری دا کە دەبێ کورد بن. ئاخر نازانن من چەندم کورد خۆش دەوێ.
– لە گەورەییتە،
وا دیارە ماوەیەک لەگەڵ کوردان ڕاتبواردووە.
– ماوەیەکی کورت، بەڵام سەد بریا هەر ئەودەم مردبایەم و ئەمڕۆکەم نەدیبایە.
وا دیار بوو بیرەوەرییەکی لە دڵدایە. قومێکی لە سیغارەکەی دا و گوتی:
– ئەگەر پێتان خۆشە بیرەوەرییەکی خۆمتان بۆ بگێڕمەوە.
بەو قسانە ئێمەی تاسەبار کرد تا بزانین چ بیرەوەرییەکی لە کوردان هەیە، ئەوە بوو کە داوامان لێکرد بە وردی بۆمان بگێڕێتەوە.
چایەکەمان خواردەوە و ئاوای دەست پێکرد:
– من ناوم «ساسان»ە، پێم دەڵێن «عەموو ساسان». من یەکێک لە پیاوانی #میرزا_کووچک_خان سەرداری جەنگەڵ بووم.
ڕەنگە ئاگاتان لە ڕووداوەی جەنگەڵ بووبێ؛ ئێمە دەستمان دابووە چەک تا وڵاتەکەمان ڕزگار کەین و لە خۆشی و سەربەستیدا بژین. ڕۆژێک میرزا لە دوای ناردم و کە چووم بۆ لای فەرمووی:
– با هێندێک پیاسە بکەین.
بە باشی لە بیرمە مانگی جۆزەردان بوو. وەکوو ئەمڕۆ تازە بارانە لێی کردبۆوە و خۆرەتاو هەڵاتبوو. پاشماوەی بارانە لە سەر گەڵای داران دەتکاوە سەر لەشمان. دەنگی مەلانی لێڕەوار خەمی دڵانی وەلا دەبرد. میرزا دوای ماوەیەک کە دوو بە دوو لە نێو دارستاندا دەگەڕاین فەرمووی:
– کارێکی گرینگم پێتە.
سەفەرێکم وەبەر ناوی بۆ جێگەیەکی دوور کە هەرگیز نەتدیوە، بەڵام نابێ کەس لێت بزانێ.
وڵامم داوە:
– هەر کاتێک بفەرمووی ئامادەم و ڕەوتەنیم.
بزەیەکی ڕەزامەندی هاتە سەر لێوان و فەرمووی:
– دەبێ بچی بۆ ورمێ.
بۆ لای #سماییل_ئاغای_سمیتقۆ؛ نامەیەکی بۆ دەنووسم، زۆر بە نهێنی هەڵی دەگری و بە دەستی خۆی نەبێ بە کەسی نادەی. وڵامەکەشم بۆ دێنییەوە، بەڵام ئەوەی بزانە کە زۆر گرینگە و دوا ڕۆژی گیلان و تەواوی ئێران پێوەندی بە وڵامی ئەم نامەیەی هەیە. ڕەنگە مانگێکت پێ بچێ، بەڵام تێ بکۆشە زووتر بگەڕێیەوە. لێرەوە بە ئەردەوێل و تەورێزدا دەچی بۆ ورمێ، لە وێ کوردی لێن، لە هەر کامیان پرسی سماییل ئاغا لە کوێیە، ڕێگەت پێشان دەدەن.
بارگینێکی باشم بوو. زینم کرد و وەڕێ کەوتم.
سەرتان نایەشێنم کە بە چ چەرمەسەری و ماندوویییەوە ئاخری گەیشتمە ورمێ. ئەودەم هۆتێل نەبوو، کاروانسەرا بوو. کاروانسەرایەکی خاوێنم دیتەوە و لێی دابەزیم. بارگینەکەیان بۆ داگردم و ئالیکیان دەبەر کرد و بۆخۆشم دەموچاوم شوشت و جلوبەرگم گۆڕی و لە خاوەن کاروانسەراکە کە بە زمانی تورکی قسەی دەکرد.
پرسیم:
-دەڵێن ئەم شارە کوردی لێیە،کەس لەوان ناناسی؟
-هەزاریش دەناسم،چ کارێکت هەیە؟
-کارێکی گرینگم نییە،خزمێکمان هەیە دەڵێن لە گوندی سماییل ئاغانیشتەجێیە
و دەمەوێ بیبینم.
-جا ئەوە کارێکی سەخت نییە، هەر وەدەر کەوی سەد کورد دەبینی. جلوبەرگی کوردییان لە بەردایە و پشتێندیان لە پشت بەستووە و مێزەریان لە سەرە و کڵاوێکی وەک مەنجەڵی سەرەونخونیان بە سەرەوەیە.
-دەی دەی،خۆ لە ڕێگایە زۆرم لە وان دی
ئیدی جێگای قسان نەبوو،دەبوایە هەرچی زوتر کارەکەم تەواو کەم وەدەر کەوتم. چەند هەنگاوێک زیاتر نەڕۆیشتبووم کە چاوم بە چوار لاوی کورد کەوت بەو ناو و نیشانانەی کە کابرای خاوەن کاروانسەرا دایبوومێ. دوانیوەڕۆ بوو لێیان چوومە پێشێ و ڕۆژباشم لێکردن زۆر بە ڕووخۆشییەوە وڵامیان دامەوە هەر کە زانیان غەریبم بە گەرمی بە خێر هاتنیان کردم. ڕاوێژیان،ڕوانینیان،ئاکاریان گشتی گەرم و دۆستانە بوو دەتگوت ساڵانی ساڵە یەکتر دەناسین،بە دەرفەتم زانی و پرسیم:
-دەکرێ پێم بڵێن سماییل ئاغا لە کوێیە؟
بەو قسەی من بزە لە سەر لێویان وەلاچوو و چاوێکی پڕ پرسیاریان لێک کرد و یەکیان پرسی؟
-سماییل ئاغات بۆ چییە؟
هەستم کرد کە لێم وەشک کەوتوون. زانیم کە ئەو تێکچوونەی ڕواڵەتیان بە هۆی خۆشەویستیی سماییل ئاغایە نەک دوژمنایەتی ئەو بۆیە بە دڵنیایییەوە گوتم:
-ئەمن پیاوی میرزاکووچەک خان، سەرداری جەنگەڵم پەیامێکم بۆ سماییل ئاغا پێیە کە دەبێ هەرچی زووتر عەرزی بکەم.
بەو قسە و ڕوون کردنەوەیە مژێکی کە لە شک و پرسیار لە نێو ئێمەدا بوو، وەلاچوو و زیاتر لە پێشوو ئاکاریان دۆستانە بۆوە هەر ئەوەی کە پرسیاری لە من کردبوو،بە بزەوە گوتی:
-زۆر بە خێر بێی ئێمە یاریت دەدەین، بەڵام جارێ بڵێ بزانم لە کوێ دابەزیوی؟
-لەم کاروانسەرایە
-بەچی هاتووی؟
-بە بارگین. بارگینەکەشم لە وێیە.
ئەمجا بە کوردی هێندێکیان پێکەوە قسە کرد و دیسان هەر ئەو لاوەی بە ڕوالەت لە هەمووان گەورەتر بوو، گوتی:
-جارێ فەرموو لەگەڵ ئێمە وەرە تا بزانین چ دەکەین.
دوویان لێمان هەڵبڕان و ئەمنیش وەک کەسێکی کە هیپنۆتیزم کرابێ، بێ ئێختیار لەگەڵ دووەکەی دی کەوتم، چووینە ماڵێک حەوشێکی گەورەی هەبوو، بۆ لای دیوێک ڕێنوێنیان کردم. هۆدەیەکی گەورە بوو کابرایەکی پیری بەڕێز لە لای سەرەوەی هۆدەکە لەسەر پێستێکی دانیشتبوو و پاڵی وە دەستەنوێنێک دابوو لە لای خوارەوەش چەند پیاوماقووڵ دانیشتبوون. ڕۆژباشم کرد و وڵامیان دامەوە و لە بەرم هەستان کۆڕەکەی وا بردبوومی بۆ ئەوێندەرێ، بەزمانی کوردی شتێکی بە پیرەپیاوەکەی گوت وا تێگەیشتم کە ئەمنی پێ دەناسێنێ و هۆی سەفەرەکەمی بۆ دەگێڕێتەوە کە قسەکانی دوایی هات پیاوە پیرەکە لێم هاتەپێش و لە ئامێزی گرتم و ئەم لا و ئەو لای ماچ کردم. لەگەڵ پیاوماقوڵەکانیش هەر وەها ڕامووسانمان کرد و بە زۆری وە لای سەروویان خستم زۆریان حورمەت گرتم. بەڕاستی شەرمەزاریان کردم لە هەموو شت سەیرتر کڵاوەکەیان بوو،کڵاوێکی یەکجار گەورە لە لباد کە وەک مەنجەڵێکی نخوون کرابێتەوە لە سەریان نابو و مێزەرێکیان لە دەمی مەنجەڵەکە بەستبوو پیرەپیاوەکە کە ناوی مامۆ عەرفۆ بوو کاتێک سرنجی منی بۆ لای کڵاوەکان دی،شتێکی بە یەکێک لەو دوو کوڕانە کە پێکەوە ئاشنا ببووین گوت و ئەویش وەدەر کەوت و پاش ئیستێک کڵاو و مێزەرێکی بۆ هێنام مامۆ عەرفۆ گوتی:
-ئەم دیارییەم لێ قبووڵ بکە.
زۆرم پێ خۆش بوو وەرمگرت و ماچم کرد. لە دوایەدا زانیم ئەو دوو کوڕانەی کە لێمان هەڵبڕابوون چووبوونە کاروانسەراکە و لە جیاتی من دراویان بە خاوەنەکەی دابوو و بارگینەکەشیان بۆ هێنابوومە ماڵێ لەو چوار کوڕانە دوویان کوڕی مامۆعەرفۆ بوون و دووشیان برازای بوون، هەر چوار لەم بەر و لەو بەری درگای هۆدەکەدا ڕاوەستابوون وا دیار بوو لە لای مامۆعەرفۆ کە گەورەی تایفەی بوو، هەقی دانیشتنیان نەبو. شەوێ لە سەر مەجۆعمەی شیویان بۆ هێناین، بۆ هەر دو کەس مەجۆعمەیەک شتێک کە سرنجی ڕاکێشام دۆ بوو، دۆیەک کەلە تەمەنی خۆمدا نەمخواردبۆوە، لە دەفرێکی گەورەیان کردبوو و بە کەوچکێکی دارینی گەورە دەمانخواردەوە. بە سەر دۆیەکەیدا گوڵ و شویت و شتێکی دی کە وەک نیسک دەچوو(مەبەستی قەزوان بوو)پێدا کردبوو.
ئێوارێ کە مامۆعەرفۆ زانیبووی بەپەلەم، پیاوی ناردبوو بۆ لای سماییل ئاغا و ئاغاش گوتبوی هەرچی زوتر بێ بۆ لام ئەوە بوو کە سبەینێ زوو سوار بووین و وەڕێ کەوتین کاتێک گەیشتینە گوندەکەی،چەند کەس بە پێشوازمانەوە هاتن و بارگینەکەیان لێ وەرگرتین. ماڵی ئاغا زۆر سادە بوو، حەوشێکی گەورەی بوو، دەستوپێوەندییەکی زۆر لە هاتوچۆ دابوون سماییل ئاغا لە سەر پلیکانان چاوەڕێم بوو هەر کە وە ژور حەوشێ کەوتم بە پیرمەوەهات و وەک دو برا کە لە مێژبێ یەکتریان نەدیبێ لە ئامێزی گرتم هەرچی کرد وەپێشی نەکەوتم لە ژوورەکەی کە شانشینێکی گەورە بوو،لە تەنیشت خۆی دانام دوای نیوسەعات ئەوانەی لەژوورێ بوون وەک بە ئەرکی خۆیان زانیبێ یەک یەک و دو دو وەدەر کەوتن
تەنیا ئەمن مامەوە و سمایل ئاغا و میرزاکەی کە ناوی میرزا ” محەممەد وسووق” بوو. نامەکەم دایە و گوتم میرزا کووچەک خان لە گیلانەوە هەتا ئێرە دوعا و سڵاوی بو ناردووی.
نامەکەی لێ وەرگرتم و ماچی کرد و کردییەوە و چاوێکی لێ خشاند و دای بە میرزا محەممەد. میرزا محەممەد خوێندییەوە و هێندێک بە کوردی پێکەوە قسەیان کرد کە چی لێ تێنەگەیشتم.
لە دوای قسەکانیان گوتی:
– ئەم نامەیە گیانێکی نوێی وەبەر نام، زۆرم پێ خۆش بوو.
بە شێنەیی وڵامی بۆ دەنووسمەوە.
بە زۆر حەوتوویەکی ڕاگرتم.
کاتێک ساز بووم بێمەوە گوتی:
– بارگینەکەت ماندوو بووە، لێرەی بە جێ بهێڵە.
