ئاشتیاکۆ پوورکەریم، سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە پێوەندی بە پەیامەکەی سەرۆک ئۆجالان:

“٤٦ ساڵ شەڕ بۆ ئاشتی کورد و تورکیە لە ١٩٧٨ تا ئەمڕۆ ٢٠٢٥”

زیندان وەک سەنگەری بەرگری لە نەتەوەیەک: ئۆجالان و ماندێلا

لە باکووری کوردستان، لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، جیا لە ڕێبەران و کەسایەتیە گەورەکانی کورد، هەزاران کەس بە دەستی رژیمی داگیرکەری تورکیە گیانیان لێئەستێنداروە، زیندانی و ئەشکەنجە و سەدان گوند و ناوچەش وێران و خاپوور کراون.

بیری کەماڵیستی و فاشیسمی تورک، کوردیان وەک تورکی شاخاوی پێناسە دەکرد و باوەڕیان وابوو کوردی باش ئەوە کوردەیە کە مردووە.
تورکەکان بە هەموو توانایانەوە دژ بە دەوڵەت و نەتەوەی کورد بوون، بەڵام ڕەوشی ناوچەکە و ترس لە گؤڕانکاریی بنەڕەتی لە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین  وایکردووە کە ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلیی تا سەر ئێسقان دژ بە کورد، باسی ئاشتی بێننەوە گۆڕێ و  خومەینی ئاسا هەم جامی ژارەکە بخۆنەوە و هەمیش بڵێن: ئەو تورکەی کوردی خۆش نەوێ، تورک نییە .
پڕۆسەیەک کە تورکەکان تا ئێستا چەندین جار پێشێلیان کردووە و پێی پابەند نەبوون.
ئەوان بە خەیاڵی خاویان پێیان وابوو بە دەستبەسەرکردنی جەستەیی سەرۆک ئۆجالان دەتوانن، کۆتایی بە پرسی کورد بێنن، نەیانزانی ڕێبەر ئاپۆ ئێمرالی دەکاتە سەنگەری دانوستان و دەستکەوت بۆ پرسی کورد لە تورکیە.

پ*ەک*ەکە لە لایەک لە  قەندیل و لە لایەکی ترەوە لە ڕۆژآوا دا وەک هێزێکی یەکلاکەرەوە کاریگەری لە سەر هاوکێشە و موعادلاتی ناوچەکە هەیە.
پڕۆسەی ئاشتی کە لە نێوان تورکیە،ئیمراڵی/قەندیل و بە ناوبژیوانیی چەند وڵات و لایەنی وەک بریتانیا،ئەمریکا، نۆڕوێژ و …بەڕێوە دەچێ، جیا لەوەی پێداگریە لە سەر گۆڕینی یاسای بنەڕەتی تورکیە و لێبوردنی گشتی و ئازادیی زیندانیانی کورد، ڕاگرتنی هێرشەکانی ڕژیمی تورکیە لە سەر ڕۆژآوا و باشووری کوردستان، گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە هاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکە دا دروست دەبێ و لەم نێوە دا ڕژیمی ئێران لەم پڕۆسەیە نیگەرانە و هەموو هەوڵێکی دەخاتە گەڕ کە سەر نەگرێ، بۆیە، بە باوەڕی ئێمە، قەندیل بە گشتی بەم بڕیارە ڕازای نابێ، بەشێکی دەچێتە ناو پڕۆسەی ئاشتی و چەک دادەنێ و بەشێکی چەک دانانێ و لە ئەنجامدا بە سەر دوو بەرە یا دوو بەش دا دابەش دەبن.

لێدان، لاوازکردن و کۆتاییهێنان بە میحورەی موقاومەت “پرۆکسیەکانی ئیران: حەماس، حیزبوڵڵا، حوسیەکان و بە زوویی حەشدی شەعبی”، لابردن و ڕووخانی بەشار ئەسەد،هێنانە ئارای دیزاینی نوێ بۆ نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەمەلیاتی کریدۆری داود بە مەبەستی تێکدانی هیلالی شیعیی ئیرانی و بە گشتی چنینی پازڵی پێشهات و ڕووداوەکانی ناوچەکە لە تەنیشت یەک دەمانگەیەننە یەک ئەنجام:

تارگێت ئێرانە.

تێبینیەک: بەو مێژوویەی کە داگیرکەران بە نیسبەت نەتەوەی  کوردەوە هەیانە، باوەڕمان بە هیچ داگیرکەرێکی کوردستان نییە و جیا لە خواستی سەربەخۆیی و دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، هیچ کام لە ڕێگاکانی پێشنیار کراو لە فیدراڵیەوە بگرە تا کۆنفیدراڵی و خودموختاری بۆ نەتەوەی کورد بە گونجاو نازانین، لە ڕەوشەکە نیگەرانین، بەڵام بە داهاتووەکەی خۆش بینین و خوێندنەوەمان بۆ ئەم ڕەوشەی ئێستای تورکیە تۆزێک جیاوازترە و داهاتوویەکی جیاواز و ڕوونی بۆ کورد تێدا بەدی دەکەین و ئەمە سەرەتایەکە.
چەک دانانی پەکەکە ئاوا بە ئاسانی ناچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە و بێگومان دەبێ ڕژیمی تورکیەش هەنگاو باوێ و حوسنی نییەتی خۆی نیشان بدا.
لە کۆتاییدا ئەگەر وەک ئاشبەتاڵیش چاوی لێبکرێ، لە پێناو پاراستنی ڕۆژاوای کوردستان، وەک ئەوەی کاتی خۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران وتیان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی باشووری کوردستان و ڕەوشی هەستیاری کوردستان، کۆتاییمان بە شەڕ لە گەڵ ئێران هێناوە، دیسانیش جێگەی ڕەخنە نییە.

دەقی پەیامەکەی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان لە ئیمرالیەوە:

“بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک
پەکەکە لە سەدەی بیستەمدا، لە سەدەیەکی هەرە توندوتیژی مێژوودا دامەزرا. ئەو زەمینەیەی پەکەکەی تێدا دامەزرا، زەمینەی دوو جەنگی جیهانی بوو. سەردەمی سۆسیالیزمی بونیاتنراو و جەنگی سارد بوو لە جیهاندا. لەم زەمینەیەدا نکۆڵیکردن لە ڕاستینەی کوردان، قەدەغەکردنی ئازادییەکان، بە تایبەتیش قەدەغەکردنی ئازادی بیرکردنەوە هەبوو.
لەو سەدەیەدا لە ڕووی تیۆری و بەرنامە و ستراتیژ و تاکتیکەوە، کاریگەریی ڕاستی سۆسیالیزمی بنیاتنراو، لەسەر ئەم دامەزراندنە هەبوو. لە ساڵانی ١٩٩٠دا، هەڵوەشانەوەی سۆسیالیزمی بنیاتنراو بە هۆکاری ناوخۆیی، شکستی نکۆڵیکردن لە ناسنامە لە وڵاتەکە و پێشکەوتنی ئازادی بیرکردنەوە، وایکرد پەکەکە واتای خۆی لەدەست بدات و زیاد لە پێویست خۆی دووبارە بکاتەوە. بۆیە وەک ئەوانی تر، پەکەکەش لە دوادواییەکانی خۆیدا دەژی و پێویستی بە خۆهەڵوەشاندنەوەیە.
پەیوەندییەکانی کورد و تورک؛ لە مێژووی هەزاران ساڵەدا تورک و کورد بۆ مانەوەی خۆیان و خۆپاراستن بەرامبەر هێزە هەژموونگەراکان، هەردەم بە پێویستیان زانیوە لەنێو هاوپەیمانییەکی دڵخوازانەدا بن.
لەم دوو سەدەیەی کۆتاییدا، مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی شکاندنی ئەم هاوپەیمانێتییەی کردە ئامانجی خۆی. ئەو هێزانەی کەوتبوونە ژێر کاریگەرییەکەیەوە، هاوشانی بنکە چینایەتییەکەیان، خزمەتیان بەم ئامانجە کرد. بە شرۆڤە تاکڕەهەندەکانی کۆمار، ئەم پرۆسەیە خێراتر بوو. ئەرکی سەرەکی ئەوەیە، ئەو پەیوەندییە مێژووییەی ئەمڕۆ شکستی هێناوە، بە ڕۆحی برایەتی و یەکێتی، بەبێ پشتگوێخستنی باوەڕەکان، سەرلەنوێ ڕێک بخرێتەوە.
کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە. پەکەکە، درێژترین و بەرفراوانترین بزووتنەوەی سەرهەڵدان و توندوتیژییە لە مێژووی کۆماردا. لەبەرئەوەی ڕێگەی سیاسەتی دیموکراتیک داخرابوو، پەکەکە هێز و پشتیوانی وەرگرت.
دەوڵەت_نەتەوە جیاجیاکان، فیدراسیۆن، خۆبەڕێوەبەریی ئیداری و چارەسەرە کەلتوورییەکان کە دەرئەنجامی پێویستی نەتەوەپەرستیی توندن، ناتوانن ببنە وەڵامگۆی سۆسیۆلۆژیای کۆمەڵگەیەکی مێژوویی.
ڕێزگرتن لە ناسنامەکان، ئازادیی بیرکردنەوە، ڕێکخستنی دیموکراتیک، بنیاتنانی کۆمەڵایەتی-ئابووری و سیاسی هەموو پێکهاتەکان، تەنها بە هەبوونی کۆمەڵگە و کایەیەکی سیاسیی دیموکراتیک دێتە ئاراوە.
سەدەی دووەمی کۆمار، تەنها ئەوکاتەی دیموکراتیزە دەکرێت، دەتوانێت ببێتە خاوەنی یەکێتی و مانەوەیەکی هەمیشەیی. جگە لە دیموکراسی، هیچ ڕێگەیەکی تر بۆ بەدیهێنان و جێبەجێکردنی سیستەمەکان، لە گۆڕێ نییە و ڕێ تێناچێت. ڕێککەوتنی دیموکراتیک، ڕێوڕێبازێکی سەرەکی و بنەڕەتییە.
پێویستە زمانی سەردەمی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەپێی ئەم ڕاستییە پێش بخرێت.
ئەو بانگەوازەی بەڕێز باخچەلی کردی، ئەو ئیرادەیەی کە بەڕێز سەرۆککۆمار نیشانی دا، هەڵوێستی ئەرێنی پارتەکانی تر، ئەم پڕۆسەیەی بنیاتنا، منیش لەم پرۆسەیەدا بانگەوازی چەکدانان دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە دەگرمە ئەستۆ.

تا وەک ئەو کۆمەڵگە و پارتە هاوچەرخانەی بەزۆرەملێ کۆتاییان پێ نەهێنراوە، ئێوەش دڵخوازانە کۆنگرەیەک ببەستن و بڕیار بدەن؛ پێویستە هەمووتان کۆببنەوە و چەکەکانتان دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. سڵاو لە هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە باوەڕیان بە پێکەوەژیانە و گوێ لە بانگەوازەکەم دەگرن.

٢٥ ی شوباتی ٢٠٢٥
عەبدوڵا ئۆجالان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووئاگادارییەک بۆ گشت ئەندامانی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان و ڕای گشتی:
بابەتی دواترکورد دەبێ باوەڕ بە تورکیە بکات یان بە ئیسرائیل؟

1 لێدوان

  1. ئەوکاتەتان باش
    دورخزستنەوەی ئۆجەلام لەسیاسەتو کوردایەتی گەورەترین سەرکەوتنە بۆ نەتەوەی کورد لە تورکیا ئۆجەلان کەسەکی دوو روەوو درۆدەکات لەژیانیدا شتێ نەبوە لەناخی کە کوردایەتی بێت ئۆجەلان وەک زۆرینەی سیاسیەکانی ناوچەکەو جیهان درۆزنو راست گۆ نیە. تەنیا بۆ ئەوەی ناوداربن کێشەیەک دروست دەکەن بەناوێک وە مێژوەک بۆ خۆیان دروست دەکەن پاشان ئۆجەلان نەدایکی کوردەو نەباوکی کوردە خێرە وا بۆتە خەمخۆری کوردستان پاشان ئەوانەی بەدوای برایەتی گەلان کەوتون زۆر لە ئۆجەلانوو هەڵگری ئەو دروشمە کەمترن کەی کورد نەتەوەی دیکەی هەبوە لەناو کوردستان
    بۆ ئەگەر کوردێک بوە مەسیحی دەبێتە ئاشوریو کلدانو سوریان کە ئەمانە چەند هۆزەکی بێزەنتین لەناوچەکە ماون
    یان ئەگەر کوردێک لە ئازەربایجانی سەفەوی ئەوکات بۆ خۆفرۆشی هاتۆتە هەولێروو کەرکوک دەبێتە تورکمان خۆ زاراوەکەیان ٩٩٪ ئازەریە خێرە کورد تێناگات
    یان یەزیدیەک ئەگەر دژی ئیسلام بوو دەبێتە نەتەوەیەکی دیکە
    یان ئەگەر کوردێکی فەیلی کەلهوری لە لەناوەراستوو باشوری عیراق کوردی لەبیرچو دەبێتە عارەبوو شیعە یان زازاکانی ناو سوریا ئەگەر زمانی کوردیان ون کرد دەبنە عارەب لە فەلەستانو سوریا نەزانێکیش دەزانێ سوریاو عیراق ٨٠٪ کوردە و ٤٠٪ زمانی کوردی لەبیر کردوە وە لەکاتی ئیمبراتوریەتی ئەیوبیەکان دەبوا کوردەکان عارەبەکان فێری کوردی کرمانجی بکەن کەچی خۆیان فێری عارەبی بونو کوردیان لەبیرچوەوە وەک ئەوەی ئێستا لەتورکیاو سوریا هەیە ٦٠٪ کرمانجەکانی سوریاو لوبنانو تورکیا زمانی کرمانجیان لەبیر چۆتەوە بەڵکوو ناشیانەوێت قسەی پێبکەن پەنابەر کوردەکانی سوریا ٩٨٪ لە هەرێمیکوردستان بەعارەبی دەخوێنن بەکوردی ناخوێنن دەڵێن بەکوردی خوێندن دوا ڕۆژی نیە.
