ئاشتیاکۆ پوورکەریم، سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
کۆتاییهاتن بە شەڕی یەکەم و دووهەمی جیهانی بە بێ یەکلایی بوونەوەی پرسی کۆمەڵێک نەتەوەی بێدەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و هەروەها بەردەوامیی کێشە و ئاڵۆزییەکان لە نێوان دوو جەمسەری سەرەکیی هێز لە ئاستی جیهانیدا، جیهان بەرەو شەڕی سێهەم کە چەقی ئەم شەڕە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێ، پەلکێش دەکەن.
لە ماوەی ٢٣ساڵی رابردوو ، هێرشی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان و عێڕاق، بەهاری عەڕەبی لە توونس،لیبی،میسر و سەرەنجام سووریە، وەک سەرەتاکانی سەرهەڵدانەوەی شەڕ و ئاڵۆزیی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێنە ئەژمار کە چەخماخەی خۆشکردنی ئاگری ئەم شەڕە لە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ دا جارێکی تر بە فەرمی و بە چاوەدێریی ئیران لە ڕێگەی دەستوپێوەندییەکانیەوە تەشەنەی سەندەوە.
ئایا ئیران، هەروا ناراستەوخۆ درێژە بە شەڕی بە وەکالەت لە دەرەوەی سنوورە دەستکردەکانی دەدا یان راستەوخۆ دەچێتە ناو شەڕی ئیسرائیل و حەماس، حیزبوڵڵا و … ؟
پەروەردە و هەناردەکردنی تیرۆر لە ناوچەکە دا و هەروەها دروستکردنی بەرەیەک لە ژێر ناوی “بەرەی موقاومەت” کە ڕاستەخۆ لە لایەن ئیرانیەکانەوە پاڵپشتی دەکرێ، ئیرانی ڕاپێچی ناوی شەڕێکی ناڕاستەوخۆ بە دژی ئیسرائیل، ئەمریکا، ئورووپا و بەشێک لە وڵاتانی عەڕەبی کردووە.
دامەزراندنی بەرەی موقاومەت لە لایەن ئیرانیەکانەوە، بە مەبەستی دروستکردنی “هیلالی شیعی” ، پێکهاتوو لە حیزبوڵڵای لوبنان، حەشدی شەعبی و چەند گرووپێکی تری عێڕاقی،گرووپەکانی وەک حەماس و … لە فەلەستین، حوسیەکان لە یەمەن و کۆمەڵێک ڕێکخراوی دیکە لە ئاستی ئاسیا و ئەفریقا، جیا لەوەی ترس لە پەرە سەندنی ڕۆژ بە ڕۆژی تیرۆریسمی نێودەوڵەتیی ئیرانی لە ئاستی جیهانیدا زیاتر کردووە، بۆتە هۆکار بۆ ئەوەی ئیران وەک ماکەی تیرۆر و سەری مارەکە بکرێتە ئامانج و ببێتە چەقی ئەم گۆڕانکاریە نوێیانەی کە بڕیارە لە سەر نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین پیادە بکرێ.
کۆتاییهێنان بە هێژموونیی ئێران لە ئاستی ناوچەکەدا کە لە ڕێگەی لێدان لە دەستوپێوەندییەکانی و کورتکردنەوەی پەل و پۆیەکانی ئەم ڕژیمەوە دەستی پێکردووە، سەرەتاکانی قۆناغی کۆتایی هێنانە بە دەسەڵاتی ئاژاوەگێڕ و شەڕەنگێزی ئیرانیەکان کە تەنانەت کوشتنی سەرۆک کۆماری ئیران “ئیبراهیم ڕەئیسی” و دانانی پزشکیان وەک سەرۆک کۆماری نوێ و هاوکات کوژرانی ئیسماعیل هەنیە لە ئەمنیەتی ترین دۆخی ئیراندا، سەرجەمیان پێکەوە گرێدراو و تەواوکەری یەک هاوکێشەن کە بریتیە لە پەلکێش کردنی ئیران بۆ شەڕێک کە شەڕی کۆتاییهاتنی دەسەڵاتەکەیان بێ.
بە نەمانی ڕژیمی ئیران، عێراق و سووریە لاوازتر دەبن و کورد لە ڕۆژهەڵات، باشوور و ڕۆژآوا دەبێتە یەکێک لە کاراکتەرە سەرەکییەکانی ناو هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە.
ڕووخانی ڕژیمی ئیران دەتوانێ هەلێکی مێژوویی و گرینگ بێ بۆ ئازادیی یەکجارەکیی هەر چوار پارچەی کوردستان، لە وەها هەلومەرجێک دا کە دەرفەتی گرینگ و چارەنووسساز لە بەردەم نەتەوەی کورد دایە، پێویستە هێز و لایەنە سیاسیە کورد و کوردستانیەکان بۆ گۆڕانکارییە بنەڕەتی و سیاسیەکان و سەر لە نوێ داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا ئامادەییان هەبێ.
بە ئاوڕدانەوەیەکی کورت و خێرا : ئەنجامی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و سووریە، فیدراڵیی باشووری کوردستان و خۆسەریی ڕۆژاوای کوردستانی لێکەوتەوە و بە گشتی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین” شەڕی سێهەمی جیهانی” سەرەنجام یەکلاکەرەوەیە بۆ پرسی کورد و بنیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.