کوردناسیۆن:لە دووهەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکردنی ژینا بە دەستی داگیرکەری ئیرانی و هاوکات لە بەرەبەری دووهەمین ساڵی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا ” ژن،ژیان،ئازادی” کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆیی لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، لە بانگەوازێکدا ڕایانگەیاندووە و داوایان کردووە کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٤ی کوردی “١٥ی سێپتامبری ٢٠٢٤” لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی گشتی بەڕێوە بچێ و هاوکات کۆمەڵێک لە ڕێکخراوی مەدەنی و مافی مرۆیی لە دەرەوەی وڵات پشتیوانییان بۆ ئەم بانگەوازە دەربڕیوە.
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان سەرەڕای ئەوەی لەو باوەڕە دایە کە داگیرکەری ئیرانی، بە مانگرتن و بە شێوازی خەباتی مەدەنی ناڕووخێ، بەڵام بەو پێیەی ئەم چەشنە لە خەبات دەتوانێ ڕوخساری ڕاستەقینە و دژە مرۆیی ڕژیمی ئێران بۆ کۆمەڵگای جیهانی زیاتر دەربخا، هەر لەو ڕوانگەوە بە پێویستی دەزانین پاڵپشتی لە بانگەوازی مانگرتنی گشتی بکەین و هاوکات داوا لە گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین کە لەم ڕۆژە دا مانگرتنێکی گشتی و هاوئاهەنگ لە هەموو شار و گوندەکانی کوردستان بۆ نیشاندانی هاوهەڵوێستی، هاودەنگی و یەکگرتوویی ناو ماڵی کورد بەڕێوە ببەن.
لە ڕێگەی ئەم پەیامەوە داوا لە ئەندامان و لایەنگرانی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان و تاک بە تاکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین کە بۆ نیشاندانی بێزاری لە داگیرکەری ئێرانی پێوەست بەم مانگرتنە گشتییەوە بن.
وادەی ئێمە بۆ مانگرتنی گشتی: ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانان، سەرجەم شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
٢١ی خەرمانانی ٢٧٢٤ی کوردی
١١ی سێپتامبری ٢٠٢٤ی زایینی