سەردار وەلەدبەیگی: گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە لە قازانجی کورد دا دەبێ ئەگەر…

سەردار وەلەدبەیگی، ئەندامی ڕێبەریی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان:
گۆڕانکارییەکان لە ئاستی جیهانی بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە تایبەتی بە خێرایی تێپەڕ دەبن.
دەرفەتی زێڕین، مێژوویی و چارەنووسساز لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە بەردەم کورد دایە و پێویستە کەڵکی لێوەربگرین.

یەکەم : شەڕی ناوچەکە خەریکە پەڕ و پۆکانی ئیران بەرەو کۆتایی و لە ناوچوون دەبا و بە گشتی پرۆکسیەکانی ئیران کەوتوونەتە ناو زەلکاوێک کە دەرچوون لێی ئەستەم و تەنانەت نامومکینە.

دووهەم: بە پێچەوانەی بەشێک لە حیزب و لایەنە سیاسیەکان، گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر وەک چۆن لە شۆڕشی ژیناش دا سەلماندیان، بە ئاگایی و هۆشیاریەوە ئامادەی گۆڕانکاریی بنەڕەتی و ئەساسین.

سێهەم : لە باشووری کوردستان سەرەڕای هەموو کەمووکوڕییەکان، هەڵبژاردن بۆ پارلمانی کوردستان بەو پەڕی دێموکراسیەتەوە و سەرکەوتوانە بەڕێوە چوو.

چوارەم: ڕەوشی کورد لە ڕۆژآوای کوردستان بە هۆی دامەزراندنی حوکمڕانی و خۆبەڕێوەبەڕیی دێموکراتیکی کورد، لە ئاستێکی باش و ئاییندەیەکی ڕوون دایە.

پێنجەم : بە نیسبەت باکووری کوردستانەوە، ماوەیەکە بە هۆی ترسی ڕژیمی تورکیە لەو گۆڕانکاریانەی لە ناوچە لە ڕوودان دان، بەشێک لە تورکە فاشیستەکان دەستیان کردووە بە لێدوان لە بارەی پرسی کوردەوە کە جێگەی سەرنج و تێڕامانە.

دەوڵەت باخچەلی وەک ڕەگەزپەرەستێکی تورک، پێشنیار دەکا تاکوو سەرۆک ئاپۆ کە زیاتر لە ٢٧ ساڵە لە بەندیخانەی تورکیە دا بەند کراوە و لە هیچ چەشنە ئازار و ئەشکەنجەیەک بێبەش نەکراوە، بێننە پارلمان و لەوێ ئاخافتن بکا کە لێرە دا پرسیارێک خۆی دەنوێنێ، گەلۆ چما لەو هەلومەرجە ناسکەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا وەها پێشنارێک لە لایەن کەسێکی ڕەگەزپەرەستی تورکەوە دەکرێ؟
پێویستە پارتی کرێکارانی کوردستان”پ.ک.ک” بە تایبەتی و کورد لە باکووری کوردستان بە گشتی نەکەونە داوی تورکەکان و بە هەستیاری و هوشیاریی زیاترەوە مامەڵە لە گەڵ پرسەکە بکەن و متمانە بە دوژمنی سەدان ساڵەی کورد نەکەن.
ئەگەر چی گومان لە گەورەیی و ئیرادە و ورەی بەرزی سەرۆک ئاپۆ دا نییە، بەڵام پێویستە ئاگادار بین، ئەوەی لە ئێستا دا و لە ژێر گوشارەوە لە زاری بەڕێز ئۆجەلانەوە دەبیسترێ، مەرج نییە بیر و باوەڕ و لێدوانی ڕاستەقینەی ئەو بێ .
و لە کۆتاییدا: قوناغی ئێستا پێویستی بەوەیە کە بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی لە بەر چاو بگیردرێ نەک بەرژەوەندیی حیزبی یا تاکە کەسی.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووبزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان: هەڵبژاردنی پارلمانی کوردستان، سیمایەکی راستەقینەی دێموکراسی بوو.
بابەتی دواترکوردناس، پرۆفیسۆر جۆیس بلاو کۆچی دوایی کرد.

Leave a Reply