کوردناسیۆن: بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کوردناسیۆن و بە پێی ڕاگەیەندراوی دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، لە ئەنجامی تێکهەڵچوونێکی نیزامیی نابەرابەر لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکانی ئیران، هاوڕێ ڕێبوار کەریمیان ناسراو بە ڕێبوار داسێران، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و بەرپرسی کۆمیسیۆنی نیزامیی ئەم حیزبە دوای چەندین سەعات شەڕ و خۆڕاگری گیانی ئازیزی بەختی ڕێگەی ئازادیی کوردستان کرد.
بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ، شەڕ لە ناوچەی پیرانەکۆنی سەر بە مەریوان لە سەعاتی ٣ی نیوەشەو تا ئەمڕۆ دوانیوەڕۆ بەردەوام بووە و ناوچەکە لە ژێر ئاگری تۆپ و خۆمپارە بارانی هێزەکانی ڕژیمی ئیران دایە.
لەم پێوەندییە دا سەردار وەلەدبەیگی ئەندامی ڕێبەریی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردناسیۆن ڕایگەیاند کە کاتژمێر سێی نیوەشەوی ۲۹ی خەرمانانی ۱۴۰۳ی هەتاوی، لە ناوچەی ئەسکۆڵ و سیاناوی سەر بە شاری مەریوان شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزە ئیرانیەکان و هێزەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕوویداوە کە بۆتە هۆی شەهید بوونی ڕێبوار کەریمیان.
وەلەدبەیگی دەڵێ : بە پێی هەندێک سەرچاوە هێزە داگیرکەرەکانی کوردستان لەم شەڕەدا زەربەیەکی زۆر قورسیان بەرکەوتوە و چەندین جاش و پاسداری سەر بەم هێزە تیرۆریستیانەی ئیران کوژراون و هەروەها چەندین برینداریان هەبووە.
ئەو ئەندامەی ڕێبەریی بزووتنەوە هەروەها گوتی: دیارە لە ماوەی چەن ساڵی ڕابردوو دا ئیران هەوڵی بەردەوامی ئەوە بووە کە هێزەکانی پێشمەرگە لە چەک داماڵێت و بەم چەشنە ئیران زۆر هەوڵیداوە وا نیشان بدات کە کوردی تەسلیم کردوە.
ئیرانیەکان بەردەوام لە هاتووچۆی باشووری کوردستان دان و جەختیان لەسەر کردۆتەوە کە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەسلیم ببن و چەک دانێن.
دیارە شەهید بوونی هەر کوردێکی نەتەوەیی ناخۆشە و بە تایبەتی ئەگەر ئەندامی باڵای حزبێکی کوردی بێت، کە ساڵهای ساڵ تەجروبەی سیاسی و نیزامی هەیە، و بۆیە وەکوو لەدەست دانی سەرمایەی نەتەوەییە»
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان ویڕای سڵاو بۆ گیانی پاکی نوێترین شەهیدی ڕێگەی ئازادیی کوردستان، سەرەخۆشی لە ڕێبەرایەتی، ئەندام و لایەنگرانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و بنەماڵەی گیانبەختکردوو شەهید ڕێىوار و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکا.
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
٢٩ی خەرمانانی ٢٧٢٤ی کوردی
١٩ی سێپتامبری ٢٠٢٤ زایینی