بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان: ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدان و گیانبەختکردوانی ڕیبازی پیرۆزی کوردایەتی و بیری سەربەخۆییخوازییە.

رۆژی ١٠ی خاکەلێوەی حەفتا و شەش ساڵ لەمەوبەر، یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان پێشەوا قازی محەممەد لە گەڵ هاوبیر و هاوڕێکانی محەممەد حوسێن خانی سەیفی قازی و ئەبولقاسمی سەدری قازی، لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەهاباد” لە هەمان شوێن کە لە ٢ی ڕێبەندان دا کۆماری کوردستانی لێ ڕاگەیەندرا” بە دەستی ڕژیمی پەهلەوی و بە حوکمی عەقڵیەتی فاشیزمی ئێرانی لە سێدارە دران و بەم چەشنە و بە ڕواڵەت کۆتایی بە تەمەنی کورت، بەڵام پڕ لە شانازیی کۆماری کوردستان هێنرا.

ئەگەرچی کۆماری کوردستان لەبار برا و سەرۆک کۆمارەکەی لە دار درا، بەڵام ژیلەمۆی بیر و هزری کۆماری کوردستان، هەر دەم لە گەشانەوە و هەڵگیرسانەوە دابووە و ئەمڕۆکە لە شۆڕشی ژینا دا خۆی دەنوێنێ و پشکۆ و ژیلەمۆی کۆماری کوردستان بۆتە بڵیسەی ئاگر و گڕکانی ڕق و تووڕەیی بەرانبەر بە داگیرکەرانی زێد و میلکانی کوردەواری.

دوژمنانی کورد و کوردستان هەمیشە لەو باوەڕە دابوون کە بە لە سێدارە دان، تیرۆر، کوشتن و گرتنی ڕێبەرانمان دەتوانن هێز و توانامان لێ بستێنن و هەستی شۆڕشگێڕی و مافخوازیمان لە ریشەوە دەربێنن، بەڵام خەیاڵیان خاو بووە و لەوە تێنەگەیشتوون کە پاش نەمانی ڕێبەرانمان هەر لە سەردار ئەسعەدخان و بی بی مریەمی بەختیاری و قەدەم خێری قەڵاوەند و داودخانی کەلهوڕ و شامحەممەدی یاریی مەلەکشاییەوە تا دەگاتە سمایل ئاغای سمکۆ و پێشەوا قازی محەممەد، لە هەر ماڵێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەردار ئەسعەد و سمکۆ و قازی محەممەدێک لە دایک دەبنەوە.

ڕاپەڕینی ژینا و دروشمەکانی ئەم شۆڕشە سەلماندی کە خەباتی نەتەوەی کورد بۆ ئازادی، نەسرەوتن تا سەرکەوتنە.

ئێمە وەک بزوتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە ١٠ی خاکەلێوە “ڕۆژی شەهیدانی کوردستان” سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی هەموو شەهیدان و گیانبەختکردوانی بیر و هزر و ڕێبازی پیرۆزی کوردایەتی و سەربەخۆییخوازی و وێڕای نوێکردنەوەی پەیـمـان لە گەڵ شــەهیــدانی ڕێـگەی ئــازادی و ســەربەخـۆیی کوردستان،بەڵێن دووپات دەکەینەوە تاسـەرکـەوتنی یـەکجاری و گەیـشتن بە ئـامـانجەکانی پـێـشـەوا و دامـەزرانـدنـەوەی کـۆماری کـوردستان، لە خەبات و تێکۆشان نەوەستین.

سەردەکەوێ خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ی کوردی
٢٩ی مارسی ٢٠٢٣ی زایینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply