بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان: ژەهراویکردنی قوتابیان، پڕۆژەی نوێی ڕژیمی ئێرانە بۆ لەباربردنی شۆرشی ژینا.

شۆڕش و ڕاپەڕینی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەشەنە سەندنی ئەم شۆڕشە بۆ سەرجەم ناوچەکانی دیکەی جوگرافیای جەعلیی ئێران، جیا لەوەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی خستۆتە لێواری ڕووخان و هاوکات ئەم ڕژیمە  لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیشدا ڕەوایی و مەشرووعیەتی خۆی بە تەواوی لە دەستداوە.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا کە بە دروشمی “ژن،ژیان،ئازادی” و بە پێشەنگایەتیی کچان و ژنانی کوردستان دەستیپیکرد، دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ئێرانی داگیرکەر، وەک پیشەی هەمیشەییان خۆیان لە هیچ چەشنە جینایەتێک دەرهەق بە نەتەوەی کورد نەبوارد و تا بۆیان کرا، گرتیان، کوشتیان، لە سێدارەیان دا، بەڵام بڵێسەی شۆڕش دانەمرکا.

بەرنامەداڕێژەرانی سیاسەتی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش ئەوەی لەوە تێگەیشتن کە بەم شێوە لە سەرکوت و کوشت و کوشتار ناتوانن شۆڕش و ڕق و قینی خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە دەست دیکتاتۆری و داگیرکاری خامۆش بکەن، ماوەی چوار مانگە جیا لە بەردەوامیی گرتن و زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام، پەنایان بردۆتە بەر دەرمانداوکردنی کچان و قوتابیان.

لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوو دا دەیان قوتابخانە لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ” دیواندەرە، سنە، سەقز ” لە لایەن ڕژیمەوە ژەهراویکراون و لە دوایین حاڵەت دا جیا لەوەی لە دەروازەی ڕاپەڕین” لە شاری سەقزی ژینا” زیاتر لە ٩ قوتابخانە کەوتوونەتە بەر عەمەلیاتی ژاراویکردن، لە ڕۆژی ١٨ی خاکەلێوە “كارۆ پەشابادی” قوتابیی تەمەن شازدە ساڵانەی کامێرانی بە هۆی دەرمانداوکردنەوە لە تاران گیانی لە دەستدا.

بە پێی زانیاری و هەواڵەکان لە ماوەی ئەم چوار مانگە دا لە سەرتاسەری جوغرافیای جەعلیی ئێراندا، نزیکەی ١٥ هەزار قوتابیی کچ کەوتوونەتە بەر پڕۆژەی شیمیایی و عەمەلیاتیی شوومی ژەهرخواردکردن.

لەم پڕۆژە نوێیەدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە شێوەی سیستماتیک و بەرنامە بۆداڕێژراو، چەخماخە لێدەرانی شۆڕش و پێشەنگەکانی ڕاپەڕینی ژینا واتە ژنان و کچانی کردۆتە ئامانج و کچانی قوتابخانەکان شیمایی و ژەهرخوارد دەکا.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، لە پێوەندی بە پڕۆژی شیمیایی و ژەهرخواردکردنی قوتابیان، وێرای مەحکوومکردنی ئەم جینایەتە دژە مرۆییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران،
یەکەم: داوا لە دایکان و باوکانی قوتابیان دەکا: تا بەردەوامیی ئەم ڕەوشە و ڕووخانی یەکجاریی کۆماری ئیسلامیی ئێران” کە نزیکە” لە ناردنەوەی منداڵەکانیان بۆ خوێندنگە و قوتابخانەکان خۆ ببوێرن و لە ماڵەوە ڕاهێنانی خوێندن بە منداڵەکانیان بکەن و هاوکات داواکارین لە مامۆستایان و شارەزایان کە بۆ ئەم پرسە یارمەتیدەری دایک و باوکی منداڵان و قوتابیان بن.

دووهەم: داوا لە ڕێکخراوەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان و سازمانە جیهانیەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ دەکەین وێرای مەحکوومکردن و لە قاو دانی ئەم سیاسەتەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کۆمیتەیەکی تەحقیق واتە لیژنە و شاندێکی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی نێودەوڵەتیی شارەزا لە سەر ئەم پرسە ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بکەن، تاکوو ڕاستیی ئەم ڕووداوە و لایەنە شاراوەکانی ئەم جینایەتەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کۆمەڵگای جیهانی زیاتر ڕوون ببێتەوە .

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
٢١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ی کوردی
١٠ی ئاپریلی ٢٠٢٣ی زایینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply