ئەمڕۆ یەکشەممە ١٤ی سێپتامبری ٢٠٢٥ی زایینی لە لایەن گۆران دەشتی وەک نوێنەری بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە بریتانیا ، بڕوانامەی ڕێزلێنان پێشکەش بە تێکۆشەری ڕێبازی کوردایەتی ئاڕمین ئەحمەدی کرا.
پاش ئەوەی لە ڕێپێوانی ڕۆژی یازدەی ئاگۆستی ٢٠٢٥ کە بۆ پشتگیری لە ئیسرائیل لە لەندەن بەڕیوە چوو تاقمێکی سەڵتەنەتخواز و فاشیستی ئێرانی، هێرشیان کردە سەر ئاڕمین ئەحمەدی و لە گەڵ کاردانەوەی ئەو لاوە تێکۆشەرە کوردە بەرەوڕوو بوونەوە و بە توندی بەرپەرچیان درایەوە.
بە هۆی هەڵویستی نەتەوەیی و نیشتمانیی و هەروەها داکۆکی لە ئاڵای کوردستان و هێما نەتەوەییەکانی کورد و کوردستان لە بەرانبەر بە ئێرانیە فاشیستەکان، بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، بروانامەی ڕێزلێنانی پیشکەش بە ئاڕمین ئەحمەدی کرد کە دەقی ڕێزلێنانەکە بەم چەشنەیە:
بەڕێز و تێکۆشەر: ئارمین ئەحمەدی
بە شانازی و سەربەرزیەوە، خۆڕاگری و بەرخودانی بوێرانەی بێ وێنەی ئێوە لە داکۆکی لە ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە کاتی ڕێپێوانی ١٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٥ی لەندەن، بەرز و بەڕێز ڕادەگرین و وێڕای ڕێزلێنان، شانازیتان پێوە دەکەین.
بە ئامادەبوونت لە ڕێپێوانی پشتیوانی لە ئیسرائیل و بە دەستەوەگرتن و بەرز ڕاگرتنی ئاڵای کوردستان ، بەرانبەر بە هێرش و بێڕێزیی ئێرانیە فاشیستەکان “هەمان دوژمنانی لە مێژینەی نەتەوەی کورد”وەستایەوە و سەلماندت کە ئاڵاکەمان، وەک ناسنامە و شوناسی ملیۆنان کوردی ئازادیخواز بە خوێن و گیان دەپارێزی.
تۆ قارەمانی و ناوت لە سەردێڕی مێژووی بەرخۆدانی نەتەوەی کورد دا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
هەروەها جێگەی خۆیەتی، ڕێز و پێزانینی خۆمان بۆ شێرەژنی کورد، شەتاو خانم ڕابگەیەنین کە قارەمانانە شان بە شانی ئێوە وەستا و پەیامی ژن، ژیان، ئازادی دووبارە کردەوە.
هەر بژین بۆ کورد و کوردستان
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
٢٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ی کوردی
١١ی ئاگۆستی ٢٠٢٥ی زایینی
جێگەی وەبیرهێنانەوەیە کە : ڕێپێوانی لەندەن بۆ پشتیوانی لە بەبارمتە گیراوەکانی ئیسرائیل لە غەززە بە بەشداریی شاندێکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان کە بووە هۆی کاردانەوەی ئێرانیە فاشیستەکان و بێڕێزی کردنیان بە ئاڵای کوردستان کە لە لایەن تێکۆشەری کورد ئارمین ئەحمەدی یەوە وەڵامیان درایەوە.
ڕۆژی ١١ی ئاگۆستی ٢٠٢٥ لە سەر بانگهێشتی رەسمیی بەڕێوەبەرانی ڕێپێوانی پشتیوانی بۆ بەبارمتە گیراوەکانی ئیسرائیل کە لە لایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی حەماسەوە بە بارمتە گیراون، شاندێک لە بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە لەندەن بەشداری کرد.
لەو ڕێپێوانە دا گۆران دەشتی ئەندامی دەستەی کارگێڕیی بزووتنەوە کە بە ئالای کوردستانەوە تێیدا ئامادە بوو، بووە هۆی کاردانەوەی توند و بێڕێزیی ئێرانیە فاشیستە سەڵتەنەت تەڵەبەکان و کەسێکی ئێرانی بە ناوی نیاک قوربانی بێڕێزی بە ئاڵای کوردستان کرد و بەم هۆیەوە لە لایەن کاک گۆران دەشتیەوە بە توندی ولام درایەوە و هاوکات لاوی تێکۆشەری کورد ئاڕمین ئەحمەدی بە توندی هێرشی کردە سەر ئەم فاشیستە ئێرانیە کە بەم هۆیەوە ئاڕمین بۆ چەند کاتژمێرێک لە لایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کرا و لە ئێستا دا لە چاوەڕوانیی ڕۆژی دادگایی دایە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.
لە ئیستا دا بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە پێوەندی بەم کیسەوە پێوەندی بە کۆمەڵێک پارێزەرەوە کردووە و بڕیارە پارێزەریی دۆسیەکە وەئەستۆ بگرن.






































