بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی ٧٩ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە سەرجەم ڕێبوارانی ئەو ڕێبازە بە تایبەتی و نەتەوەی کورد بە گشتی، جارێکی دیکە لە گەڵ ئامانجەکانی کۆماری کوردستان پەیمان نوێدەکاتەوە کە تا گەیشتن و دووبارە زیندوو کردنەوە و دامەزراندنەوەی کۆماری دێموکراتیکی کوردستان، لە درێژە دان بە خەبات و ڕێگە و ڕێباز و بیری کۆماری کوردستان بەردەوام بێ و هاوکات داوا لە گشت هێز و لایەنە کوردستانیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکا: تاکوو پێکەوە ناو ماڵی کورد یەکڕیز و یەکگرتوو بکەین و بە پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردستانی، وەڵامێکی ڕاشکاو و جیددی بدەین بە شەقامی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی و کۆمەڵگای جیهانی بە گشتی .
هەلومەرجی هەستیاری ئەمڕۆیی وا دەخوازێ کە هێز و لایەنە کوردستانیەکان لە دەوری یەک پلاتفۆڕمی هاوبەش بۆ هاوکاری و هاوئاهەنگی کۆببنەوە و خالی هاوبەش ببێتە بنەمای پێکەوە کار کردن و کۆبوونەوە لە دەوری یەک مێز و یەک بەرە ، یا هاوپەیمانیی نیشتمانی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێویستە چیتر بەرژەوەندیی گشتی و نەتەوەیی نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندییە تاکە کەسی و حیزبیەکان .
لە ڕوانگەی ئێمەوە ڕزگاریی خەڵکی کوردستان بەرزترین و پیرۆزترین نرخی نەتەوەیی و بالاترین بەرژەوەندی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ڕەوشتیە.
و ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەیی بەهۆی تەبایی ڕامیارییەوە مسۆگەر دەبێ.
بەرز و پیرۆز بێ یادی کۆماری کوردستان
سەرکەوێ خەباتی ڕزگاریخوازنەی گەلی کورد لە پێناو سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت و حکوومەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
٣٠ی بەفرانباری ٢٧٢٤ی کوردی
١٩ی ژانویەی ٢٠٢٥ی زایینی