نووسەر: مەسعود پەژووهی
تایبەتمەندیە گشتیەکان ڕێئاڵیسم لە پێیوەندیە نێودەوڵەتیەکان
ڕێئاڵیستەکان بڕوایان وایە کە لە بازنەی سیاسەت و پێیوەندی نێونەتەوەیی، هەندێک تایبەتمەندی بنەڕەتی بوونی هەیە که دەبێت چالاکی ئەو بوارە بە وردی ئاگاداریان بێت. بە هۆی خۆپەسەندی مرۆڤ کە بەسەر سیاسەت دا سەپێنراوە و هەروەها بە هۆی نەبوونی یەک دەوڵەتی گەورەی جیهانی، جەخت لەسەر سنورەکانی هەڵسووکەوتی سیاسەتی نێونەتەوەیی ئەکەنەوە. ئەوان پێیان وایە کە بۆ بەشداری کردن لە سیاسەتی نێونەتەوەیی پێویستە، هەندێک پێشمەرج و زانیاری تایبەت بوونی هەبێت تا بتوانی لە سیاسەتی نێونەتەوەیی بەشداری “بکەیت”، “بکرێت” و یان “بکەن”. جیاوازی ئەم سنورانە، سیاسەت و هەڵسووکەوت سنوردار ئەکات و کۆی ئەم جیاوازیانە دەبنە هۆکار بۆ بەرهەم هاتنی پارادایمێک کە بە «دژبەرایەتی»(conflict) دەناسرێت.
کایەکەری ئەساسی و بنەڕەتی لە ڕێئاڵیسم خەڵک نیە، بەڵکوو دەوڵەتە. نەتەوە وەکوو کۆیەکه لە کۆمەڵگایەک تایبەت کە دەتوانێت میلیۆنان نەفەر تێیدا بەشدار بێت. ئەم میلیۆنان کەسە هەرکەس بۆ خۆی وەکوو تاک ساحێب بەرژەوەندی تایبەت بە خۆیانن که زۆرجار له ناو خودی کۆی نەتەوەکەشدا دەتوانێت بەریەککەوتن دروست بکات. بۆیە بۆ پێوەندی نێونەتەوەیی ناکرێت دانە بە دانەی ئەم کەسایەتیانه بگیرێنه بەرچاو. هەر ئەم پرسە دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی تا لە یاسای نێونەتەوەییدا مافی تاکەکەسەکان تەنیا لە پرسی ناوخۆیی یەک وڵاتدا بخرێتە بەر پرسیار و لێکۆڵینەوە و ناچێتە بازنەی نێونەتەوەیی و پێوەندی نێونەتەوەیی سەبارەت بە مافی تاکەکان هیچ دەستێوەردانێک ناکات و ئێژێت: “یاسای ناوخۆیی پێشترایەتی هەیە بەسەر یاسای نێونەتەوەییدا”(1). هەر لە ڕاستیشدا ناکرێت و لۆژیکی نیە تا هەرکەس هەوڵ بدات بۆ بەرهەم هێنانی بەرژەوەندی خۆی و بەرژەوەندی کۆ فەرامۆش بکات. ئەمە ئەگەر ڕوو بدات کێشەی جەنگی هەمووان له دژی هەمووان بە دوای خۆیدا دێنێت و بۆیە ئەساسی پێوەندی نێونەتەوەیی لەسەر هەبوونی دەوڵەت و دەزگای نوێنەرایەتی دادەمەزرێت. دەوڵەتەکان بە نوێنەرایەتی له خەڵکی خۆیان لەگەڵ نوێنەری نەتەوەکانی دیکه پێوەندی بەرهەم دەهێنن و بۆیە کاراکتەری ئەساسی له پێوەندی و سیاسەتی نێونەتەوەیی دەوڵەتە. دیارە ئەم پێوەندیە زۆرجاریش بە پێوەندی نێودەوڵەتی ناو دەبرێت و زۆربەی کات ئەم چەمکە کەسانێک بەکاری دەهێنن که یەکەم دەوڵەتی نوێنەر بە نوێنەری خۆیان نازانن و دووهەم خۆیان بە بەرپرسیار نازانن له بەرانبەر ئەو دەوڵەتەی که نوێنەرایەتیان دەکات. گرنگترین بابەتەکان لە ڕێئاڵ پۆلتیکدا، یەکەم هێزە و دواتر ئاسایش و بە ئاستێک زۆر خوارتر ئەخلاق و پرسی مافی مرۆڤە. دیارە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم، دووهەم هەوڵێک هەبوو کە پرسی ئاسایش و دواتر ئەخلاق لە پێش پرسی هێزەوە کاری پێ بکرێت و بەم شێوە هەوڵ درا کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و بانکی جیهانی و چیتر لەم پێیوەندیەدا ساز بکرێت. ئەوان ئامانجیان ئەوە بوو کە دژبەرایەتی کەم بکەنەوە و هاوکاری نێوان نەتەوەکان زیاد بکەن. هێنری مۆرگنتاو وەکوو سەرۆکی خەزێنەی ئەیاڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دەسپێکی کۆنفرانسی ”برتۆن وودز”(The Bertton Woods)که سەبارەت بە بانکی جیهانی بوو باسی لە هاوکاری دەکرد، بۆ ئەوەی ئاسەوارەکانی شەڕ کەم بکەنەوە و ئاوارەکان و وێرانیەکان چارەسەر بکەن و هەروەها گەشە بە ئابووری بدەن. ئەم بابەتە دەتوانین لە پەیامی ڕۆزوێڵت بۆ کۆنگرەی ئەمریکادا ببینین.(2) ئەم کارە بۆ ئەوە بوو که دژبەرایەتی تا ئاستێک زۆر کەم بکەنەوە و پێش بگرن بە کێبڕکێی زیاتر و هەروەها هەوڵ بدەن به شێوەیەک بەرژەوەندی و بەرپرسیارەتی جیهانی داڕێژن که بە ئاستێک یەکسانی و بەرابەری له جیهان پەرە پێ بدات. لە پەیمانی مافی مرۆڤی ساڵی 1948دا،(3) باس و بنەمای ئەم پەیمانه لەسەر بەرابەری و یەکسانی مرۆڤەکان دادەڕێژرێت. هەروەها لەم جاڕنامە بە ڕوونی باس لەوە دەکات که ”گەشەپێدانی هاوکاری دۆستانه له نێوان وڵاتەکان زەرووریە” و یا لە هەمان جاڕنامە ئاماژە بەوە دەکات که ” وڵاتانی ئەندام له نەتەوە یەکگرتووەکان ئەرکبارن، لە ڕێگەی هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵی گەشەپێدانی ڕێزی جیهانی، پابەند بوون بە مافی مرۆڤ و ئازادیە بنەڕەتیەکان بەرهەم بێنن”. دیارە لە زۆربەی پەیمانەکاندا ئاماژەیەک زۆر قووڵ هەیە بۆ بابەتی ئابووری و گەشە پێدانی ئابووری لە جیهان. ئەمە وای کوردوە کە بازاڕ وەکوو سەرچاوە بۆ پێوەندیە نێونەتەوەییەکان سەیر بکرێت و کاتێک ئەمە ڕوو دەدات ئیرادەیەک دروست دەبێت که حازرە هەموو شتێک بە ئاساسی پاراستنی ئاسایش پێناسە بکات و ئەویش نەک ئاسایشی ژیانی مرۆڤ بەڵکوو ئاسایشی سیستەمی بازاڕ. بۆیە ئەگەر لە وڵاتێک وەکوو ئەفغانستان تاڵبان ئەگات بە دەسەڵات، کەس لە ژیانی ئەفغانستانی ناپرسێت بەڵکوو کاتێک لێیان دەپرسن کە ئاسایشی جیهانی و بە تایبەت سیستەمی بازاڕ دەکەوێتە مەترسیەوە. یا نمونەیەک دیکە دەتوانین ئاماژە بە ئیران بکەین، کاتێک کە خومەینی بە دەسەڵات دەگات، بە هەزاران مرۆڤی کورد ئاوارە دەبن و دەکوژرێن و یا لە سێدارە دەدرێن، کەس ناپرسێت کە بۆ دەبێت وابێت، بەڵکوو کاتێک کە هاوسەنگی هێز و بە تایبەتی هێزی ئەتۆمی و هاژەکی خەریکه دەرووخێت، هەوڵ دەدرێت کە پێشیان پێ بگرن. ئەمە خۆی نیشانی دەدات کە هەرچەن هەوڵ بۆ هاوکاری نێونەتەوەیی بوونی هەیە و هەبووە و هەوڵ دراوە پرسی هێز و دەسەڵاتی نیزامی و چەکداری لاواز بکرێت، زۆرتر کارێک بێ مەعنا بووە و ئەوەی کە قسەی یەکەم دەکات لە کۆتاییدا هەمان هێز و دەسەڵاتە کە پارێزەر و پشتیوانی بەرژەوەندیەکان دەبێت.
دیارە کاتێک که باسی ڕێئاڵ پۆلیتیک دەکەین، کۆمەڵێک پێشمەرج بۆ بەشداری کردنی لە کایەی سیاسی لەناو پارادایمی ڕێئاڵ پۆلتیک بوونی هەیە کە جیایە لە هەبوونی دەوڵەت. دەوڵەت له ڕاستیدا کەرەستەی بەشداریە له سیاسەتی ڕێئاڵ پۆلیتیکدا. ئەگەر دەوڵەتێک بیەوێت سیاسەتێک سەرکەوتووی هەبێت و بە قازانجی نەتەوەکەی هەڵسووکەوت بکات، دەبێت ئەمانە هەم بناسێت و هەم کاریان لەسەر بکات و ئەگەر لە جێگایەک لاواز دەبن بەهێزیان بکاتەوە. دانشنامەی فەلسەفی زانکۆی ستەنفۆرد ئەم پێشمەرجانه بە پێی گرنگی هەرکامیان بەم شێوە دەستنیشان دەکات: یەکەم: خۆپەسەندی، دووهەم: ئانارشی، سێهەم: دەسەڵات و هێز، چوارەم: ئاسایش و ئەمنیەت، پێنجەم: بە ئاستێک زۆر کەمتر لەوان، ئەخلاق و مافی مرۆڤ. دەتوانین ئەم پێشمەرجانه لە نووسینەکانی توسیدیدس بدۆزینەوە و ئەو ئاماژەی پێداون و هێناونیەتە بەر باس. هەرچەن لە ئیدامەدا بەردەوام و بە شێوەی ناوبڕ دێنەوە بەرباس بەڵام بۆ ئەوەی خوێنەر تێگەشتنێک سەرەتایی لە بابەتەکە هەبێت هەوڵ دەدەم بە کورتی ئامژەیەک و ڕوونکردنەوەیەک لەسەریان بدەم.
یەکەم: خۆپەسەندی
کاتێک ڕێئاڵیسم دەیەوێت بدوێت سەرەتا لە سروشتی ئینسان و دواتر خودی سروشتەوە دەست پێدەکات. ئەوان شەڕێک دەبینن کە لە لە جیهان بوونی هەیە. ماکیاڤێلی لە وەرزی هەژدەی شازادە ئێژێت ”مرۆڤ بوونەوەرێک ناسپاس، درۆزن، فێڵبازە. ئەوان لە ڕیسک هەڵدێن و بیر لە قازانجی خۆیان دەکەنەوە. تا کاتێک لەگەڵ تۆ دەبن کە پێویستیان بە تۆ هەیە و کاتێک کە پێداویستیان تەواو بوو دەچن بۆ جێگایەک دیکە.”. تۆماس هابز له کتێبی لویاتان پێ وایە کە ئەم خۆپەسەندیە شتێکە کە لە سروشتەوە بە مرۆڤ دەگات و ئەو بۆ ئەم بابەتە لە چەمکی”Self-preservation”(خۆپارێزەری) کەڵک وەردەگرێت(4). دیارە دەتوانین ئەم شەڕه لە جیهاندا بە دوو بەش دابەش بکەین، یەکەم: شەڕی سروشتیە کە ئیرادەی ئەو لە دەستی مرۆڤدا نیە وەکوو مەرگ و بوومەلەرزە و شێرپەنجە و یا ئەو شەڕە کە بە هۆی پەرەسەندنی مرۆڤەوە لەگەڵ خوو و بوونی مرۆڤ تێکڵاو بووە. دووهەم: شەڕێک کە مرۆڤ خۆی له بەرهەمی کێبڕکێ و خواستی دەسەڵات بەرهەمی دەهێنێت. بەو بۆنەیەوە، سروشتی خۆپەسەندی ئینسان بە دەسپێکی ڕێئاڵیسمی کلاسیک دەناسرێت. ڕێئاڵیستەکان مرۆڤ بە بوونەوەرێک خۆپەسەند دەناسن و هاوکات پێیان وایە کە ئەم خۆپەسەندیەیە کە دەبێتە هۆکاری گەشەی مرۆڤ و ئەم خسڵەتەی له مرۆڤدا زاتیە و پەیوەستە بە بوونی مرۆڤەوە. ئەسیناییەکان لە نووسینەکانی توسیدیدس باس لەم خسڵەتەی مرۆڤ دەکەن و ئێژن « پرسی ئەخلاقی قەد پێش بە خەڵک ناگرێت کە چاپلوسی بۆ دەسەڵات نەکەن.»(5) یان ئەگەر سەیری نووسینەکانی پلۆتۆس بکەین، کە لە ڕۆمی پێش زایین ژیاوە، ئاماژە بە چەمکێکی زۆر گرنگ دەکات کە دواتر وەکو بنەما و پێویستی بۆ دەوڵەت کەڵکی لێ وەرگیراوە. پلۆتۆس(Plautus له شانۆنامەی Asinaria) ئێژێت ” Homo homini Lupus est. “”مرۆڤ گورگی مرۆڤە”.(6) پلۆتۆس لەم شانۆنامەیەدا باس لە حەریس بوون و چەقاوەسوو بوونی مرۆڤ دەکات له کۆمەڵگای ڕۆم. ئەو دەیەوێت نیشانی بدات که مرۆڤ تا چ ئەندازە دەتوانێت دژ بە یەکتر بێڕەحم بن. کەسانێک وەکو هابز بە هۆی ئەم خۆپەسەندیەی مرۆڤەوە، بوونی دەوڵەتی بە زەرورەت دەگرن و باس لەوە دەکەن کە ئەگەر دەوڵەت بوونی نەبێت، ئەم خسڵەتەی مرۆڤ دەبێتە هۆکاری ماڵوێرانی بۆ ژیانی مرۆڤ و تاکی ناو کۆماڵگا.
ئەوان بە تەکید شەڕێک کە لە ناو دەوڵەت بوونی هەیە، دەناسن و دەزانن بۆیە تۆماس پەین ئێژێت «بازێک له نووسەران کۆمەڵگا و دەوڵەتیان لێشێواوە. لە حاڵێکدا جیاوازی زۆر هەیە لەم نێوانەدا. کۆمەڵگا لەسەر ویستەکانی ئێمە بوونیاد دەنرێت و دەوڵەت لەسەر شەڕ. کۆمەڵگا عاتیفە و هەستە خۆشەکانی ئێمه دەبزوێنێت و دەبێتە هۆکاری خۆشی و شایی ئێمه. دەوڵەت خووی چەپەڵی ئێمە هەوسار دەکات. کۆمەڵگا پشتیوانە و دەوڵەت سزا»(7) بەم بۆنەیەوە لە پرسی دەوڵەت دا دەوترێت کە «دەوڵەت شەڕی پێویستە» واتە دروستە کە سەرچاوەی دەوڵەت لە شەڕەوە دێت، بەڵام ئەمە پێداویستی مانەوەی مرۆڤە.
بۆیە ئەم شەڕەی که لە مرۆڤدا هەیە تێکەڵاو دەبێت لەگەڵ دەوڵەت و سەرچاوەکەی لە زاتی مرۆڤەوە دێت. بوونی ئەم خسڵەتە بنەڕەتیەیە، دەبێتە هۆکار تا مرۆڤ بۆ پێشگرتن بە ئاڵۆزی و ئانارشی هەمەلایەنە، بیر لە دەزگایەک بکاتەوە کە ڕێکخستنی کۆمەڵگا بگرێتە ئەستۆ. ئەو دەبێت پێیوەندیەک کە لەناو مرۆڤەکان هەیە و تێکەڵاو بە خۆپەسەندیە، ڕێکبخات و ببێتە هۆکار کە زیاترین قازانج لە ناو زیاترین مرۆڤەکان دا دابەش بکرێت. بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەم خۆپەسەندیەی مرۆڤ، هاوکات تێکەڵاوە بە هەندێک نەریت و تایبەتمەندی و سنووری جیاواز. لە دوای مۆدێڕنیتەوە بەرچاوترین جیاوازی، جیاوازی نەتەوەییە و بۆیە وەکوو گرنگترین شت “شوناسی نەتەوەیی جیاواز” دەستنیشان دەکرێت. لە بەرانبەردا زۆر جار باس لە دروستکردنی دەزگایەکی جیهانی بۆ ڕێکخستنی مرۆڤ دێتە بەرباس و ئەم بابەتەش زۆرتر لە لایەن کەسانی ئایدیاڵیستەوە کراوە. ئەوان بۆ ئەوە بگەن بە خواستی ئایدیاڵیستی خۆیان هەوڵ دەدەن کە جیاوازیەکان بسڕنەوە و یان پشت گوێی بخەن. ئەوان پێیان وایە کە نەتەوە شتێکی ڕوون و بەرچاو نیە بەڵکوو زۆرتر شتێک زەینیە کە سیاسەت دەیکاتە کەرەستە و بۆیە لە چەمکی نەتەوە چاوپۆشی دەکەن و هەوڵ دەدەن تا تەجروبەی هاوبەشی جیهانی وەکوو ڕەگەز یان ئەخلاق و یان شتی لەو شێوە بدۆزنەوە و بەو ڕێگایە هاوبەشی جیهانی لە تیۆری خۆیاندا دروست بکەن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە کاتێک دەگەڕێینەوە بۆ مێژووی ڕاستەقینە هەموو ئەو جیاوازیانە دەبینین، بۆیە ناکرێت تەنیا وەکوو چەمکێک زەینی سەیری بکەین. ئەم جیاوازیانە بەردەوام لە مێژوودا بوونیان هەبووە و دەبیت و ئەم جیاوازیانه دژبەرایەتی دروست دەکات. بۆیە لە ئەساسدا بیرکردنەوە لە دەزگایەکی جیهانی که توانای هەبێت ئەم هەموو جیاوازیانە (له ناو زیاتر له هەشت ملیارد مرۆڤ بوونی هەیە) ڕێکبخات، زیاتر وەکو شۆخی و گاڵتە وایە. هەروەها بۆ دامەزراندنی ئاوا دەوڵەتێک پێویستە کە ئیرادەیەک بەهێز بوونی هەبێت کە ئەرکی دامەزراندن و ڕێکخستن لە ئەستۆ بگرێت. ئەو ئیرادە بەهێزەی کە بتوانێت ئاوا دەزگایەکی ڕێکخراو و ڕێکخەر (کە زیاتر له هەشت ملیارد مرۆڤ بە هەزاران بیر و بڕوای جیاوازەوە) ڕێکبخات بوونی نیە. ئەساسەن ئاوا ئیرادەیەک توانای شکڵ و فۆرم گرتنی نیە و نابێت. ئەوان بۆ ئەم نەتوانینه وەهمێک زەینی به ناوی ئمپریالیسمی جیهانی دروست دەکەن. بەم بۆنەیەوە دەوڵەتەکان لەسەر ئەساسی جیاوازیەکان بەرهەم هاتوون و بەرهەم دێن. سەردەمێک ئەم دەزگا ڕێکخەرانە لەسەر ئەساسی ئایینی بەرهەم هاتوون و هەوڵی ئەوەیان داوە کە خەڵک بە ڕێکخستن بکەن و ئەمە لە فۆرمی کڵێسە و خەلیفە و سوڵتان و شا و چیتر دەبینین. لەو فۆرمەی دەوڵەت و یان دەزگای ڕێکخەری کۆمەڵگادا، خەڵک به مەعنا ئەمڕۆییەکەی نەبووە، بەڵکوو مرۆڤ ساحێب هیچ چەشنە مافێک نیە تا بتوانێت ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینە و ئیرادەیەک لە خۆی نیشان بدات، بەڵکوو ئەوە دەزگای ڕێکخەرە ئیرادە دەکات و مانا له خەڵک پێشکەش دەکات. بۆیە دەوڵەت لە ئەساسدا مەشروعیەتی خۆی یان لە هێز وەرگرتووە و یان له ئایین و خودا. دواتر لە سەردەمی مۆدێڕندا، چەمکی خەڵک بەرهەم دێت و خەڵک چیتر لە دونیای بەرەهووتی بێ مافی دێنە دەر و مانایەک نوێ بۆ خۆیان دەستنیشان ئەکەن. بۆیه لە سەردەمی مۆدێڕندا بە هۆی ئەو گۆڕانکاریانە، ئەساسی دەوڵەت و مەشروعیەتی دەوڵەت ئەگەڕێتەوە بۆ خەڵک. لەم دۆخەدایە کە دەوڵەت خۆی بە نوێنەری خەڵک و نەتەوەیەک تایبەت پێناسە دەکات و چیتر نوێنەری خودا نیە. ئەم هۆکارە خۆی دەبێتە هۆکارێک دیکه کە جیاوازیەکان ناو خەڵک بەرجەستە ببێتەوە و نەتەوەکان ببنە مۆڵگەی بەرهەم هێنانی دەوڵەت و ئەساسەن چەمکی دەوڵەت-نەتەوە و ناسیۆناڵیزم لەدایک دەبێت و فۆرمێک دیکه له دەزگای ڕێکخەری خەڵک دێتە بوون و ڕێکخستنی خەڵک بە ئەستۆ ئەگرێت. بۆیه ئەو سیستەمەی وا ئەمڕۆ له جیهان پێڕەو دەکرێت، لەسەر ئەساسی دەوڵەت-نەتەوە ساز کراوە و خۆپەسەندی مرۆڤکان ئەگوازێتەوە بۆ بازنەی سیاسەتی نێونەتەوەیی. تەبێعەتەن دەوڵەتانی نەتەوە جیاوازەکان لەسەر ئەساسی دەستەبەر کردنی زۆرترین بەرژەوەندی بۆ نەتەوە و مانەوەی خۆیان کار دەکەن و ئەمە دۆخێک ئاڵۆز ساز دەکات کە پێویستە چالاک و ئەکتەری سیاسی لەم بازنەیە بەردەوام ئاگادار بێت لە هەلومەرجی نێونەتەوەیی. ئەو پێویستە هەوڵی دەستەبەرکردنی بەرژەوەندی تایبەتدا بدات، بۆ نەتەوە و خەڵکێک کە لەگەڵیان مانا لە ژیان وەر دەگرێت.
