ڕۆژی سێشەممە ١٠ی دیسامبری ٢٠٢٤ی زایینی پارتی دەسەڵاتدار “پارتی کرێکارانی بریتانیا Labour Party (UK)” حەوتەمین ڕێوڕەسمی ساڵانەی خۆی بە بەشداریی زۆرینەی ئەندام پارلمان و کەسایەتیە سیاسیە نێونەتەوەییەکان بەڕێوە برد.
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بە فەرمی لە لایەن حیزبی کرێکارانی بریتانیاوە بۆ ئەم ڕێوڕەسمە بانگهێشت کرابوون و هەیئەتێک بە سەرپەرەستیی سەرۆکی بزووتنەوە” بەڕێز ئاشتیاکۆ پوورکەریم” و بە هاوڕێیەتی بەڕێز گۆران دەشتی ئەندامی دەستەی کارگیڕیی بزووتنەوە لەم ڕێوڕەسمە دا بەشدارییان کرد.
لە پەرواێزی کۆبوونەوەکە دا شاندی بەشداربووی بزووتنەوە وێرای نوێکردنەوەی دیدار لە گەڵ شاندێکی بزووتنەوەی گۆڕان و نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بریتانیا، چاویان بە کۆمەڵێک دیپلۆمات، پارلمانتار و کەسایەتیی سیاسیی سەر بە پارتی کرێکارانی بریتانیا کەوت.
سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە دیدارەکانی دا، وێڕای باسکردن لە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە بە گشتی، ئاماژەی بەوە دا کە دیزاینی نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مەرجێک سەرکەوتوو و سەقامگیر دەبێ کە کورد ببێتە خاوەن سەروەریی سیاسی و دەوڵەت و کیانی سەربەخۆی خۆی، هەروەها باسی لە خواستی نەتەوەی کورد بۆ سەربەخۆیی کرد و داوای لە بەرپرسانی بریتانیایی کرد تاکوو پالپشت و پشتیوانی پرسی کورد بۆ سەربەخۆیی بن .
بەڕێز ئاشتیاکۆ لە قسەکانیدا باسێکی لە پێوەندی بە شۆڕشی ژینا و خواستی گەلی کورد بۆ سەربەخۆیی پێشکەشکرد و هەروەها گوتی: گوتاری سەربەخۆییخوازی لە هەر چوار پارچە داگیرکراوەکەی کوردستان بۆتە گوتار و خواستی سەرەکیی خەڵک.
لە درێژەدا ڕەوشی ڕۆژاوای کوردستان و مەترسی و هەڕەشەکانی ڕژیمی تورکیە لە سەر کورد خرایە بەر باس و لێکدانەوە و داوا کرا کە لە بەرانبەر جینایەتەکانی داگیرکەرانی کوردستان بە نیسبەت نەتەوەی کورد، بێدەنگ نەبن.
پێویستە بگوترێ پارتی كرێكاران بە سەرۆكایەتیی كەیر ستارمەر لە هەڵبژاردنی مانگی جولای ٢٠٢٤ی زایینی توانی سەرکەوتنی گەورە بۆ خۆی تۆمار بکا و ببێتە حیزبی یەکەم و دەسەڵاتداری بریتانیا ، ئەم حیزبە لە ٤١٠ كورسی لە كۆی ٦٥٠ كورسی لە ئەنجوومەنی گشتیی بریتانیای بەدەستهێناوە و لە ئێستا دا كەیر ستارمەر سەر بە پارتی کرێکارانی بریتانیا سەرۆک وەززیرانی ئەم وڵاتەی لە ئەستۆیە.