ئاشتیاکۆ پوورکەریم: وتووێژ لە گەڵ ڕژیمێکی داگیرکەردا لە پێناوی چی؟

لە سیاسەت دا وتووێژ و دانوستان کەم جار ڕەت دەکریتەوە و زۆر جار لایەنێکی سیاسی ناکرێ بڵێ ناچمە سەر مێزی وتووێژ و دانوستان .

بەڵام وتووێژو و دانیشتن و دانوستان لە گەڵ کێ ؟

لە سەر چ ئەساس و بنەما و بەرژەوەندییەک؟

لە سەر چ پێوەر و پرەنسیپ و پێناسە و هێزێک؟

لە کوێ و چۆن و بە دەستپێشخەریی کێ و بە چ مەبەستێک؟

ئایا لایەنی بەرامبەریشت بڕوای بە وتووێژ و دانوستان و دانی ماف و دێموکراسی بە مانا ڕاستەقینەکەی هەیە و لە زمانی دیالۆگ تێدەگا؟

لە بنەرەتدا شەڕ لە گەڵ داگیرکەر و ڕژیمە سەرکوتکەر و دیکتاتۆرەکان بۆ گەیشتنە بە ئازادی و ئاشتی و دەستەبەربوونی مافەکان.

ئاکامی هەموو خەباتەکان و شەڕی گەڵ دوژمنان، هێنانە سەر ئەو قەناعەتەیە کە یا دەبێ بە زەبری چەک و شۆڕش کۆتایی بە دەسەڵاتیان بێ یا بە ڕێگەی وتووێژ و دانوستان بگاتە قەناعەتێک کە دەبێ مافی نەتەوەی ژێردەست بدا و لە ڕێگەی مێزی وتووێژەوە ڕازی بێ کە دان بە مافی ئەو نەتەوەیە دابنێ و بە کردەوەش بیسەلمێنێ.

ئایا ڕژیمی ئێران بە درێژایی مێژووی نزیک بە سەد سالەی خۆی ، جارێک لە جاران توانیویەتی متمانەی لایەنی بەرانبەر بە تایبەتی کورد بە دەست بینێ و وتووێژی راستەقینەی بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە گەڵدا بکا؟

ئایا هەر لە سەردەمی شەهید سمایل ئاغای سمکۆوە تا دەگاتە شەهید د. قاسملوو ، ڕژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان هەر بە بیانوو و بە ناوی وتووێژ و دانوستانەوە لە سەر مێزی بە ناو وتووێژ زەبری کاریگە و جەرگبڕیان لە گەلی کورد نەداوە؟

کام داگیرکەری کوردستان ئامادە بووە بە زمانێک جیا لە زمانی شەڕ و گوللە و خوێن و ئاگر لە گەڵ گەلی کورد بدوێ؟

بۆ سەرکەوتن لە وتووێژ و دانوستان دا لانی کەم چەند تایبەتمەندی پێویستن و ڕژیم کاتێک داوای وتووێژ دەکا کە یا تۆ وەک کورد دەبێ خاوەنی هیزێکی وەها کۆک و پۆشتەی نیزامی بی کە دوژمن بە تەواوی لە بەرانبەرت دا توانای خۆڕاگری نەمابێ و وەها بە چۆک دا هاتبێ کە لە ترسان داوای وتووێژ و چارەسەری بکا، یا ئەوەی وڵات بەرەو دێموکراسییەکی راستەقینە هەنگاو باوێ و لەو ناوەش دا ڕژیم بیهەوێ مافی گەلانی بندەست بدا.

ئێرانی ئێستا کە خاکی کوردستانی داگیر کردووە، تووشی قەیرانێکی جیهانی و ناوچەیی هاتووە و قەیران بە دوای قەیران دا دێ.

تەحریمەکانی ئەمریکا و جیهان و هاوپەیمانان ، ڕەوشی ژیانی خەڵک، گەندەڵی، بێکاری و گرانی و زۆر بابەتی دیکە ، خەریکن ڕژیمی لاوازی ئێران بە تەواوی بە چۆک دادێنن، سەرەڕای هەموو ئەوانەش و بەو حاڵەشەوە تا ئێستا ئامادە نەبووە لە گەڵ زلهێزێکی وەک ئامریکا دا بچێتە سەر مێزی وتووێژ و دانوستانەوە.

ڕژیمی ئێران دەیهەوێ بە هێنانە بەر باسی وتووێژ لە گەڵ گەلی کورد و باقی نەتەوەکانی دیکە خۆی لەو قەیرانانە بە شێوەیەکی کاتی دەرباز بکا و لە ڕاستیدا بە دوای کڕینی کاتە بۆ خۆ ڕێکخستنەوە.

لە وەها هەلومەرج و حاڵەتێکی ئاوەها دا کە ڕژیم بەرەو داڕمان و تێکڕووخان دەچێ، دانیشتن و وتووێژ تەنیا خزمەتە بە مانەوەی ئەو ڕژیمە و ئەو لایەنانەی دەچنە سەر مێزی وتووێژ و بە بێ ئاگاداری گەلی کورد و بە شێوەی نهێنی خەریکی دانوستانن و لە گەڵ ڕژیمی ئیسلامیی ئێران  ئامادەی دانیشتنن لە سەر یەک مێز دیارە هەم رازین بە وەزعی مەوجوود و هەم مانەوەی ئەو ڕژیمە لە سەر دەسەڵات، هەر بۆیە تەنانەت هەر ئەو لایەنانەش واژۆ کۆ دەکەنەوە کە نابێ ئەمریکا هێرشی نیزامی بکاتە سەر ئێران و بە شێوەیەک لە شێوەکان خەریکی لۆبیگەرین بۆ رژیمی ئیسلامیی ئێران.