دووهەم: ئانارشی
ڕێئاڵیستەکان و بە تایبەتی نیۆڕێئاڵیستەکان بەهۆی نەبوونی دەوڵەتی جیهانی کە بتوانێت ڕێکخستنی گشتی لە جیهان جێبەجێ بکات، ئەم دۆخەی جیهان بە دۆخێک ئانارشی دەزانن. والتز سەبارەت بەم دۆخە ئێژێت: ”له نەزمی نێونەتەوەییدا هیچ دەسەڵاتێکی ناوەندی بۆ ڕێکخستنی هەڵسووکەوتی دەوڵەتەکان بوونی نیە. بۆیە وڵاتەکان له دۆخی ئانارشیدا هەڵسووکەوت ئەکەن و بەو شێوە ئاسایش و مانەوە بۆ خۆیان دەستەبەر دەکەن.”(8) ئەوان هەموو بەریەککەوتن، تەزاد و دوژمنایەتیەکانی بازنەی نێوان دەوڵەتەکان، بە بەرهەمی ئەم ئانارشیە دەزانن. بەم بۆنەیەوە کلاوزێویتس (Carl von Clausewitz) لە کتێبی (Vom Kriege) (جەنگ) ئێژێت: “دوو بەرهەڵستکار و یا ڕکابەر چیتر تەنیا چەمکی زەینی نین، بەلکوو حکومەت و دەولەتە سەربەخۆکانن(دەوڵەتە نەتەوەییەکان). جەنگ چیتر خەیاڵ و ئایدیاڵ نیە، بەڵکوو پرۆسەیەک ڕوون و دیارە.”(9) ڕێئاڵیستەکان لایان وایە، لە دۆخی ئانارشی جەنگ چیتر ڕووداوێکە کە بەردەوام ئەگەری ڕوودانی هەیە. لایان وایە نەبوونی یاسا و ڕێساگەلێکی هاوبەشی جیهانی کەوا بتوانێت ئەم دۆخە بە بێ بەریەککەوتن ڕێکبخات، هۆکارە بۆ کەڵک وەرگرتنی دەوڵەت-نەتەوەکان لەم دۆخە. ئەوان باس لەوە دەکەن، دەوڵەتەکان تەنیا بیرکردنەوەیان بەرهەم هێنانی زیاترین قازانج و دەسەڵاتە بۆ خۆیان. ئەو شێوە هەڵسوکەوت کردنە دەبێتە هۆکار بۆ بەریەککەوتن. بۆیە هەڵسووکەوتی دژمنکارانە، زۆرتر و قووڵتر ئەبێتەوە. هەر دەوڵەتێک تەنیا بیر لە مانەوەی خۆی ئەکاتەوە و بۆیە پەرە بە هێز و دەسەڵاتی خۆی دەدات و لە بازنەیەک بێ کۆتایی ئەم دۆخە ئانارشیە بەرهەم دەهێننەوە. نمونەی ئەم دۆخە بازنەییە ئەتوانین، ئاماژە بە جەنگی هێز، دەسەڵات و هێژموونی لە نێوان شۆرەوی و ئەیاڵەتە یەکگرتووەکان ئەمریکادا بکەین. ئەمریکا بۆ ئەوەی پێش بە هێز و مەترسیەکانی شۆرەوی بگرێت بەردەوام چەکی نوێ دروست دەکات و لەولاوەش شۆرەوی بە هەمان شێوە بۆ ئەوەی پێش بە هێزی ئەمریکا بگرێت، چەکی نوێی بەرهەم دەهێنا. ئەم دۆخە لە پەیوەندی نێوان شۆرەوی و ئەمریکا ئستڵاحەن بە جەنگی سارد دەناسرێت کە تا ئاستی جەنگی ئەتۆمی پێش چوو.
ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ توسیدیدس دەبینین، سیناییەکان لە دیالۆگ لەگەڵ مێلیەکان ئاماژە بە ئۆتۆریتەی هاوبەش دەکەن و ئێژن «بە بێ هەبوونی ئۆتۆریتەی هاوبەش کە نەزم و ڕێکخستنی هاوبەش بەرهەم بێنێت، دەوڵەتە سەربەخۆکان تەنیا کاتێک دەتوانن بمێننەوە کە هێز و دەسەڵاتیان هەبێت. بە بێ هێز و دەسەڵات ئەوان مەحکومن بە لەناوچوون.». ئەمە وا دەکات کە دەوڵەتەکان بەردەوام بیر لەوە بکەنەوە کە بۆ پارێزگاری لە خۆیان چەك و هێزی نیزامی بەهێزتر دروست بکەن.
سێهەم: دەسەڵات و هێز
لەوێوە کە ڕێئاڵیستەکان پێوەندی نێوان دەوڵەتەکان و نەتەوەکان بە پێوەندیەک ئانارشی دەبینن، بۆیە ئاسایش و ئەمنیەت بە بابەتێک گرنگ بۆ دەوڵەت و نەتەوە دەزانن بۆیە گرنگی تایبەتی پێ دەدەن. بەم شێوە بەردەوام هەوڵی بەرهەم هێنانی دەسەڵات دەدەن و لەم ڕێگایەوە هاوسەنگی خۆیان و دەسەڵاتی بەرزتر له ئەوانی دیکە بەرهەم دەهێنن. ئەوان ئەم کارە بە مەبەستی پێشگریکردن، لە ئەگەرەکانی دەستدرێژی و دەستێوەردانی دەوڵەتەکان و نەتەوەکانی دیکە، لە حاکمیەتی خۆیاندا دەکەن.
ئەم کارە دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی، دۆخی نێوان نەتەوەکان بەردەوام دۆخی ڕکابەری بێت و هەروەها شەڕئەنگێزانە سەیری یەکتر بکەن. ئەمە وا دەکات کە ڕێئاڵیستەکان بەو قەناعەتە بگەن کە دەوڵەتەکان لە بنەڕەتەوە تەزاد و دژبەیەکی جدییان پێکەوە هەیە و وەکوو کڵاوزێویتس وتی جەنگ چیتر خەیاڵ و ئایدیاڵ نیە بەڵکوو پرۆسەیەکە بەردەوام. ئەم ڕکابەری و شەڕە لە چوارچێوە جیاوازەکان ڕوو دەدات و ئامانجیش ئەوەیە کە لایەنی خۆیان زۆرترین قازانج وەرگرێت و لایەنی بەرانبەر کەمترین قازانج و زۆرتر زەرەر بکات و لاواز ببێت. توسیدیدس کاتێک کە جیاوازی نێوان هۆکارە بنەڕەتیەکانی جەنگیی نێوان ئەسینا و مێلۆس باس دەکات، باس لە ئەو هۆکارانە دەکات کە پێش لە بڕیاری جەنگەکە بوونیان هەبووە. ئەو هۆکاری ئەو جەنگە ئەگەڕێنێتەوە بۆ ناهاوسەنگ بوونی هێز و دەسەڵات لە نێوان دوو لایەن، هاوپەیمانی دلیان بە ڕێبەرابەتی ئەسینا و هاوپەیمانی پلۆپۆنس بە ڕێبەرایەتی سپارتەکان. بە وتەی توسیدیدس، گەورە بوونەوەی دەسەڵاتی ئەسینا هۆکارە بۆ گەورە بوونەوەی ترس لە لای سپارتەکان و هەروەها وەکوو مێلیەکان ئێژن، تەنانەت لە نێوان دورگە سەربەخۆ و بێ لایەنەکانیش ئەم ترسە زۆرتر دەبێتەوە و ئەمە هانیان دەدات کە هەنگاو بنێن بۆ جەنگی راستەوخۆ و دەستەویەخە.
ئالیسۆن گراهام بە ئاماژە کردن بەم دۆخە باس لە «داوی تۆسیدید» دەکات. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە هەرکاتێک کە هێز و دەسەڵاتێک نوێ سەرهەڵدەدات، لەبەرانبەردا، هێز و دەسەڵاتی پێشتر هەست به ترس دەکات. ئەم ترسە ترسێک ناڕاست نیە بەڵکوو ترسێک دروستە. بێننە بەرچاوتان دەوڵەتێک وەکوو ئەمریکا له دوای دوو جەنگی جیهانی و له دوای شەڕی سارد، ئەو تایبەتمەندیانە کە هەیبوو، بوونە هۆکار که ببێتە هێزی بێڕکابەری جیهانی. ئەمریکا پەرەی بە کولتور و دەسەڵات و هێزی خۆی دەدا و هەروەها بەردەوام هەوڵی داوە کە هێزی ڕکابەری خۆی لاواز بکات. کەسایەتی ئەمریکی لە هەموو جیهان بە ڕێز و ئیحترامەوە سەیر کراوە و پشتیوانی بەردەوامی بووە بۆ شارۆمەندانی ئەمریکی. ئەمە وای کردوە، جیهانیان بە جۆرێک تایبەت سەیری ئەمریکا بکەن. دەستەیەک لە خەڵکی جیهان ئیرەیی بە ئەمریکا و ئەمریکی دەبەن و هەوڵ دەدەن ڕق و بوغز لە دژی بڵاو بکەنەوە و دەستەیەک دیکە لە بەرانبەر ئەمریکا وەکوو مەعشووق سەیر دەکەن و ئەمریکا هەرکارێک بکات بە دروستی دەزانن. لەم دۆخەدا چیتر ئەمریکا ئەگەر لەو پێگەی خۆیە دابەزێت، دەبێته هۆکاری داڕمانی ئەو دەوڵەتە، بۆیە ئەمریکا بە بەردەوامی هەوڵ دەدات شکۆمەندی خۆی بپارێزێت. بەم بۆنەیەوە کاتێک کە وڵاتێک دیکە وەکوو چین هەنگاو دەنێت تاکوو ببێتە جێگرەوەی ئەمریکا، ترس و دڵەڕاوکێ لە دەرونی ئەمریکا و ئەمریکی دروست دەکات. ئەم دوو هێزە پێکەوە ئەکەونە داوی ڕکابەری و کێبڕکێ لە دەسەڵات، هێزی نیزامی و جەنگی و هەروەها ئابووری. ئەوان بەردەوام هەوڵ دەدەن چەکی نیزامی نوێ بەرهەم بێنن و یا ڕەنگە لە پێشکەوتنی زانست پێکەوە ڕکابەری بکەن و تەنانەت بۆ سەفەری دەرەوەی زەوی پێکەوە دەبنە ڕکابەر. دیارە ئەمریکا و چین بەردەوام لە هەوڵدان کە کێشەی خۆیان لە ڕێگای دیپلۆماسیەوە چارەسەر بکەن. بەڵام ئەم دۆخە بە ڕوونتر لە سەردەمی شەڕی ساردی نێوان شۆرەوی و ئەمریکا دەبینین. ئاستی ڕکابەریەکە بە ئاستێک بوو که ناسناوی ”جەنگی سارد”ی لەسەر نرابوو. ئەم جەنگە تا ئاستی ڕووبەڕوو بوونەوەی چەکی ئەتۆمی پێش چوو. جێگای ئاماژەیە ئەم بەریەککەوتنە تەنیا تایبەت نیە بە ئەو دوو بەرە، بەڵکوو لە سەردەمی گەشەکردنی کومونیسمدا، ئەم ڕکابەریە لە نێوان چین و شۆرەوی بوونی هەبوو. شۆرەوی بۆ پێشگرتن بە گەشە و دەسەڵات گرتنی چینی کومونیستی، لەگەڵ وڵاتی چین لە ڕکابەریدا بەسەری دەبرد و تا ئاستی جەنگ پێش چوو.
چوارەم: ئاسایش و ئەمنیەت
ئەوانەی کە بڕوایان بە ڕێئاڵ پولیتیک هەیە، بە شێوەی گشتی شک و گومانیان هەیە لە پەیوەندی نێوان ئەخلاق و سیاسەتی نێونەتەوەیی. ئەم شێوە لە ڕوانین، ئەوان بەرەو جێگایەک دەبات کە هیچ پێشنیاری ئەخلاقی لە سیاسەتی نێونەتەوەیی قەبوڵ نەکەن. ئەوان زۆر جار باس لەوە ئەکەن، کە تەزادی جدی بوونی هەیە لە نێوان ئەخلاق و هەڵسوکەوتی سیاسی پێویست، کە پێویستە ئەنجام بدرێت. بۆ بەرچاوڕوونی، جێگر بوون و هەروەها تێگەشتن لەم دۆخە پێویستە کە دەوڵەتێک بێنینە بەرچاومان کە پێویستە و زەروریە تا جەنگێک دەستپێبکات. ئەمە لە حاڵێکدایە کە لەم جەنگەدا هەزاران ژن و پیاو و منداڵ ئەکوژرێن و ئاوارە دەبن و ژینگەیەک کە ئەم جەنگە تێیدا ڕوو دەدات، تێکدەچێت و ساڵهای ساڵ کاتی دەوێت کە ئاسەواری ئەم جەنگە چارەسەر بێت. تەبعی سروشتی ئەخلاقی بە ئێمە ئێژێت کە ئەم جەنگە دژ بە ئەخلاقە. بە پێچەوانەی سروشتی ئەخلاقی، سروشتی سیاسی بە ئێمە ئێژێت، بۆ پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەیی و سەقامگیری، پێویستە ئەم جەنگە ئەنجام بدرێت. بۆیە کاتێک کە باس لە ئاوا دۆخێک دەکرێت کەوا، ئاسایش و ئەمنیەتی نەتەوەیی دەخوازێت تا بچیتە ناو ئەم جەنگەوە و هاوکات تەزادی ئەخلاقی دێتە بەر باس، ترمێکی نوێ لە ئەخلاق باس دەکرێت. ئەم ترمە ئەخلاقیە، بە ئەخلاقی دەوڵەتی دەناسرێت و دەوڵەت پابەند ئەکات بە شێوەیەک تایبەت له هەڵسووکەوت که له کاتی جەنگدا پێویستە بیگرێتەبەر. مایکڵ والتزر له کتێبی “جەنگی دادپەروەرانە و جەنگی نادادپەروەرانە” باس له هۆکاری دەسپێکی شەڕ دەکات. ئەو لای وایە کە جەنگی دادپەروەرانە کاتێکە کەوا دەوڵەت لە بەرانبەر دەستدرێژی و دەستێوەردانی دەرەکیدایە و یان کاتێک که بۆ پێشگرتن بە ژینۆساید و جەنایەتی جەنگی دەست دەدرێتە جەنگ. ئەو پێی وایە لە مەیدانی جەنگدا پێویستە جیاوازی دابنرێت له نێوان هێزی نیزامی و خەڵکی سڤیل و منداڵ. بۆیە لە هەموو وڵاتانی جیهان، دیاری کردنی زەرورەتی جەنگ، دەدرێتە دەستی دەوڵەت. ئەم کارەش بە هۆی ئەوەیە کە بەرپرسیار و نابەرپرسیار لە پرۆسەی جەنگدا دیاری بکرێت. چیتر ناوچە، پارێزگا، کۆڵانەکان، شارەوانیەکان و ڕۆشنبیران… مافی ئەوەیان نیە کە بڕیاری دەسپێکردنی جەنگ بدەن، بەڵکوو دەزگای بەرپرسی نەتەوەیی واتە دەوڵەت ئەو بەرپرسیارەتیەی پێ دەسپێردرێت. ئەو دەوڵەتەش بە هەندێک کنوانسیۆنی جیهانی و یاسا و سیستەمی دادی نێونەتەوەیی دەبەسترێتەوە کە نەتوانێت هەندێک هەڵسووکەوتی نەشیاو وەکوو ژینۆساید و کۆمەڵکوژی ئەنجام بدات. ئێمەی مرۆڤ لەم ڕێگایەوە، تەنانەت نەزم دەدەین بە جەنگەکان و پێش بە کارەساتی گەورەتر دەگرین. بەم شێوە هەم ئیزن دەدرێت بە دەوڵەتان ئاسایش و ئەمنیەتی خۆیان بپارێزن و بەردەوام هەوڵ بدەن تا لەم کارەدا سەرکەوتوو بن و هاوکاتیش زەرورەتی خۆپاراستن و جەنگ بۆ کاتی پێویست، دیاری ئەکرێت. ئەوان بەو شێوە لەبەرانبەر شەڕێک کە بەسەر سیستەم جیهانی و مرۆڤدا زاڵه خۆیان دەپارێزن و بە شێوەی بەرانبەر بتوانن پەرە بە خۆیان بدەن.
پێنجەم: ئەخلاق و دادپەروەری
وەکوو چۆن پێشتر باسمان لەوە کرد کە دۆخی نێونەتەوەیی دۆخی ئانارشیە و هێز، ئەمنیەت و ئاسایشی نەتەوەیی پرسی ئەوەڵی سیاسەتە، پرسی ئەخلاق و دادپەروەری بە هەمان شێوە پرسێکە کە بەردەوام خراوەتە بەر باس. بەردەوام هەوڵ دراوە ئاستی ئەم بابەتە نزم و بچووک سەیر بکرێت و یا لەبەرچاو نەگیرێت. ئەوانەی کە بڕوایان بە دۆخی ڕێئاڵ پۆلیتیک هەیە، لەو بڕوایەدان کە پرسی ئەخلاق تەنیا کاتێک گرنگی پەیدا دەکات کە هەر دوو لایەن لە ئاستی هێز و دەسەڵات پێکەوە، هاوسەنگ بن و لەم دۆخەدا ئەوان بە پێی پرسی ئەخلاق و دادپەروەری بە شێوەی دادپەروەرانە پێکەوە هەڵسوکەوت ئەکەن. بە هەمان شێوە لە دیالۆگی مێلیان ئەم بابەتە دێتە بەر باس و ئەم کەم بایەخ بوونەی ئەخلاق و دادپەروەریە لە زمانی ئەسیناییەکانەوە دەبیسین. کاتێک ئەسیناییەکان بە مێلیەکان ئێژن، بۆ مانەوە تەنیا یەک هەڵبژاردەیان هەیە و ئەویش تەسلیم بوونە و تکا ئەکەن لە مێلیەکان کە باسی دادپەروەریان بۆ نەکەن.
هەروەها ئەسیناییەکان ئێژن، هەر دوو لایەن دەزانین کە باسی دادپەروەری لە کاتێک دا گرنگە کە هەر دوو لایەن هاوسەنگ بن و لە غەیری ئەم هاوسەنگی هێز و دەسەڵاتە، ئەوەی کە هێزی زۆرترە، ئەوەی دەتوانێت دەیکات و ئەوەش کە لاوازە، تەنیا دەتوانێت قەبوڵی بکات و ئازارەکەی بکێشێت و یاسای بەهێزتر قەبوڵ بکات.
لەوێوە کە ئۆتۆریتەیەک بەهێزتر بوونی نیە، ئەسیناییەکان ئستدلال ئەکەن و ئاماژە بەوە ئەکەن که لە دۆخی ئەنارشی و ئاڵۆزی نێونەتەوەیی، حەق تەنیا لای بەهێزترەکان دەبێت. دیارە ئەم ڕوانینە، تەنانەت لای کوردیش ڕەنگی داوەتەوە و ئێمەی کوردیش لە پەندی پێشینیانی خۆمان وتومانە کە «خودا لە جێگای حەق دانیشتوە»، خودا وەکوو بەهێزترین بوونەوەر کەوا جیهانی خەلق کردوە، حەق و دادپەروەریمان داوەتە دەستی و ئەوە خودایە کە دادپەروەری جێبەجێی دەکات.
بۆیە ئەساسەن باس لە دادپەروەری و ئەخلاق و مافی مرۆڤ و شتی لەو چەشنە چیتر ناتوانێت وەکوو بابەتێکی سەرەکی و گرنگی نێونەتەوەیی لەبەرچاو بگیرێت. ئەوانەی کە لایەنگری دادپەروەرین، مەجبور ئەکەون کە ئەم بابەتە لە نێو دەوڵەت و سیستەمی بەڕێوەبەری نەتەوەکە، بخەنە بەر باس و لەوێوەیە کە باسی شارۆمەند و بەرابەری و یەکسانی مرۆڤ لە بەرانبەر یاسا و ڕێسای ناو یەک نەتەوە دێتە بەر باس. لەوێ هەوڵ دەدرێت کە باسی دادپەروەری و ئەخلاق و چیتر جێبەجێ بکرێت.
دیالۆگی مێلیەکان”یەکەمین کێبڕکێی نێوان ڕێئاڵیستەکان و ئایدیاڵیستەکان”
پرسیارێک گرنگ کە بەردەوام لەبەردەم ئایدیاڵیستەکان بوونی هەیە، ئەوەیە کە دەپرسن «جیهان دەبێت چۆن بێت؟». ئەوان بەردەوام لە وڵام دانەوەی ئەو پرسیارەدا وێنایەک ئایدیاڵ لە ژیانی مرۆڤ دەخەنە بەرچاو و هەوڵ دەدەن بۆ وێناکان و ئستدلالەکان خۆیان لە دوای بەڵگە بگەڕێن. بە تایبەتی ئەو ڕەوتەی کە بە ڕەوتی چەپ لە جیهاندا ناسراوە، لە دوای ئاوا پرسیارێک گەڕاوە و دەگەڕێت، بۆیە سەر لە سیستەمێک دەر دێنێت کە بە «دیکتاتۆری پڕۆلتاریا» ناسراوە و هەڵدەدرێنە ناو جیهانێکی یوتۆپیایی. لە کۆتاییدا ئەوان بۆ پارێزگاری لەم جیهانە یووتۆپیاییە دەوڵەت و حکەمەتی پۆلیسی بەرهەم دەهێنن. ئەوان پێیان وایە که ئەتوانن سیستەمێک بەرهەم بێنن که لە دەرەوەی دونیای ڕێیاڵ پۆلیتیک بێت که ئەساسەکەی لەسەر دادپەروەری داڕێژراوە. مارکس وەکوو کەسایەتیەک ئایدیاڵیست دێوەزمەیەک له جیهانی ڕێئاڵیسم دروست دەکات به ناوی سەرمایەداری و ئستدلال دەکات کە سەرمایەداری شتێک جیهانیە و سنوری نەتەوەکانی بڕیوە و سڕیویەتەوە. ئەو ئەساسەن سروشتی مرۆڤ لەبەرچاو ناگرێت کە لە هەموو جیهان یەکێکه و هاوبەشە و دەبێتە هۆکاری نادادپەروەری، بەڵکوو دێوەزمەیەک لە کار و بەرهەم و بەهای کار دروست دەکات کە گۆیا لەگەڵ سروشتی بەشەر بێگانەیە. بۆیە له “ڕەخنەی بەرنامەی گوتا”(بەرنامەی گوتا، بەرنامەیەک سیاسی و ئابووری بوو کە لە ساڵی ١٨٧٥له کنگرەی حزبی کومونیستی ئاڵمان لە شاری گوتا تەسویب کرا.) تێگەشتنێک نوێ له دادپەروەری بەرهەم دەهێنێت کە بە “له هەرکەس بە ئەندازەی تەوانی، بۆ هەرکەس بە ئەندازەی پێداویستی” دەناسرێت. ئەو ئاوڕ لەو کێشە سروشتیەی مرۆڤ ناداتەوە کە پێداویستی مرۆڤ بێ کۆتاییە. مرۆڤ شۆڕش و ڕاپەڕین دەکات نەک بە هۆی ئەوەی که دەیەوێت وەکوو سۆفی ژیان بکات، بەڵکوو بە هۆی ئەوەیە کە زۆرتری دەوێت و یا دەیەوێت لە سیاسەت و دەسەڵات بەشدار بێت و گرنگترین هۆکاری شۆڕش و ڕاپەڕین ویستی مانەوەیە. ئەساسەن خواست و پێداویستی مرۆڤ ئەوەندە بەربڵاوە کە هاژەک دروست دەکات کە بچێت بۆ سەر مانگ و یا مریخ و لەوێ مڵکیەت بۆ خۆی دروست بکات. نەدیتنی سروشتی مرۆڤ بە تایبەتی لە ئەو زەینە ئایدیاڵیستیانەی وەکوو سۆسیالیسم و کومونیسم و بەشێک لە لیبڕاڵەکانیش وا دەکات کە نەک ئایدیاڵیسمی عەقڵانی بەرهەم بێنن بەڵکوو تووشی وەهم دەبن و تا ئاستێک دەچنە پێش کە هەندێک جار دژایەتی