کوردناسیۆن: لە ژێر ناونیشانی بەرەو کۆبونەوەی هەموو هاونیشتێمانانی کورد لە بازنەی هزری فەلسەفیی کۆبەستی کۆمەڵایەتی نیشتیمانیدا، دیدارێک لە نێوان نوێنەری بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان و ڕێکخراوی کۆبەستی کۆمەڵایەتی نیشتمانی بەڕێوە چوو.
ڕۆژی چوارشەممە ١ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ی کوردی، ٢٣ی جولای ٢٠٢٥ی زایینی بەڕێز گۆران دەشتی ئەندامی دەستەی کارگێڕیی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، لە شاری سلێمانی سەردانی نووسینگەی فەرمیی ڕێکخراوی کۆبەستی کۆمەڵایەتی نیشتمانی کرد و لە لایەن بەڕێز کارزان چاڵگە ئەندامی باڵای کۆبەست پێشوازی لێکرا.
لەم کۆبوونەوەیە دا کۆمەلیک پرسی پێوەندیدار بە پێویستیی هەماهەنگی و هاوکاری و یەکڕیزیی ناوماڵی کورد و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنیە کوردستانیەکان هاتنە بەر باس و تاوتوێکردن.
بەڕێز کارزان چاڵگ وەک ئەندامی باڵای کۆبەست لە قسەکانی وێڕای ئاماژە بەوەی کە لەم ماوەیە دا گفتوگۆیەکی ورد لەسەر هەماهەنگی نێوان پارتە سیاسییەکان و رێکخراوە کوردستانییەکان کراوە گوتی: ئامانجی سەرەکی ئەم کۆبوونەیە بریتیە لە کۆکردنەوەی هەموو لایەنە کوردستانییەکان لە ژێر چەتری هزری نیشتمانی کۆبەستی کۆمەڵایەتی نیشتمانی، بە مەبەستی بەهێزکردنی یەکڕیزی و هاوکاری لە پێناو بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان.
گۆران دەشتی ئەندامی دەستەی کارگێریی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان جەختی لە گرنگیی هەماهەنگی نێوان لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان کرد و ئاماژەی بەوە دا کە بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی پلاتفۆرمێکی یەکگرتووی نەتەوەیی و نیشتمانی کە هەموو لایەنە کوردستانییەکان کۆبکاتەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکانمان.
لە لایەن خۆیەوە، کاک کارزان چاڵگە سوپاسی سەردانەکەی کاک گۆران دەشتی کرد و ستایشی ئەو هەوڵانەی کرد کە بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بۆ یەکخستنی هێزە نیشتمانییەکان دەیدا.
لە کۆتایی کۆبوونەکەدا، هەردوو لا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامبوونی گفتوگۆکان و هەماهەنگییەکان بۆ دامەزراندنی هاوپەیمانییەکی بەهێزتر لە نێوان پارتە کوردستانییەکان و کۆبونەوەیان لە ژێر چەترێکی نەتەوەیی و نیشتمانیدا، بە مەبەستی خزمەتکردنی ئامانجە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکانی نەتەوەی کورد.
ئەم سەردانە وەک پێنگاوێکی گرنگ لە رێگای یەکگرتن و هاوکاریی نێوان لایەنە کوردستانییەکان لە قەڵەم درا، کە دەتوانێ بناغەیەکی بەهێز بۆ داهاتووی خەباتی نەتەوەیی کوردستان دروست بکا .







































