داواکاریی ئەندامیەتی لە بزوتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

📜 پێڕەوی ناوخۆیی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان BSK

پەسەند کراوی کۆنگرەی گشتی

پێشەکی

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان،لە ٥ی ژانویەی ٢٠١٩ی زایینی لە درێژەی خەبات و تێکۆشانی سەدان ساڵەی نەتەوەی کورد، بە باوەڕ بە مافی دیاریکردنی چارەنووس و پێکهێنان و بنیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، دامەزراوە.

  • بزووتنەوە باوەڕی بە ئاڵای نەتەوەیی کوردستان (سێ ڕەنگی: سوور، سپی، سەوز لەگەڵ خۆرێکی زەرد لە ناوەڕاستدا) هەیە.
  • ئێمبلێم و لۆگۆی بزووتنەوە بریتیە لە: سێ مەشخەڵ بە ڕەنگەکانی سوور، زەرد و سەوز کە لە ژێرەوەی نوسراوە BSK
  • هێمای پەنجەکانی هەڵۆ وەک هێمای سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە لایەن بزووتنەوەوە پەسەند کراوە.

ئەم پێڕەوە ناوخۆییە، چوارچیوەی ماف و ئەرکەکانی ئەندامانی فەرمیی بزووتنەوە، بنەماکانی رێکخستنی ناوخۆیی، شێوەی بەڕێوەبەری و ئیدارەی ناوەند و ئۆرگانەکانی بزووتنەوە و بە گشتی پێناسەی تەشکیلاتیی بزووتنەوە دیاری دەکا.

بەشی یەکەم— بنەما سەرەکی و بنەڕەتیەکان

مادەی ١— پێناسە

١.  ناوی فەرمی: بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان BSK و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا Kurdistan Independence Mouvement

٢. بزووتنەوە، جووڵانەوەیەکی نەتەوەیی، سیاسی، سێکۆلار. دێموکراتیک و بەرفراوانە کە لە ڕێگەی سەربەخۆیی بۆ کوردستان و یەکڕیزیی نەتەوەیی، نەتەوەی کورد تێدەکۆشێ .

مادەی ۲ — ئەرک و بەهاکان

۱.  داکۆکی لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد و دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.

۲ . پێبەندبوون بە دێموکراسی، سێکۆلاریسم، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ.

۳. خەبات بە دژی داگیرکاری و داگیرکەرانی کوردستان و پاریزگاری لە شوناس و هۆویەتی نەتەوەیی نەتەوەی کورد.

۴. پێکهێنانی یەکێتی و یەکڕیزی لە نێوان هەموو ئەو نەتەوانەی خاکەکەیان لە لایەن داگیرکەرانەوە داگیر کراوە ، بە تایبەتی لە گەڵ ئەو نەتەوانەی وڵاتەکەیان لە لایەن ئێرانیەکانەوە داگیرکراوە.

۵. ڕێزگرتن لە فرە چەشنیی ئایینی، فەرهەنگی و کلتووری، زاراوەیی و ڕەگەزی.

۶. هاوکاری و هاوپەیمانی لە گەڵ هەموو هێزە سەربەخۆییخوازەکانی کوردستان.

مادەی ۳ — بنەما ستراتیژیەکانی بزووتنەوە

١. هەوڵی دیپلۆماسی و لۆبیگەری لە گۆڕەپانە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی.

٢. مافی ڕەوا و مەشڕووع بۆ بەرگریکردن لە نەتەوەی کورد و خەبات بە دژی داگیرکاری.

٣. دامەزراندنی حکوومەتێکی کاتی لە تاراوگەدا بە پێی پێویستیی هەلومەرج.

٤. ڕێکخستن و پێکهێنانی هێزێکی بەرگریی یەکگرتوو و پێکهاتوو لە هێزی پێشمەرگەی هەموو لایەنە کورد و کوردستانیەکان، لە چوارچێوەی ئەرتەش یا سپایەکی نەتەوەییدا.

٥. هەوڵدان بۆ یەکگرتن و یەکخستنی هێزە کوردییەکان

بەشی دووهەم — ئەندامێتی

مادەی ٤ — مەرجەکانی ئەندامێتی

١.  هەر کوردێکی پابەند بێ بە ئامانج و پرەنسیپەکانی بزووتنەوە، دەتوانێت ببێتە ئەندامی فەرمی.

٢.  تەمەنی لە خوار هەژدە ساڵ نەبێ.

٣. ڕۆحی نیشتمانپەروەری و هەستی ناسیۆنالیزمی کوردی “کوردیزم” ی هەبێ.

٤.  ئەندامبوون لە هێز و بزووتنەوە فاشیستەکان، دژە دیموکراسیەکان، یان دژە کوردیەکان بەربەستە لە بەردەم ئەندامبوون.

٥. ئەندامێتی دەبێتە فەرمی بە واژۆکردنی فۆڕم و مەنشووری ئەندامێتی و قەبووڵکردنی پێڕەو و پرۆگرامی بزووتنەوە.

مادەی ٥ – پرۆسەی ئەندامێتی.

١. پڕکردنەوەی فۆڕمی فەرمی ئەندامێتی و سوێندخواردنی نەتەوەیی و نیشتمانی.

٢. لانیکەم ماوەی تاقیکردنەوەی دوو مانگە تێپەڕ بکا.

٣. بەشداریکردن لە یەکێک لە ئۆرگانە ڕێکخراوەییەکانی بزووتنەو.

٤. ئەندامێتی فەرمی دوای تەواوکردنی سەرکەوتوویی ماوەی تاقیکردنەوە و پەسەندکردنی لەلایەن بەشی تەشکیلات و لیژنەی پەیوەندیدارەوە.

مادەی ٦ – ئاستی ئەندامێتی

١. ئەندامی فەرمی و ئاسایی.

٢. ئەندامی کارگێڕی (چالاک لە هەیکەلی ڕێکخراوەیی).

٣. ئەندامی ڕێبەری (بە دەنگی کۆنگرەی گشتی).

مادەی ٧ – ئەرکی ئەندام

١. پابەندبوون بە ڕەچاوکردنی بنەما، بەها و ئەرزشەکانی بزووتنەوە.

٢. هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بزووتنەوە.

٣.  ڕەچاوکردنی دیسیپلین و ڕێساکانی ڕێکخراوەیی.

٤. بەشداریی چالاک و کارا لە کۆبوونەوە فەرمی و گشتییەکاندا.

٥. پاراستنی نهێنی و زانیاری ناوخۆیی بزووتنەوە.

٦. بەرەوپێشبردنی هۆشیاری و زانیاریی سیاسی.

٧. پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگە و ڕاکێشانی لایەنگرانی نوێ.

٨. پشتیوانی و داکۆکی لە بڕیارەکانی بزووتنەوە و ڕێبەرایەتیەکەی.

٩. ڕێزگرتن لە ئەندامانی تر و پاراستنی گیانی هاودەنگی” ئەندامانی بزووتنەوە وەک ئەندامانی یەک خێزان و بنەماڵەن”.

مادەی ٨ — مافی ئەندام

١.مافی دەنگدان، هەڵبژاردن و خۆ کاندیدکردن لە ئۆرگانەکانی بزووتنەوەکەدا.

٢. مافی ڕەخنەگرتن، پێشنیارکردن و پرسیارکردن.

٣. بەشداریی چالاکانە لە بڕیاردان.

٤. وەرگرتنی وەڵامی ڕوون لە بەرپرسان.

٥. بەشداریکردن لە کۆبونەوە و چالاکیەکاندا.

٦.  سودمەندبوون لە ڕاهێنانی سیاسی و ڕێکخراوەیی.

مادەی ٩ – دیسپلینی ڕێکخراوەیی:

١. لە حاڵەتی پێشێلکردنی بنەماکانی بزووتنەوە: ئاگادارکردنەوەی زارەکی، ئاگادارکردنەوەی نوسراو، هەڵپەساردنی ماوەیی، هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی.

٢. لە لیژنەی ناوبژیوانی و دیسپلین مافی تانەلێدان و دووبارە پێداچوونەوە هەیە.

مادەی ١٠ – پرۆسەی فەرمی داواکاریی ئەندامێتی و فۆڕمی ئەندامێتی

١. پرۆسەی ئەندامێتی فەرمی لە بزووتنەوە بە پڕکردنەوەی فۆڕمی فەرمی “داواکاری ئەندامێتی” ئەنجام دەدرێ.

٢. فۆڕمی ئەندامێتی ئەم بەشانەی خوارەوە لە خۆ دەگرێ و پێویستە هەموو داواکارێکی ئەندامیتی پڕی بکاتەوە کە لە ژێرەوەی ئەم نوسراوە دانراوە:

بەشی ٣ — پێکهاتەی ڕێکخراوەیی بزووتنەوە:

مادەی ١١ – بنەما گشتییەکان.

١. ڕێبەرایەتی و هەموو ئۆرگانەکان لە خوارەوە بۆ سەرەوە هەڵدەبژێردرێن.

٢. ئۆرگانەکان دەبێ راپۆرتی مانگانە بدەنەوە بە سەرووتری خۆیان و ڕێبەری.

٣.  یەکگرتوویی و دیسیپلین لە بزووتنەوەدا ئەرکێکی بنەڕەتییە و لە هەموو ئاستەکان دا دەبێ ڕەچاو بکرێ.

٤. پێویستە هەموو چالاکییەکانی بزووتنەوە لەسەر بنەمای سیستمێکی بەرنامە بۆ دارێژراو و بە پێی پلاندانان و هەماهەنگی بێ.

٥. پێویستە هەموو ئۆرگانەکان بەرنامەی و پێڕەوی ناوخۆیی نووسراو و تۆکمەی تایبەت بە خۆیان هەبێ.

مادەی ١٢ – پێکهاتەی ڕێکخراوەیی بزووتنەوە:

١. کۆنگرەی گشتی (چوار ساڵ جارێک یان نائاسایی).

٢. دەستەی ڕێبەری و سەرکردایەتی.

٣. سەرۆکی بزووتنەوە .

٤.  دەستەی کارگێڕی.

٥.  دەستەی دادوەری، نەزم و دیسپلین.

٦.  لیژنە و کۆمیسیۆنە تایبەتیەکان.

٧. ناوەندەکانی کار و چالاکی.

٨. دەستەی لێکۆڵینەوە ستراتیژیەکان.

مادەی ١٣ – ئەرکەکانی کۆنگرەی گشتی:

١.  دیاریکردنی سیاسەت و ستراتیژیی بزووتنەوە.

٢.  هەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی ناوەندی، ڕێبەری و سەرکردایەتی.

٣. پێداچوونەوە بە خەبات و تێکۆشانی ڕابردووی بزووتنەوە.

٤.  پەسەندکردنی هەموارکردنەوە و پێداچوونەوە بە پێڕەو و پرۆگرام.

مادەی ١٤ – ئەرکەکانی ڕێبەری و سەرکردایەتی:

١.  بەڕێوەبردنی سیاسیی بزووتنەوە.

٢.  بەڕێوەبردنی دارایی و ئابووریی بزووتنەوە.

٣. سەرپەرەستیکردنی کار و چالاکیی سەرجەم ئۆرگان و ناوەندەکان.

٤.  وەڵامدەر بەرامبەر بە کۆنگرە.

مادەی ١٥ — بەڕێوەبردنی کۆنفرانسی گشتیی بزووتنەوە:

١.مەرج و پرۆسەی بەڕێوەبردنی کۆنفرانسی گشتیی بزووتنەوە لەلایەن دەستەی ڕێبەری و سەرکردایەتییەوە داڕێژرێت و ڕادەگەیەنرێت.

مادەی ١٦ – دەسەڵاتی دەستەی کارگێڕی:

١. بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانەی بزووتنەوە.

٢. هەماهەنگی نێوان بەشە جیاوازەکانی بزووتنەوە.

٣.  جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ڕێبەری و دەستەی سەرکردایەتی.

مادەی ١٧ — سەرۆکی بزووتنەوە:

١. سەرکردایەتی و ڕێبەریی فەرمی بزووتنەوە.

٢.  بەرپرسی سیاسەتی گشتیی بزووتنەوە لە ناوخۆ و دەرەوە و بەرپرسی پەیوەندییە گشتیەکان.

٣. هەماهەنگی لەناو بزووتنەوەدا.

٤. ڕاپۆرتی ماوەی سەرۆکایەتی بۆ کۆنگرەی گشتی.

مادەی ١٨ – دەستەی لێکۆڵینەوە ستراتیژیەکان:

١. بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی سیاسی ناوچەکە و جیهان.

٢. پێشنیارکردنی پێشنیارەکان بۆ داڕشتنی سیاسەتەکانی بزووتنەوە.

مادەی ١٩ – ناوەندەکانی کار و چالاکیی بزووتنەوە:

١. ئەنجامدانی چالاکی تایبەتمەند و جێبەجێکردن.

٢. جێبەجێکردنی پلانی ستراتیژی.

بەشی چوارەم — شەفافیەتی ئابووری، دارایی و بەڕێوەبردنی داهات و سەرچاوەکان:

مادەی ٢٠ – سەرچاوە داراییەکانی بزووتنەوە:

١. پارەی ئابوونەی مانگانەی ئەندامێتی

٢.  یارمەتیی خۆبەخشانە

٣. داهاتی پڕۆژە و چالاکییە ئابوورییەکان

٤. پاڵپشتی دارایی لەلایەن دامەزراوە و تاک و لایەنەکانی هاوتەریب لەگەڵ بنەماکانی بزووتنەوە

٥. داهاتی شەرعی تر لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتیەکان

مادەی ٢١ – شەفافیەتی دارایی

١. لیژنەی دارایی،ڕاپۆرتی ساڵانەی دارایی پێشکەش بە کۆنگرەی گشتی دەکا.

٢. هەر چەشنە یارمەتیەکی داراییی بەرچاو پێویستە دەستەی ڕێبەری و سەرکردایەتی لێی ئاگادار بێ.

بەشی پێنجەم — مەنشووری ئەخلاقی

مادەی ٢٢ – ڕێسا و یاسای ئەخلاقی بۆ ئەندامان

١. ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ و ڕێزگرتن لە فرەچەشنی ئایینی و کولتووری و جێندەری و هەروەها داکۆکیکردن لە مافی ژنان و کەمینە جێندەریەکان

٢. خۆ دوورگرتن لە زمانی زبر و جوێن و بێڕێزیکردن و هەروەها دوورکەوتنەوە لە هەر چەشنە هەڵاواردن، توندوتیژی و دووبەرەکی

٣. پابەندبوون بە پرەنسیپە دیموکراسیەکان لە ڕەفتاری ڕێکخراوەییدا

٤. پاراستنی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی ڕێکخراوەیی

بەشی شەشەم — پێداچوونەوە و هەموارکردنەوە

مادەی ٢٥ – پێداچوونەوە بە پەیڕەو و پرۆگرام

١. هەموارکردنەوەی ئەم پەیڕەوە تەنیا لە کۆنگرەی گشتیدا بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئامادەبوو دەتوانرێ ئەنجام بدرێ.

٢. پێویستە پێشنیارەکانی هەموارکردنەوەکان بەلایەنی کەمەوە مانگێک پێش کۆنگرەی گشتی ڕابگەیەندرێ.

مادەی ٢٦ – جێبەجێکردن

ئەم یاسایە لە ڕێکەوتی پەسەندکردنی لە کۆنگرەی گشتیی بزووتنەوەدا کاری پێدەکرێ و هەموو ئەندامانی فەرمی دەبێ پێیوە پابەندن بن.

📜 سوێندی نیشتیمانی و فەرمی ئەندامێتی لە بزووتنەوەی سەربەخۆیی کوردستان (BSK)


“هەموو ئەندامان پێویستە ئەم سوێندە بخوێننەوە و بە دەنگ زەبتی کەن و بینێرن”

ئەمن، ………………………………………………………….

لەبەردەم نەتەوەی مەزنی کوردستان، لەبەردەم مێژووی شکۆمەندیی خەباتی میللەتەکەمان و بە ئاگاداری تەواوەوە لەو بەرپرسیارێتییە قورسەی لە پێشمە، لێرەوە سوێند دەخۆم کە:

١ . باوەڕم بە ئاڕمانی بەرزی سەربەخۆیی بۆ کوردستان هەیە، گیان و ژیان و سامان و بوونم تەرخان دەکەم بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و هەمیشە ئامادەم بۆ گیانبازی، گیانفیدایی و قوربانیدان لە پێناوی ئەو دۆزە ڕەوایەدا.

٢ . یەکگرتوویی، شوناس و ناسنامەی نەتەوەیی و یەکپارچەیی وڵات و خاکی کوردستان بە پیرۆز دەزانم و لە ناخی دڵمەوە و بە هەموو وجوودمەوە لە بەرامبەر هەر هەڕەشە و پیلان و دووبەرەکییەکی دوژمنانی کورد و کوردستان دەوەستمەوە و بە هەموو هێز و توانامەوە داکۆکی لە مان و مەوجوودیەتی ئەم نەتەوەیە و ئەم خاکە پیرۆزە دەکەم.

٣ . من پابەند دەبم بە پرەنسیپەکانی دیموکراسی، سێکۆلاریزم، مافەکانی مرۆڤ و بەبێ گوێدان بە جیاوازیی ئایینی، عەقیدەیی، ڕەگەزی، یان چینایەتی باوەڕم بە بەرابەریی هەموو خەڵکی کوردستان هەیە.

٤ . بەرژەوەندیی نەتەوەیی کوردستان له سەرووی هەموو بەرژەوەندییە تاکە کەسی، گرووپی، حیزبی دادەنێم و هەمیشە لە ڕێگەی بە دیهێنان و وەدیهێنانی ئیرادەی نەتەوەی کورد بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی هەنگاو داوێم.

٥ . لە پێناوی ئاڕمانەکانی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان ، بە ڕۆحێکی یەکگرتووخوازانە، خۆڕاگرانە و داهێنەرانە و بەو پەڕی ڕاستگۆییەوە ،چالاکانە بەشداری چالاکییەکانی بزووتنەوە دەبم.

٦ . بە ڕاستگۆیی و دڵسۆزانە نهێنی و زانیارییە ناوخۆییەکانی بزووتنەوە دەپارێزم و هەرگیز هاوکاری هێزە داگیرکەرەکان یان دوژمنانی نەتەوەی کورد و بزووتنەوە ناکەم.

٧ . سوێند دەخۆم بە شەڕافت و کەرامەت، بە ئینسانیەت و مرۆڤایەتی، بە بیر و باوەڕ و ویژدانم .

سوێند بە بست بە بستی خاکی پیرۆزی کوردستان.

سوێند بە خاک و نیشتمان ، بە نەتەوە، بە ئاڵا، بە ئاڕمان و ئامانج و هێمای نەتەوەیی و نیشتمانی و بە ڕێبازی پڕ لە سەروەریی سەربەخۆییخوازی.

سوێند بە گیان و خوێنی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی و سەربەخۆیی کورد و کوردستان.

٨ . بەڵێن دەدەم:

تا دوایین هەناسەی ژیان، لە بیر و باوەڕ و ڕێبازی سەربەخۆییخوازی لانەدەم و تا دوا دڵۆپی خوێنم، پارێزەری سەروەریی خاک و میلکان ، ئاڵا، نەتەوە و نیشتمانی پیرۆزی کوردستان و سەرزەمینی کوردەواری بم و بە ویژدان و شەڕافەتەوە پارێزگاری لە مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد بکەم.

بەڵێن دەدەم و لە گەڵ پیرۆزییەکانی کورد و کوردستان پەیمان دەبەستم بۆ یەک چرکەش خەیانەت بە خاک و گەل و نەتەوە و نیشتمانم نەکەم و وەک کوردێکی ناسیۆنالیست هەموو کوردێکی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرم بە هەر بیر و باوەڕێکەوە کە هەیەتی، خۆش بوێ .

٩ . پەیمان دەبەستم و بەڵێن دووبارە دەکەمەوە و سوێند دەخۆم:

لە بەرانبەر شەهیدانی ڕێگای ئازادیی نەتەوەکەم، لەبەرانبەر منداڵانی ئەم خاکەدا کە شایەنی ئایندەیەکی ئازادن، لەبەردەم هەموو دایکانی ئەم نیشتمانە، سوێند دەخۆم کە تا سەرکەوتنی یەکجارەکی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بەردەوام دەبم لە خەباتێکی بەردەوام و بێوچان.

سوێند بە هەموو پیرۆزییەکانم، سوێند بێ بە چەک، بە قەڵەم، بە بیر و باوەڕ، تا دوا هەناسەم، پێشمەرگەی ڕێگەی کوردایەتی و ڕێبازی سەربەخۆیی دەبم.

✍️ واژۆ: ………………………….

📅 ڕێکەوت:……………………..

 

فۆڕمی فەرمیی ئەندامێتی لە بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان:

Drop your files here or click here to upload You can upload up to 5 files.
Drop your files here or click here to upload You can upload up to 5 files.

پێڕەوی ناوخۆیی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

——————————————————

لە ڕێگەی ئەم لینکەوە دەتوانری داوای ئەندامیەتی پێشکەش بکرێ

——————————————————
دەستوور، بەرنامە و پێڕەوی بزوتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووپەیماننامەی “سێڤر”
بابەتی دواتربەستنی کۆنگرەی بەناو ناودارانی کورد،لە لایەن ئێرانەوە، خزمەت بە دۆزی کورد یا پیلانگێڕی؟

Leave a Reply

تاریخ کوردی و میلادی
نوێترینەکان
لە وڵاتی بریتانیا کۆبوونەوەیەک لە لایەن ڕێکخراوی کورد فۆر لەیبە و کوردیش پڕۆگرێس و بە هاوکاری دەم پارتی بەڕێوە چوو سمینارێک لە ژێرناوی دیاسپۆرای کورد و جوو لە پارلمانی بریتانیا بەڕێوە چوو. پەیامی سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان بەیانیە، بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان: هێرشی مووشەکی بۆ سەر بارەگاکانی پارتی ئازادیی کوردستان مەحکووم و شەرمەزار دەکەین. پشتیوانیکردن لە ڕۆژئاوا ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە, بەیاننامەی هاوبەشی ٧ حیزبی کوردستانی. لایەنە سەربەخۆییخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوای مانگرتنی سەرتاسەریی لە ڕۆژهەڵات دەکەن پرۆفیسۆر دوکتور گوڵمراد مرادی، ڕووناکبیر، نووسەر، وەرگێڕ و لێکۆلەری گەورەی کورد کۆچی دوایی کرد پەیامی ئاشتیاکۆ پوورکەریم سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بۆ پێڕەوانی ئایینی یارسان بە بۆنەی جێژنی پیرۆزی قەوەڵتاس بەیاننامەی هاوبەشی پێنج لایەنی سەربەخۆییخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێوەندی بە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە تاران، ئیسفەهان، مەشهەد، شیراز، کرماشان، هەمەدان، ئەهواز و ناوچە و شارەکانی دیکە. ئاشتیاکو پوورکەریم پیرۆزبایی لە بەرهەم ساڵح دەکا بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دۆسۆڵدۆرفی ئاڵمان: سمینارێک لە سەر مافی مرۆڤ و نەتەوە خاک داگیرکراوەکانی ناو ئێران بە بەشداریی مەسعوود پژووهی ئەندامی ڕێبەریی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بێرمینگهام: لە لایەن ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد کۆڕێک بۆ ئاشتیاکۆ پوورکەریم سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، ڕێکخرا پارلمانی بریتانیا ، کۆبوونەوەیەک بۆ نەتەوەکانی کورد، عەڕەبی ئەحوازی و بەلووچ . پێشانگای کتێب لە پاریس، لە لایەن دامەزراوەی “کل العرب” بە بەشداریی ئاشتیاکۆ پوورکەریم سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان پەیامی ئاشتیاکۆ پوورکەریم ، سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بە بۆنەی جەژنی خاوەنکار