“The Raison of State”یان عەقڵی دەوڵەت

مەسعود پەژوهی

نووسەر: مەسعود پژوهی

“The Raison of State”یان عەقڵی دەوڵەت

دوای ئەوە ماکیاڤێلی هێرشی جدی کرد بۆ سەر دەسەڵات و شێوە ڕوانینی ئایدیاڵیستی کڵێسا، کەسانێک بوون کە شێوە ڕوانینی ئەویان خستە ژێر زەڕەبین و هەوڵیاندا تا بەرپرچی ئەو بدەنەوە، بەڵام غافڵ لەوەی کە هەرچەن بتەوێت ڕخنە لە کەسێک بگریت بە شێوە ناڕاستەخۆ دەکەویتە ژێر کاریگەری ئەو. ئەمە بۆ جیووانی بۆتێرۆ بە هەمان شێوە بوو. ئەو هەرچەن دەیویست کە بەرپەرچی ڕوانینی ماکیاڤێلی بداتەوە، و باسی لە گرنگی ئەخلاق دەکرد بەڵام کەوتبووە ژێر کاریگەری ڕێئاڵیسمی ماکیاڤێلی و بۆیە چەمکێکی بەرهەم هێنا کە بە عقڵی دەوڵەت یا هۆکاری دەوڵەت دەناسرێت. دەتوانین بێژین عەقڵی دەوڵەت ئاماژەیە به زانینی شێوەی کەڵک وەرگرتنی مرۆڤ له کەرەستەکان بۆ دامەزراندن، ڕاگرتن و پەرەپێدانی سوڵتە(dominion).(1)
جیووانی لە کتێبەکەی خۆیدا هەوڵی دەدا، هۆکارەکانی لەت لەت بوونی وڵاتەکان و شکستەکان و دوژمنەکان و شکۆی ئایینی و چیتر ڕوون بکاتەوە و بەو شێوە بەرپەرچی ماکیاڤێلی بداتەوە، بەڵام ئەوەی ڕوون بوو ئەم چەمکەی ئەو زۆرتر بووە هۆی ئەوەی کە بەرژەوەندی نەتەوەیی لەگەڵ دەوڵەت پێکەوە ببەسترێتەوە، هەروەها گەشەی دا بە بیرۆکەی ماکیاڤێلی. جیووانی پێی وابوو کە دەوڵەت دەبێت بەهێز بێت و دەوڵەت هەرچەن گەورەتر و بەهێزتر بێت توانای زۆرترە لە بەرانبەر دوژمنانی خۆیدا. ئەو لە لاپەڕەی دوازدەدا ئێژێت: “دەوڵەتی پرشوبڵاو لەبەرانبەر بێگانەکاندا لاوازە.” بۆیە ئەو بەهێز بوونی دەوڵەت لە هەموو جێگایەک بە نیشانەی مانەوەی دەوڵەت دەزانێت. دیارە ئەم شێوە ڕوانینە دەتوانێت بەرهەم هێنەری سیستەمە تۆتالیتەر و ناوەندخوازەکان بێت کە بۆ بەهێز بوونی خۆی هەوڵ دەدات هەموو جمگەکانی کۆمەڵگا پڕ بکاتەوە و ئیزنی ئەوە نادات تەنانەت بیرکردنەوە لە دەرەوەی ئەو دەوڵەتە ڕوو بدات. دیارە ئەو لە سیستەمی فئۆداڵی و حاکمیەتی کڵێسایی کاتێک باسی دەوڵەت دەکات بەو مەعنا نیە کە سیستەمی ئەیاڵەتی ڕەد بکاتەوە و بێژێت ئەو سیستەمە دەبێت هەڵوەشێتەوە، بە پێچەوانە ئەو سیستەمی ئەیاڵەتی قەبوڵ دەکات و ئێژێت نابێت لە بەهێز بوونی ئەوان بترسین بەڵکوو دەبێت هەوڵی یەکبوونی ئایدیا و هاوکاری زۆرتر لە نێوان ئەم قەوارانەدا بدەین. هەرچەن کە ئەم قەوارەگەلە پێکەوە بەستراوەتر بن دەتوانێت بەهێزتر بن. هاوکات لەگەڵ ئەمە ئمتیاز و ڕێزێک جیاوازی بۆ پادشا و شازادەکان دادەنا پێگەیەک پیرۆزی دەبەخشی بە پادشاکان و پێگەیەک پیرۆزی دەبەخشی بە ئەوان. ئەو پێی واببو کە جیاوازی ڕادیکاڵی چینایەتی لە کۆمەڵگا پێویستە هەبن و دادپەروەری بە پێی چینێک کە تێیدا دەژین جیاوازە. گرنگترین ڕەنگدانەوەی ئەم ڕوانینە لە پادشایی فەرانسە و کەسایەتی کاردیناڵ ڕیشیلیو بوو.

ڕیشیلیو (٢)