دەوڵەت وەکوو ڕێکخەری خەڵک و کۆمەڵگا بۆیان دەبێتە ئایدیۆلۆژی و ئیمان. دیارە ئەمە بەو مەعنا نیە کە تەنیا بەرەی چەپ ڕوانگەی ئایدیاڵیستی هەیە، بەڵکوو لە بەرەی ڕاستیش ئەوە هەیە، کە نمونەکەی دەتوانین ئاماژە بە دەسەڵاتە ئایینی و یا دەسەڵاتە ڕەگەزپەرەستەکان بکەین. ئەوان وەهمێک لە بوونی خۆیان لە مێژوودا دەبینن و پێیان وایە دەبێت وابن. بۆ نموونە لە حکومەتی نازیسم لە ئاڵمان باسیان لەوە ئەکرد کە مرۆڤی ئاڵمانی دەبێت چۆن بێت و چۆن هەڵسووکەوت بکات. ئەوان ڕاستیەکانی کۆمەڵگا و گەشەی مرۆڤ و تێکەڵ بوونی مرۆڤیان نەدەدی بەڵکوو ئایدیاڵێکیان لە مرۆڤی ئاڵمانی هەبوو و زۆرێک لە منداڵان و خێزانەکانیان بۆ دروست کردنی ئەو ئایدیاڵه دەخستە تاقیگەکان. نەیاندەتوانی قەبووڵی بکەن کە مرۆڤ جیاوازی زۆری هەیە و دەتوانێت گۆڕانکاری زۆر بەسەریدا بێت. پێم وایە بە هۆی ئەوەی کۆمەڵگای ڕؤژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوڵەتەکانی ئایینین پێویست ناکات، بۆ ڕۆشنکردنەوەی ئەم بابەتە لەوان باس بکەین و بە شێوەی ڕۆژانە لەگەڵیان دەرگیرین. بە پێچەوانەی ئایدیاڵیستەکان، ڕێئالیستەکان لە دوای ئەو پرسیارە ئەگەڕێن کە دەپرسێت «جیهان چۆنە؟». دیارە لە بەرەی چەپدا بە هەمان شێوە دەتوانین هەڵسووکەوتی ڕێئاڵ ببینی، بەلام ئەم پرسیارە زۆرتر بەرەی ڕاست لە جیهاندا دەیپرسێت و ئەم پرسیارەیان لا گرنگە و هەوڵ دەدات وڵامی بداتەوە و خودی ڕێئاڵ پولیتیک لەسەر ئەم پرسیار و ئەساسیەیە. دروستە کە چەپیش ئەم پرسیارەی لا گرنگە، بەڵام ئەم گرنگ بوونە لە ئایدیالۆژی ئەوانەوە نایەت، بەڵکوو لە جەبرێکەوە سەرچاوەی گرتووە کە بەسەریاندا سەپاوە. ئەساسەن ئەم پرسیارە بەسەر هەموو مرۆڤێکدا دەسەپێت. لەڕاستیدا هەردووبەر کێشەکان دەبینن، بەڵام جیاوازیان لەوەدایە کە بەرەی ئایدیاڵیسم سەرەتا ئەپرسێت”جیهان دەبێت چۆن بێت؟” و دواتر ئەپرسێت”جیهان چۆنە؟” بە پێچەوانەوە بەرەی ڕێئاڵیسم سەرتا ئەپرسێت “جیهان چۆنە؟”و دواتر ئەپرسێت “جیهان چۆن دەتوانێت ببێت؟”. بەو مەعنایە دەتوانین بێژین بەرەی ڕێئاڵیسم دژی گۆڕانکاری نین، بەڵکوو بۆ گؤڕانگاری بیر لە “توانا” و “دەرکەوتەی” گۆڕانکاریەکانیش دەکەنەوە و دواتر هەوڵ دەدەن شێوەی گۆڕانکاریەکە بە شێوەیەک کەم تێچوو ببەنە پێش. وەکوو پێشتر لە زمانی هانس مۆرگنتا وتمان ئەوان هەوڵ نادەن خێری تەواو بەرهەم بێنن، بەڵکوو هەوڵ دەدەن تا ئاستێک لە خێر نزیک ببنەوە. پێم وایە ئەکرێت بێژین ناسیۆناڵیزم وەکوو ئایدیالۆژیەک کە هەوڵ دەدات جیاوازی و ڕاستیەکان لە ناو نەتەوە جیاوازەکان ببینێت، بە شێوەی راستەوخۆ بەرهەمی ڕێئاڵیسم بێت.
لە دیالۆگی مێلیاندا ئەتوانین ئەو جەخت کردنەوە لەسەر ئەو پرسیارەی کە «جیهان چۆنە؟» له لایەن ئەسیناییەکانەوە ببینین و ئەوان بە بەردەوامی هەوڵ دەدەن تا مێلیەکان ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی سەیری واقعیەتی جیهان بکەن و هەوڵ دەدەن چۆنیەتی جیهان بەوان نیشان بدەن، بەڵام کاتێک کە سەیری نووسینەکانی توسیدیدس ئەکەین، دەتوانین ڕوانگەیەک لە ئایدیاڵیسم ببینین. توسیدیدس بە ڕوونی نیشانی دەدات ڕێئاڵیسمی ئەسیناییەکان کە بە بڕوای خۆیان بۆ پێشگیری، لە داگیرکرانی دەوڵەت شاری ئەسینا بەکاریان دەهێنا، نەیتوانی پێش بەم داگیرکرانە بگرێت. بۆیە لە ڕاستیدا توسیدیدس لە دیالۆگی مێلیان بەردەوام لە مشتوومڕی نێوان ئەم دوو بەرەیە، ئەم دوو پرسیار دێنێتە بەر باس:
یەکەم: ئایا دەکرێت سیاسەتی نێودەوڵەتی لەسەر نەزمێکی ئەخلاقی کە لەسەر دادپەروەری داڕێژراوە، بێنینە بەر باس؟
دووهەم: ئایا سیاسەتی نێودەوڵەتی بۆ هەمیشەیی وەک گۆڕەپانی بەرژەوەندی، هێز و دەسەڵاتی دژ بە یەک دەمێنێتەوە؟
کاتێک سەیری دیالۆگی مێلیەکان ئەکەین، بە ڕوونی ئەتوانین ببینین کە ئستدلالی مێلیەکان ئایدیالیستی بوو. ئەوان دوو هەڵبژاردنیان لە بەینی جەنگ بۆ ئازادی و تەسلیم بوون بە داگیرکەر هەیە. ئەوان بوێرن و وڵاتی خۆیان خۆش دەوێت و بەهای ئازادی خۆیان ئەناسن. بەم هۆیەوە، هەرچەن دەزانن هێزی نیزامی ئەوان لاوازترە، بەڵام بڕیار دەدەن دیفاع لە ئازادی و سەربەخۆیی خۆیان بکەن و تەسلیم بوون قەبوڵ ناکەن. ئەوان ئەسیناییەکان بە نادادپەروەر دەزانن و هەوڵ دەدەن لە ڕێگای ئستدلالی دادپەروەرانە و بیر کردنەوە لەسەر ئەساسی ئینساف و داد بتوانن قەناعەت بە ئەسیناییەکان بکەن کە پێش بە جەنگ بگرن. مێلیەکان بڕوایان وایە کە خودا پشتگیری لە ڕەوشتی دادپەروەرانەی ئەوان دەکات و هەوڵ دەدات کە لاوازی ئەوان پڕ بکاتەوە و پێیان وایە کە خودا یارمەتی نادادپەروەران نادات. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەسیناییەکان ئێژن، ئەوانیش وەکوو مێلیەکان بڕوایان بە خودا هەیە و خوداکان یارمەتی ئەوانیش دەدەن. بە گشتی دەتوانین بێژین کە لە ڕوانینی مێلیەکان شێوەیەک ڕوانینی یووتۆپیایی و ئایدیاڵیسمی کرچ و کاڵ بوونی هەیە.
