ئاشتیاکو پوورکەریم پیرۆزبایی لە بەرهەم ساڵح دەکا بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان

پەیامی پیرۆزبایی :

بەڕێز جەنابی دوکتور بەرهەم ساڵح
سەرۆکی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)

بە بۆنەی دەستبەکاربوونتان وەک کۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان،لە لایەن خۆم و بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەکەم، دەستنیشانکرانی جەنابتان لەم پۆستە گرینگە دا و لە  گرینگترین ساتەکانی مێژووی هاوچەرخدا، ڕەنگدانەوەی متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بە ئەزموون و لێهاتوویی و هەستی بەرپرسیارێتی ئێوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ئاوارەبوونی جیهانی کە لە پەرەسەندندایە.

ئێوە ئەم بەرپرسیارێتییە گرینگە لە سەردەمێکدا دەگرنە ئەستۆ کە بە هۆی شەڕ و سەرکوت و داگیرکاری و ڕەتکردنەوەی مافە بنەڕەتییەکانەوە ملیۆنان کەس بە زۆر لە ماڵ و زێدی خۆیان بە ناچاری ڕایان کردووە و یان دەرکراون.

سەرکردایەتیکردنی یەکێک لە گرنگترین دامەزراوە مرۆییەکانی جیهان لەم بارودۆخانەدا پێویستی بە تێگەیشتنێک هەیە کە ڕەگ و ڕیشەی لە هۆشیاری مێژوویی، تێڕوانینی سیاسی و پابەندبوونی ڕاستەقینەی بەڕێزتان بە کەرامەتی مرۆڤەوە هەیە.

بوونی کەسایەتییەکی کورد لە سەرۆکایەتی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان هەم گرنگییەکی ڕەمزی و هەم گرنگیی جەوهەری لە خۆ گرتووە. نەتەوەی کورد کە کەوتۆتە بەر پەلاماری داگیرکەران و  ئاوارەیی و دەربەدەری و بێدەوڵەتی چێشتووە، بە باشی تێدەگا کە پەنابەری تەنیا پێگەیەکی یاسایی نییە، بەڵکو برینێکی قووڵی ئینسانی و دەستەجەمعییە.

لەم چوارچێوەیەدا، دامەزرانی جەنابتان لەم پێگەیە دا دەتوانێ ببێتە دەنگی بەهێزی ئەو ئەزموونە تاڵ و مێژووییانەی کە نەتەوەی کورد بە هۆی داگیرکەرانەوە تووشی هاتووە و ئێوە لەم پێگەیەوە وەک کەسێکی بەرپرسیار دەتوانن، هاواری ئاوارەیی و بێدەوڵەتیی نەتەوەی کورد بگەیەننە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای جیهانی.

هیوادارم لە ماوەی دەسەڵاتی بەڕیزتاندا، بنەماکانی بێلایەنی و دادپەروەری و لێپرسینەوە و پاراستنی پەنابەران و ئاوارەکان- بە تایبەتی ئەوانەی کە قوربانیی ململانێی درێژخایەن و سیاسەتی دوورخستنەوە و ئینکارن- زیاتر بەهێز بکرێ و لە ئاستی جیهانی دا بە جیددی کاریان بۆ بکرێ.

هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم لە جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە نێودەوڵەتییە گرنگە.

بە ڕێزەوە،

ئاشتیاکۆ پوورکەریم
سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشوودۆسۆڵدۆرفی ئاڵمان: سمینارێک لە سەر مافی مرۆڤ و نەتەوە خاک داگیرکراوەکانی ناو ئێران بە بەشداریی مەسعوود پژووهی ئەندامی ڕێبەریی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
بابەتی دواتربەیاننامەی هاوبەشی پێنج لایەنی سەربەخۆییخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێوەندی بە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە تاران، ئیسفەهان، مەشهەد، شیراز، کرماشان، هەمەدان، ئەهواز و ناوچە و شارەکانی دیکە.

34 کۆمێنتەکان

Leave a Reply