لە سایەی زوڵمی بەردەوام و سیستمی داگیرکەری ئێرانی، کوردستان هەر وا لە ئاگر دا دەسووتێ و سەرکوت و هەوڵدان بۆ لە نابردنی نەتەوەی کورد ڕۆژ بە ڕۆژ لە پەرە سەندن دایە.
ئاگرتێبەردانی بەربڵاوی ژینگەی کوردستان لە لایەن هیزەکانی ڕژیمی داگیرکەری ئێرانیەوە کە دوایین نموونەی دەتوانین ئاماژە بە ئاگرتێبەردانی بەرزاییەکانی ئاویەری سنە بکەین کە بە داخەوە جیا لە سووتانی ژینگە، بووە هۆی گیانلەدەستدانی تێکۆشەر و ژینگە پاریزی دڵسۆزی نیشتمانەکەمان حەمید مورادی و هەروەها بریندار بوونی شەش ژینگە پارێزی تر بە ناوەکانی موحسین حوسێن پەناهی، خەبات ئەمینی، مستەفا هووژەبری، کەیوان مەنسووری، ئاریاس سەلیمی و چیاکۆ یۆسف نژاد.
ئێمە وەک بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، ئەم کارەساتە بە ڕووداوێکی ئاسایی نازانین و بە پێی ئەو بەڵگانەی بەردەستمانە، ئەمە بەشێکە لە سیاسەتی ئێرانیە و بە ئەنقەست و بە شێوەی سیستماتیک خەریکی کوشتنی ڕۆڵەکانی کورد و تێکدانی ژینگەی کوردستانن.
ئەوەی ئەمڕۆ لە شەقامەکانی سنە و لە گۆڕستانی سنە لە کاتی بەخاکسپاردنی شەهید حەمید مورادی گوترانەوە، هێما و دەنگی بێداریی نەتەوەیی، نەتەوەی کوردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
دروشمگەلی وەک: داگیرکەری ئێرانی، قاتڵی ڕۆڵەکانمانی، کورد تا دەوڵەتی نەبێ ئەمە هەر بەشی ئەبێ، تا کوردێک بمینێ ، کوردستانیش دەمێنێ و … تەنیا ناڕەزایەتی نین بەڵکوو مەنشووری نەتەوەیەکن لە بەرەبەری گەیشتن بە سەروەریی سیاسی، ئازادی و سەربەخۆییدا.
ئێمە وەک بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان وێڕای هاوخەمی و سەرەخۆشی لە هەموو خەڵکی کوردستان و بنەماڵەی شەهیدان و گیانبەختکردوانی ئەم کارەساتە دڵتەزێنە، هیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین و هاوکات رایدەگەیەنین:
- کوردستان، وڵاتی ئێمەیە و ئەرکی سەرشانمانە کە داگیرکەر لە خاکەکەمان وەدەربنێین.
- ڕێگەی ئێمە، ڕێگەی سەربەخۆییە؛ ڕێگەی بنیاتنان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.
- هیچ نەتەوەیەک لە چوارچێوەی وڵاتێکی داگیرکراو دا، نابێتە خاوەنی کەرامەت، ئەمنیەت و ژیانی شیاو.
- تا داگیرکەران زیاتر بمێننەوە، خاک و منداڵ و داهاتوومان زیاتر دەسووتێنن.
لە ڕوانگەی ئێمەوە پێوەندیی نێوان کوردستان و ئێران، پێوەندیی نێوان داگیرکراو و داگیرکەرە ، نە پێوەندیی شارۆمەندی، پێوەندیی نێوان نەتەوەیەکی خاک داگیرکراو و دەوڵەتیکی داگیرکەر.
ڕێگەچارەی دەربازبوون لەم قەیرانە نەتەوەییە، نە لە چاکسازی و پێداچوونەوە بە یاسای بنەڕەتیی ڕژیم و وادە و بەڵێنەکانی دایە نە لە گۆڕینی ئەم ڕژیمە،بەڵکوو تاکە چارەسەر، وەدەرنانی داگیرکەر و بنیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە.
ئێمە داوا لە ڕێکخراوە جیهانی و نێودەوڵەتیەکان، ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، داکۆکیکارانی ژینگەپارێز و هەموو نەتەوە ئازادیخوازەکان دەکەین کە لە ڕێگەی مافی دیاریکردنی جارەنووسی نەتەوەی کورد و کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و بنیاتنانی دەوڵەتی نەتەوەیی و سەربەخۆی کوردستان پاڵپشت و یارمەتیدەرمان بن کە تاکە ڕێگەی گەیشتنە بە ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سەردەکەوێ خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەمان بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ی کوردی
٢٥ی جولای ٢٠٢٥ی زایینی










