مێلیەکان بڕوایان وایە کە هەموو نەتەوەکان مافیان هەیە سەربەخۆیی خۆیان ڕاگرن و هیچ کەس مافی نیە داگیریان بکات و ئەم کارەی ئەسیناییەکان بە نادادپەروەری دەزانن، بۆیە دەتوانین بێژین ڕەگەهایەک لە لیبڕاڵیسمی ئەمڕۆیی لە بیرکردنەوەیاندا بوونی هەیە. ئەوان لەسەر بڕیاری خۆیان واتە پارێزگاری لە وڵاتی خۆیان سوورن و ئەمەش لە حاڵێکدایە تەنیا پشتیان بە هیوا بەستووە.
بە پێچەوانەی مێلیەکان، ئستدلالی ئەسیناییەکان لەسەر بنەماکانی ڕێئاڵیسم وەستاوە و باس لە ئاسایش و ئەمنیەت و هێز ئەکەن. ئەوان بە بەردەوامی هەوڵ دەدەن تا ڕاستیەکان بخەنە بەرچاوی مێلیەکان و بۆ ئەوان ئەم ڕاستیە بەستراوەتەوە بە هێز و دەسەڵاتێک کەوا ئەسیناییەکان هەیانە و مێلیەکان تێیدا لاوازن. لە ڕوانگەی ئەسیناییەکاندا بنەماگەلێکی لۆژیکی ڕووت بوونی هەیە. ئەوان پێیان وایە، ئەگەر هێز و دەسەڵات و ئەمنیەت و ئاسایشی خۆیان پەرە پێ بدەن، ئیتر ناکەونە بەر هێرشی هیچ کەس و بەو شێوە پارێزگاری لە خۆیان دەکەن. ئەسیناییەکان بیر لە داهاتووی خۆیان ئەکەنەوە و بەو شێوە ئەو مافە بۆ خۆیان بە ڕەوا دەزانن کە هەر چەشنە مەترسیەک لەسەر خۆیان بە توندترین شێوە سەرکوت بکەن و بیسڕنەوە.
وەکوو وتمان لەم ڕوانینەدا لۆژیک بوونی هەیە، بەڵام توسیدیدس لە نووسینەوەی مێژوودا ئەوە نیشان دەدات کە ئەسیناییەکان دوای سەرکەوتنیان لەم جەنگەدا، سەرەڕۆتر دەبن و سەرخۆش لە سەرکەوتن هێرش دەکەنە سەر دورگەی سیسیل. بۆیە دەتوانین بێژین، پەرەپێدانی هێز و دەسەڵات بۆ پێشگیری لە مەترسیەکان، ڕەنگە لۆژیکی تێدا بێت، بەڵام ئەگەر بە دادپەروەری نەبەسترێتەوە، ئەوکات تووشی سەرەڕۆیی دەبێت و ئەساسەن جیهان بەرەو داڕمان دەبات. ئەم شێوە لە پەرە پێدانی هێز و دەسەڵات لە ئمپراتۆریەکان و دەسەڵاتە مێژووییەکان بە ڕوونی دەبینین، ئەو کاتەی وا ئەوان تووشی سەرەڕۆیی دەبن، جیهان تووشی ترس و دڵەڕاوکێ دەکەن و مەترسی زۆر گەورە بۆ مرۆڤەکان لە جیهاندا دروست دەکەن. ئەوان جیهان لە دۆخێک کارەساتباری ئانارشی دەچەقێنن و هەرکەس هێزی زۆرتری بوو، ئەتوانێ و لای ڕەوایە ئەوانی دیکە داگیر بکات و یا بە سەدان ژینۆساید و کۆمەڵکوژی لە جیهان بخولقنێت.
بۆیە ئەتوانین بێژین، لەبەرچاو نەگرتنی هێز لە پەیوەندیە نێونەتەوەییەکان، دەبێتە هۆکاری خولقاندنی یۆتۆپیایەک وەهمی کە مرۆڤ کوێر دەکات و چیتر ناتوانێت ڕاستیەکان ببینێت بۆیە ئاوێتەی ئایدیاڵیسمێک کرچ و کاڵ دەبێت، کە بەردەوام بۆ بوونی خۆی باس لە ماف و هیوا و متمانه دەکات و بە پێچەوانەش پشت بەستنی تەنیا بە هێز و دەسەڵات، بە هەمان شێوە دەتوانێت مرۆڤ کوێر بکات و ئەساسەن شتێک بە ناوی پەیوەندی نێونەتەوەیی مەعناییەکی نامێنێت و دەچینە دۆخێک کە تەنیا دەتوانین بە جەنگی نێونەتەوەیی ناوی بنێین.
سەرچاوەکان:
1: Medellín v. Texas. 552 U.S. 491 (2008). Accessed December 2, 2024. https://www.oyez.org/cases/2007/06-984.
2: Franklin D. Roosevelt, Message to Congress on the Bretton Woods Agreements Online by Gerhard Peters and John T. Woolley, The American Presidency Project https://www.presidency.ucsb.edu/node/210026
3: United Nations. Universal Declaration of Human Rights. 1948. https://www.un.org/en/about-us/universal-declaration-of-human-rights.
4: Hobbes, Thomas. Leviathan. 1660. Accessed December 5, 2024. https://www.gutenberg.org/ebooks/3207.
5: https://www.kurdnation.com/2024/10/03/
6: Plautus, Titus Maccius. Amphitryo, Asinaria, Aulularia, Bacchides, Captivi. Written ca. 211–185 BCE. Translated by Paul Nixon. Project Gutenberg, 2005. Accessed December 5, 2024. https://www.gutenberg.org/ebooks/16564.
7: Paine, Thomas. Common Sense. Originally published January 10, 1776; Most recently updated August 9, 2021. Project Gutenberg eBook #147. Section I.
8: Waltz, Kenneth N. Theory of International Politics. Reading, MA: Addison-Wesley, 1979.
9:Clausewitz, Carl von. On War. Translated by J.J. Graham. London: N. Trübner, 1873. Accessed December 5, 2024. https://www.clausewitzstudies.org/readings/OnWar1873/TOC.htm#a