بە داخەوە بەشێک لە گەلی کورد و بە تایبەتی هەندێک لە ئەحزابی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، بیرو حافزەی تاریخی و مێژووییان لە مەڕ جینایەت و شێوەی وتووێژەکانی ڕژیمی ئێران یا لاوازە و یا نایانهەوێ لە بیریان بمێنێ ، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەرژەوەندیی حیزبی و تاکە کەسییان وەپێش بەرژەوەندیی گشتیی نەتەوەیی و نیشتمانی داوە و قازانجی خۆیان پێ لە قازانجی گەل پێ لە پێشتر و گرینگترە.

لە وەها هەلومەرجێک دا دانیشتن لە گەڵ چەند کۆنە پاسداڕێکی تیرۆریست و جەند بەرپرسێکی تیرۆریست پەروەر کە تەنانەت لە لیستی تیرۆری ئەمریکاش دان، خزمەت و هەوڵدانە بۆ مانەوەی زیاتری ئەو ڕژیمە و تووش بوونە بە تەوەهوم و سیاسەتکردنە لە خەیاڵات و ئیحساسات دا.

ئەو ئەگەرەش بەهێزە کە ئەگەر ئەمریکا و هاوپەیمانان هێرش بکەنە سەر ئێران ، ئەوە ڕژیم بیهەوێ لە هەمان سیناریۆ کە لە کوردستانی ڕۆژئاوا بە دەستی پەکەکە پیادەیان کرد و ئەو بەشەیان بۆ بەشار ئەسەد پاراست، ڕژیمی ئێرانیش کوردستانی ڕۆژهەڵات بە ئەحزابی ئێرانیچی بسپێرێ تا کاتێ دێتەوە سەر خۆ و پشووی دێتەوە بەر.

ڕژیمی ئێران ئێستا پەلەقاژەی مەرگییەتی و بۆ مانەوەی خۆی بەردەوام خەریکی داڕشتن و نووسینەوەی سیناریۆ و شانۆگەرییە ، لە لایەک پرسی وتووێژی بە نهێنی و بە دوور لە چاوی گەلی کورد لە گەڵ هەندێک لە ئەحزابی قاڵبوو لە ئێرانیچێتی دا دەخاتە بەرباس و لە لایەکی دیکەوە کۆنگرەی بە ناو ناودارانی کورد دەبەستێ و لە هەر دووکیان دا ئامانجی یەکەمی تێکدانی ناو ماڵی کورد و لە باربردنی یەکڕیزیی گەلی کوردە و دەخوازێ بەو شێوەیە دۆخێکی بێ متمانەیی لە ناو حیزب و تاک بە تاکی کۆمەڵگای کوردستان دروست بکا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووچالاکێکی کورد لە جۆانڕۆ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
بابەتی دواترمەترسیەکانی گەشە سەندنی داعش و بیری توندڕەویی مەزهەبی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات

Leave a Reply

تاریخ کوردی و میلادی
نوێترینەکان
لە وڵاتی بریتانیا کۆبوونەوەیەک لە لایەن ڕێکخراوی کورد فۆر لەیبە و کوردیش پڕۆگرێس و بە هاوکاری دەم پارتی بەڕێوە چوو سمینارێک لە ژێرناوی دیاسپۆرای کورد و جوو لە پارلمانی بریتانیا بەڕێوە چوو. پەیامی سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان بەیانیە، بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان: هێرشی مووشەکی بۆ سەر بارەگاکانی پارتی ئازادیی کوردستان مەحکووم و شەرمەزار دەکەین. پشتیوانیکردن لە ڕۆژئاوا ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە, بەیاننامەی هاوبەشی ٧ حیزبی کوردستانی. لایەنە سەربەخۆییخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوای مانگرتنی سەرتاسەریی لە ڕۆژهەڵات دەکەن پرۆفیسۆر دوکتور گوڵمراد مرادی، ڕووناکبیر، نووسەر، وەرگێڕ و لێکۆلەری گەورەی کورد کۆچی دوایی کرد پەیامی ئاشتیاکۆ پوورکەریم سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بۆ پێڕەوانی ئایینی یارسان بە بۆنەی جێژنی پیرۆزی قەوەڵتاس بەیاننامەی هاوبەشی پێنج لایەنی سەربەخۆییخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێوەندی بە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە تاران، ئیسفەهان، مەشهەد، شیراز، کرماشان، هەمەدان، ئەهواز و ناوچە و شارەکانی دیکە. ئاشتیاکو پوورکەریم پیرۆزبایی لە بەرهەم ساڵح دەکا بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دۆسۆڵدۆرفی ئاڵمان: سمینارێک لە سەر مافی مرۆڤ و نەتەوە خاک داگیرکراوەکانی ناو ئێران بە بەشداریی مەسعوود پژووهی ئەندامی ڕێبەریی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بێرمینگهام: لە لایەن ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد کۆڕێک بۆ ئاشتیاکۆ پوورکەریم سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، ڕێکخرا پارلمانی بریتانیا ، کۆبوونەوەیەک بۆ نەتەوەکانی کورد، عەڕەبی ئەحوازی و بەلووچ . پێشانگای کتێب لە پاریس، لە لایەن دامەزراوەی “کل العرب” بە بەشداریی ئاشتیاکۆ پوورکەریم سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان پەیامی ئاشتیاکۆ پوورکەریم ، سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بە بۆنەی جەژنی خاوەنکار