حەسەن خەیری و حوسێن عەونی یەکانی ئەمڕۆی کورد کێن؟ بە ئاوڕدانەوەیەک لە کرداری هەندێک لە بەناو سەرکردەکانی کورد.

نووسینی: سەردار وەلەدبەیگی، ئەندامی ڕێبەریی بزوتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

کۆتایی شەری یەکەمی جیهانی بووە هۆی لە ناو چوونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و وڵاتانی هاوپەیمان بڕیاریاندا کە بە شێوەی تورکیە، عێراق و ئێران، دەوڵەتێکیش بۆ گەلی کورد دابمەزرێنن.

بۆ ئەم مەبەستە بە ئامادە بوونی ژنراڵ شەریف پاشا وەک نوێنەری کورد لە ١٠ی مانگی ئاگۆستی ١٩٢٠ لە فەڕانسە ڕێكەوتننامەی (سێڤر) واژۆ کرا و بڕیاری دامەزرانی دەوڵەتی کوردستان درا.

بەڵام زۆری نەخایاند بە هۆی نەبوونی یەکڕیزی و یەکگرتوویی ناوماڵی کورد و هەروەها نەبوونی سەرکردەیەکی لێهاتوو و کاریزمای کورد، تورکەکان وەخۆ کەوتن و لەساڵی ١٩٢٣ دژ بە سێڤر و دامەزرانی دەوڵەتی کوردستان، پەیمانێکی شوومیان لە لۆزانی وڵاتی سوئیس داڕشت.
وڵاتانی ئورووپایی و زلهێز هاوڕای ئەم پەیمانە دژ بە کورد نەبوون و وتیان:
“لە ڕۆژهەڵاتی تورکیە، کورد و خاکی کوردان بوونی هەیە، ئەگەر ئەم رێکەوتننامەیە واژۆ بکەین دواتر کوردەکان چیان بەسەردێت؟”. نوێنەرانی تورکیە لە وەڵامدا دەڵێن: “تورکیە تەنها دەوڵەتی تورکان نییە، بەڵکو دەوڵەتی تورکەکان و کوردەکانیشە. ئێمە تورک و کورد پێکەوە بڕیارمان داوە لە وڵاتێکدا بژین و دەوڵەتێکمان هەبێت.

نوێنەری وڵاتانی ئورووپایی بەم قسانە ڕازی نەبوون و بڕوایان بە قسەکانی عیسمەت ئینونۆ سەرۆکی شاندی تورکیە نەکرد، بۆیە تورکەکان پاش ئەوەی تێگەیشتن کە هیچیان پێ ناکرێ و ئەگەری هەیە کە زۆرینەی خاکی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ـ کە لە بنەڕەتدا خاکی کوردستانە و هی کوردە، لە دەست بدەن.
مستەفا کەماڵ ئاتاتورک کەوتە جووڵە و دوو جاشی بە ناوەکانی حوسێن عەونی وەک نوێنەری ناوچەی ئەرزەڕۆم و حەسەن خەیری وەک نوێنەری ناوچەی دێرسیم بانگهێشت کرد.
حوسێن عەونی گوتی: “ئەم وڵاتە بۆ تورک و کوردە، کەسیش بۆی نییە لەسەر ئەم پرسە قسە بکا، تەنها دوو نەتەوە نەبێت، ئەوانیش نەتەوەی کورد و نەتەوەی تورکن”.
مستەفا کەماڵ داوای لە حەسەن خەیری کرد تاکوو بە جلوبەرگی کوردیەوە بچێتە پارلمانی تورکیە و لەوێ لە سەر کورد و تورک قسە بکا.
حەسەن خەیری چەندین جار بە جلوبەرگی کوردیەوە لە ناو پارلمانی تورکیە کە دەیان ڕۆژنامەنووس و نوێنەری ڕێکخراوە جیهانیەکان تێیدا بەشدار بوون، بەشداری دەکا و دەڵێ:

“حکومەتی تورکیە کلتوری کورد، جلوبەرگ و زمان و هونەری کوردی قەبووڵ کردوە و رێز لە ماف و کلتوری کوردەکان دەگرێ، کورد لە ناو تورکیە دا خاوەن ماف و ئیمتازاتی خۆیانن و بە هیچ شێوەیەک نایانەوێ لە برا تورکە موسوڵمانەکانیان جودا ببنەوە. چارەنوسی ئەو دوو نەتەوەیە پێکەوە گرێدراوە و لە یەک وڵاتدا بین بۆ ئێمەباشترە، هەر لە بەر ئەوە کوردەکان تێکڕا بڕیاریان داوە لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیە دا بژین و کوردەکان نایانەوێ لە تورکیە جودا ببنەوە”

دواتر ئاتاتورک داوا لە حەسەن خەیری دەکا لە رێگای تێلگرافەوە پەیام بۆ نوێنەری وڵاتانی ئامادەبوو لە (لۆزان) بنێرێ و بۆیانی بسەلمێنێ کە کوردەکان حەز ناکەن لە تورکیە و برا تورکەکانیان جودا ببنەوە.
حەسەن خەیری هەمان کاری کرد و بەم چەشنە کۆتایی بە پەیمانی سێڤر و دامەزرانی دەوڵەتی کوردستان هات.
دواتر ئاتاتورک بڕیاری دا حەسەن خەیری بە هۆی ئەم تاوانانەوە دادگایی بکرێ:
بە تاوانی پێشێل کردنی یاساکانی تورکیە و بێڕێزی کردن بە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی تورکیە، هەوڵدان بۆ دژایەتی کردنی تورکیە و تاوانی لەبەر کردنی جلو بەرگی کوردی لە پەرلەمانی تورکیە دا.
بڕیاری لە سێدارە دان بە سەر حەسەن خەیری دا سەپا، بەڵام پێش لە سێدارەدرانەکەی حەسەن خەیری کە لە خیانەتەکەی خۆی تێگەیشتبوو، بۆ ئەوەی دەرسێک بدا بە نەتەوەکەی کە باوەڕ بە دوژمن نەکەن و خیانەت بە نەتەوەکەی خۆیان نەکەن، گوتی:
“داواکارم، تەرمەکەم لەسەر ڕێگایەک بە خاک بسپێرن کە سەر ڕێگای کورد بێ، لەبەرئەوەی هەر کوردێک بەو ڕێگایەدا تێپەڕ دەبێ پێیەک بە قەبرەکەم دادا و تفێکم لێ بکا “.
پیلانەکەی دەوڵەتی تورکیە بە هۆی خیانەتی دوو کورد (حەسەن خەیری، حوسێن عەونی) جێبەجێ کرا و خەونی دەوڵەتی کوردستان بەم چەشنە لە بار بردرا.

ئەوەی باسمان کرد بەشێک بوو لە مێژوویەکی تاڵ بۆ کورد، بەڵام ئایا دەرسمان لێوەرگرتووە، یان دیسان مێژوو دووبارە دەکەینەوە.

حەسەن خەیری و حوسێن عەونی یەکانی ئەمڕۆی کورد کێن؟

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو دا گەلی کورد بە خەبات و خوێن و قوربانیدان شۆرشێکی مەزنی لە ژێر ناوی شۆڕشی ژینا و بە دروشمی ئەمڕۆیی و جیهان پەسەندی ژن ژیان ئازادی بەرپا کرد.

کورد دەبێ ڕێبەریی ئەم شۆڕشەی لە ئەستۆ بێ و نەیداتە دەست فارس و ئێرانیەکان چونکە هەڵگیرسێنەری شۆڕشەکە کوردە و پێویستە زۆرترین دەستکەوتیشی هەر بۆ کورد بێ.

بەڵام هەندێک بە ناو سەرکردەی سیاسیی کورد خەریکی ڕێککەوتن و هەرزانفرۆشکردنی ئەم شۆڕشەن بە فارس و ئێرانیەکان.
لە لایەک کاک عەبدوڵڵای موهتەدی سوێندی ئێرانی بوون و پاراستنی تەوایەتی ئەرزیی ئێران دەخوا و پاڵ وە سەلتەنەتتەلەبی و ڕەزا پەهلەویەوە دەدا و لە لایەکی ترەوە کاک مستەفای هیجری باس لە قەبووڵکردنی سیستمی سەڵتەنەت و پاشایەتی دەکا.

کاک خالیدی عەزیزی کە باوەڕی وایە پرسی کورد لە پارلمانی ئێران و لە تاران چارەسەر دەکرێ ، جارێک بە خودموختاریەکەی مەسعوودی ڕەجەوی و موجاهیدین دڵخۆشە و جارێکیش بە حیفزی تەمامیەتی ئەرزیەکەی شەریعەتمەداری و شووڕای گوزار و بە ناو دێموکراسی خاهان.

ئەوەی جێگەی داخە و دووپاتە کردنەوەی مێژوویە ، ئەوەیە کە هەر وەک چۆن حەسەن خەیری گوتی: کورد و تورک بران و ئێمە دەمانهەوێ پێکەوە بژین و کورد نایهەوێ لە تورکیە جیا بێتەوە ، ئەمڕۆ بەشێک لە سەرکردایەتی کورد باس لە برایەتی کورد و فارس دەکا و دەڵێ ئێمە نامانهەوێ لە ئێران جیا بینەوە .

ئایا ئەم بەسەرهاتە، بەسەرهاتێکی ئاشنا نییە؟؟
ئایا هەمان چارەنووسی حەسەن خەیری بە شێوەی جیاواز و لە فۆڕمێکی نوێ دا ، لە کەمینی بەشێک لە سەرکردەکانی ئەمڕۆی کوردی ڕۆژهەڵات دا نییە؟

حەسەن خەیری پێش لە سێدارەدرانی پەشیمان بۆوە، ئایا ئەوانەی ئەمڕۆ قسەکانی حەسەن خەیری دووبارە دەکەنەوە ، چاوەڕوانی ئەوە ناکەن کە سبەینێ بە تاوانی سازکردنی حیزبی سیاسیی کوردی و ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگە و کوشتنی چەند پاسدارێکی ئێرانی لە لایەن فارس و ئێرانیەکانەوە دادگایی بکرێن.

پێش ئەوەی درەنگتر بێ ، بگەڕێنەوە سەر هێڵی نەتەوەیی و کار بۆ دامەزران و بنیاتنانی دەوڵەتی کوردستان بکەن و ئەم وەسیەتەی پێشەوا قازی محەممەد لە بیر مەکەن کە دەفەرموێ:
باوەڕ بە دوژمنی عەجەم مەکەن، ئەگەر قامکی بە هەنگوینتان لە زاری ڕۆکا ، دڵنیا بن کە ژەهری تێکەڵ کردووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply