ئاشتیاکۆ پوورکەریم، سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
یادمانێکی بچووک لە بەرانبەر چێشتخانەی پێشووی «میکۆنووس» لە بێرلینی ئاڵمان، ساڵانێکە ناوی چوار مرۆڤی لە هەناوی دا هەڵگرتووە: شەهیدان د.سادقی شەڕەفکەندی، فەتاحی عەبدولی، هومایوون ئەردەڵان و نووری دێهکوردی.
لە ١٧ی سێپتامبری ١٩٩٢ ئەم چوار مرۆڤە لە شەوێکی پاییزی دا کەوتنە بەر هێرشی گوللە و شەهید کران کە دواتر لە لایەن دادگای باڵای بێرلین وەک بەشێک لە سیاسەتی بەرنامە بۆ داڕێژراوی ڕژیمی ئێران ناسێندرا ، سیاسەتێک کە لە دەرەوەی سنوورە دەستکردەکانی ئێرانی جەعلیەوە لە لایەن ڕژیمی داگیرکەری ئێرانی بۆ لە ناوبردنی دژبەرانی پێڕەو دەکرێ.
ئەم تیرۆرە لە مێژووی هاوچەرخ دا بە تیرۆری میکۆنووس ناوی دەرکرد.
ئەم تابڵۆیە نە تەنیا هێمایەکە بۆ پرسە و خەم، بەڵکوو بەڵگەیە بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیەیەی کە تیرۆر و هەناردەکردنی تیرۆریسم لە ئاستی جیهانی دا ، سیاسەتی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و یەکێکە لە کەرەستە ئەمنیەتیەکانی سیاسەتی ئێرانیەکان.
ئێرانیەکان بە درێژایی مێژوو لە هیچ شەڕێک دا سەرکەوتوو نەبوون و هەمیشە دۆڕاوی شەڕ بوون، بەڵام لە تیرۆر و تیرۆریسم هەمیشە بەشێک بووە لە سیاسەتیان.
بە بیانووی وتووێژ و ئاشتی، دەیان کەس لە ڕێبەرانی نەتەوە غەیرە فارسەکانی ناو چوارچیوەی ئێرانی دەستکرد و جەعلیان ، تیرۆر کردووە. «وەک نموونە: شەهید کردن و تیرۆر کردنی سمایل ئاغای سمکۆ و د، قاسملوو »
لێرە دا ئەم پرسە خۆی دەردەخا کە بۆ دەبێ زەینی مێژوویی ئەوەندە لاواز بێ کە تاقمێک سەرەرای بینیی ئەم هەموو تیرۆر و جینایەتەی ئێرانیەکان، ئێستاش باوەڕیان پێدەکەن و پێیان وایە پرسی کورد لە چوارچێوەی ئێران و وتووێژ و دانوستان لە گەڵ ئێرانیەکان چارەسەر دەبێ.
دادگای بێرلین و دۆسیەی میکۆنۆس لوتکەی پڕۆسەیەک بوو کە بۆ جیهانی دەرخست، بڕیاری ئەنجامدانی تیرۆرەکە لە بەرزترین ئاستەکانی پێکهاتەی سیاسی ئێراندا دراوە.
ئەمە یەکەمجار بوو کە لە دادگایەکی ئورووپایی دا، دەوڵەتێک بەرپرسیار بناسێندرێ لە پلاندانان بۆ تیرۆرکردنی نەیاران لەسەر خاکی وڵاتێکی تر، هەروەها دەستەواژەی “تیرۆریسمی دەوڵەتی”ی خستە ناو ئەدەبیاتی سیاسی و یاساییەوە.
دەرەنجامە دیپلۆماسییەکانی ئەم بڕیارە پەیوەندییەکانی ئێران و ئورووپای گەیاندە نزمترین ئاستی لە ماوەی دە ساڵدا و زۆریەک لە وڵاتان باڵیۆزەکانیان لە تارانەوە بانگهێشتکردەوە.
هەرچەندە پێوەندیی وڵاتانی ئورووپایی بە تێپەڕبوونی کات دیسان وەک پێشووی لێهاتەوە، بەڵام شێوازی هەناردەکردنی توندوتیژی و “قەیرانی هەناردەکردنی تیرۆر و تیرۆریسم لە لایەن ئێرانیەکانەوە” بەردەوام بوو.
نەبوونی میکانیزمی ئیجرایی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و ڕەچاوکردنی سیاسی و بەرژەوەندیی ئابووری لە گەڵ ئێرانیەکان ڕێگر بوون لەوەی ئەم دۆسیەیە ببێتە ڕێکارێکی هەمیشەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و کۆتاییهێنان بە تیرۆریسمی دەوڵەتیی ئێران؛ تیرۆرکردنی چالاکانی سیاسی لە دانمارک، هۆڵەند، فەڕانسە، بریتانیا، ئەمریکا و عێراق و … لە دەیەکانی دواتردا بەڵگەی ئەم بەردەوامییەن.
دەزگا ئەمنییەکانی ئێران – بە تایبەت وەزارەتی ئیتلاعات و سپای قودسی سوپای پاسداران – میحوەری سەرەکیی پلاندانان و جێبەجێکردنی ئەو تیرۆرانەن.
لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا نێودەوڵەتییەکان، دەریانخستووە کە هەموو باڵیۆزخانە و ڕێکخراوەکانی گرێدراو بە ئێران لە ئورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقا و قەفقاز پاڵپشتی لۆجستیکی و هەواڵگریی ئەم تیرۆرانە دەکەن.
لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی تیرۆرکردنی سیاسەتمەدارانی ئورووپایی و هەوڵی تیرۆرکردنی چالاکوانان لە لەندەن و مادرید و … دەریخست کە تەنانەت دوای سێ دەیە، سیاسەتی تۆقاندنی فیزیکی هێشتا بەشێکە لە سیاسەتی بەرنامەبۆ داڕێژراوی ئێرانیەکان.
تیرۆر بە مانا مۆدێرنەکەی تەنیا لە نەهێشتنی جەستەیی دا سنووردار ناکرێ بەڵکوو شێواندنی زانیاری و هێرشی سایبری و هەڕەشەکردن لە بنەماڵەی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و دروستکردنی کەشوهەوای ترس و تۆقاندن لە ناو جوگرافیای دەستکرد و جەعلیی ناسراو بە ئێران، هەموویان خزمەت بە هەمان لۆژیکی سەرەکی دەکەن کە بریتیە لە بێبەشکردنی دژبەران لە ئاسایشی دەروونی و کۆمەڵایەتی لە پێناو بێدەنگکردنی ناڕەزایەتییەکان.
رژیمی ئێران جگە لە هەموو ئەمانەش، بە پشتیوانی لە میلیشیا و پرۆکسی و دەست وپێوەندییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست – لە لوبنانەوە تا یەمەن – نیشان دەدا کە توندوتیژی دەرەکی تەواوکەری سیاسەتی تیرۆری ڕاستەوخۆیە، ئەمەش ڕێگە خۆشکەرە بۆ ئەوەی ئێرانیەکان، بۆ هاوکێشە ناوچەییەکان وەک کارتی فشار کەڵکی لێوەربگرن و هاوکات سەرکوت و زیندان و لە سێدارەدانیش لە ناوخۆ دا پەرە پێ بدەن.
بەرەنگاربوونەوە دژ بە سیاسەتی تیرۆریسمی دەوڵەتیی ئێران، پێویستی بە تێکەڵەیەک لە ئیرادەی یاسایی و هاوپشتی و پشتگیریی ئەخلاقیی جیهانی هەیە. وڵاتانی جیهان و بە تایبەت وڵاتانی ئورووپایی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن تێچووی ئەم هەڵسوکەوتانەی ڕژیمی ئێران بە بەهێزکردنی میکانیزمەکانی پاراستنی پەنابەرانی سیاسی و بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادوەریی جیهانی بۆ دادگاییکردنی تاوانباران و سەپاندنی سزای ئامانجدار بەسەر ئێرانییەکاندا زیاد بکەن.
لە ئاستی مەدەنیدا، تۆمارکردن و بەڵگەمەندکردنی تاوان و جینایەتەکانی ئێرانیەکان – جا لە ڕێگەی ئەرشیفی دیجیتاڵی بێ یان دانانی تابڵۆ و نوسراوە و مۆنۆمێنت لە شێوەی تابلۆی میکۆنۆس – یادەوەریی بەکۆمەڵ و بیر و زەینی مێژوویی بەهێز دەکا و دەبێتە ڕێخۆشکەر بۆ گەڕان بەدوای ڕاستیەکاندا.
ئەزموونی میکۆنۆس پێمان دەڵێ کە دادپەروەری و یادەوەریی بەکۆمەڵ مەرجی پێویستن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تیرۆریسمی دەوڵەتی.
هیچ کردەوەیەکی تیرۆریستی، هەرچەندە پیلان بۆ داڕێژراو و ئاڵۆزیش بێ، ناتوانێ ئاڕمانەکانی دادپەروەری و ئازادی لەناو ببا، بەو مەرجەی ئەگەر کۆمەڵگا بڕیار بدا کە دەنگی قوربانییەکان بە زیندوویی بێڵێتەوە و ڕاستییەکان بپارێزێ.
یادمان و یادەوەریی بێرلین، سەرووترە لە تابڵۆیەکی بەرد یا ئاسن، بەڵکوو بەڵگەیە لەسەر تیرۆریست بوونی ئێرانیەکان و نیشاندانی مێژووی ڕەشی تیرۆر و تیرۆریسمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران.






