ئەوەی گوت و بە کوردی قسەیەکی بە بەردەستێکی گوت و ئەویش ڕۆیی و بارگینێکی گەلێک لە ئی خۆم باشتر و برەوتری بۆ هێنام.
ئەمجا زینێکی ئینگلیسیشیان بۆ هێنام. ئەودەم کەم کەس زینی وای هەبوو. لە دوایە لەگەڵ پسوولەیەک خەنجەرێکی دەبانی دامێ کە لە سەر دەسکەکەی و کالانەکەی جەواهیرکاری کرابوو و گوتی:
– ئەمەش دیاری منە بۆ سەرداری جەنگەڵ. هیوادارم بە زوویەکی زوو چاومان پێک بکەوێ.
کاتی ماڵئاوایی بە خۆم نەبوو ئەسرینم لە چاوان تکایە خوارێ.
دەهاتمەوە کە چی دڵم لە کوردستاندا بە جێ دەما، ئێستاش هەر بیر و هۆش و گیانم لەوێیە.
بە زۆری چەند سواری هەتا سەڵماس لەگەڵ ناردم.
لە ورمێ بۆ ماڵئاوایی چوومەوە لای مامۆ عەرفۆ و کڵاو و مێزەرەکەم لەگەڵ خۆم هێنا کە ئێستاش هەر هەڵمگرتووە.
لێرەدا نازانم عەموو ساسان قسەی لێ تەواو ببوو یان کوڵی گریان بێ دەنگیی پێکردبوو؟
چایچییەکە سەرو چایەکی دیکەی لە پێش داناین. عەموو ساسان سیغارێکی داگیرساند و قومێکی لێدا و کەمێک ئارامی گرت. بە دەرفەتم زانی، لێم پرسی:
– نەتزانی نامەکە لە بارەی چدا بوو؟
هەناسەیەکی ساردی هەڵکێشا و گوتی:
– با.
لەبارەی یەکێتی، لە بارەی پێوەندی نێوان دوو شۆڕشی گیلان و کوردستاندا بوو.
سەردار پێشنیاری بە سمیتقۆ کردبوو کە زیاتر پێکەوە یەکێتی و پێوەندییان هەبێ و هەر کام لە لایەکەوە تێبکۆشن، تورکەکانی ئازەربایجانیش بێننە نێو شۆڕشەوە بۆ دامەزراندنی ئێرانێکی ئازاد و سەربەخۆ.
– سماییل ئاغا چ وڵامێکی دابۆوە؟
– لە پێشنیاری سەردار پێشوازی کردبوو و ئامادەیی خۆی بۆ هەر چەشنە هاوکارییەک ڕاگەیاندبوو؛ ئەمەشی بۆ سەردار نووسیبوو کە لە ئێرانێکی ئازاددا دەبێ مافی گەلانی ئێران بە تەواوی لە بەر چاو بگیرێ و بدرێ.
– لەو بارەدا سەردار نەزەری چ بوو؟
– ئەویش لەگەڵ سمیتقۆدا هاوبڕوا بوو.
– باشە ئاخری چی لێ هات؟
– بەداخەوە بەر لەوە کە گەڵاڵەیەکی ورد بۆ شۆڕشەکەیان دابڕێژن، هەر دووکیان بە دەستووری ڕەزاشا لە نێو چوون. هەیاران! تازە سەردارێک و سمیتقۆیەک بێنەوە…
لانی کەم من کە لاقم لە سەر لێوی قەبرە نایبینم، بەڵام ئێوە نابێ ناهومێد بن.
کاتێک کە لە یەک جیا دەبووینەوە دوعای بەخێری بۆ کردین.
▫️ عەلی حەسەنیانی ناسراو بە هاوار، یەکێ لە نووسەران و شاعێرانی دیاری کوردستانی ئێرانە کە بە ئەسڵ خەڵکی مەهابادە. لە ساڵی۱۳۱۸ لە تاران لەدایک بووە و ساڵی ۱۳۷۱ لە دانمارک کۆچی دوایی کردوە. ڕۆمانی کارمامز و شێعری جەلاد لە دیارترین بەرهەمەکانی هاوارن.
دوکتور ئیسماعیل موستەفازادە
نامەیەکی مێژوویی لە #مێرزا_کوچەک_خان جەنگڵی بۆ #ئیسماییل_ئاغای_سمکو

(لە کتێبی شار وێران نووسراوەی عەلی حەسەنیانی «هاوار»)

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply