زیاتر لە چوار دەیە بە سەر شۆڕشی گەلانی بندەست دژ بە ڕژیمی پەهلەوی و شاهەنشاهیی ئێرانیەکان تێپەڕ بووە و لەم ماوەیە دا سەرەڕای ئەوەی هەموو گەلان پێکەوە شۆڕشیان بەرپا کرد و لەم نێوە دا گەلی کورد قوربانیەکی زۆری دا، بەڵام لە لایەن ئێرانیەکانەوە بەرهەمی شۆڕش بە تاڵان بردرا و بۆ گەلانی بندەست جگە لە کوشت و کوشتار و ماڵوێرانی دەستکەوتێکی نەبوو.

لە ماوەی چل و چوار ساڵەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دا، بۆ کورد و باقی نەتەوەکانی تر کە خاکەکەیان لە لایەن ئێرانیەکانەوە داگیرکراوە،هیچ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی نەهاتۆتە ئاراوە.
ئەوەی ڕوویدا ، ئەمە بوو: لە شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی عەبا و عەمامە و پەچە و چارشێو، جێگەی تاج و کراواتیان گرتەوە و تەنیا گۆڕینێک بوو لە ڕواڵەت و روخساری تاکە کەسەکان، شا جێگەی خۆی دا بە شێخ.
سیستمی سەرکوت و کوشتار هەر هەمان سیسستم بوو ، دەسەڵات هەر بە هەمان شێوە لە دەستی فارس و ئێرانیەکان دا مایەوە. ساواک ناوەکەی گۆڕا بە ئیتلاعات و سپای پاسداران

لە سەردەمی پەهلەویدا و لە ماوەی ئەم چل و چوار ساڵەی کۆماری ئیسلامیش دا، گەلی کورد هیچ کات ئامادە نەبوو، بچێتە ژێر ڕکێفی ئێران و ئێرانیەکانەوە، بۆیە بەشێک لە باشترین ڕۆڵەکانی خۆی پێشکەشی بارەگای ئازادی کرد و لە پێناو گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی دا سەدان هەزار قوربانی دا.

ئەمڕۆ لە کاتێکدا ئێرانیەکان یادی ٢٢ی ڕێبەندانی ٥٧ دەکەنەوە کە شۆڕشێکی نوێ بە ڕێبەرایەتیی گەلی کورد و لە ژێر ناوی شۆڕشی ژینا و بە دروشمی ”ژن، ژیان ، ئازادی ” هەموو جوغڕافیای دەستکرد و جەعلیی ئێرانی گرتۆتەوە.

ئەم شۆڕشە کێ چەخماخەکەی لێدا، لە کوێوە سەریهەڵدا ، کێ ڕێبەری کرد و کێ زۆرترین قوربانی بۆ دا؟
گومان لەوە دانییە کە وەڵام : کوردستان و بەلووچستان و بەشێکی تر لە نەتەوە خاک داگیرکراوەکانن.

شۆڕشی ژینا، کە جگە لەوەی بۆ هەموو نەتەوەکانی دیکەی ناو ئەم جوغڕافیا دەستکردە بۆتە نموونە و سەرمەشق، تەنانەت کۆمەڵگای نێودەوڵەتیشی لە گەڵ خۆی هاوڕێ و هاوڕا کردووە.

بەڵام ئەمڕۆ دەبینین و دەبیستین ، هەندێک حیزب و سەرکردەی سیاسیی کورد، بە هۆی نەبوونی سەواد و خوێندەواریی سیاسی، بە هۆی ململانیی ناسالمی حیزبایەتی، بە هۆی نەناسینی توانا و زەرفیەتەکانی خۆیان و نەتەوەی کورد و تەنیا بۆ ئەوەی لە تارانی دوای کۆماری ئیسلامیدا ، ببن بە کاربەدەستێک و خەون بە سەرۆک کۆماری یان ئوستانداریەکەوە دەبین و لە هەموان گرینگتر خۆ بە کەم زانین و نەبوونی متمانە بە خۆ ، بۆتە هۆکار بۆ ئەوەی هەندێک حیزب و لایەنی بە ناو کوردستانی و لە ناوەرۆک دا تەواو ئێرانی، خەریکی مامەڵە کردن و هەرزانفرۆش کردن و لە نەهایەتدا بە فیڕۆ دانی خوێن و خەبات و شۆڕشەکە بن، ئەویش بە کێ؟

بە کۆمەڵێک دۆڕاوی سیاسیی وەک رەزا پەهلەوی و موجاهیدنی خەڵق و تەنانەت ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە قاتڵانی ڕێبەرانی کورد.

گەلی کورد لە ساڵی ٥٧ دا بۆ ئەوە شۆڕشی نەکرد کە ڕژیمی خومەینی بێتە سەر دەسەڵات، بۆیە ڕاپەڕی کە کۆتایی بە ڕژیمی دیکتاتۆری شاهەنشاهی و قاتڵانی پێشەوا قازی محەممەد و سمکۆی نەمر و بی بی مریەمی بەختیاری و هەزران ڕۆڵە و سەرکردەی تری ئەم نیشتمانە بێنێ.
ئێستاش پاش چل و چوار ساڵ ئەم گەلە بۆ ئەوە شۆڕشی هەڵنەگیرساندووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی قاتڵی شەهیدان قاسملوو و فوادی مستەفا سوڵتانی و دەیان هەزار ڕۆلەی کوردی تر برووخێنێ و دیسان شا یا بە گشتی فارس و ئێرانیەکان بێنێتەوە سەر دەسەڵات.

بۆ ئێمەی کورد، هەوڵدان بۆ مانەوە لە چوار چێوەی ئێرانی جەعلی دا واتای واژۆ کردن و ڕەوایی دان بە هەموو جینایەتەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و ڕژیمی شاهەنشاهی.
بۆ ئێمە جیاوازییەک نییە لە نێوان دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتی شاهەنشاهی یا موجاهیدینی، یان هەر دەسەڵاتێک کە لە ژێر ناوی تەواویەتخوازی و تەمامیەتی ئەرزی و بە گۆپاڵی سەرکوتی تەجزیە تەڵەبی بیهەوێ ئێمە لە چوارچێوەی ئێران دا بێڵێتەوە و پێناسەی ئێرانیبوونمان بۆ بکاتەوە .

خەباتی گەلی کورد بۆ گەیشتنە بە سەربەخۆیی و بنیاتنان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.

وەک بزوتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە ڕێگەی ئەم پەیامەوە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کە ئێمە بە وریاییەوە چاوەدێریی ڕەوشەکە و هەروەها شۆڕشەکە دەکەین و لەوەش دڵنیاین گەلەکەمان ئەوەندە خوێندەوار، زانا ، تێگەیشتوو و پێگەیشتووە کە جارێکی تر فریوی تەقیە و وادە و بەڵێنیی ئوتووبووس و ئاو و بەرقی مەجانیی شا و شێخ نەخوا.

هەر لە ڕێگەی ئەم پەیامەوە داوا لە حیزب و لایەنەکانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەینەوە کە بە چاوی کەم لە نەتەوەکەمان مەڕوانن و پێتان وانەبێ ئەگەر فارس و ئێرانیەکان ڕێبەریی ئەم شۆڕشە نەکەن، ئێمە و باقی نەتەوەکانی خاک داگیرکراو ناتوانین ڕێبەریی شۆڕشەکە بکەین.

تکاتان لێدەکەین بە جیددی بگەڕێنەوە سەر هێڵی نەتەوەیی و ناو باوەشی گەل، شۆڕشەکە دوودەستەکی پێشکەشی ئێرانیەکان مەکەن، فارس و ئێرانیەکان لە بەرانبەر نەتەوە خاک داگیرکراوەکانی وەک کورد، بەلووچ، کاسپیەنی، عەڕەبی ئەحوازی و باقی نەتەوەکان ، کەمینەن و لە ئەقەلیەت دان.

داواتان لێدەکەین، وەرن با پێکەوە ناو ماڵی کورد و ڕیزەکانی نەتەوەییمان ڕێکبخەین، وەرن با بۆ جارێکیش بووبێ بەرژەوەندیی حیزبی و تاکە کەسی بکەینە قوربانیی بەرژەوەندیی نیشتمانی و نەتەوەیی، هەم نەتەوەکەمان لە پشتمانە و هەم دنیای دەرەوە لەوە تێگەیشتووە کە دەبێ پاڵپشت و هاوپەیمانی دوانەی کورد و دێموکراسی بێ و بە بێ چارەسەری پرسی کورد لە ناوچەکە دا ، جیهان ڕووی ئارامی بە خۆیەوە نابینێ.

پێویستمان بەوەیە کە ناو ماڵی کورد ڕێکبخەین و لە سەنگ و قورسایی و ڕێبەریی گەلی کورد لەم شۆڕشە دا کەم نەکەینەوە ، ئەم شۆڕشە ، شۆڕشی کوردە و دەبێ زۆرترین دەستکەوتیشی بۆ کورد و کوردستان هەبێ.
تکایە ئەوەی گەلەکەمان بە خوێن و قوربانیدان بە دەستی هێناوە لە سەر مێزی سیاسەت و وتووێژ و دانوستان مەیدۆڕێنن، کەمتان نەدۆڕاندووە، بەڵام ئەمجارە دەرس لە وانەکانی پێشوو وەرگرن و مەیدۆڕێنن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply