پلانی دوو داگیرکەر، ڕۆژاوا لە نێوان بەرداشی ئەردۆغان و بەشارئەسەد دا

پەیامی سەرکردە گەنج و ژیر و بە بیرەکەی باشوور، جەنابی کاک بافڵ تاڵەبانی وەک سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کە دەڵێ: پاڵپشتی لە کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەین هەمان پەیامی مەزڵووم کۆبانی، حەماسە خوڵقێن و فەرماندە و ڕێبەرە چاونەترسەکەی کوردە لە ڕۆژاوا کە دەڵێ: هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌وڵه‌تی تورك پڕۆژه‌ی داگیركارییه‌ بەڵام بە هێزی یەکگروویی ناو ماڵی کورد،خاکی کوردستان بۆ داگیرکەران دەکەینە گۆڕستان.
ڕۆژاوای کوردستان بە خوێن و فرمێسک، بە قوربانی و شەڕ بە دژی تاریک پەرەستانی داعش و ئەردۆغان و بەشار ئەسەد هاتە بەرهەم.
حەماسەی کۆبانی و عفرین لە ڕۆژاوا جیا لەوەی وانەی خۆڕاگری بوو، هاواری غەدرلێکراویی نەتەوەی کوردی گەیاندە گوێی هەموو جیهان بە گشتی و ئازادیخوازان بە تایبەتی و دەرسێکیش بوو بۆ هەموو داگیرکەران کە درەنگ یا زوو دەبێ خاکی پیرۆزی کوردستان بە جێ بێڵن و لە سەر ئەو خاکە جێیان نابێتەوە.
ڕژیمی داگیرکەری تورکیە کە تا سەر ئێسقان و لە ناخی ڕەشیەوە دژ بە دروستبوون و سەقامگیریی ناو ماڵی کورد و خاکی کوردستانە، چاوی بەرایی نادا دەستکەوتەکانی کورد نە لە باشوور و نە لە ڕۆژاوا ببینێ، هەر بۆیە بە بیانووی بێ بنەما و لە بێدەنگیی جیهانیدا، هێرش دەکاتە سەر باشوور و هەڕەشەی هێرشکردن بۆ سەر ڕۆژاواش دەکا.
گەلی کورد توانی هەیمەنە و ترس لە داعش کە دروستکراوی ئێران و تورکیە و چەند وڵاتێکی تربوو، بشکێنێ.
بەڵام لەو ناوە دا ئێستاکە ڕۆژاوای کوردستان کەوتۆتە ناو چەندین بەرداشەوە، لە لایەکەوە لە گەڵ داعش و تاریکی شەڕ دەکا و لە لایەکی ترەوە دەبێ باڵانسی پێوەندی لە گەڵ دوژمنەکەی تری واتە بەشار ئەسەد و هەروەها وڵاتانی زلهێزی جیهانی وەک ئەمریکا و فەڕانسە و … بپارێزی و هاوکاتیش دەبێ شەڕ لە گەڵ ڕژیمی داگیرکەری تورک بکا کە ئەندامە لە هاوپەیمانی ئاتلانتیکی باکوور واتە ناتۆ.
هیچ جیاوازییەک لە نێوان داگیرکەرانی کوردستان دا بوونی نییە و نابێت لە ترسی داگیرکەرێکی وەک ئەردۆغان و تورکیە، پاڵ وە داگیرکەرێکی دیکەی وەک سووریە و بەشار ئەسەد بدرێ یان لە ترسی ڕژیمی ئێران پاڵ وە عێڕاق یان بە پێچەوانەوە بدەین، وەک ئەوە وایە کە لە ترسی گورگێکی برسی پاڵ وە گورگێکی دڕندەتر بدەین، ئەوان بە تەمای ڕاوکردنمانن، کەمینیان لێ گرتووین و پەلەش ناکەن و پاڵ وەهەر لایەکیان بدەین، بووینەتە نێچیری گورگ.
هەڕەشە و هێرشی داگیرکەران بۆ سەر کوردستان لە حاڵێکدایە کە بۆ خۆیان لە ناو خۆیاندا جیا لە ناڕەزایەتیی خەڵک و ڕەوشی ئابووریی نالەبار، تووشی کۆمەڵێک قەیرانی ناوخۆیین و شەڕی جمکەکانی دەسەڵات و بەرژەوەندییخوازی لە هەر ئان و ساتێک دا لە تەقینەوە دایە و سەرەڕای ئەوەش دەیانهەوێ بە بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی خەڵک و سەرقاڵکردنیان بە هێرش بۆ سەر کوردستان و لە راستیدا لە سەر حیسابی نەتەوەی کورد، هەوڵ بۆ یەکڕیزیی ناو ماڵی خۆیان بدەن.
داگیرکەران لەوە تێگەیشتوون کە لە ئەگەری تەقینەوە و هەڵتەکانی دەسەڵات لە ئێران، عێڕاق، سووریە و تورکیە (( کە بەم نزیکانە ڕوودەدات)) ئیتر جوغڕافیایەکی دەستکرد و جەعلی بەو ناوانە بوونی نامێنێ و هەر کام لە نەتەوەکان بە مافەکانی خۆیان دەگەن و دەبنەوە خاوەنی وڵاتی خۆیان.
دۆڕاوی سەرەکیش ئەوانە دەبن کە هەنگاو بۆ بنیات نانەوە و پاراستنی سنوورە دەستکردەکانی داگیرکەران داوێن و براوە و سەربەرزی ناو نەتەوەکەیان ئەوانەن کە لە پێناو سەربەستی و سەربەخۆیی نەتەوەیی خەبات دەکەن.

هەلومەرجی ناسک و هەستیاری ئەمڕۆیی وا دەخوازێت کە نەتەوەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە یەکێتی و یەکگرتوویی، شەری مان و نەمان بکات، شەڕێک بۆ یەک لایی کردنەوەی هەمیشەیی دۆزی ڕەوای گەلی کورد.
ئەو شەڕە دەبێ شەڕی یان کوردستان یان نەمان بێ، شەڕیک بێ بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و ئازادیی یەکجاریی کورد و بنیات نانی دەوڵەت و حکوومەتی سەربەخۆی کوردستان.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply