کورد دەبێ باوەڕ بە تورکیە بکات یان بە ئیسرائیل؟

نووسینی: سەردار وەلەدبەیگی، ئەندامی ڕێبەریی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

١. تورکیە دوژمنێکی مێژوویی کوردە

ڕێککەوتنامەی لۆزان (١٩٢٣)
ئەم ڕێککەوتنامەیە جوغڕافیای کوردستانی دابەشکرد و وڵاتی داگیرکەری تورکیەی ڕێکخست، تێیدا داواکارییەکانی کورد بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆ کە هێشتا لە نێوان چوار وڵاتدا دابەش بووە، پووچەڵ کرایەوە

سیاسەتەکانی تورکیە

لە ژێر دەسەڵاتی ئەردوغان، تورکیە هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر پ.ک.ک توندتر کرد  و هەوڵی پرۆسەی ئاشتی (٢٠١٣–٢٠١٥)ی تێکدا. بەم شێوەیە، باوەڕپێنەکراوی کورد بە تورکیە زیاتر دەبێت و هاوکات لە أێر هەمان سیاسەتی ئەردۆغان دا سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن و ڕێوشوێنە توندوتیژەکان دژ بە گەلی کورد لە  باکووری کوردستان پەرەی سەندووە.

مێژوو نیشانی داوە کە گفتوگۆ و نزیکبوونەوە لە دوژمن، هەڵەیەکی گەورەیە. لە باکووری کوردستانی ، گفتوگۆکان و پرسی پڕۆسەی ئاشتی، کۆمەڵگەی کوردستانیان دابەشکردووە بەسەر دوو لایەن:
گرووپێکی گەشبین، کە ئەم رێڕەوە بە چارەسەرێکی مێژوویی بۆ کێشەی کورد دادەنێن، و گرووپێکی دیکەش کە بە پشت بەستن بە مێژووی داگیرکاری، چەوساندنەوە و ڕەتکردنەوەی مافەکانی کورد لە لایەن رژیمی تورکیەوە، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە داگیرکەر تەنها بە ڕواڵەت نیشانی دەدات کە رەوشتی گۆڕیوە، بەڵام لە راستیدا هیچ گۆڕانکاریەکی راستەقینەی تێدا دروست نەبووە و نابێ.

تورکیا، لە سەردەمی عوسمانیەوە تا ئەمڕۆ، هەمیشە سیاسەتی داگیرکاری و ڕەتکردنەوەی کوردی گرتۆتە پێش و دەسەڵاتی ئەمڕۆشی بە ئایدۆلۆژیای «میساقی میللی» (لە راستیدا هەمان پرۆژەی نێئۆ عوسمانی)  بەردەوامە و وا دەخوازێ کە سێ بەشی کوردستان (باکوور، باشوور، رۆژاوا) بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی.

ئەم سیاسەتە لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا، جگە لە چەوساندنەوە، کۆچکردنی ناچاری، کوشتنی گشتگیر و ڕەتکردنەوەی ناسنامەی کورد، هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

ئێستاش ئەردۆغان و  دەوڵەت باغچەلی و هاوپەیمانەکانی، بە هێنانە ئارای ئاشتی نێوان کورد و تورک  دەیانهەوێ وا نیشان بدەن کە ئاکار و ڕەوشتیان گۆڕانی بە سەر داهاتووە ، بەڵام ئایا ” مەڕ هەیە باوەڕ بە گورگ بکا؟

٢. ئامانجەکانی تورکیە لە پڕۆژەی نێئۆ عوسمانی

تورکیە بە ستراتیژیی “نێو-عوسمانی” بە دوای کاریگەرییەکی ناوچەیی دا  دەگەڕێت، کە ئامانج تێیدا تێکدان و پێشێلی کردنی مافی کوردەکانە:

هێرشە سەربازییەکان بۆ  ڕۆژآوای کوردستان
هێرشەکانی تورکیە بۆ سەر  ڕۆژاڤا، دەیسەلمێنن کە تورکیە دژایەتی هەر هێزێکی کوردی دەکا کە دوور بێ لە سیاسەتی داگیرکاریی ئانکارا .

دژایەتی کردنی هەر چەشەنە هەوڵێک بۆ پێک‌هێنانی  دەوڵەتێکی کوردی
ڕژیمی تورکیە دژ بە هەر چەشنە هەوڵێک دەوەستێتەوە کە ئامانج تێیدا بنیاتنانی دەوڵەتێکی کوردستانی بێت، وەک ئەوەی لە هێرشەکانی بۆ سەر باشوری کوردستان بەدی دەکرێت و هەڵویستی لە کاتی ڕێفراندۆمی باشوور بۆ سەربەخۆیی، کە هەڵوێستێکی توند و دوژمنکارانە بوو.

٣. ئیسرائیل و ناوچەکە

ئیسرائیل بە شێوەیەکی مێژوویی پشتیوانی هێزە کوردییەکانی کردووە لە بەرانبەر دوژمنە هاوبەشەکاندا (وەک ئێران، سووریە، و عێراق). بۆ نموونە، لە ساڵی ٢٠١٧دا پشتیوانی ڕێفراندۆم بوو  بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان.

٤. ناوچەکە  بۆتە گۆڕەپانی شەڕی ڕێڕەوەکان

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەند هێزێکی دەوڵەتیی دیکەش هەن کە لە دوای جێگیرکردنی هێزی خۆیانن:

– یەکەم، «پرۆژەی داوود» کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دیاریکراوە و ڕێبەری دەکرێت و پانتایی ناوچەیەک دەگرێتەوە لە نیلەوە تا فورات.

– دووەم، رژیمی ئێران کە لە ڕێگەی «هیلالی شیعە و میحوەری موقاومەت»وە دەیهەویست ببێتە  هێزی یەکەمی ناوچەکە، بەڵام لە بەرامبەر ستراتیژییەکانی ئیسرائیل شکستی هێناوە و بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر پرۆکسیەکانی ئێران”حیزبولڵا،حەماس،حوسی و نەمانی بەشار ئەسەد” ئەم پڕۆژەیەی ئێران ، کۆتایی پێهات.

٥. کورد دەبێ لە کام بەرە دابێ؟

ئێستا پێشبڕکێیەک (یان بە واتایەکی دیکە شەڕێک) لە نێوان «میساقی میللی»ی تورکیە و «کریدۆری داوود»ی ئیسرائیلدا هەیە.

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا نەتەوەی کورد دەبێت باوەڕ بە برایەتی تورک بکات و لەگەڵ ئەردۆغان و باغچلی ڕێککەوێ  یان لە هێڵی ئیسرائیل و پرۆژەی داوود دا جێگیر بێت و پاڵپشتیی ئەم پڕۆژەیە بکا ؟

بە باوەڕی من، لە نێوان هەموو ئەو هێز و دەوڵەتانەی کە بە دوای سەپاندنی هێژموونیی خۆیان بەسەر ناوچەکەدان، کوردەکان نابێت لە ژێر دەسەڵاتی میساقی میللی تورکیە و هیلالی شیعەی ئێرانی بن.

مێژوو سەلماندوویەتی  کە باوەڕکردن بە تورکیە و داگیرکەر ، بە تایبەتی بەو مێژووە درێژەی تورکیە لە داگیرکاری و ڕەتکردنەوەی ناسنامەی کورد هەیەتی، هەڵەیە و جگە لە زیان و بێهیوایی، هیچی دیکەی لێناکەوێتەوە.

 بۆیە، ئەگەر کوردەکان ناچار بن بە هەڵبژاردنی یەکێک لەم ستراتیژی و بژاردانە ، ئەوە پێویستە بە  پشت بەستن بە پشتیوانی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئەوروپا  لە بەرەی پەیمان و ڕێڕەوی داود دابن نەک بەرەی داگیرکەر و بەرەی نێئۆ عوسمانی.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووئاشتیاکۆ پوورکەریم، سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە پێوەندی بە پەیامەکەی سەرۆک ئۆجالان:
بابەتی دواتر٨ی مارس لە هەموو ژنانی جیهان بە گشتی و ژنانی کوردستان بە تایبەتی و سەرجەم پیاوانی یەکسانیخواز پیرۆز بێ.

Leave a Reply