بنەماڵەی ڕیشیلیو بە شێوەی ڕیشەیی لە بنەماڵە بەهێزەکان فەرانسە نەبوون و هەروەها دۆخێک کە ئەو بیرەوەری خۆی تێدا کۆ کردبوەوە دۆخێک زۆر خراپ بوو. جەنگی ناوخۆیی له فەرانسە و جەنگی ئایینی لە نێوان پرۆتستانەکان و کاتۆلیکەکان بەردەوام بوونی هەبوو. پادشاکانی فەرانسە ترۆر دەکران و هیوایەک بە ڕێکخستنی دروستی وڵات نەبوو. لە لایەک ئمپراتۆری پیرۆزی ڕۆم بوونی هەبوو کە لە ژێر دەسەڵاتی بنەماڵەی هابسبورگی ویەنی”Vienna” بوو و لە لایەکی دیکە زلهێزیکی دیکە لەم بنەماڵە لە مادریدی”Madrid” سپانیا لە دەسەڵاتدا بوو. ئەم دۆخە ئاڵۆزە لە ئوروپا و هاوکات لە فەرانسە وا دەکات کە کارل جی. بورکهارت لە کتێبی “سەرهەڵدانی هێزێک” دەنوسێت”تەنانەت یەک ساڵ لە ژیانی سەرەتایی ئەو[ڕیشیلیو] لە ئاسایشدا بەسەر نەچووە، بەردەوام لە ژێر سێبەری جەنگ و نەخۆشی و چیتر ژیانی بەسەر برد.”(٣)
وەکوو پێشتر ئاماژەمان پێکردبوو کارەکانی کەسانێک وەکوو ماکیاڤێلی بوونە هۆکارێک تا دەسەڵاتی واتیکان وەکوو تاقە ناوەندی بڕیاری مەسێحی لاواز ببێت. دەرئەنجامی ئەم لاواز بوونە سەرهەڵدانی کەسانێک بوو وەکوو مارتین لوتر کە هەوڵیان دەدا بە زمانی نەتەوەیی خۆیان دیندار بن و ئەمە بەرژەوەندی نەتەوەیی بۆ ئەوان بەرز دەکردەوە و بۆیە چ بە خواستی خۆیان و چ بێ خواستی خۆیان ڕووبەڕووی دەسەڵاتی کاتولیکی واتیکان ببوونەوە. ناسراوترینی ئەم بزووتنەوە ئایینیانە پرۆتستانەکان بوون. ئەوان بە گشتی لە هەموو ئوروپا بڵاوەیان کردبوو و لە لایەن کاتۆلیکەکان وەکوو کافر و دوژمن پێناسە دەکران. بەو شێوە مەشرووعیەتیان دەدا بە سەرکووت کردنی پرۆتستانەکان. لە زۆر جێگا پرۆتستانەکان تەنانەت حاکمیەتیان پێک هێنابوو. سروشتی ئەم شەڕە گشتیە کە گشت ئوروپای گرتبووەبەر فەرانسەشی لە دۆخی شەڕی ناوخۆیی چەقاندبوو و ئاسایش چیتر لەو وڵاتەدا نەمابوو. دەستێوەردانی دەرەکی و نەبوونی ئابووری باش وای لە فەرانسە کردبوو کە ئەگەری هەڵوەشانەوەی فەرانسە زۆر دوور نەبوو. ئەمە لە حاڵێکدا بوو که لە جەنگی سەلیبیدا فەرانسە ڕێبەرایەتی جەنگی مەسێحیەکانی ئەکرد. فەرانسە پێشڕەوی جیهانی مەسێحی بوو، تا ئاستێک کە فەرانسەییەکان خۆیان بە خەڵکی هەڵبژێردراوی خودا”peuple élu”دەزانی. بە پێچەوانەی فەرانسە کۆتاییەکانی سەدەی شانزدە بۆ سپانیا پڕ بوو لە خێر و بەرەکەت. به گەشەی دەریاوانی و دۆزینەوەی ئەمریکا سپانیا گەشەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیبوو و زۆرێک لە وڵاتانی ئوروپایی لە ژێر دەسەڵاتی ئەودا بوون. ئەم گەشە بەرچاوەی سپانیا فەرانسەی خستبووە ژێر سێبەری خۆی و دەستێوەردانی زۆریان لە فەرانسەدا دەکرد. ئەمە بۆ کەسانێک کە گەورەیی فەرانسەیان لەبیربوو شتێک ناخۆش بوو. فەرانسە هیچ توانای ڕکابەری لەگەڵ سپانیا نەبوو و ئەمە هەستی لاوازی دەدا بە خەڵک و شازادەکان بۆیە بەردەوام پیلان و ترس لە پیلان سیاسەتوانی فەرانسەی بێکاریگەر دەکرد. ئیدامەی ئەم دۆخە تا سەدەی هەفدەی زایینی بۆ فەرانسەییەکان دۆخێک مەترسیدار دەخولقێنێت. فەرانسە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ توانای کەم ئەبێتەوە و لاوازتر ئەبوو. ئەم دۆخە وەکوو میرات دەمێنێتەوە بۆ کەسێک بە ناوی کاردیناڵ ریشیلیو. ڕیشیلیو کەسێک بوو ئاگادار لە مێژوو و ئەدەب و هونەر و ئاشنا بە ئەدەبیاتی سیاسی پێش خۆی. ئەو لە ساڵەکانی ١٦٢٤تا ١٦٤٢ی زایینی وەکوو سەرۆک وەزیرانی فەرانسە و ڕاوێژکاری لویی سێزدەهەم کاری کرد. ئەو مەترسیەکان و کێشەگەلێک کە فەرانسە تووشی ببو دەناسێت و هەوڵ دەدات ستراتیژیەک تایبەت بۆ کێشەکان داڕێژێت. هەرچەن خۆی کاتۆلیک بوو و ئەرکی ئەوە بوو تا کاتۆلیک مانەوەی فەرانسە بپارێزێت و پرۆتستانەکان سەرکوت بکات و چەن جاریش ئەم کارەی ئەنجام دا، بەڵام بڕیار دەدات ڕێگایەک دیکە بگرێتە بەر. ئەو ئیزنی عیبادەتی ئازادانە دەدات بە پرۆتستانەکان و دەست لە شوێکەوتنیان هەڵدەگرێت. بەم بۆنەیەوە دەکرێت بێژین ئەو یەکێک لە ئەوەڵین کەسەکان بوو کە هەوڵیدا “خێری گشتی” لە پێش “خێری ئایینی” دەستنیشان بکات یان ئەم بابەتە بگێڕێتەوە بۆ خەڵک و “خێری نەتەوەیی”national interests. ئەم شێوە ڕوانینەی ڕیشیلیو بۆ پرسی خێری گشتی دەتوانین لە وەسیەتنامەکەی بۆ پادشا ببینین. ئەو ئێژێت: “گەورەیی و پلەبەرزی(شان و شەوکەت) پادشا وا دەخوازێت کە لە وتەکانیدا بەردەوام ئاگادار بێت و شتێک نەیەژێت تا کۆمەڵانی گرنگی خەڵک و کەسایەتیەکان بڕەنجێنێت. دەبێت قازانجی ئەوان لەبەرچاو بگیرێت و وا بدوێت تا ئەوان هەست نەکەن کە پادشا بێڕێزیان پێ دەکات. ڕەنگە بابەتە گرنگەکانی وڵات وا بخوازێت تا بۆ بەرژەوەندی و خێری گشتی، بە دژی خواستی ئەوان هەڵسووکەوت بکەن، بۆیە گرنگە لەو بابەتانەدا کە گرنگی ئەوتۆیان نیە، عەقڵ و لۆژیک بکار ببەی و دژی خواستی ئەوان نەوەستی و هەوڵ بدەی ڕازیان بکەی.”(٤) ئەم شێوە ڕوانینەی ڕیشیلیو کە بە پادشا ئێژێت، بە بێ هەبوونی زەرورەت پێویست ناکات حاکم خۆی تووشی ئاڵۆزی و دژبەرایەتی بکات، هەمان خێری گشتی و عەقڵی دەوڵەتە. لەڕاستیدا حاکم بۆ مانەوە و ڕاگرتنی دەوڵەت دەبێت بەردەوام بیر لەوە بکاتەوە کە ئاسایش و ئەمنیەتی دەزگای دەوڵەت پارێزراو بێت و ئاگادار بێت لەو چەشنە هەڵسووکەوتانەی کە دەیکات و نەبێتە هۆکاری ئەوەی تا کەسانێک بە هۆی بەرژەوەندی تایبەت بکەونە دژایەتی سەروەری نەتەوەیی. ئەمە لە دونیای مۆدێڕندا بۆ هەڵسووڕاوی سیاسی زۆر گرنگە کە هەوڵ بدات تا دۆخ و شتی تایبەت و ناتایبەت و یان کەمتر تایبەت بناسێتەوە. هەروەها دۆخی زەروری نەتەوەیی بۆ بڕیاری تایبەت بناسێت. دەکرێت بێژین گرنگترین بیرمەندی ئەم حەوزە کارل شمیتە و بۆیە ماریۆ میچلی لە وتارێک تایبەتدا دەپەرژێتە سەری. میچلی ئێژێت: “بۆتێرۆ بڕوای وایە، دەوڵەت دەبێت بۆ ڕاگرتنی ئاسایشی خۆی و ئەمنیەتی شارۆمەندانی، پێویستە هەندێک کاری تایبەت بکات کە لە دۆخی ئاسایی لێی قەبووڵ ناکرێت. ئەم کارانە وەکوو هەڵبژاردنی قورس و ناخۆشە لە دۆخێک تایبەت ، کە نیشان دەدات دەوڵەت لە دۆخی ئاساییدا بەسەر نابات. هەروەها شمیت پێی وایە کە سەروەری بەو واتایەیە کە دەوڵەت توانای بڕیاردانی لەسەر دۆخی تایبەت هەیە. ئەو جێگایەی کە یاسای ئاسایی پێی ناگات.(٥)
بۆیە هەرچەن کە ڕیشیلیو کاتۆلیکە و هەروەها پرۆتستانەکان بوونەتە بشێوێنکەی فەرانسە، بەڵام ئەو هەوڵی دەدا کە لەگەڵ پرۆتستانەکان بەرەی دژ بە هابسبورگ دروست بکات و لەو ڕێگایەوە کەڵک لە هێز و توانای ئەوان وەرگرێت بۆ لاواز کردنی ئمپراتۆری سپانیا.
ڕیشیلیو دەیزانی که بە گەشەکردنی زۆرتری سپانیا و ئمپراتوری پیرۆزی ڕۆم، فەرانسە لاوازتر دەبێت. لاواز بوونی فەرانسە واتە لەدەستدانی سەروەری بەسەر خاکی خۆیدا و بۆیە بەرەو پووچانەوە دەڕوات. شەڕی ناوخۆیی دەبێتە هۆکارێک بۆ گەشەی زۆرتری پرۆسەی هەڵوەشانەوەی فەرانسە. ئەو ئەزانێت لەناوچوونی ئاسایشی خەڵک مەترسیە بۆ سەر ئاسایشی دەوڵەت بۆیە ئەو بیری لەوە ئەکردەوە کە چۆن ئەتوانێت ئەم پرۆسە پێچەوانە بکاتەوە، بۆیە کاتێک باس لە دادپەروەری دەکات ئێژێت: “لە کۆندا ئەگەر تەشریفاتی کڵێسایی هەبوو، بەڵام دادپەروەری و داد بە باشترین شێوە بەڕێوە دەچوو. بەڵام لەم سەردەمەدا وانیە، دادپەروەری و عەداڵەت سەرسەری دەگیرێت و ئەمە چیتر کێشەیە و بەو تەشریفاتەی ئێستاوە خەڵک ناگەن بە دادپەروەری. ئەمە دەبێتە هۆکاری بێبڕوایی و ئاڵۆزی(نەمانی ئەمنیەت و ئاسایش) لە سیستەمی داد و دادپەروەری. تەبعی ئەمە بێدینیش لەگەڵ خۆی دەهێنێت. تەنانەت هەندێک لە ئیلاهیاتناسەکان لەو بڕوایەدان کە لە ئاوا دۆخێکدا، باشترە کە دادوەری سکۆلار (دادوەرێک کە ئاگاداری شەریعە و یاسای دینی نیە) بوونی ببێت، تا ئەوەی کە خودی داد و دادپەروەری ون بێت. ون بوونی دادپەروەری نەمانی ئاسایش، ئاڵۆزی و ئانارشی بەدوای خۆیدا دێنێت.”(٦) ئەم شێوە بیرکردنەوەی ڕیشیلیو سەبارەت بە دادپەروەری هەوڵێکە بۆ ئەوەی تاکوو پێش بە ئانارشی بگرێت. کاتێک لەناو نەتەوەیەکدا لاوازی بە دادوەریەوە دیار بێت، خەڵک هەوڵ دەدەن کە خۆیان دادوەری دەستەبەر بکەن و ئەمە دەبێتە هۆی بازنەیەک بەتاڵ لە تۆڵە و ڕق کە ئاسایشی هاونیشتمانی تێک دەدات و ئەگەر کەسانێک ئەو دۆخە دەبینن، بە قازانجی خۆیان کەڵکی لێ وەردەگرن. ئەم بشێوێنکە کە لە وڵاتدا ڕوودەدات، تەنانەت شازادەکان و دەسەڵاتە خۆجێییەکان هەوڵی دابەش کردن و جیابوونەوە دەدەن. بۆیە ڕیشیلیو لەم پێشنیارەیدا زۆر جدیە و هەوڵی لاوازکردنی دەسەڵاتی کڵێسا دەدات بۆ ئەوەی خۆی بگاتە ئامانجی خۆی کە مانەوەی دەوڵەتە. هەروەها ئەتوانین بەم شێوە بیرکردنەوەی ڕیشیلیو بێژین سەرەتای سکۆلاریزم لە سیستەمی فەرانسەدا، هەرچەن کە خودی ڕیشیلیو دڵەڕاوکێی ئایینی هەیە. ئەو بەم شێوە دەیەوێت، پرۆسەی نەمانی ئاسایش لە فەرانسە پێچەوانە بکاتەوە و ئاسایش بۆ خەڵکی فەرانسە بگەڕێنێتەوە. لە ئیدامەدا ئەو دەستێوەردانی وڵاتانی دیکە لە فەرانسەدا دەبینێت، بۆیە بۆ ئەوەی بتوانێت دۆخەکە بە قازانجی خۆی بگۆڕێت، دەزانێت پێویستی بە کاتە. ئەو بڕوای وابوو کە هێزی ناوەندی فەرانسە دەبێت بەهێزتر بکرێت و تواناکانی بخرێتە گەڕ. بۆیە ستراتیژیەک ژیرانەی (لاتین Prudentia)(ئنگلیسی Prudence) داڕشت و ئەم ستراتیژیە لە چەندین بەش پێک دەهات:
یەکەم: فەرانسە ئەرتەشی پێشکەوتووی نەبوو و ئەو دەیزانی کە لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ڕکابەران کاتێک زۆر ناخایەنێت تا بدۆڕێن، بۆیە پێویستە ئەرتەشی فەرانسە نوێ بکرێتەوە. ئەو بڕیار بوو تا کات بۆ ئەم کارە دابین بکات، بۆیە هەوڵی ئەوە بوو تا ڕووبەڕوو بوونەوەی جدی لەگەڵ هابسبورگ بەدوا بخات. بۆیە بۆ ئەم ڕووبەڕوو بوونەوە لە هێزی پرۆکسی کەڵکی وەردەگرت و هەوڵی دەدا هێزە پەراوێزەکانی ئوروپا بۆ ئەم کارە بەکار ببات. ئەو دەیزانی کە هێزەکانی فەرانسە ئەگەر بە ڕێکخستن بکرێت توانایان هەیە لە بەرانبەر هەموو هێزێک بوەستن. وەکوو چۆن لە نامەیەک کە ساڵی ١٦٣٢ بۆ سەفیری خۆی لە مادرید دەینووسێت، ئێژێت: “سپانیا لە هیچ جێگایەک، دۆخێکی وای نیە کە بتوانێت لە درێژ ماوەدا لە بەرانبەر هێزی ڕێکوپێکی فەرانسەیی خۆڕاگری بکات. جەنگی کۆتایی بۆ ئەوان کارەسات دەخولقێنێت.(٧)
دووهەم: ڕیشیلیو دەزانێت کە ڕۆڵ و کارکردی ڕۆشنبیران و کەسانی ئاگا لە کۆمەڵگا چەندە دەتوانێت گرنگ بێت، بۆیە هەوڵ دەدات کە ئەوان کۆکاتەوە و ڕێکخستنی دەزگای سیاسی دووبارە و سەر لە نوێ داڕێژێت. ئەو بەم کارە هێز و تینێک نوێ دەداتەوە هەم بە کۆمەڵگا و هەم ڕۆشنبیران. بەم شێوە سەرچاوەی هێزی خەڵکی، ئابوری و سیاسی بۆ فەرانسە زیندوو دەکاتەوە. ئەمە بۆ دەزگای دەوڵەت دەبێتەوە پشتیوانی. ڕیشیلیو لە ڕکابەری ڕۆشنبیری بەرانبەر به مادرید، ڕۆم و ویەنا ساڵی ١٦٣٥ “ئاکادمی فەرانسەی” ” Académie française ” دامەزراند. ئامانجی ئەم ئاکادمیە گەشە و ستاندارد کردنی زمان و ئەدەبی فەرانسەیی بوو بە مەبەستی مانەوەی زمانی فەرانسی لەناو زمانە ئوروپاییەکاندا. ئەم کارەی ڕیشیلیو نیشان لەوە دەدات کە ئەو گرنگی تایبەت دەدات بە شوناسە کۆییەکان و لە پێناویاندا کار دەکات. لە ڕێگای ئەم ئاکادمیەوە ساڵانە سەدان پسپۆڕی جیاواز پەروەردە دەکران و بە سەدان کتێب وەردەگێڕدرا و دەنووسرا. دەرئەنجامی ئەم کارەی ئەو ئەوە بوو کە فەرانسە لە دونیای مۆدێڕندا بۆ زۆرێک مافخوازی جیهانی وەکوو سەرچاوە سەیر دەکرا و دەکرێت. هێزێکی نەرم کە تا ئەو کاتە هیچ دەزگایەکی دەوڵەتی بیری لێ نەدەکردەوە و گرنگیان پێ نەدابوو.
سێهەم: فەرانسە لە دۆخی داخراوی ژئۆپۆلیتیکدا بوو. ئەمە ترسێک دروست دەکات بۆ هەر دەوڵەتێک، بەڵام بۆ ڕیشیلیو ئەمە ئەو جێگایە بوو کە توانا و هێزی فەرانسە کارا دەبوویەوە. بڕوای وابوو کە فەرانسە لە چەقی نەخشەی ژئۆپۆلیتیکی ئوروپایە و بە پێچەوانەی ئەوانی دیکە هێزی فەرانسە لەتوپەت نیە و لە جێگایەک تایبەت کۆبووەتەوە. بە پێچەوانە سپانیا هێزی زۆری هەیە، بەڵام هێزی ئەوان بەربڵاوە. سپانیا هێزی بەربڵاوی ئابوری و نیزامی هەیە کە لە گشت ئوروپا و کڵۆنیەکانی دەرەوەی ئوروپا بڵاوەی کردوە. ئەوان توانای ئەوەیان نیە کە هێزی خۆیان بە شێوەی کۆ لە یەک جێگا کۆبکەنەوە، بەڵام فەرانسە هەموو هێزی خۆی لە یەک جێگا کۆبووەتەوە. سپانیا پێویستی بە ڕێگای زۆر و دورودرێژ هەیە تا بتوانێت هێزی ئابوری، سیاسی و نیزامی خۆی کۆبکاتەوە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە هێزی فەرانسە لە چەقی ڕێگاکه وەستاوە و پێویست ناکات هێزی خۆی بۆ جێگای دور بگوێزێتەوە. ئەم جیاوازیە فرسەت و توانایی زۆرتر دەبەخشێت بە فەرانسە و دەتوانێت ڕێگای ئەوان نائەمن بکات. ڕیشیلیو لە ڕێگای هێزی پرۆتستانی و هێزە نەتەوەییەکانی دیکە وەکوو پرتەقاڵ و کاتالۆنیا، هولەند، ئاڵمان و … دەیتوانی بۆ ماوەیەک زۆر سپانیا لە شەڕی درێژخایەن بچەقێنێت و ئاسایشیان لێ زەوت بکات.
چوارەم: ڕیشیلیو لە ڕێگای کۆکردنەوەی ڕۆشنبیران و ئێلیتی فەرانسەیی هەم دەزگای سیاسی فەرانسەی بووژاندەوە و هەم دەزگایەکی دیپلۆماسی کارا و بەتوانای بەرهەم هێنا. دەزگای دیپلۆماسی ڕیشیلیو هەوڵی دەدا، پێشگیری بکات لە دروست بوونی ‌هێزی نیزامی و سیاسی هاوبەش دژ بە خۆی. بۆیە بەردەوام هەوڵی دەدا بنەماڵەی هابسبورگ لە مادرید و ویەن پێکەوە نەسازێن و بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوانیان دروست نەبێت. ئەو تەنانەت تەداخولی ئەکرێت لە دەزگای پاپای کڵێسای مەسێحی و هەوڵی دەدا کەسانێک بە دەسەڵات بگەیەنێت تا قازانجی فەرانسە بپارێزن و هاوکات لە بنەماڵەی سپانیا بە ڕێگای جاسوس و شتی لەو شێوە بەرژەوەندیەکان خۆی دەستەبەر بکات.

ئەم ستراتیژیەی ڕێشیلیو توانی فەرانسە لە دۆخی ئاڵۆز، ئانارشی و شەڕی ناوخۆیی دەربێنێت و هێزی نیزامی بەتوانا و کارا بەرهەم بێنێت. ئەو یارمەتی دا بە گەشانەوەی ئابوری فەرانسە و کڵۆنیەکانی فەرانسەی لە ئەمریکای باکور کارا کردەوە و ڕێگای خۆش کرد بۆ دامەزراندنی چەندین کۆمپانیای تجاری و نمونەی ئەم کۆمپانیاگەلە دەتوانین ئاماژە بە کۆمپانیای نیوفرانس و یا کۆمپانیای سەد بکەین. ئەم کۆمپانیاگەلە ئامانجیان بووژانەوەی فەرانسە بوو لە ئاستی جیهانیدا. لە کۆتا ساڵەکانی ژیانی ڕیشیلیودا هێزی دەریایی فەرانسە، بریتانیای خستبوە ژێر سێبەری خۆی و لە ڕێگای بەحردا زۆر کێشەی بۆ سپانیا دروست کردبوو و فەرانسە ببوە ڕکابەری یەکەمی سپانیا. پێش ڕیشیلیو فەرانسە بە زۆر توانای هەبوو کە شانزدە هەزار کەس هێزی نیزامی ئامادەی هەبێت، کاتێک دەچوون بۆ جەنگ کەڵکیان لە چەکدار و چەتە و چیتر وەردەگرت، بەڵام ساڵی ١٦٣٥ی زایینی جەنگ لە نێوان فەرانسە و سپانیا ڕاستەوخۆ دەستی پێکرد و فەرانسە تا ١٥٠٠٠٠کەسی لە جەنگدا ڕیز کرد.
ڕیشیلیو تەنیا لە حەوزەی جەنگی و هێزی نیزامی پێشکەوتنی بۆ فەرانسە دەستەبەر نەکرد بەڵکوو ئەو ئاڵووگۆڕی گشتی لە فەرانسە و سیاسەتی فەرانسە بەرهەم هێنا. ئەو هەوڵی دەدا تا دەسەڵاتی کڵێسا و پارلەمان بباتە ژێر بڕیاری پادشا. ئەو لە وەسیەتنامەکەی بۆ پادشا دەنووسێت: “پارلەمان و کڵێسا دەبێت لەسەر مێزی یاسا و دادپەروەری پادشا هەڵسووکەوت بکەن.”(p.75) ئەو بەم کارە هەوڵ دەدات تا دەسەڵاتی واتیکان لە فەرانسە کورت بکاتەوە و ئیزنی دەستێوەردانیان لێ بستێنێتەوە و هەم ئەوەی کە دەسەڵاتی کڵێسا سنوردار بکات بە بڕیارەکان پادشا. ئەو پێشنیار دەکات بە پادشا تا بە دانانی یاسای تایبەت پێش بە سەرەڕۆیی بگرێت کە لە لایەنی جیاوازەوە ڕوو دەدات. وەکوو خۆی ئێژێت: ” هەموو هەوڵی من تەنیا ئەوەیە تا بە خاوە شکۆ نیشان بدەم کە چ شتێک بۆ خۆشبژێوی هەموو ڕەعیەت و شارۆمەندی ئێوە لە دۆخی جیاوازدا گرنگ و پێویستە.” ئەم ڕوانینە دەبێتە بنەمایەک لە کاری سیاسی نەتەوەی و ڕەنگدانەوەی بەرفراوانی دەبێت لە پەیمانی وستفالیا. وەکوو پێشتر وتمان تریتشکە پەیمانی وستفالیا بە گشتگیر بوونەوەی “عەقڵی دەوڵەت” پێناسە دەکات.
دروست کردنی هاوپەیمانی لەگەڵ پرۆتستانەکان بۆ فەرانسە زۆر گرنگ و تایبەت بوو. ئەمە دەیتوانی هەم هێزی فەرانسە لە ئوروپا زیندوو بکاتەوە و هەم هێمنی بۆ فەرانسە بگەڕێنێتەوە. فەرانسە تا ئەو کاتە تێچوویەک زۆری دابوو کە بتوانێت هێزێک وەکوو سوئد کە پرۆتستان بوو، بە ڕێکخستن بکات و وەکوو هاوپەیمانی خۆی لێی دەڕوانی و پێکەوە چەندین پەیمانیان واژۆ کردبوو. دیارە لە ناو خودی فەرانسەدا ڕخنەی زۆر دەگیرا لە سیاسەتەکانی ڕیشیلیو، بەڵام ئەو لە ڕێگای دانانی هاوڕێکانی خۆی لە دەزگای ڕۆژنامە و میدیای ئەو سەردەمە، هەم هەوڵی دەدا سانسۆر بکات و هەم سەرکوت. ئابووری خەڵکی فەرانسە زۆر باش نەبوو، بەڵام ئەو یارمەتی هێزە پرۆکسیەکانی فەرانسەی دەدا و ئەمە جێگای ڕخنە و ناڕەزایەتی زۆر بوو. بەڵام ئەو بە تەواو مەعنا بۆچوونەکانی کەسانی وەکوو ماکیاڤێلی لە پێش گرتبوو و ئیزنی نەدەدا تا هیچ دژبەرایەتیەک لە دژی خۆی شکڵ بگرێت و بەهێز بوونی دەزگای دەوڵەتی فەرانسەی لە قازانج و بەرژەوەندی نەتەوەیی فەرانسە دەبینی. بۆیە لە ڕوانینی ئەودا هەر شتێک کە بۆ دەوڵەت ئەنجام دەدرا بۆ خودا دەبوو. بۆیە ئێژێت: “ئەوەی بۆ دەوڵەت ئەنجام دەدرێت، لە ڕاستیدا بۆ خودا ئەنجام دەدرێت. بۆ ئەوەی کە خودا بنەما و ئەساسی دەوڵەتە.”(٩٥) ڕیشیلیو جەنگی ڕانەگەیندراوی فەرانسە و سپانیای بەو شێوە بەڕێوە دەبرد و کاتی بۆ نۆژەن کردنەوەی هێزی فەرانسە دەستەبەر ئەکرد. سپانیا و هێزەکانی هابسبورگ بەردەوام هێرشیان دەکردە سەر هاوپەیمانەکانی فەرانسە و داگیریان دەکرد. پاپای کاتولیک هەوڵی دەدا لە نێوان فەرانسە و سپانیا وەکوو نێوانجی هەڵسووکەوت بکات، بەڵام ئەویش لە ژێر کاریگەری لایەنی هابسبورگ بوو و ڕیشیلیو ئەمەی دەزانی. دوای ئەوەی هابسبورگ شاری تریری “Trier” داگیر کرد و ئۆسقۆفی ئەو شارەیان لە بەندیخانە کرد، چیتر فەرانسە نەیدەیتوانی بێدەنگی هەڵبژێرێت. ئەگەر فەرانسە ئەو کارەی بکردایە، چیتر هاوپەیمانەکانی حیسابیان لەسەر نەدەکرد و بەو شێوە دەسەڵاتی فەرانسە و هێزەکەی ئەچووە ژێر پرسیار و هاوکارەکانی خۆی لەدەست دەدا. بۆیە فەرانسە بە بێ ترس و دڵەڕاوکێ ئەم داگیرکاریەی مەحکوم کرد و وتی چیتر ئەم هەڵسووکەوتە نادادپەروەرانەیە. ئەو دەیوت ئەم داگیرکردنەی تریر دژی یاسای نێونەتەوەییە و دژی بەرژەوەندی شازادەکانی مەسێحیە. فەرانسە دەیوت ئەمە خواستی هابسبورگە بۆ سوڵتە بەسەر جیهاندا، بۆیە دەبێت بوەستن لە داگیرکاری. لە بەرانبەردا سپانیا ئەم بابەتەی وەکوو مافی پاراستنی بەژەوەندیەکانی خۆی، لێکدەداوە و بە ڕەوای دەزانی. ئەوەی کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هێزی فەرانسە دەسەڵات و تواناکانی گەشەی دەکرد، لای سپانیا بە شێوەی مەترسیدار چاوی لێدەکرا و لایان وابوو کە ئەمە گۆڕانی پارادایمی دەسەڵاتە. ئەمە بووە هۆی ئەوەی تا کێشەی نێوان سپانیا و فەرانسە قووڵتر ببێتەوە و دەرئەنجامی ئەم قووڵبوونەوە، بووە هۆکار تا لە ساڵی ١٦٣٥ی زایینی فەرانسە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەبەرانبەر ئمپراتوری سپانیا و بنەماڵەی هابسبورگ فەرمانی جەنگ ڕاگەیەنێت. ئەم بنەمایەی لە فەرانسە داڕێژرابوو کە فەرانسە پشتیوانی هێزە لاوازەکان دەکات و هاوپەیمانەکان خۆی فەرامۆش ناکات، خۆی لە شانۆنامەیەک نیشان دەدات کە دەوترێک زۆرترێک لە قسەی کاراکتەرەکانی ئەم شانۆنامەیە حەقێقی و ڕاستیە و بە دەستی خودی ڕیشیلیو نووسراوە. لەم شانۆنامەیەدا ڕیشیلیو ئاوا دەدوێت:

“من مامۆستای شازادە گەنج و منداڵەکان لە دایک بووم.
توانای من ئەو شتەیە پارێزگا(ئەیاڵەتە) لاوازەکان ڕادەگرێت.
لە هەموو جێگایەک هاوپەیمانەکانم داوای یارمەتیم لێدەکەن.
بەم بۆنەوەیە، ئەی شازادە خاتوون کە بۆ لای ئەوان هەڵدێم.
لەترسی ئەوەی، بە بێ ئەوە، بۆ پارێزگاری لە خۆم لاواز دەبم.
لەکۆتاییدا جەنگ پێویستە و مەجبورم بجەنگم.
نە بە هۆی لوت بەرزی، بەڵکوو لە ڕووی زەرورەتەوە. “

ئەم شانۆنامەیە لە لایەن کەسێک بە ناووی ژان دێزمارت دێ ساینت سۆرلین Jean Desmarets de Saint-Sorlin نووسراوە. هەندێک سەرچاوەش وتوویانە کە ئەم شانۆنامە لە کۆتا ساتەوەختەکانی ژیانی ڕیشیلیو، خۆی نووسیویەتی.
نووسەر ڕوانینێک تایبەتی هەیە بۆ ئەرکەکان خۆی، ئوروپا، هێز، توانای فەرانسە و خودی فەرانسە و بۆیە گرنگی تایبەت دەدات بەم دەقە. لەم دەقەدا ڕیشیلیو چیتر لە جەستەی مرۆڤدا خۆی نانوێنێت، بەڵکوو ئەو خودی فەرانسەیە و فەرانسە دەژی. ئەو هەوڵ دەدات وڵام بداتەوە بەو ڕخنانەی کە گۆیا نابێت پشتیوانی لە پرۆتستانەکان بکرێت. نووسەر لە پێگەی مامۆستایەک کە فەرانسە بێت، فێری فەرانسەییەکان و شازادەکان دەکات و لە پێگەیەک کە تەنانەت دەتوانین بێژین سەرکوتکەریشە، بەوان ئێژێت ئێوە نازانن و من مامۆستام. بڕیارە فەرانسەیی تازە لەدایک بوو فێر بکات کە سیاسەت چۆنە. وەکوو چۆن لە سەرەتاوە وتمان کە جیوانی ئێژێت بەشێک له عەقڵی دەوڵەت بریتیە لە “ڕاگرتن”، لێرەشدا ڕیشیلیو ئاماژە بەوە دەکات که توانای ئەو دەبێت لەوەدا بێت کە پارێزگا لاوازەکان ڕاگرێت. ئەو بە شازادە خاتوون ئێژێت: ئەگەر بە گوێی ئەو ناکات، بە هۆی ئەوەیە کە هاوپەیمانەکانی داوای یارمەتی لێدەکەن. ئەو هێز و توانای خۆی لەو کارەدا دەبینێت و بۆیە پشت دەکات لە شازادە خاتوون. ئەو هەڵدەبژێرێت کە چی بکات و چۆن هەڵسوورێت. بەو شێوە ڕیشیلیو خەریکە فۆرمێک دیکە لە سیاسەت، بەرژەوەندی نەتەوەیی و ئاگایی نەتەوەیی پێکشەش دەکات لە چیتر پێوەست نیە بە ئایدیاڵیسمەوە، بەڵکوو پێوەست دەبێت بە بەرژەوەندی نەتەوەیی فەرانسی. ئەو بۆ بەرژەوەندی و مانەوەی خۆی دەچێتە یارمەتی ئەوانی دیکە و نەک بە هۆکاری ئایینی و یا ئەخلاقی. ئەگەر هۆکاری ئەخلاقی و ئایینی لە فەرانسەی ڕەچاو بکردایەت دەبوو دژ بە پرۆتستانەکان لەگەڵ بنەماڵەی هابسبورگیەکان و ئمپراتۆری پیرۆزی ڕۆم هاوپەیمانی پێک بێنێت. بەڵام ئەم کارە ناکات و دژی پرۆتستانەکان ناوەستێتەوە، بەڵکوو وەکوو کەرەستەی دەسەڵات سەیری جیهان دەکات. بە پێچەوانەوە دەبێتە هاوپەیمانیان و ئێژێت بۆ پارێزگاری لە خۆی ئەو کارە دەکات. ئەمە جیا لە پارێزگاری، هێز و توانای ئەو پەرە پێدەدات. ئەو ئەگەر ببێتە هاوبەشی هابسبورگیەکان ڕاستەخۆ دەبێتە بەشێک لە پەرەسەندنی دەسەڵاتی ئەوان و چیتر فەرانسە توانای نامێنێت بۆ پەرە دان بە خۆی. دەرئەنجامی ئەم کارەی ئەویش تەنیا جەنگی تێدایە بۆیە کاتێک کە باس لە جەنگ دەکات، نایبەستێتەوە بە ئەخلاق و ئایینەوە، بەڵکوو سەرەتا هۆکاری هاوپەیمانیەکانی باس کردوە و دواتر ئێژێت بۆ مانەوەی ئەم هێزە پێویستە بجنگی. ئەم جەنگە لەسەر لوتبەرزی و شتی لەو شێوە نیە، بەڵکوو لەسەر زەرورەتێکە کە توانامەند بوون بۆ ئەوی دەخولقێنێت و بۆیە هەبوونی جەنگ بە زەرورەت دەستنیشان دەکات.
هەوڵدان بۆ یارمەتی لاوازەکان و هەوڵ بۆ دروست کردنی هاوسەنگی هێزی نیزامی و سیاسی لە ئوروپا لە لایەن ڕیشیلیو، دوو مێژووناسی ئاڵمانی بە ناوەکانی فریتز دیکمن و کلاوس مالتکه دەگەیەنێت بەو قەناعەتە، کە بێژن : “ڕیشیلیو لە هەوڵی دامەزراندنی هێزی نیزامی هاوبەش بووە بۆ پارێزگاری و ئاسایشی ئوروپا و هەروەها لەو ڕێگایەوە هەوڵ دەدات تا هاوسەنگی هێز دروست بکات.” بەڵام لە ڕاستیدا بەڕێوەبەری و هاوسەنگکردنی هێز بۆ ڕیشیلیو، بەو واتایەیە کە هەرچێک هێزی پەرتەوازە لە ساحەی ئوروپا و بە تایبەت فەرانسە بوونی هەیە، لە ڕێگای دەزگای دەوڵەتی فەرانسەوە داڕێژراو بێت و ئەمە دەبێتە هۆکار بۆ دروست بوونی شێوەیەک دەوڵەتی ناوەند میحوەر و زەبەلاح. بۆیە لە ئەگەری سەرپێچی کردن، ئەو هێز و دەزگاگەلە سەرکوت دەکرێن. ئەتوانین بێژین دەزگای دەوڵەت لە ئاوا دۆخێکدا ئەوەندە گەورە و زەبەلاح بووەتەوە و پەرەی سەندوە تا سەرکێشی بکاتە ناو ژیانی تاکەکەسی مرۆڤەکانێش. نمونەی زیندووی ئەم شێوە دەوڵەتانە دەتوانین ئیران ببینین. ئیران بە تەواوی مەعنا خەریکە لە ستراتیژی ڕیشیلیو کەڵک وەردەگرێت. بێننە بەرچاوی خۆتان دوو حزبی کوردی کە بە شێوەی بنەڕەتی دەبێت نەیاری ئیران بن، کاتێک تووشی کێشە دەبن، ئیران هەوڵ دەدات بەردەوام بەڕێوەبەرایەتی کێشەی نێوانیان بکات، تەنانەت زۆر جار ناوبژێویشیان دەکات. تا ئەمڕۆ کە من خەریکم ئەم ڕستانە دەنووسم، ئیران لە جەمسەری باشووری جیهانی خەریکی چالاکیە بەو مەبەستەی تا وەکوو هێزێک جیهانی دەرکەوێت. ئەو هەوڵی دامەزراندنی پێگە و هێزی خۆی لە ئەمریکای لاتین، چین، ڕووسیە، وڵاتانی ئەفریقی دەدات و لەگەڵیان پێوەندی هێز و دەسەڵات دروست دەکات و هەروەها ئەو هەوڵ دەدات هێزە ناوچەییەکان بە قازانجی خۆی بەکار بێنێت. کوردیش تەبێعەتەن بەشێکە لەو هێزە ناوچەییانە و چەندین ڕێکخراوی کوردی لەژێر کاریگەری ئەودان. دەزگای دەوڵەتی ئیران کە کۆماری ئیسلامی بەشێکە لەم دەزگا زەبەلاحە، هەموو هێزی خۆی تەرخان کردوە بۆ لەناو بردنی پرسی کوردستان و کورد. ئیران هەوڵی ئەوەیە تا کورد نەتوانێت پرسی کوردستان وەکوو وڵاتێک داڕێژێت بەڵکوو وەکوو کەمینەی ناو ئیران لەگەڵ پرسەکە هەڵسووکەوت دەکات و کوردیش بە هۆی سەرکوتێک هەمەلایەنە کە بە سەریەوە زاڵه بەردەوام لە پرسە ڕاستیەکە دور دەکەوێتەوە و سەرقاڵی پرسە ڕۆژانەکانی ژیان دەبێت. چالاکوانی کورد بە جێگای ئەوەی، بپرسێت “بۆ کورد ناتوانێت دەزگای دەوڵەت دامەزرێنێت؟” و لەو ڕیگایەوە ڕێگا خۆش بکات بۆ پرسیاری تایبەتیتری وەکوو “شکۆ”، “شەرەف”، “گەورەیی”، “بەختەوەری” و چیتر ئەو سەرقاڵ دەکرێت بە پرسگەلێک ڕۆژانەی بێ ناوەرۆکی وەکوو پرسی “ڕەگەز”، “بەرابەری”، “زمان” و چیتر. ئەو دەپرسێت “بۆ کچ و کوڕ مافیان نیە یەکتر ماچ بکەن؟” ئەساسەن ئەو بابەتانەی ڕۆژانەی ژیانی مرۆڤ نابێت بکرێتە بابەتی سیاسی و دەوڵەتی. چ مەعنای هەیە کە دەزگای دەوڵەت لەسەر بابەتی “ڕەگەز”، “حیجاب” و چیتر بڕیار بدات. ئەمانە بەشێکن لە پرسی کۆمەڵگا و نەک دەزگای دەوڵەت. دەزگای دەوڵەت، چالاکی سیاسی، سیاسەتوان، سەرۆک کۆمار و چیتر نابێت ئیزنی ئەوەیان هەبێت کە بڕیار لەسەر ئەوانە بدەن. بەڵام بە هۆی گەورە بوونەوەی دەوڵەتی ئیرانی و پەرەسەندنی ئەم دەزگا ئەم پرسگەلە دەبێتە پرسی سەرەکی بۆ چاکی سیاسی لە کوردستان.
دیارە کاتێک کە دەوڵەت گەورە دەبێتەوە، بە پێچەوانە دموکرات بوون و ئازادی کۆمەڵگا پاشەکشە دەکات و بچووک دەبێتەوە و بەرەو ئستبداد دەڕۆین و هەرچەن کە دەزگای دەوڵەت بچووک بێتەوە دموکرات بوون گەشە دەکات و کۆمەڵگا توانای هەڵسووکەوتی ئازادانە تری دەبێت. وەکوو چۆن تۆماس پەین لە عەقڵی گشتی(common sense) ئێژێت: “سەرچاوەی دەوڵەت لە شەڕی مرۆڤەوەیە و سەرچاوەی کۆمەڵگا لە ئازادی و شایی و پێکەوە بوون، و لە نەهایەتدا دەوڵەت شەڕی لازمە.”(٨) بۆیە لە ئەو وڵاتە دامەزراوانەی کە کێشەی ترس لە ڕووخانی وڵات نەماوە مرۆڤ توانای هەیە بۆ ئازادی زۆرتر و دموکرات بوونەوەی دەزگای دەوڵەت چالاکی بکات، بەڵام ئەو وڵاتانەی هێشتا دانەمەزراون و ساخ نەبوونەتەوە وەکوو ئیران کە ئەگەری هەڵوەشانەوەیان هەیە، هەر هەوڵێک بۆ دموکراتیزە کردنی دەوڵەت سەرکوت دەکرێت. ئەم ڕووداوە بە ڕوونی لە ئیراندا دەبینین، کورد پێی وایە بە دموکراتیزە کردنی دەزگای دەوڵەت دەتوانێت دەسکەوت بۆ خۆی دەستەبەر بکات، بەڵام نەک تەنیا دەوڵەتی ئیرانی بەڵکوو لە لایەن دەزگای کۆمەڵایەتی ئیرانیشەوە سەرکوت دەکرێت و پێم وایە هەوڵ بۆ ئێعتراف گرتن و شایەتومان هێنانی سەرکردەی حزبە کوردیەکان بە ڕوونی دەبینین. لە ڕاستیدا هەوڵی ئیرانیەکان دەقێق بۆ دامەزراوە کردنی کۆتایی خۆیانە و هاوڕایی کورد لەگەڵ ئیرانیەکان دەقاودەق بە واتای مەرگی هەتاهەتایی کورد دبێت. ئەم باسە لێرەدا دەبەستین و لە دواتەر زۆرتر لەسەری دەدوێین.

سەرچاوەکان:

١: Botero, Giovanni. The Reason of State. Edited by Robert Bireley. Cambridge, United Kingdom; New York, NY: Cambridge University Press, 2017, p. 4.

٢: Cardinal Armand Jean du Plessis de Richelieu

٣:Carl J. Burkhardt, Richelieu: His Risee to Power, New York:Vintage Books,1964-p.162.

٤: Richelieu, Armand Jean du Plessis. The Compleat Statesman, or, The Political Will and Testament of that Great Minister of State, Cardinal Duke de Richelieu. London: Printed for R. Bentley, J. Philips, and J. Taylor, 1695, p. 157.

٥:”Miceli, Mario. “Una Aproximación al Concepto de ‘Razón de Estado’ en Giovanni Botero desde la Teoría Política de Carl Schmitt.” Colección 21 (2011): 15-38.

٦: Richelieu, Armand Jean du Plessis. The Compleat Statesman, or, The Political Will and Testament of that Great Minister of State, Cardinal Duke de Richelieu. London: Printed for R. Bentley, J. Philips, and J. Taylor, 1695, p. 84.

٧: Quoted in Carl Jacob Buckhardt, Richelieu and His Age: Power and the Cardinal´s Age(London: Allen & Unwin, 1971, p.110

٨: Paine, Thomas. Common Sense. Originally published January 10, 1776; Most recently updated August 9, 2021. Project Gutenberg eBook #147. Section I.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووسەردان و دیدارەکانی سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە بریتانیا

Leave a Reply