بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان: مەنشوورێک ڕەوایی هەیە کە لە دڵ و ناخی کۆمەڵگای کوردستانەوە هەڵقوڵابێ.

مەنشووری پەهلەوی لە ژێر ناوی یەکگرتوویی و ڕیکخستن بۆ ئازادیی ئێران، مەهسا زیاتر لە نوێکردنەوەی پەیمان لە گەڵ فاشیزمی ئێرانیە و هاوکات کۆدەتایەکە دژ بە شۆڕش و ڕاپەڕینی ژینا و دژایەتیکردنە لە گەڵ خواست و ویستی هەموو نەتەوە خاک داگیرکراوەکانی ناو چوارچێوەی جوگرافیای دەستکرد و جەعلیی ئێران.

واژۆکەرانی ئەم مەنشوورە، بریتین لە چەند مۆرەیەکی دۆڕاوی سیاسیی ماوە بە سەر چوو، کە تەنیا بە دوای هەندێک بەرژەوەندیی کورت ماوەی تاکە کەسیەوەن و لە هەوڵ دان تەنیا بە گۆڕینی مۆرەکانی دەسەڵات و پەرە پێدانی زیاتر بە فکر ی فاشیستی و ڕاسیستیی پان ئێرانیزمی فارسی، جێگەی شا و شێخ بگۆڕن و مێزەر شوێنەکەی بدا بە تاج و تەختی پاشایەتی.

لەم بە ناو مەنشوورە دا کە زیاتر لە وەکالەتنامەیەک دەچێ، لە بیر و هزری تۆتالیتاریسمی پەهلەوی و دەور و بەریەکانیدا جگە لەوەی حاشا لە شوناس و ناسنامەی نەتەوە خاک داگیرکراوەکانی وەک کورد، بەلووچ، عەڕەبی ئەهوازی، کاسپیەنی و … کراوە و هەر هەموویان وەک قەوم و عەشیرە ناویان هاتووە، بە ئاشکرا باس لە گۆڕینی دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە و نەرم دەکەن و لەو باوەڕە دان کە پێویستە موئەسەسات و دامەزراوە سەرکوتکەرەکانی ڕژیمی ئێستا واتە هێزی بەناو نیرووی ئینتزامی، ئیتلاعات و بەسیج و… لە جێگەی خۆیان بمێنننەوە و تەنانەت سپای تیرۆریستیی پاسدارانیش تێکەڵ بە ئەرتەش بکرێ .

لە بەندی ١٣ی ئەم مەنشوورە دا وێرای ئاماژەدان بە تێکەڵکردنەوەی سپای پاسداران و ئەرتەش، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەرکی ئەرتەش پاراستنی تەواویەتی ئەرزی و سەرزەمینیی ئێرانە، کە ئەم بەندە ڕاستەوخۆ هەڕەشەیە لە کورد و باقی نەتەوەکانی دیکە.

لەو بەندە دا هەر لە ئێستاوە دەستی ئەرتەش ئاوەڵا کراوە و فەرمانی پێدراوە بۆ سەرکوتی هەر چەشنە ماف ویستیی گەلی کورد و باقی نەتەوە خاک داگیرکراوەکان .
لە ڕاستیدا ئەم ئەرتەش و سپای پاسدارانەی ئێران و فارس، هەر هەمان ئەندامانی پێشووی حیزبی ڕەستاخیز و ساواکی سەردەمی محەمەد ڕەزای پەهلەویی باوکی ڕەزا پەهلەوین، ئەمانە هەر هەمان ئەرتەش و سپان کە بە فتوای جیهادی خومەینی بە دژی گەلی کورد، داعش ئاسا هێرشیان کردە سەر کوردستان و گەلی کوردیان قەتڵوعام کرد، هەر هەمان ئەرتەشن کە هێرشیان کردە سەر کۆماری کوردستان و سەرۆک کۆماری کوردستان پێشەوا قازی محەممەدیان لە سێدارە دا.

لە بەندی ٢ی ئەم مەنشوورە دا هاتووە کە واژۆکەرانی ئەم بەیعەتنامەیە، دەبێ پێبەند بن بە پاراستنی تەواویەتی ئەرزیی ئێران و ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ئەم بەندە لە گەڵ بەندی ٧ی مەنشوورەکە ناتەبایە کە دەڵێ: یاسای بنەڕەتیی نوێ، پێبەند دەبێ بە سەرجەم ئەسڵەکانی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ.

باسکردن لە ئەرکی پاراستنی تەواویەتی ئەرزی لە هیچ دەقێکی سیاسی و نێونەتەوەییدا بەم چەشنەی لەو مەنشوورە دا هاتووە، باس نەکراوە و بەندی ٢ی مەنشوورەکە ڕەتکردنەوەی بەندی ٧ی مەنشوورەکەیە، چونکە یەکێک لە ئەسڵە بنەڕەتیەکانی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ، پێداگرییە لە سەر مافی دیاریکردنی چارەنووس کە دەتوانێ بریتی بێ لە مافی گەڕانەوە بۆ سەروەریی سیاسی و سەربەخۆیی خاک و وڵاتی داگیرکراوی کوردستان.
لەم مەنشوورە دا بە دوور لە هەموو پرەنسیپ و بیر و باوەڕە دێموکراتیکەکان، ڕێز لە ئازادیی تاک نەگیراوە و بە هێنانە بەر باسی تەمامیەتی ئەرزی، مافی چارەنووس، فیدرالیزم و دابەشکردنی دەسەڵات لە گۆڕ نراوە و لەو شوێنەش کە باس لە چاکسازی ئوستانی کراوە، هەمان سیستمی ئێستای کۆماری ئیسلامییە کە لە پۆستەکانی فەرمانداری، شارەداری، شووڕای گوند و شارەکان و مەجلیسی شووڕای ئیسلامی دا خۆی نیشان دەدا.

عەقڵیەت، ڕووح و فکری فاشیزمی ڕەزاخانیی پان ئێرانیستیی فارسی لە ناو خاڵ بە خاڵی ئەم مەنشوورە دا خۆی حەشار داوە و لە لایەک سیاسەتی “ئاژاوە بنێوە و حکوومەت بکە” یان ڕەچاو کردووە و دەیانهەوێ بە ڕاکێشانی حیزب و تاکە کەسێکی کورد،” ئاغای عەبدوڵڵا موهتەدی” کێشە و ئاڵۆزی بخەنە ناو ماڵی کورد و هاوکات بە کۆمەڵگای جیهانی بڵێن کە نەتەوەی کورد لە پشت ڕەزا پەهلەوی و سەڵتەنەت تەڵەبەکانە.

ئاغای عەبدوڵڵا موهتەدی بە واژۆکردنی ئەم مەنشوورە شوومە، دەیهەوێ وەک خۆش خزمەتی بە ئێرانیەکان، خوێن و قوربانیدانی گەلی کورد و خەباتەکەی بکاتە پاشکۆی فارس و پەهلەوی و دوو دەستەکی شۆڕشی ژینا، پێشکەش بە خەونی بوون بە سەرۆک کۆماریی خۆی لە داهاتووی ئێراندا بکا.

ئێمە وەک بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، پاش تێپەڕ بوونی یەک مانگ بە سەر شۆڕشی ژینا دا ئەو هۆشداریەمان دا کە هەندێک لە حیزب و لایەنی بە ناو کوردستانی و لە ناوەرۆک دا ئێرانی، لە سەر خوێن و خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەریکی مامەڵە و سات و سەودای مەترسیدارن لە گەڵ فارس و ئێرانیەکان.

لە لایەک لە گەڵ ڕەزا پەهلەوی ڕێک دەکەون و لە لایەک لە گەڵ موجاهیدینی خەڵق و لە لایەکی ترەوە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی، کە هەر سێ حاڵەتەکە مەترسیدارە و بۆ نەتەوەی کورد، هیچ جیاوازییەک نییە لە مابەینی کۆماری ئیسلامی، پەهلەوی و ڕەجەوی.

هەلومەرجی هەستیار و چارەنووس سازی خەباتی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وا دەخوازێ کە هێز و لایەنی نەتەوەیی، بە پێداگری لە سەر مافی دیاریکردنی چارەنووس، لە ژێر پلاتفۆرمێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و لە سەر ئەساسی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی کۆببنەوە و ڕاشکاوانە هەڵوێست بگرن و وێڕای مەحکووم کردن و ڕەتکردنەوەی مەنشووری پەهلەوی، بە دەرکردنی مانیفێستێکی سەربەخۆییخوازی و نووسینەوەی مەنشوورێک بۆ ئازادیی کوردستان، ڕایبگەیەنن کە سەردێڕی مەنشووری کوردستان بە دروشمی “کورد تا دەوڵەتی نەبێ، ئەمە هەر بەشی دەبێ و کوردستان، کوردستان، گۆڕستانی فاشیستان و داگیرکەری ئێرانی،  قاتڵی ژینامانی” دەست پێدەکا و مەنشوورێک دەتوانێ لە کۆمەڵگای کوردستان دا مەشڕووعیەت و ڕەوایی هەبێ کە لە دڵ و ناخی کۆمەڵگای کوردستانەوە هەڵقوڵابێ.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
٢١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢ی کوردی
١٢ی مارسی ٢٠٢٣ی زایینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply