یەکێتیی ناوماڵی حیزب و لایەنەکانی ڕۆژهەڵات یا قووڵکردنەوەی ناکۆکی؟ دوو جەمسەری ئێرانیچێتی و سەربەخۆییخوازی.

ڕەخنەیەک لە سیاسەتی سڕینەوە و پێویستیی پێداچوونەوە بە پێوەندییەکانی نێوان حیزب و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

سیاسەتی سڕینەوە و سانسۆڕ، کە لە لایەن بەشێک لەو حیزبانەوە بەڕێوە دەچێ کە خۆیان لە چوارچێوەی «ئێرانیبوون» دا پێناسە دەکەن، دیاردەیەکی نوێ نیە، ئەم شێوە کارە لە قۆناغە چارەنووسسازکانیش دا دووپاتە و چەندبارە بۆتەوە. لە سەردەمی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینادا، هەر ئەم حیزبە کلاسیکانە کە خۆیان بە ڕەسەن پێناسە دەکەن و تەنیاش خۆیان بە نوێنەر و بەرحەق دەزانن،،  وەک هەموو دەرفەتەکانی پێشوو ئەم دەرفەتە مێژوویەشیان لە کیس دا و نەیانهێشت بگاتە ئەنجامێکی ئەرێنی و خاوەن دەستکەوتی نەتەوەیی.

لە رۆژی ١٨ی مانگی ژانویەی ٢٠٢٥ و پاش تێپەڕبوونی دوو ساڵ بە سەر شۆڕشی ژینا دا، بە دەستپێشخەریی « ک.ن.ک» هەشت لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی پێکهێنانی ناوەندێک بۆ یەکڕیزی و هاودەنگی کۆبوونەوە و بڕیار درا کە لەمە بەدوا کاری هاوبەش بکرێ کە هێزو لایەنەکان بریتی بوون لە:

  1. بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
  2. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
  3. کۆمەڵە –ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
  4. کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
  5. کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
  6. پارتی ئازادی کوردستان
  7. پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک
  8. سازمانی خەباتی کوردستان

سەرەڕای ئەوەی کە ئەم دانیشتنە لە فەزایەکی سازێنەر دا بەڕیوە چوو، بەڵام یەک حەتوو دواتر «بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان» بە بێ ئاگاداری و بە بێ هیچ هۆکار و ڕوونکردنەوەیەک لە لیستی دانیشتنەکانی دواتر دا سڕدرایەوە و وەلانرا.
ئەو کات بەدواداچوونی ڕاستەوخۆمان بۆ ئەم پرسە کرد و لە گەڵ ڕێبەرانی هەموو حیزبە بەشداربووەکان قسەمان کرد کە هۆکار چییە؟ کە بە وتەی ئەوان کێشەیەکی تکنیکی بووە و دەستی ئەنقەستی لە پشت نەبووە، بەڵام هەڵەی لەم چەشنە لە پێوەندییە سیاسیەکان دا پرسیار هەڵگر و جێگەی گومانە.

لە لایەکی ترەوە دیسان بڕیارە لە ڕۆژی ٢٨ی دێسامبری ٢٠٢٥ هەر هەمان حەوت حیزب لە ژێر ناونیشانی «کۆنفرانسی هاوبەش»، چوارچێوەیەکی نوێ بۆ هاوکاری و دامەزراندنی«ناوەندێک بۆ لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان» پێک بێنن.

لە بەڵگە فەرمی و لێدوانە ڕەسمیەکانی ئەو حیزبانە، دروشمی «یەکێتی و یەکڕیزی» بەردەوام دووبارە دەبێتەوە؛ بەو حاڵەش، راستیەکان پێچەوانەی ئەم ئیدعایەن و وانیشان دەدا کە لایەنە سەربەخۆییخوازەکان و لە ناو ئەواندا «بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان»، وەبەرچاو نەگیراون و پشتگوێ خراون.

سڕینەوە و سانسۆڕی ئەو حیزب و لایەنە سیاسیانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە وێرای باوەڕمەندبوون بە سەربەخۆیی، پێداگرن لە سەر مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد ، بە بێ گەڕانەوە بۆ دەنگی گشتیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پرسیارێکی بنەڕەتی دێنێتە ئاراوە: ئایا ئەم چەشنە هەڵسوکەوت و شێوە روانینە لە گەڵ بنەماکانی دێموکراسی، پلۆرالیسمی سیاسی، پێکەوە هەڵکردن و تێلۆرانس هاوئاهەنگە؟

لە لایەکی دیکەوە، ئەو حیزبانە لە هەلومەرج و قۆناغێکدا دەستیان داوەتە سڕینەوە و سانسۆڕکردن کە لە گۆڕەپانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی هیچ چەشنە هێزێکی بەڕیوەبەری نین.

بەو  پێیە ، نیگەرانیەکی قووڵ و جیددی دێتە ئاراوە کە لە داهاتووی ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ئەگەر ئەو هێز و لایەنە سیاسیانە دەستیان بە کەرەستەکانی هێز و دەسەڵات ڕابگا، چ گارانتیەک هەیە کە ئازادیی ئەحزاب، مافی بەشداریی سیاسی ، ئیمکانی ڕەخنە و دژبەری بەرتەسک و تەنانەت قەدەغە و یاساخ نەکەن؟

ئەو هێز و لایەنە سیاسیانەی کە بۆ «کۆنفرانسی هاوبەش» بانگهێشت یان ئاگادار نەکراون بریتین لە:

  1. بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
  2. پارتی سەربەستیی کوردستان
  3. یەکێتیی دیمۆکراتیکی کوردستان
  4. پارتی سەربەخۆیی کوردستان
  5. ڕێکخراوی یارسانیی یاری کورد
  6. یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان
  7. سازمانی دیمۆکراتیکی یارسان
  8. پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان
  9. پارتی لیبراڵ دێموکراتی کوردستان
    10.کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
  10. بزووتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان
  11. ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان

سەرەڕای ئەوەی ئەم حەوت حیزبە بە بەردەوامی باس لە یەکگرتوویی نەتەوەیی دەکەن، بەڵام کردەوەکانیان بە پێچەواەوە بەرەو دووبەرەکی، لێکترازان و دوو جەمسەری دەروا، جەمسەرێک بۆ هێزە کلاسیکەکان ناسراو بە «ئەحزابی کوردی ئیرانی» و جەمسەرەکەی تر بۆ هێز و لایەنە سیاسیە سەربەخۆییخوازەکان و ڕەخنەگرانی بیری «ئیرانچێتی».
وەها دووفاقیەک لە جیاتی لێکنزیکبوونەوە و یەکڕیزی، دەبێتە بەستێنی سەرهەڵدانەوەی کەلێنە کۆن و ناکۆکیەکان .

لە بەرامبەر دا بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان و لایەنە هاوبیرەکانی تر، بەردەوام لە لێدوان و وتووێژە فەرمی و نافەرمیەکانمان، پێداگریمان لە پێویستیی هاودەنگی و یەکڕیزی و تەبایی ناو ماڵی کورد و هێز و لایەنە سیاسیەکان کردۆتەوە. ئێمە لەو باوەڕەداین کە هەر ناوەندێکی نەتەوەیی بەردەوام پێویستە لە سەر ئەم بنەمایانە پێک بێ:
شوناس و ناسنامەی کوردبوون و کوردستانی بوون و مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

تەنیا لە سەر ئەم ئەساس و بنەمایانە دەتوانین پێکهاتەیەکی سیاسی و نەتەوەیی دروست بکەین کە هەم وەڵامدەری عەداڵەتی مێژوویی نەتەوەی کورد بێ و هەم گارانتی بێ بۆ پێکەوە ژیان، دێموکراسی و گەشەسەندن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووبزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بڕوانامەی ڕێزلێنانی پێشکەش بە ئاڕمین ئەحمەدی کرد.
بابەتی دواتربەیاننامەی هاوبەشی پارتی سەربەستیی کوردستان و بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

71 کۆمێنتەکان

Leave a Reply