    بۆیە ئەوانەی بەدوای پەکەکەو باڵەکانی پەکەکە کەوتون لە پارتوو خەڵکی نەزانی کوردی ئاسایی ئەوانەنن بونەتە کێشە بۆ سەربەخۆیی کوردستان
    کە کوردێک دەبینن سنگیان دەردێنن کە گوایە سەربەخۆیان دەوێت وە خیانەتە کەمتر لە سەربەخۆیی کەچی کە غیرە کوردێک دەبینن وەک سەگ باسی دیموکراتیەتوو پێکەوە ژیانوو برایەتی گەلان دەکەن لەترسان نەوەک تێر شەقیان بکەن کورد تەنیا بۆ کورد ئازاو چاو سوردەکاتەوە بەرامبەر غیرە کورد ئەوەندە حیزە ئامادەیە پەنتەرونوو شەروالەکەشی دابکەنێ وەبەڵگەش ئەوەیە لە ئەوروپا پریەتی لەدوژمانوو بکوژانی کورد بۆ ڕۆژێک یەکێکیان نەکوشت وەک تۆڵە سەندن
    واتە کورد بەدوای شیعروو هەلبەستوو درۆ کەوتوە نەک بەدوای نیشتمان کوردانی تاراوگە شکەست خواردون وە هەتا نایانەوێت ئابڕۆی خۆشیان بگەرێنەوە بەدرۆیەک کە لەتاراوگا دەولەت راگەیەنن لەهەر پارچەیەک بەناوی
    کۆماری رۆژئاوای کوردستان
    کۆماری رۆژهەلاتی کوردستان
    کۆماری باکوری کوردستان
    تا دوژمن شەق بەرێت وە هەندێ ولات بێن پاڵ پشتیان بکەن چونکە ئەگەر ئەو کۆمارانە رانەگەیندرێت واتە ئەوروپاو هەر دەڵێت کێشەکە لەلای بارزانیە بۆ خۆمان لەگەل ئەو ساوێلکانە ماندوو کەین
    ئەوەیە کێشەی کورد کەلەو راستیە تێناگات
    وە کورد درۆزنە سەربەخۆی ناوێت چونکە پارتە گەورەکان هیچێکیان لەدایکوو باوکێکی کورد لەدایک نەبون بۆ دەولەتی کوردی دروست کەن ئەوەتە کوردانی ناو سوریا زیاتر لە ١٠٠ هزار لاوی کوردیان بەکوشت داوە بەناوی باکوری سوریا سەریشیان ببری ناڵێن کوردستان وە لە ٢٠١١ تا روخانی بەشار یەک سەربازی حکومەتەکەی بەشاریان نەکوشت وەهەتا ئێستاش پەیکەری ئەسەد لەناوەراستی گۆرەپانی قامشلی دەپارێزرێ لەلایان باڵەکانی پەکەکە وە خەریکە زمانی ئەرمەنیو عارەبی دەبێتە زمانی باکوری سوریا
    وە کوردیش شانازیان پێوە دەکات لە رۆژهەلاتی کوردستانی بێدەسکەوتوو شکەست خواردوو لەئابوریو سیاسەتوو سەربازی
    بەرێوبەرایەتی
    بزوتنەوەی سەربەخۆیی نیشتمانی کورد
    ئارام هەولێری
    مۆسکۆ
    ٤.٣.٢٠٢٥

Leave a Reply