بنەڕەتەکانی نەریتی ڕێئاڵ پۆلیتیک 

نووسەر: مەسعود پژوهی

هەر کاتێک کە کەسێک لە بازنەی کوردستان بابەتێک و یا کێشەیەک سیاسی باس دەکات ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی وڵامێک دەبێتەوە. جەماعەتی وڵامدەر ئێژن ” ئەوە ڕێئاڵ پۆلیتیک وایە”. بەگشتی چەمکی ڕێئاڵ پۆلیتیک بووە بە پاساوێک بۆ ئەوەی کە هەم کێشيکان بەو شێوە بشارنەوە و هەم ئەوەی کە پێداگری بکەن لەسەر هەڵەکانی خۆیان. بەم شێوە ئەساسەن پێشکەوتن و سەرکەوتن و ئەکتی سیاسی دروست لە کوردستان شکڵ ناگرێت. چالاکی سیاسی کورد هەم تووشی کێشەی بیرکردنەوە ئەبێت و هەروەها له حەزەی سیاسەتدا چیتر ناتوانێت ئەکت له خۆی نیشان بدات بەڵکوو بەردەوام له دۆخی کاردانەوە و ڕق و بوغز بەسەر دەبات. ئەم کێشانە وای کرد کە بگەڕێم بە دوای “چیەتی” ڕێئاڵ پۆلیتیکدا. دیارە بۆ هەر گەڕانێک پێویستە بابەتەکە بە شێوە ڕیشەیی سەیر بکرێت و دۆخی گەشەی ئەو بابەتە لە مێژوودا سەیر بکرێت. ئەمە وا دەکات، تێگەشتنێک یونیک لە بابەتەکە بەرهەم بێت و ئەساسی بابەتە بتوانین بە شێوەیەک  تیۆریک له مێشکی خۆمان تاوتوێ بکەین. سەرەتا ویستم وابوو کە بەرهەمی ئەم گەڕانە بە شێوەی کتێب بڵاو بکەمەوە، بەڵام بە ڕێنوێنی دانەیەک لە هاوڕێکان کە وتی” باشترە سەرەتا بە شێوەی چەند وتارێک بڵاوی بکەیتەوە و بخرێتە بەردەستی ڕخنەگر و خوێنەر تا بتوانن ڕخنە و بۆچوونەکانیان لەگەڵت هاوبەش بکەن. “، بڕیارمدا سەرەتا لە چوارچێوەی چەند وتارێک بڵاویان بکەمەوە و هیوادارم بیخوێننەوە و ڕخنە و بۆچوون و پێشنیاری خۆتان لەگەڵ من هاوبەش بکەن. 

بنەڕەتی نەریتی ڕێئاڵ پۆلیتیک 

٤٠٠تا ٤٦٠ی پێش زایین لە نێوان دەوڵەت شارەکان یۆنان مشتومڕێک زۆر بوونی هەبووە کە چەندین جەنگی تایبەتی تێدایە که تا ئێستاش سەرچاوە و جێگای سەرنجن بۆ سیاسەتمەداران و فیلسوفەکان جیهان. سەرنجڕاکێشترین و ناسراوترینی ئەم جەنگانه به ”جەنگی پلۆپۆنز” دەناسرێت و سەرنجڕاکێشترین دیالۆگ له نێوان ئەم دەوڵەت شارگەلە ”دیالۆگی مێلیان” بووە که دەتوانین له نووسینەکانی توسیدیدسدا بیخوێنینەوە. لەم مێژووەدا مێژوونووسێک دەگمەن و جێگای سەرنج بوونی هەیە بە ناوی توسیدیدس(Thucydides) که لە ئەسینا ژیاوە. توسیدیدس لە سەردەمی ئێمەدا بە یەکەمین و هەروەها باوکی مێژوونووسی زانستی ناسراوە. ئەو وەکوو تیۆریسیەنە کلاسیکەکانی دیکە هەوڵ دەدات کە پێوەندیە سیاسیەکانی نێوان دەوڵەت شارەکان یۆنان بە پرسیاری ڕاستەقینه و دروست بنووسێتەوە. ئەو پرسیار ئەکات: ”ئایا ئەکرێت کە پێوەندی نێوان ئەو دەوڵەتانەی کە هێز لایان گرنگە، بە شێوەیەک دادپەروەرانە داڕێژین؟” توسیدیدس کە نووسەری مێژووی جەنگی پلۆپۆنز بووە، لە ڕاستیدا هیچ بەرهەمێکی سیاسی نەبووە، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە هەوڵی داوە لە نووسینەکانیدا بە وردی بابەتەکان بگوێزێتەوە و هەروەها پرسیار و باسی زۆر گرنگ بخاتە بەرباس وەکوو سەرچاوەیەک گرنگ سەیر ئەکرێت، بۆ تیۆریسیەنەکانی فەلسەفەی سیاسی دوای خۆی. گرنگترین باس و پرسیارەکانی توسیدیدس لەو دەقانەدایە کە دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی نێوانی بەرەی ئەسینا و بەرەی سپارتەکان و ئەم جەنگه، بە جەنگی پلۆپۆنز دەناسرێت. 

هەرچەن نووسینەکان توسیدیدس وەکوو مێژوو سەیر ئەکرێت بەڵام بە هۆی گرنگی نووسینەکانی و وردبینی زۆر، کاریگەری داناوە لەسەر بیرمەندانی دوای خۆی. بۆ نمونە کەسانێک وەکوو تۆماس هابز، ئێمانوئێڵ کانت، دەیوید هیوم، سیسرۆ، هێگێڵ، ماکیاوێلی، نیچە و زۆرێکی دیکە لە کەڵه بیرمەندان، مێژوونووسان، زمانناسان و چیتر کە دوای خۆی بوونیان هەبوە. دەیڤید هیۆم ئەنووسێت« لاپەڕەی یەکەمی توسیدیدس دەستپێکی نووسینەوەی مێژووی ڕاستەقینەیە. توسیدیدس مێژوونوسێک دەقێق، حەکیم و وەفادارە. ئەو کاتێک دەنووسێت له هەمان سەردەمی خۆیدا دەنووسێت و قسەی ئەو جێگای بڕوایە.» نیچه له کتێبی ”ئیرادەی هێز”(١)  سەبارەت بە توسیدیدس ئێژێت:” توسیدیدس گەورە ڕێئاڵیستە کە ساحێب ئیرادەی ئەشرافی و ڕاستیە. ئەو کاتێک سەیری ژیان دەکات، بەو شێوە کە هەیە سەیری دەکات. ئەو بە بێ ڕوانینی ئەخلاقی سەیر دەکات.”. نیچە هەروەها له کتێبی ”مرۆڤی زێدەمرۆڤاسا”(٢) ئێژێت:” توسیدیدس و ڕەنگە ماکیاڤێلی گەورەترین ڕێئاڵیستەکانن که بوونیان هەبووە. بە پێچەوانەی ئەوان ئایدیاڵیسمی ئەفلاتوونی زۆر بچووک و لاوازە.” تۆماس هابز وەکوو کەڵە بیرمەندی ڕێئاڵ پۆلیتیک دەست دەداتە وەرگێڕانی مێژووی پلۆپۆنز و لە برهەمەکانی دیکەی وەکوو لڤیاتان بەردەوام گەڕانەوەی هەیە بۆ توسیدیدس. ئەوەی که به بەردەوامی بیرمەندانی دونیای مۆدێڕنه گەڕاونەتەوە بۆ توسیدیدس وای کردوە کە بەرهەمەکانی توسیدیدس لە بازنەی ئاکادمیکی جیهانی و تەنانەت زانکۆکان و جێگا ستراتیژیەکانی جیهان جێگای سەرنج بێت. 

توسیدیدس لەگەڵ نووسینەوەی ڕەوایەتی جەنگەکان باس له هۆکارەکانی جەنگیش دەکات. زۆرێک له کەسایەتیەکان کاتێک باس له ڕووداوێک تایبەت ئەکەن، هۆکارێک له سەرەتا دادەنێن و هەموو ڕووداوەکانی دیکه بە دوای ئەو هۆکارە تەحلیل و تەفسیر دەکەن. ئەم شێوە تەحلیله که لەسەر هێڵێک هەمووشتێک دەبینن کێشەی بنەڕەتی هەیە و ئەویش ئەوەیە کە ئیزن نادات ڕەهەندە جیاوازەکان له ڕووداوێک ببینین. بۆ نمونە کاتێک باس له ڕووخانی کومونیسم دەکەن، هەموو هۆکارەکانی دەگێڕنەوە بۆ سیستەم سەرمایەداری. ئەوان ئەساسەن کێشەگەلێک ڕاستی و بنەڕەتی که لە ڕوانگەی ئایدیاڵیستی چەپ هەیە نابینن. ئەمە هەمان شتێکه که ئیزن نادات چەپ له خۆیدا به دوای چارەسەر بگەڕێت بەڵکوو بۆ قەرەبوو کردنەوە هەوڵ دەدات که لەگەڵ ئیسلامی سیاسی هاوپەیمانی دروست بکات. ئەوان یەک هۆکار بۆ شکستەکان خۆیان دەستنیشان دەکەن و ئێژن هۆکاری شکست سەرمایەداری بووە و هەموو تەحلیلەکانی لەسەر ئەو هێڵه دادەڕێژن. ئەمە وا دەکات کە بە ڕق و بوغزەوە سەیری جیهان بکەن و نەتوانن بە دروستی جیهان و ڕاستیەکان ببینن. ئەمە بە هەمان نیسبەت لە تەحلیلی جیهانی کوردیشدا هەیە. ئێمەی کورد هەموو کێشەکان کورد لەسەر یەک هێڵ تەفسیر دەکەین و ئەویش داگیرکەرە. ئەم شێوە ڕوانینە وای کوردوە کە هەنگاو نەنێن بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان و ڕووخانی دەسەلاتی داگیرکەر بە ڕێگەچارەی هەموو کێشەکان دەزانین. لەحاڵێکدا کە پرسی کورد و کێشەی کورد چەندین ڕەهەندی جیاوازیان هەیە کە زۆرێک لە کێشەکان لەناو خودی کورد و بە دەستی خودی کورد  خولقاوە، بەڵام تەحلیلی هێڵی وای کردوە کە نەتوانین ڕێگەچارە بدۆزینەوە. گرنگی و جیاوازی توسیدیدس لەوەدایە که بۆ کێشەکان لە دوای تاقانه هۆکار ناگەڕێت بەڵکوو هەوڵ دەدات هۆکارە جیاوازەکان و ڕاستیەکان بۆ جەنگی پلۆپۆنز باس بکات و بیدۆزێتەوە و بیاننوسێتەوە. ئەو باس له پێوەندی هۆکارەکان پێکەوە دەکات. ماکس وێبێر کۆمەڵناس، مێژووناس و مافناس ئەم شێوە نووسینەوەی توسیدیدس بە «پراگمای توسیدیدس»(٣) ناو دەبات. کاریگەری توسیدیدس و نووسینەوەکانی لە دوای خۆی لە زەینی بیرمەندانی جیاواز ڕەنگی داوەتەوە. ئەم کاریگەریەی توسیدیدس تا ئاستێک بەرز دەبێتەوە کە لەسەر یاسای یەکیەتی ئوروپا بە شێوەی ڕاستەوخۆ کاریگەری دادەنێت. گرنگترین کاریگەری کە توسیدیدس دایناوە دەگەڕێتەوە بۆ بابەتی ڕێئاڵ پۆلیتیک و سیاسەتی جیهانی. بیرمەندانی ڕێئاڵ پۆلیتیک بە بەردەوامی ئەگەڕینەوە بۆ بابەتەکانی توسیدیدس، تا ئاستێک کە گراهام ئالیسۆن لە نووسینەکانی خۆیدا سەبارەت بە ڕوبەڕوبوونەوەی ئەمریکا لەگەڵ چین باس لە «تەڵەی توسیدید»(Thucydides Trap)(٤) دەکات. تەڵەی توسیدید ئاماژەیە بەو ڕووداوگەلەی کە دەبێتە هۆکاری جەنگەکانی ئەسینا و سپارتا. توسیدیدس ئەگێڕێتەوە دوای ئەوەی کە جەنگەکانی نێوان فارسەکان و یۆنانیەکان ڕوودەدات، ئەسیناییەکان هێز و دەسەڵات ئەگرن. ئەوان لە چەندین جەنگدا دەتوانن هێز و دەسەڵاتی خۆیان نیشان بدەن و ئەمە ترس و دڵەڕاوکێ لە ناو سپارتەکان دروست دەکات. ئەسیناییەکان چەند پەیمان لەگەڵ دورگە و دەوڵەت شارە جیاوازەکان واژۆ دەکەن و هێز دەسەڵاتی زۆرتریان پێ دەدات. لەگەڵ ئەوەی کە ئەوان دەسەڵاتی زۆرتر دەگرن سپارتەکان هەست به لاوازی دەکەن و ئەمە وا دەکات که کاردانەوە له خۆیان نیشان بدەن. ئالیسۆن گراهان ئێژێت کاتێک کە دەسەڵاتێک نوێ سەرهەڵدەدات، دەسەڵاتی کۆن مەجبور دەبێت پارێزگاری له دەسەڵاتی خۆی بکات. بۆیە کێشە و مشتوومڕ له نێوان دوو دەسەڵات سەرهەڵدەدات که دەتوانێت ببێتە هۆکاری جەنگ. ئەو ئەم ڕووداوە به تەڵەی توسیدیدس ناو دەبات.

وەکوو وتمان نووسینەکانی توسیدیدس لەسەر جەنگی پلۆپۆنس بووە، کە لە نێوان دوو لایەنی جەنگ، واتە ئەسیناییەکان و سپارتەکان ڕووی داوە. یەکێک لە گرنگترین بەشەکان که به بەردەوامی گەڕانەوە بۆی هەیە، توسیدیدس بهدیالۆگی مێلیان” دەیناسێنێت. ئەم دیالۆگه له نێوان ئەسیناییەکان و مێلۆسیەکان ڕوودەدات. 

لێرە بەولاوە ئێمەش بۆ ئاماژە بەم بابەتە، بە «دیالۆگی مێلی» بانگی دەکەین. لەم دیالۆگەدا بە تایبەت ئەسیناییەکان زۆر جەخت لەسەر ڕیەڵ بوون و سەیر کردنی ڕاستیەکان ئەکەنەوە و بە شێوەیەک جدی هەوڵ دەدەن کەڵک له هێز وەرگرن بۆ ئەوەی کە ویست و قسە و دەسەڵاتی خۆیان بەسەر لایەن بەرانبەر بسەپێنن، ودەیانەوێت بەو شێوە پەرە بە هێز و دەسەڵاتی خۆیان بدەن. بە هۆی گرنگی و تایبەت بوونی ئەم بابەتە و هەروەها بەرچاو ڕوونی بۆ خوێنەر، کە بزانێت هەم دۆخەکە چۆنە و ئەم دیالۆگە چۆن ڕووی داوە و چی وتراوە و هەروەها بەشێک مێژووی تێدایە کە پێوەندی بە کوردەوە هەیە، بە شێوەی گێڕانەوە، زمانێکی ئەمڕۆیی و هەروەها هەوڵ دەدەم بە پوختی، ئەم بابەتە بخەمە بەر باس. 

 

دیالۆگی مێلیان (٥)

شانزدەهەمین ساڵی جەنگە کە لە نێوان ئەسیناییەکان و سپارتەکان، هەرچەن پێشتر پەیمانی ئاشتی لە نێوانیان دەنووسرێت و واژۆ دەکرێت، بەڵام هیچ کام لەم دوو لایەنە ڕازی نەبوون بەو دۆخە و بەردەوام هەوڵ دەدەن هێژمونی و هێزی خۆیان پەرە پێ بدەن. هەریەک لەم دوو لایەنەی جەنگ هەندێک هاوپەیمانیان هەیە و هەندێک دورگە و دەوڵەت شاری بێ لایەنی دیکەش بوونیان هەیە. دورگەی مێلۆس یەکێک لەو دورگە بێلایەنانە بوو، بەڵام پەیوەندی باش لەگەڵ سپارتەکان هەبوە، تا ئاستێک کە خۆیان وەکوو یەک بنەماڵە پێناسە کردوە 

ئەسیناییەکان هێزێکی نیزامی چەند هەزار کەسی لە کەشتی و سوارچاک و چیتر دروست دەکەن و بەرەو دورگەی مێلۆس دەچن. لە دوورگەکە دەنیشنەوە و ئوردوگای سەربازی لە دەرەوەی شارەکە دروست دەکەن و نوێنەری خۆیان دەنێرن، بۆ ناو شارەکە کە لەگەڵ بەڕێوە بەرانی شارەکە وتوێژ بکەن و هانیان بدەن کە بە بێ جەنگ تەسلیم ببن. بە هۆی کولتوورێکی سیاسی کە ئەسیناییەکان بوویان ویستی ئەوەیان بوو کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەڵکدا قسە بکەن، بەڵام سەرکردایەتی مێلیەکان ئەوەیان قەبووڵ نەکرد و لە ژوورە داخراوەکان دیالۆگەکە بەڕێوە دەچێت. 

دیالۆگەکانیان بەم شێوە بووە: 

ئەسیناییەکان ئێژن: بەو پێیەی دانوستانەکان لەبەردەم خەڵکدا بەردەوام نابێت، بۆ ئەوەی نەتوانین بەبێ پچڕان ڕاستەوخۆ قسە بکەین، و خەڵکەکە تێگەیەنین، چی ئەگەر ئێوەی کە لەوێ دادەنیشن، بەدوای شێوازێکی وریاتردا بگەڕێن؟  بۆیە پێشنیار دەکەین که خۆتان هیچ قسەیەکی دیاریکراو مەکەن، بەڵکوو ئێمە لە هەر شتێک کە پێتان خۆش نییە، هەر باسێک کە دەیکەین، پێش ئەوەی بچینە پێشەوە و بابەتێک دیکە بخەینە بەر باس، باسی یەکەم یەکلا بکەینەوە، بۆ ئەوەی کە بتوانین دەرئەنجامێک بدۆزینەوە. بزانین بابەتەکە دەگونجێت و ئایا لە یەکتر تێدەگەین یا نە؟ 

مێلیەکان وڵام دەدەنەوەبۆ دادپەروەری بە هێمنی ڕێنماییکردنی یەکتر وەک ئەوەی ئێوە پێشنیار دەکەن هیچ شتێک نییە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین؛ بەڵام ئامادەکارییە سەربازییەکانتان زۆر پێشکەوتوون بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو قسانەی ئێوەدا هاوڕا بن، وەک دەبینین ئێوە هاتوون بۆ ئەوەی ببنە دادوەر لە دۆزی خۆتاندا، تەنها شتێک کە بە شێوەیەکی مەنتقی دەتوانین چاوەڕێی بکەین لەم دانوستانە شەڕە، ئەگەر بیسەلمێنین کە حەق لای ئێمەیە و نامانەوێت کە ببینە کۆیلە. 

ئەسیناییەکان ئێژن: ئەگەر ئێوە بۆ بیرکردنەوە سەبارەت بە چارەنووسی دۆخی داهاتوو کۆبوونەتەوە، یان بۆ هەر شتێکی تر وەکوو ڕاوێژکردن بۆ سڵامەتی دەوڵەتەکەتان لەسەر ئەو ڕاستیانەی کە لەبەردەمتان دەیبینن، ئێمە حازرین و هیچ کێشەمان نیە؛  ئەگەرنا بەردەوام دەبین (لە جەنگ). 

مێلیەکان ئێژن: سروشتیە کە مرۆڤەکان لە پێگەی ئێمەدا زیاتر لە یەک ڕێگا بگرنە بەر چ لە بیرکردنەوە و چ لە قسەکردندابەڵام پرسیارەکە لەم کۆبوونەوەدا، وەک ئێوە دەڵێن، سڵامەتی وڵاتەکەمان و گفتوگۆکەیە، ئەگەر حەزتان لێیە، دەتوانێت بەو شێوەیەی کە پێشنیاری دەکەن بەردەوام بین. 

ئەسیناییەکان وڵام دەدەنەوە: ئێمە بە خۆنمایشکردنی چەواشەکارانە درۆتان لەگەڵ ناکەین، باسی ئەوە ناکەین کە ئێمە مافی ئیمپراتۆریمان هەیە چونکە مادەکانمان ڕوخاند، یان ئێستا هێرش دەکەینە سەرتان بەهۆی ئەوەی هەڵەیەکتان کردوە و یان وتارێکی درێژ بدەین کە بڕوامان پێ بکرێت و لە بەرامبەردا هیوادارین کە ئێوە لەبری ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە کاریگەریمان لەسەر دروست بکەن و بڵێن کە ئێوە پەیوەندیتان بە لاکدایمیۆنییەکانەوە* نەکردووە، یان هیچ هەڵەیەکتان بەرانبەر ئێمە نەکردووە، بە لەبەرچاوگرتنی هەستە ڕاستەقینەکان لە هەردووکمان. بەو پێیەی ئێوە وەک ئێمە باش دەزانن کە جیهان بەو شێوەیە بەڕێوە دەچێت کە ماف تەنیا لە نێوان کەسانی یەکسان دەخرێتە بەر باس، لە غەیری ئەوەدا بەهێزەکان ئەوەی لە توانایاندایە دەیکەن و لاوازەکان تەنیا دەناڵێنن. 

مێلیەکان ئێژن: بە هەرحاڵ، گونجاوە کە ئێمە وەک ئەوەی پابەندین قسە بەکەین. ئێوە فەرمانمان پێدەدەن کە واز لە مافەکانمان بێنین و تەنیا باسی بەرژەوەندی بکەین. ناتوانن ڕێگەمان لێ بگرن کە باسی پاراستنی هاوبەشمان بکەین و یان ئیمتیازاتی ئەوەمان لێ بستێننەوە کە لە کاتی مەترسی بانگەشە بۆ ئەوەی دادپەروەرانە و ڕاستە بکەین. تەنانەت ئەو ئارگیومێنتانەی کە بە توندی کاریگەر نین ئەگەر بتوانێ قازانجی هەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئێستا. ئێوە دەبێت پێشوازی لەمە بکەن، لەغەیری ئەوەدا ئەگەر بدۆڕێن لەم دۆخەدا، دەبنە پەن بۆ ئەوە جیهان بیری لێ بکاتەوە. 

ئەسیناییەکان ئێژن: ئەگەر کاتی کۆتایی ئیمپراتۆریەکەمان گشتبێت، ئێمە ناترسێنێت. ئێمە ترسێکمان لە لاکدایمیۆنەکان نیە، تەنیانەت ئەگەر دوژمنمان بن و هێرش بکەنە سەرمان. ئەوان وەنە ڕەعیەت. ئەمانە مەترسیگەلێکن کە ئێمە لێیان ئاگادارین و ئەوەی ئێوەش تێدەگەین. ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە کە ئێستا ئێمە لە بەرژەوەندی ئیمپراتۆری خۆمان هاتووین بۆ ئێرە و لێرا قسە دەکەین بۆ پاراستنی وڵاتەکەی ئێوە. ئێوە دەتوانن بەشێک بن لە ئیمپراتۆری ئێمە و وەکوو چۆن ئێمە بەکاری دێنین بۆ بەرژەوەندی خۆمان، ئێوەش بەکاری بێنن بۆ بەرژەوەندی هەردووکمان. ئێمەش و ئێوەش پارێزراو دەبین. 

مێلیەکان ئێژن: چۆن؟ پێویستە دوعا بکەین کە ئەوەندە باش دەربچێت کە ئێمە خزمەت بکەین، ئەوەندەش بۆ ئێوە کە حوکمڕانی بکەن؟ 

ئەسیناییەکان وڵام دەدەنەوە کە چونکە ئێوە سوودی ئەوە دەبەن کە پێش ئەوەی تووشی خراپترین ئازار و مەرگ ببن ملکەچ بن، ئێمەش دەبێ بە لەناو نەبردنی ئێوە قازانج بکەین. 

مێلیەکان وڵام دەدەنەوە کە بۆ ئەوەی ڕەزایەتی ئێوە بۆ خۆمان ڕاکێشین بڕیار دەدەین کە لەم جەنگەی ئێوەدا بێلایەن بین و یان دۆست بین لەبری دوژمن، بەڵکوو هاوپەیمانی هیچ لایەنێک نەبین. 

ئەسیناییەکان ئێژن: نەخێر؛ چونکە دوژمنایەتی ئێوە ناتوانێت ئازارمان بدات، ئەوەندەش دۆستایەتی ئێوە دەبێتە ئارگیومێنتێک. 

مێلیەکات ئێژن: بەڕاسی ئەمە شێوەی بیرکردنەوەی ئێوەیە لە یەکسانی و بەرابەری. کەسانێک بێلایەن لەگەڵ کەسانێک یاخیبوو وەکوو یەکتر دەبینن؟ 

ئەسیناییەکان ئێژن: حەق تا ئەو جێگایە حەقێقەتە و ڕاست دەڕوات کە هەموو کەسێک بەشدارە لێی. ئەگەر هەر کەسێک سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت ئەوە لەبەر ئەوەیە کە بەهێزە، ئەگەر ئێمە دەستدرێژی ناکەین بەسەریاندا ئەوە لەبەر ئەو ڕاستیەیە کە ئێمە دەترسین. ئێمە دەمانەوێت بە کەمترین تێچوو و ئاسایش زۆرتر ئیمپراتۆری خۆمان درێژ بکەینەوە. ئەو ڕاستییەی کە ئێوە دوورگەنشینن و لەوانی دیکە لاوازترن و ئەوە گرنگتر دەکات کە نابێت سەرکەوتوو بن لە سەرلێشێواندنی ئاغاکانی دەریا. بە بێ هەبوونی ئۆتۆریتەی هاوبەش کە نەزم و ڕێکخستنی هاوبەش بەرهەم بێنێت، دەوڵەتە سەربەخۆکان تەنیا کاتێک دەتوانن بمێننەوە کە هێز و دەسەڵاتیان هەبێت. بە بێ هێز و دەسەڵات ئەوان مەحکومن بە لەناوچوون. 

مێلیەکان وڵام دەدەنەوە: بەڵام ئایا پێتان وایە هیچ ئاسایشێک لەم سیاسەتەی کە ئێمە ئاماژەی پێ دەکەین نییە؟ لێرەدا دیسانەوە ئەگەر بە هۆی قسەکردن لەسەر دادپەروەری ڕێگریمان لێبکەن و بانگهێشتمان بکەن بۆ گوێڕایەڵی سیاسەتەکانتان، ئێمەش دەبێت بەرژەوەندیی خۆمان ڕوون بکەینەوە و هەوڵبدەین ڕازیتان بکەین و هیوادارین ئەمە ڕوو بدات. ئێوە بەم شێوە هەڵسووکەوتەتان هەموو ئەوانەی لەم شەڕە بێلایەنن، دەکەن بە دوژمنی خۆتان. ئەوان کاتێک ئەم شتانە ببینن هەموو ڕۆژ ترسی ئەوەیان لێ دەنیشێت کە ڕۆژێک هێرش دەکرێتە سەر ئەوانیش. ئەوانەی کە قەد بیریان لە دوژمنی ئێوە نەکردوەتەوە، ناچار دەبن کە کارێک بکەن و ئەمە دوژمنەکانتان زۆرتر دەکات. چۆن لەگەڵ ئەمە هەڵسووکەوت دەکەن؟ 

ئەسیناییەکان ئێژن: بەڵێ! زۆر کەم ڕوو دەدات کە ئێمە لە لایەن دەوڵەت شارە ئازادەکانەوە هەست بە هەڕەشە و مەترسی بکەین. ئەو ئازادیەی کە بۆ ماوەیەک زۆر ئەوان بوویانە، وای کردوە کە کەمتر هەوڵ بدەن کە ڕێوشوێنی خۆپارێزی لەبەرانبەر ئێمەدا بگرنە بەر. ئەو دورگە نشینانەی وەکوو ئێوە کەمتر لە ژێر  دەسەڵاتی کەسانێک زیرەکدان کە بیانەوێت ئێمە و خۆیان تووشی کێشە بکەن. واتە ئەگەر کەسێک زیرەک ببێت دەتوانێت مەترسی بێت. 

مێلیەکان ئێژن: باشە، ئەگەر ئەوەندە مەترسی لەسەر ئەوە دەبینن کە پێویستە بە شێوەی پێشگیرانە ئیمپراتۆری خۆتان بپارێزن و هەوڵ بدەن کە ڕەعیەتەکانتان بپارێزن. ڕەنگە ترسەنۆکی و بچووکی ئێمە بێت کە هێشتا ڕێگا و شوێنی ئازادی دەگرینە بەر. لەحاڵێکدا دەتوانین ڕێوشوێنی دیکەش لەپێش بگرین، پێش ئەوەی کە تەسلیم ببین. 

ئەسیناییەکان وڵام دەدەنەوە: ئەمەی باسی دەکەن زۆرتر وەکوو ئامۆژگاری وایە و ڕەنگە ئامۆژگاری کرابێتن کە شانازی وەکوو خەڵاتە و شەرم وەکوو سزا. بەڵام وانیە و پرسەکە لەسەر خۆپاراستنە و بەرەنگاری نەکردن لەبەرانبەر کەسانێک کە بەڕوونی دەزانن زۆر بەهێزترن. 

مێلیەکان وڵام دەدەنەوە کە هەر وەکوو خۆتان دەزانین جەنگ هەندێک جار بێلایەنترە لەوەی کە ڕێژەیی ژمارەکان دەیەوێت دەرئەنجام دیاری بکات، ڕەنگە ڕێژە و ژمارە ببێتە هۆی ئەوەی کە گریمانەی سەرکەوتن بکات. ملکەچبوون ئەوەیە کە خۆمان بدەینە دەست بێهیوایی، لە کاتێکدا کردار هێشتا هیوایەکمان بۆ دەپارێزێت کە ڕەنگە بتوانین بە پێوە بوەستین و لەسەر پێ بمێنینەوە. 

ئەسیناییەکان ئێژن: هیوا، دڵنەواییدەرە لە کاتێک کە ترس هەیە، ڕەنگە لای ئەو کەسانەی کە سەرچاوەی زۆریان هەیە. بەڵام لە هەموو ڕووداوەکاندا بەبێ وێرانبوون و بێ زیان نابێت. بەڵام سروشتی هیوا درۆزنە، ئەوانەی کە ئیسراف دەکەن لە هیوادا، تەنیا کاتێک لەگەڵ ڕاستیەکە ڕووبەڕوو دەبنەوە کە وێرانی دەبینن. بیر لە هیوا مەکەنەوە، ئێوە لاوازترن لەوەی کە هیواتان هەبێت و بە تسێک بەنن. وەکوو ئەو چەواشەکارانە نەبن کە بۆ هیوا پەنا دەبەنە بەر خوداکان و پێشگۆیی و خۆ فریودان. ئەمە لە کاتێک ڕوو دەدات کە هیچ هیوایەکی بینراو بوونی نیە و پێویستە ئاسایشی ئێستا خۆتان ببینن. 

مێلیەکان ئێژن: با بزانن کە ئێمەش وەک ئێوە ئاگاداری سەختی ململانێکردن لە دژی دەسەڵات و بەختی ئێوەین و یا ترس و دڵەڕاوکێ لە دڵمان نیشتوە، بۆ ئەوەی کە مەرجەکان یەکسان نین. بەڵام ئێمە متمانەمان هەیە کە خوداکان بەختێکی باشمان پێ دەبەخشن زیاتر لە ئێوە، بەو پێیەی کە ئێمە تەنیا پیاوین کە لە دژی نادادپەروەری دەجەنگین و ئەوەی ئێمە دەیکەین لە دەسەڵاتدا بە هاوپەیمانی لاکدایمیۆنییەکان پێکدێت و ڕێگەی ئێمە نەبەستراوەتەوە و ئەگەر له بێ هیواییدا داوای یارمەتیان لێ بکەین بۆ ئەوە بە هانای ئێمەوە بێن، به تەکیید دێن بۆ یارمەتیمان. بۆیە متمانەی ئێمە ئەوەندەش ناعەقڵانی نییە. 

ئەسیناییەکان ئێژن: کاتێک باسی نعمەتی خوداکان دەکەن، ڕەنگە ئێمەش وەک خۆتان بە دادپەروەرانە هیوامان بەو شتە هەبێت، ڕەفتارەکانمان بە هیچ شێوەیەک بە پێچەوانەی ئەوە نیە کە مرۆڤەکان باوەڕیان پێیەتی لەسەر خوداکان و یان ئەوەی کە خوداکان لە نێوان خۆیاندا کاری پێدەکەن. ئێمە باوەڕمان بە خوداوەندەکان هەیە و مرۆڤەکانیش دەناسین. مرۆڤەکان بە یاسایەکی سروشتی و پێویستی خۆیان لە هەر شوێنێک کە بتوانن حوکمڕانی دەکەن. ئەوە ئێمە نین کە یەکەم کەس بین کە ئەم یاسایەمان داڕشتبێت، یان دروستکردبێت. ئێمە پێش خۆمان بینیمان کە بوونی هەیە و دوای خۆمان بۆ هەمیشە بوونی دەبێت. ئێمە تەنها شتێک کە دەیکەین ئەوەیە کە قازانج لەو یاسا وەرگرین، دەزانین کە ئێوە و هەموو کەسێکی تر، کە هەمان دەسەڵاتی ئێمەیان هەیە، هەمان کاری ئێمە دەکەن. بەم شێوەیە تا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە خوداوەندەکانەوە هەیە، ئێمە هیچ ترسێکمان نییە و هیچ هۆکارێکمان نییە بۆ ئەوەی بترسین کە لە دۆخێکی خراپدا بین. بەڵام کاتێک دێینە سەر تێڕوانینەکەتان سەبارەت بە لاکدایمۆنییەکان، کە وا دەکات باوەڕتان بەوە هەبێت کە شەرمەزاری وایان لێدەکات یارمەتیتان بدەن، لێرەدا ساویلکەییەکەتان بەرەکەتدار دەکەین بەڵام ئیرەیی بە گەمژەییەکەتان نابەین. لاکدایمیۆنییەکان کاتێک بەرژەوەندییەکانی خۆیان یان یاساکانی وڵاتەکەیان لە ژێر پرسیاردایە، شایستەترین و ئازاترین پیاوەکانن کە لە ژیاندان؛ ڕەنگە زۆر شت لەبارەی هەڵسوکەوتەکانیان بەرامبەر بەوانی دیکە بگوترێ، بەڵام هیچ بیرۆکەیەکی ڕوونتر لەوە ناگوترێت کە بە کورتی بڵێین کە لە نێو هەموو ئەو پیاوانەی دەیانناسین ئەوان زۆرترین بەرچاویان هەیە لە سەیرکردنی ئەوەی کە جێگەی ڕەزامەندییە و ئەوەی گونجاوە دادپەروەرانەیە. بەم شێوە بیرکردنەوەتان کە ئێستا بە شێوەیەک نالۆژیکی بیری لێ دەکەنەوە، ناتوانن ئاسایشی خۆتان بپارێزن. 

مێلیەکان ئێژن: بەڵام ئێمە بە هۆی ئەوەی نامانەوێت کە متمانە لە نێوان دۆستەکانمان بڕووخێت و نامانەوێت کە خەیانەت لە دۆستەکانمان بکەین و بۆیە یارمەتیش بە دژمنەکانیان نادەین. 

ئەسیناییەکان ئێژن: دەبێت ئەوە بزانن کە ئاسایش تەنیا بە خۆ گونجاندن لەگەڵ دۆخ بەرهەم دێت و بە پێچەوانە عەداڵەت و دادپەروەری و شەرەف بە ڕیسک کردن و مەترسی. 

مێلیەکان ئێژن: بەڵام ئێمە پێمان وایە کە ئەوان بە بۆنەی ئێمەوە بڕوا بەخۆبوون لەناویاندا گەشە دەکات و لە پێناو ئێمەدا خۆیان دەخەنە مەترسیەوە، جیا لەوەش ئێمە لەگەڵ ئەوان هاوخوێنین و خزمایەتیمان هەیە و دڵسۆزیمان بۆ یەکتر هەیە. 

ئەسیناییەکان وڵام دەدەنەوە: بەڵێ، بەڵام ئەوەی هاوپەیمان، لەسەر نیاز پاکی هاوپەیمانەکەی نیە کە بۆ یارمەتی هاوپەیمانەکەی دەچێت و بڕیاری جەنگ دەدات، بەڵکوو باڵادەستی و هێز سەرچاوەکانە کە هەیبێت. لاکدایمیۆنەکان زۆر باشتر لە هەرکەس ئەم شتە دەزانن و دەبێت ئێوەش ببینن کە ئەوان زۆر کەم هێرش دەکەن بۆ دەوڵەتانی هاوسێی خۆیان. پێتان وایە کە ئەوان ئەوەندە سەرچاوەیان هەیە کە هێرش بکەنە سەر ئێمە لە دورگەیەک و لە حاڵێکدا کە ئێمە ئەربابی دەریاکانین؟ 

مێلیەکان ئێژن: ئەوان دەتوانن کەسانی دیکە لە دورگەکانەوە بنێرن. دەریای کرێت دەریایەک زۆر گەورەیە و ئێوەش ناتوانن هەموو سوچێکی ئەم دەریا بگرن. بە ئاسانی دەتوانن ئەم کارە بکەن. هەروەها ئەوان دەتوانن هاوپەیمانەکان ئێوە لەسەر عەرز و وشکانی بگرن و ئەو کاتە هاوپەیمانەکانتان تەنیا دەتوانن ڕاکەن و ئێوەش دەتوانن بجەنگن بۆ مانەوەی خۆتان و کونفدراسیۆنەکەتان. 

ئەسیناییەکان ئێژن: ڕەنگە ڕۆژێک هەندێک لەو دۆخەی کە باسی دەکەن، ئەزموون بکەین، بەس بۆ ئەوەی بزانن، ئەو کارە زۆر کراوە، بەڵام ئەسینا تا ئێستا لە هیچ گەمارۆیەک ترسی نەبووە و نەکشاوەتەوە. بەڵام ئێمە سەرسام بووین بەو ڕاستییەی کە دوای ئەو هەموو قسە و دیالۆگە، باسی هیچ شتێک تایبەتتان نەکردوە، بەڵکوو بەردەوام باس لە داهاتوو و هیوا و متمانە و شتی وا دەکەن. ئەمە لە حاڵێکدا بوو کە بڕیار بوو لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەتان قسە بکەین. هیچ شتێکی واقعی و ڕاستی تێدا نەبوو و بەو شێوە ناتوانن سەرکەوتوو بن و پێمان وایە کە کوێر بوون بە خورافاتەوە. با کەمێک پشوو بدەین، بەڵکوو بتوانن پێکەوە ئامۆژگاری و ڕێگایەک باشتر بدۆزنەوە و بە وریاییەک زۆرترەوە بڕیار بدەن. بە دڵنیاییەوە ئێمە نامانەوێت ئێوە تووشی کارەساتی شەرمەزارانە ببن و هیوادارین کە مەترسیەکان زۆرتر ببینن. زۆر جار مرۆڤەکان تووشی هەڵە لە هەڵبژاردنەکانیان دەبن، لە حاڵێکدا کە چاویان کراوەیە و لەپێناوی شەرەف و دادپەروەری و چیتر دەبنە کۆیلە. ئەو بیرۆکە شەرمەزارییە ناگرن، به هۆی ئەوەی کە لە مەترسییەکان ئاگادارن. ئەو مەترسیە شەرمەزارکەرانە که لە هەمان کاتدا زۆر سادەن بۆ ئەوەی هەڵە بکەیت و هەروەها کوشەندەیەلەبەر ئەوەی لە زۆر حاڵەتدا هەر ئەو پیاوانەی چاویان بە تەواوی کراوەیە بۆ ئەوەی کە پەلە دەکەن بۆی، بۆ ئەو شتەی پێی دەوترێت شەرمەزاری، تەنها بە کاریگەری ناوێکی ئیغراککراو، بیانباتە خاڵێک کە لەوێدا ئەوەندە کۆیلە دەبن. دەستەواژەیەک وەک ئەوەی لە ڕاستیدا بە ئەنقەست بتانخاتەتە ناو کارەساتێکی بێهیواییەوە. شەرمەزاری زیاتر وەک هاوڕێی هەڵە شەرمەزارکەر بێت، وەک لەوەی کە لە ئەنجامی بەدبەختیدا دێت. ئەگەر بە باشی ئامۆژگاریت بکرێت، خۆت لێی دەپارێزیت. بە بێشەرەفی مەزانن کە ملکەچی گەورەترین شاری هێلاس بن، کاتێک ئەو ئۆفەرە مامناوەندیەتان پێ دەدن کە ببنە هاوپەیمان و بەشێک لەو، بەبێ ئەوەی کە واز لە چێژوەرگرتن لەو وڵاتە بهێنن کە هی خۆتانە. کاتێک بژاردەتان لە نێوان شەڕ و ئاسایشدا پێدراوە، ئایا ئەوەندە کوێر دەبن کە خراپتر هەڵبژێرن. بە دڵنیایی ئەوانەی کە ملکەچی هاوتاکانیان نین، لەگەڵ باڵادەستەکانیاندا مەرجەکان دەپارێزن و بەرامبەر بە کەسانی خوارەوەیان میانڕەون، بە گشتی باشترین سەرکەوتن بەدەستدەهێنن. بۆیە دوای ئەوەی کە ئێمە دەچینەوە بۆ پشوودان بیر لەو بابەتە بکەنەوە و جارێکی تر بیر لەوە بکەنەوە کە ئەوە بۆ وڵاتەکەتانە کە ئێوە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرین. دەبێت ئەوە بزانن کە ئەم شانسە تەنیا یەک جارە کە هەڵەبژێرن کە ئایا خۆشگوزەرانی یان وێرانکاری پێویستە. 

ئێستا ئەسیناییەکان لە کۆبوونەوەکە دەچنە دەرەوە بۆ پشوو و ماتڵی وڵام دەبن  و مێلیەکان بەجێدەهێڵن. مێلیەکان لە دەرەنجامدا گەیشتنە بڕیارێک کە هاوتا بوو لەگەڵ ئەوەی کە لە باسەکەدا پاراستبوویان 

ئەوان وڵامیان دایەوە:”بڕیارەکەمان، هەمان شتە کە سەرەتا بوو. ئێمە واز لە ئازادی خۆمان ناهێنین. چۆن دەتوانین کە شارێک تەسلیم ئێوە بکەین کە حەوت سەد ساڵەدا نیشتەجێی بووە، ئێمە متمانەمان بە خوداکان هەیە کە تا ئێستا پاراستوویانە، هەروەها متمانەمان بە لاکدایمیۆنییەکان هەیە کە بێنە یارمەتیمان. هەروەها دەستی هاوڕێیەتی بۆ ئێوە درێژ دەکەینەوە کە بتوانین پێکەوە پەیمانێک بنووسین کە ئێمە بێ لایەن دەبین.” 

ئەوە وەڵامی مێلیەکان بوو. ئەسیناییەکان لە حاڵێکدا کە لە کۆبوونەوەکە دور دەکەوتنەوە وتیان: “زۆر باشە. لە هەڵسەنگاندن خۆتان هەڵە دەکەن و بڕیارەکەتان هەڵەیە و ئەمە لە داهاتوودا لە پێش چاوتان و بە چاوی خۆتان دەیبینن. وا دیارە لەسەر هەڵەی خۆتان لە هەڵسەنگاندنەکانتان لەسەر هێزی خۆتان و لاکدایمیۆکان تووشی هەڵە بوون. فریوتان خواردووە.” 

ئێستا نێردراوەکانی ئەسیناییەکان گەڕانەوە بۆ ناو سوپای خۆیان و مێلیەکان هیچ نیشانەیەکی خۆبەدەستەوەدانیان نیشان نەدا. ژنەڕاڵەکان یەکسەر خۆیان بۆ جەنگ ئامادە کرد و هێڵێکی سووڕانەوەیان بە دەوری شاری مێلیەکاندا کێشا و ئەرکی جەنگەکەیان لە نێوان دەوڵەتە جیاوازەکاندا، واتە ئەو دەوڵەتانەی له هاوپەیمانی ئەسیناییەکان بوون، دابەش کرد. دواتر ئەسینییەکان لەگەڵ زۆربەی سوپاکەیان گەڕانەوە و ژمارەیەکی دیاریکراو لە هێزە نیزامیەکانیان گواستەوە بۆ چاودێری کردن لەسەر ڕێگەی وشکانی و دەریایی. بەم شێوە شاری مێلیەکان و دورگەی مێلۆس یەکسەر گەمارۆ درا. 

جەنگی قورس و قایەم بۆ ماوەیەک زۆر بەردەوام بوو. لە کۆتاییدا هەندێک لە مێلیەکان خەیانەتیان کرد و شاریان ڕادەستی ئەسیناییەکان کرد. ئەسیناییەکان هەرچی پیاوی مێلی بوو کوشتیان و ژن و منداڵەکانیان وەکوو کۆیلە فرۆشت و دەستەیەک لە نوێنەرانی خۆیانیان لە دورگەکە جێگیر کرد و دەسەڵاتی خۆیان لەوێ دامەزراند.

 


سەرچاوەکان:
١: نیچە، کتێبی ”Der Will zur Macht”
٢: نیچە، کتێبی”Menschliches Allzumenschliches”
٣: ڕیچارد شرودر، کنفرانسی ”ئوروپا چیە؟” زانکۆی ” Friedrich-Alexander-Universität Erlangen-Nürnberg ” خوێندنگای ، “گروپی فەلسەفە و ئیلاهیات”
٤: ئالیسۆن گراهام، کتێنی ?Destind for War: can America and China Escape Thucydides´s Trap 
٥: ڕیچارد کراولی، کتێبی ” The Peloponnesian War “بەشی The Melian Confference_Fate of Melos

 

 

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووئاڵمان: هەیئەتێکی ڕێبەریی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە یادی شەهید ڕێبوارکەریمیان دا بەشداری کرد
بابەتی دواترپەیامی ئاشتیاکۆ پوورکەریم لە پێوەندی بە شەڕی ئیران و ئیسرائیل و ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناڤین

Leave a Reply